عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: کێ وەڵامی ئەم مەتەڵە دەداتەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەناوەڕاستی ساڵی( 2014 )کە لە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە دەنگ و متمانەدرا بەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و بەپێی ئەو داتایەی کە لەکۆتایی هەمان ساڵدا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە نێردرا بوو بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیک ببوەوە لە (یەک ملیۆن و 500) سەدهەزار، یاخود دەقیقتر بیڵێین ژمارەکە بریتی بوو لە ( یەک ملیۆن و480 ) هەزار، و مانگانەش بۆپێدانی موچەی تەواوەتی ئەو ژمارە موچەخۆر و فەرمانبەرە حکومەت پێویستی بە (830) ملیارد دیناربوو.
لەساڵی (2014)یشەوە بەبیانوی قەیرانی دارایی وبڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە پڕۆسەی دامەزراندن تائێستاشی لەگەڵدابێت بەفەرمی وەستێنراوە.
لەساڵی (2017)دا دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی سیستمی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران، ژمارەی فەرمانبەرو موچەخۆران ڕێژەکەی دابەزی و کەمیکرد بۆ ( یەک ملیۆن و249)هەزارفەرمانبەر و موچەخۆر. واتا ژمارەی موچەخۆر بەنزیکەیی (200)هەزار کەمیکرد.
بەپێی دواین لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی هەرێمیش لەساڵی (2014 بۆ 2021) ژمارەی ئەوفەرمانبەرانەی خانەنشین بوون ( 40)هەزار فەرمانبەربوون واتا ساڵانە (5)هەزار فەرمانبەر لەهەرێمدا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان خانەنشین دەبن، بەداتای وەزارەتی پلاندانانیش لەماوەی پێنج ساڵدا زیاتر لە (4)هەزار فەرمانبەر بەتەواوی کۆتایی بەڕاژەی کارکردنیان هێناوە لەکەرتی گشتیدا، کەبەدڵنیاییەوە ڕێژەکە زۆر لەوە زیاترەو هەزاران فەرمانبەریش هەرێمی کوردستانیان جێهێشتوە،و بەهەردەردی سەرییەک بێت ڕوویان لەهەندەران کردوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریش بەفەرمانی وەزاری ژمارە ( 1)لە ( 4-1-2021 )دا موچەوخانەنشینی ( 10609)دە هەزارو شەش سەد و نۆ کەسی ڕاگرت کە لەسیستمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان هاتوە.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (2020) ڕایگەیاند کە بەهۆی سیستمی بایۆمەتری حکومەت موچەی زیاتر لە (16)هەزارموچەخۆری ڕاگرتوە.
مەتەڵە بێ وەڵامەکە لێرەدایە، باشە بۆچی کەژمارەی موچەخۆر و فەرمانبەران نزیکەی یەک ملیۆن و نیو بوو، حکومەت بۆموچەی مانگانە بێ لێبڕین و پاشەکەوت پێویستی بە (830)ملیارد دیناربوو؟
ئەی لەکوێی دنیا هەیەو هەبوە لەئێستادا بۆ پێدانی موچەی مانگانە بەبێ لێبڕین بە (یەک ملیۆن و 251 هەزارو 451)موچەخۆر پێویستت بە ( 895)ملیارد دینارهەبێت؟
ئێ ئەمە جگە لە مەتەڵێکی نەزانراو چ ناوێکی تری لێدەنرێت کە دەیان هەزار ژمارەی موچەخۆرت کەمی کردبێت بە (بایۆمەتری، کۆتایی هاتنی ڕاژەیان، و جێهێشتنی وڵات)و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشت چەند ساڵێکە ڕاگرتبێت کەچی مانگانە ڕێژەی ئەو پارەیەی پێویستە بۆ موچەخۆر و فەرمانبەران ( 65)ملیارد دینار زیاد بکات.
ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرمان بۆدەسەلمێنێت، کەهەموو ئەو داتاو ژمارانەی کەڕۆژانە دەوترێن و بەرگوێمان دەکەوێت هەرلەژمارەی موچەخۆرو فەرمانبەر تادەگاتە بڕی خەرجی و داهات،و ڕێژەی بێکاری وهەژاری و… هتد، هیچیان ژمارەی ڕاستەقینە نین، بەڵکو بەشێوەی گریمانەیی دەوترێن کەئەمەش گومانی زۆرو نیشانەی پرسیاری گەورە لەزیهنی هەمواندا دروست دەکات.
تەنانەت لەژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا بەپێی داتاوئامارەکانی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند جیاوازییەکی ئاسمان و ڕێسمانی هەیە،کەزیاترە لە (720) هەزارکەس.
بۆیە ئەمەجگە لەوەی مەتەڵێکی قورسە، ناشزانرێت وەڵامەکەی لەکوێیە،و لای کێیە؟و بێ وەڵام ماوەتەوە.

ـــ ……… 30-6-2021

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت