حەسەن ڕازانی: ڕوخاندنی پەیکەری ستەمکارانی فەرمانڕەوا پیشاندان و ڕوخاندنی مێژووی ڕاستەقینەیانە!

مێژووی مڕۆڤایەتی لە سەرەتاوە تاکو ئێستا مێژووی ململانێ بووە لە نێوانی چەوسێنەرو چەوساوەدا، زۆردارو زۆرلێکراودا، بە هێزو بێهێزدا، داگیرکەرو داگیرکراودا و… هتد. تا دەگاتە ململانێی نێوانی مافخۆرو مافخوراودا. هەروەها دەبێ باوەڕیشمان بەوە هەبێ کە مێژووی زاڵ و باوی نوسراو، مێژووی سیستەمی زاڵ و باوی نێو کۆمەڵگا بوووە.
زۆرن ئەوانەی ئێستاو لە مێژوودا هەتا بۆیان بکرێ و بۆیانکرابێ ستەمکاریی و تاوانکاریی دەکەن و کردووشیانە لە دژی مڕۆڤایەتی. بەڵام مێژووەکەیان بەشێوەیەک نیشان دراوە کە شایانی ڕێزو پێزانین بن لە نێو خەڵکدا. وە هاتوون دوای مردنیان پەیکەری گەورەو بەهاداریان بۆ درووست کردوون لە شوێنە گشتی و دیارەکانی ناوشارو بەردەمی دەزگا کارگێرییە گرنگەکانی دەوڵەت.
با هەر لێرەشەوە بڵێم کە مێژووی هەموو ئەو ستەمکارو تاوانبارو خوێنڕێژانە کۆتایی دێت و سیستەمەکەشیان پێیان خۆش بێت یان نا کۆتایی پێدێت. چونکە ململانێ هەمیشە لە ئارادا دەبێت و بەرەنگاریش هەمیشە دەبێتە جێی مەترسی بۆیان. بەڵام مەسەلە گرنگ و پرسیارە پڕبایەخەکە ئەوەیە کە دەبێ بزانین ئەم ستەمکارانە چۆن دەڕۆن؟ کێ لایان دەبات؟ چ جۆرە بزووتنەوەیەکی بەرەنگاریی دەبێتە جێی مەترسی بۆیان؟ ئایا شوێنیان بە کێ و چ جۆرە سیستەمێک پڕ دەکرێتەوە؟ لە کاتی ڕووخاندن و تێکدانی سیستەمەکەیان دەبێ کێ و چ جۆرە بزووتنەویەکی سیاسی مۆری خۆی بدات لە مێژووی ڕاماڵین و تەفروتوناکردنیان؟
ئێمە لێرەدا ناچین ناوی هەموو ئەوانە بێنینەوە کە لە ژیانی خۆیاندا لە سنووربەدەر کاریی نامڕۆڤانەیان دەرهەق بەخەلکی کردووە و لە دوای مردنیش هەموو ئەو کارە دژە مڕۆڤانەیان بۆ بەچاکە لە قەڵەم دراون. ئینجا هاتوون پەیکەریشیان بۆ درووست کردوون بۆ ئەوەی تا هەتایێ خەڵک نەک هەر ڕقی لێنەبنەوە بەڵک و شانازیشیان پێوە بکرێت و ڕێزیان لێبگیرێت.
ئەم جۆرە ستەمکارو تاوانبارانەی مێژوو هێندە زۆرن کە ئەو بابەتە بۆ ئەو مەسەلەیە دابین نەکراوە. بۆ نموونە هەر لە ساڵی 2020 لە ئەمەریکادا لەسەردەمی خۆپیشاندانی ڕەشپێستەکان کە پۆلیسێکی سپیپێست جۆرج فلۆیدی کوشت زیاتر لە 90 پەیکەر لەسەرتاسەری ئەمەریکادا ڕوخێنران. وە هەر لە کەنەدادا ئەوە یەکەم جار نیە کە کاری لەو شێوەیە دەکرێت، بەڵکو هەر لە ساڵی 2020دا پەیکەری جۆن مەکدۆنەڵدیان ڕوخاند، کە جۆن یەکەمین سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی کەنەدا بوو. چۆن بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1867 بۆ ساڵی 1873و، هەروەها جارێکی تریش هەڵبژێرایەوە لە ساڵی 1878 بۆ 1891 . کەچی چونکە خەڵک لە دژی پەیکەری ستەمکاران وەزاڵە هاتبوو ئەویشیان ڕوخاند. هەروەها لەوەڵاتانی تریش هاوشێوەی ئەم کارە زۆر ڕوویداوە. بۆیە بۆ ئەو بابەتە تەنها دوو نموونە وەک مشتێک لە خەروارێک دەهێنینەوە:
یەکەم/ دوکتۆر جەیمس ماریۆن سیمز، لە ساڵی 1813 لە ناوچەی لانکاستەر لە ویلایەتی کاڕۆلینا لە ئەمەریکا لەدایکبووە و لە ساڵی 1883 لە نیویۆڕک مردووە. ئەم دوکتۆرە پسپۆڕی نەشتەرگەری لە بواری نەخۆشیەکانی ژناندا بووە. هەتا ناوی دەرکردووە بە ” باوکی نەخۆشیەکانی ژنان ” بەڵام با بزانین مێژوو چۆن باسی ئەو دوکتۆرە دەکاو چی کردووە بۆ ئەوەی پەرە بە کارەکەی خۆی بدات؟. ئەوهاتووە لەسەر حسابی ژیانی ژنە ڕەشپێستەکان ئەم کارەی کردووە. ئەو مڕۆڤێکی هەتا سەر ئێسقان ڕەگەزپەرستبووە. ئەو تاقیکردنەوەی لەسەر ژنانی ڕەشپێستکردووە. نەشتەرگەری جۆراوجۆری بۆکردوون بەبێ بەنج و سڕکردن. بە دەیان و تەنانەت باس لەسەدان ژنی ڕەشپێست دەکرێت کە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئەم دوکتۆرەدا گیانیان لەدەستداوە. سەرباری ئەو هەموو کارە نامڕۆڤانەو ڕەگەزپەرستییەش هاتوون پەیکەری وەفاداری و ڕێزو شانازییان بۆ درووستکردووە لە ناوڕاستی پارکی ناوەندی لە شاری نیویۆڕک. هەر بۆیە ڕەشپێستە ناڕازاییەکان بە کارەکانی ئەو دوکتۆرە لە خۆپیشاندانێکدا لە ساڵی 2018 دا ئەو پەیکەرەیان هێنایە خوارو ڕوخاندییان.
دووەم/ پەیکەری شاژن ڤیکتۆریا. ئەو لە ساڵی 1819 لە بەریتانیا لە دایکبووە. لە ساڵی 1837 واتە لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە بووەتە شاژن و هەمە کارەی بەریتانیای گەورەو ئێرلەندا و کەنەداش تا ساڵی مردنی لە 1937. کەنەدا نە هی ئینگلیز و نە هی فەرەنسییەکان بوو. کەنەدا هی خەڵکە ڕەسەسەنەکەی خۆی بوو کە بە هیندیەکان ناو دەبرێن. بەریتانیا وەڵات و خاک و ئاوو کەلتوورو زمان و داب و نەریتی لێ زەوتکردن. مێژوو باس لەوە دەکا کە بەریتانییەکان لەسەرەتادا لە ژێر ناوی بازرگانیدا خۆیان گەیاندە کەنەداو دەستیان بە مامەڵەی بازرگانی کرد. بەریتانییەکان خواردنەوەو پێخەف و جل و بەرگییان دەدانێ و لەبەرامبەردا دەیان شتی وەک خوری و پێستەو فەرووویان دەبرد. بەڵام بەریتانییەکان دەهاتن ژەهریان دەکردە ناو خواردنەوەکان و بەتانی و پێخەف و جلو بەرگەکانیشیان ژەهراوی دەکردن. بۆیە بە دەیان هەزار لە خەڵکە ڕەسەنەکەی کەنەدا هەر ئەو کات جینۆساید کران.
کەنەدا و حکومەتەکەی بە ڕەسمی پۆزشیان بۆ ئەو کارە دژە مڕۆڤانەیە هێنایەوە. بەڕەسمی حکومەتی کەنەدا داوای لێبوردنی کرد. بە ڕەسمی حکومەت و دەزگا پەیوەندی دارەکان دەڵێن کەنەدا مێژوویەکی ڕەشی هەیە لەبەرامبەر خەڵکەڕەسەنەکەی کەنەدادا.
هەر لە ژێر سایەی ئەو شاژنەدا بوو کە بە سەدان شوێن لە ژێر ناوی خوێندنگادا درووستکران لە کەنەداو منداڵی خەڵکە ڕەسەنەکەی کەنەدایان بۆ دەبردن و لە باوک و دایکیان دووردەخرانەوە. ئەو منداڵانە بۆ ماوەی دەیان ساڵ تا گەورە دەبوون لەو خوێندنگایانەدا پەروەردە دەکران و مێشکیان دەشۆرایەوە. هەروەها نەیان دەهێشت چاویان بە باوک و دایک و کەس و کاریان بکەوێتەوە. لە زمان و کەلتوورو ئایین و داب و نەریتی خۆیان دادەماڵین. ئەو منداڵانەی کە تۆزێک گەورەبوون و نەدەچوونە ژێرباری کەنێسەی کاسۆلیکەوە توندوتیژییان لەبەرامبەردا دەکراو تەنانەت بە سەدانیشیان لێ دەکوشتن.
هەر بۆیە لەم دواییانەدا گۆڕی هەزاران لەو منداڵانە دۆزرانەوە کە وەختی خۆی بێسەروشوێنکرابوون و لە باوک و دایکیان دوورخرابوونەوە. ئەم کارە مێژووی بەریتانیاو ڤیکتۆریا شاژنی خستە ژێر پرسیارەوە. هەر بۆیەش لە ڕۆژی دامەزراندنی کەنەدا دا خەڵکە ڕەسەنەکەی کەنەدا لە پارێزگای مانیتۆبە هەستان بە خۆپیشاندانێک و پەیکەری شاژن ڤیکتۆریاو ئەوەی ئەلیزابێثی دووەمیشیان ڕوخاندو لەناویان بردن. خەڵک دەیگووت ئەوانە نابێت، وە هی ئەوە نین کە شانازی بە دوێنێیانەوە بکرێت. بەڵک و دەبێت ئەوانە فڕێبدرێنە زبڵدانی مێژووەوە.
هەر ئەوەندەی سەرەوە کاری قێزەونی نامڕۆڤانە نەبووە کە لە ژێر سایەو سیستەمی ئیپڕیالیستیانەی ڤیکتۆریادا ئەنجام دراوە، بەڵک و بە دەیان کاری هاوتای ئەوە دەرهەق بە نەتەوەو شوێنەکانی تر ئەنجام دراوە. لە ڕۆژهەڵاتەوە بیگرە تا دەگاتە ڕۆژئاواولە وەڵاتی هیندوستانەوە بیگرە تا دەگاتە وەڵاتان و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ نموونە نەتەوەی کورد هێشتا بەدەست سیاسەتە ئیمپریالیستیەکانی بەریتانیاو فەرەنساوە دەتلیتەوە کە وەختی خۆی لە ناوچەکەدا دایان مەزراند. هەندێک نەتەوە سوودیان لێبینی و هەندێکی تریش قوڕکراوە بەسەریاندا. کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە تا ئێستا زەرەرمەندی سەرەکی ئەو سیاسەتانەی بەریتانیاو فەرەنسا بووە.
جا پرسیارێکی تر لێرەدا ئەوەیە: ئایا تەنانەت بۆ نەتەوەی کوردیش مێژووی ڤیکتۆریاو ئەمسالەکانی دەبێ ببێتە جێگەی شانازی و ڕێزلێنان؟
ئێمە مێژووی دوکتۆر سیمزمان لە لایە کە لە ئەمەریکادا لە دژی ژنانی ڕەشپێست چ کارێکی نامڕۆڤانەی کردووە.
ئایا پێتان وا نییە کە چەندین کەس لە وێنەی دوکتۆر سیمز بوونیان هەیە لە ئێستاداو و هەبووە لە دوێنێدا کە لە دژی خەڵکی ترو ڕەگەزی ترو نەتەوەی تر کاریی نامڕۆڤانەو دڕندانەیان ئەنجامداوە؟ لەولاشەوە مێژووی باوی زاڵ و نووسراو بە شێوەیەک وێنای کردوون کە بۆ ئێمەمانان دەبێ جێی شانازی بن و پەیکەریان هەمیشە لەبەرچاومان بێت.
ئایا پێتان وانییە کە لە مێژووی دوێنێی ئێمەدا چەندین شاژن ڤیکتۆریا ئاسایی بەڵک و خەراپتریش هەبووەو هەیە؟ ئایا وێنەو پەیکەرەکانیان نابینن؟ ئایا نابینن کە چەندە قێزەونن و خەڵک لە هەلێک دەگەڕێت کە خۆیان و سیستەمەکەیان تێک و پێک بدات؟
بۆیە ئەم مێژووەی ئەو جۆرە ستەمکارانە جێی شانازی و ڕێز نییە. وە هەرگیز بە پەیکەرەکانیان لە شوێنە گشتی و گرنگەکانی بەرچاوو دڵی خەڵکی نابنە هۆی جێ شانازی و متمانەی خەڵک. بەڵکو خەڵک ئێستا تێگەییشتووە ئەمانە کێ بوون و چیان کردووە. خەڵک ئێستا دەیەوێت ئەوانە بخاتەوە ناو چوارچێوەو پۆڕترەیتە ڕاستەقینەکەی خۆیانەوە.
دەربارەی ئەمڕۆی زیاد لە سی ساڵەی فەرمانڕەوایی حکومەتی کوردیدا، من تەنها یەک کۆمێنت دەهێنمەوە کە لە لایەن کەسێکەوە نووسراوە بۆ نووسینێکی من لە فەیسبووک کە ئەو کەسە هی جیلی سەردەمی حکومەتی خۆماڵی کوردییە. ئەو کۆمێنتەم وەک خۆی کۆپی و پەیست کردووە. من پێم وایە ئەو کۆمێنتە دەربڕی بۆچوون و دیدی هەزاران کەسە لە بەرامبەر حکومەتی خۆماڵی کوردیدا. ئەو دەڵێ: خۆزگە پێش ئەوەی جیلی ئێمە کۆتایی هاتبا بەچاوی خۆمان ڕووخانو ڕیسوایی خۆیان و مێژووەکەیانمان ئەبینی هی ئەم دزانەی کوردوستان. یەکەم جیلی کوردین بەدەست کوردەوە ئەناڵینین و ئەچەوسێنرێینەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێم: ڕۆژی دوایی هەر ستەمکارو چەوسێنەرێک هەردێت درەنگ یان زوو، کە ئاهوا بە زیندوویی لە وێنەی سەدام و قەزافی و شاو دەیانی تر تەفروتونا بکرێن و یان لە دوای خۆیان پەیکەرو مێژووەکەیان بەسەردا بڕوخێنرێت بە وێنەی پەیکەری شاژن ڤیکتۆریاو دوکتۆر جەیمس سیمز. هێشتا چەندین کەسی تر لە وێنەی ئەوان هەن و لای خەڵکی ستەمدیدەو زوڵملێکراو ناسراون.
بەڵام هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە ئەوانە دەبێ بڕۆن. مێژوو ئەمەی نیشان داوە. هەموو کەسێک جا حاکم بیت یان گەدا هەر دەبێ بڕوات و کۆتایی بە ژیان و سەردەمیان دێت. پرسیارە گرنگەکە دەربارەی حاکمان و فەرمانڕەوایانی ستەمکارو زاڵم ئەوەیە: کە ئەوانە چۆن ڕۆییشتوون و چۆن کۆتایی بەسەردەمییان هاتووە؟ كێ لە پشتی کۆتایی هاتن بەسەردەم و حوکمڕانییان وە بووە؟ چ بزووتنەوەیەک مۆری خۆی لە کۆتایی هێنان بە مێژژوی ئەو ستەمکارانەوە ناوە؟ ئەمانەی سەرەوە پرسیارە گرنگەکانن. ئەگینا هەمومان دزانین هەر دەبێ بڕۆن.
بۆیە دەبێ ئێمە چاوەڕێی بزووتنەوەیەک بین کە بزووتنەوەی خەڵک و بەرژەوەنددیەکانی خەڵکی ستەمدیدەو زوڵملێکراو بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە پەیکەرو مێژووی ستەم کارێک بهێنرێت. ئەگینا ستەم کارێک دەڕواو ستەم کارێکی تر لە شوێنی قوت دەبێتەوە. هەموومان دەبینین وە تەجروبەی ئەوەمان هەیە کە چۆن پەکەرێک لابراوەو هی یەکێکی تر بنیات نراوە کە لەوەی پێشتر زۆر خەراپتر بووە. واتە خۆزگەمان بە کفندز.
تاوانبارو ستەمکاران جیاوازییان نییە لە هەر نەتەوەو ئاین و ڕەگەزو ڕەنگ و جێندەرو شوێنێک بن. تاوانبارو ستەمکار هەر تاوانبارەو ستەمکارە.

تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە هەندێک سەرچاوە وەرگرتووە بە تایبەتی:
1- https://www.nytimes.com
2- https://www.cnn.com
3- /www.usatoday.com
4- https://www.bbc.com/news

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies