پـنـتـێـکـی ڕەش

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی
منداڵە ژیرەکان: ڕۆژێکیان مامۆستایەک خۆیکرد بە پۆلی خوێندندا و بە خوێندکارەکانی وت: ( خۆشەویستەکانم: ئێستا کاتی تاقیکردنەوەیە ). خوێندکارەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی مامۆستاکە بوون، تا پەڕەی تاقیکردنەوەکەیان بەسەردا دابەشبکات. پاشئەوەی مامۆستاکە هەموو پەڕەکانی دابـەشـکـرد، ئنجا وتـی: ( دەی ئێستا پەڕەکان هەڵبدەنەوە ).
ئەوەی سەیر بوو لەسەر لاپەڕەکان هیچ پرسیارێک نە نووسراو بوو، بەڵکو تەنها یەک خاڵی ڕەش لە ناوەڕاستی پەڕەکاندا هەبوو. ئنجا مامۆستاکە بە ڕوویەکی خۆشەوە روویکردە خوێندکارەکان و وتی: ( ئێستا دەمەوێت هەر یەکێکتان بە هێمنی و زۆر لەسەرخۆ دەربارەی ئەوە بنووسێ، کە لەو لاپەڕەیەدا بەچاوی خۆی دەیبینێت؟ ).
خوێندکارەکان زۆر سەریان لەو پرسیارە سەیرە سوڕما، بۆیە زۆر بەوردی سەیری لاپەڕەکانیانکرد، پاشان بە ناچاری هەر یەکێکیان بە پەشۆکاوییەوە وەڵامی خۆی نووسی، بەبێ ئەوەی لە پرسیار و مەبەستی مامۆستاکەیان تێگەیشتبن.
دوای کۆتایی هێنانی ماوەی تاقیکردنەوەکە، مامۆستاکە هەموو لاپەڕەکانی کۆکردەوە، ئنجا بە دەنگی بەرز کەوتە خوێندنەوەی وەڵامی یەک بە یەکی خوێندکارەکان. ئەوەی سەیر بوو وەڵامی هەر هەموویان لەیەکەوە نزیکبوو ، هەموو نووسیبوویان خاڵێکی ڕەش لە ناوەڕاستی ئەم لاپەڕەیەدا هەیە … پاشئەوەی مامۆستاکە لە خوێندنەوەی وەڵامەکان بۆوە، هەموو خوێندکارەکان بەبێدەنگی تەماشای دەمی مامۆستاکەیاندەکرد. ئنجا مامۆستاکە زۆر لەسەرخۆ ڕوویکردە خوێندکارەن و وتی: ( مەترسن، ئەم تاقیکردنەوەیە نمرەی لەسەر نییە، تەنها ویستم پرسیارێکتان بدەمی تا بیری لێبکەنەوە.. ئنجا وتی: بەلامەوە زۆر سەیرە هەر هەمووتان باسی پنتە ڕەشەکەتانکردووە، دیارە هەموو هۆش و هەستان لای ئەو پنتە ڕەشە زۆر پچکۆلەیەی ناوەڕاستی لاپەڕەکە بووە، بەڵام بە داخەوە یەک کەستان لەسەر بەشە سپییە زۆرەکەی لاپەڕەکەتان نەنووسیووە.
جا خۆشەویستەکانم لە ژیانماندا هەمان شت ڕوودەدات، تەنها بیر لە پنتە ڕەشەکان دەکەینەوە. وەک کێشەی تەندروستی، کە بێزارمان دەکات، نەبوونی سەروەت و سامان، کە ماندووماندەکات، پەیوەندییە خراپەکانی نێوان ئەندامانی خێزانەکانمان، ئیرەیی و بێ هیوای بوون لە هاوڕیێ کانمان، پشێوی ناو کۆمەڵگاکەمان و… هتد. جا ئەو پنتە ڕەشانە لە چاو ئەو هەموو شتە جوانانەی لە ژیاندا هەمانە زۆر زۆر بچووکن و بەراورد ناکرێن بە یەک، بەڵام بە داخەوە ئەو پنتە ڕەشانە بیرمان ئاڵۆز دەکەن و تووشی خەم و پەژارەمان دەکەن. جا باشتر وایە ئەوەندە تەماشای ئەو خاڵە ڕەشانەی ناو ژیانمان نەکەین، بەڵکو پێویستە لەگەڵ شتە جوانەکانی ژیاندا ئاوێتە بین و بە دڵێکی پڕ لە هیوا و شادی و خۆشەویستییەوە ژیـــان بەرینەسەر و تێبکۆشێن بۆ دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک ).

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نەبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت