سەرکەوتی جیهاز و بەختیار شارەزوری: هەرێم کوردستان لەبەردەم هەژمونی ئێرانی نوێدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی جیهان لەبەردەم دابەشکاری و نەخشەی نوێ ی هێزەکاندایە، دوای ئەم چل ساڵەی دەستەڵاتی ڕەهای ئەمریکا و ئەوروپا بە تایبەت، ئێستە لەبەردەم دەرکەوتنی وڵاتی چین و هەستانەوەی ورچەکەی ناو بەستەڵەکەکانی مێژوداین، ئەگەر بەم مانایە سەیر بکەین ئەوا دەرکەوتنی چین و ئەو پلانەی کە هەیەتی وا دەکات لەبەرامبەر ناتۆ و سۆپەر پاوەری یەک جەمسەردا سۆپەر پاوەر و هێزی تر دروست ببێت، لەم چوارچێوەیەدا چین وەک سەرکردایەتی ئەم سۆپەرپاوەرەی نوێ دەردەکەوێ و وردە وردە نەک هێزە گەورەکانی ئاسیا، بەڵکو ئۆراسیا بە گشتی خستوەتە ناو چوارچێوەیەکی بەرژەوەندی ناچارییەوە تا هاوپەیمانیەتیەکی سەربازی و ئابوری و سیاسی دروست بکەن ، ئەم زۆنە بە پلەی سەرەکی بریتی دەبێت ( چین، ڕوسیا، تورکیا، ئێران، پاکستان ، هند، ئەفغانستانی دوای ئەمریکا ، وڵاتانی سەر دەریای قەزوین ) کە بە گشتی هەمویان لەسەر سکەی پلانی پڕۆژەی (یەک ڕێگا و یەک پشتێن ) ڕێگای ئاوریشیمی و هواوی دەڕوا، ئەم پلانە نەخشەی مامەڵەی هەمو دنیا دەگۆڕێ و لە ئێستەشەوە شەڕی ئەم پڕۆژەیە دەستی پێ کردوە، بە تایبەت دوای ئەوەی بایدن دوو تەوەرەی دیاری کرد لە کۆبونەوەی ناتۆ کە سەرکیترنیان شەڕی چین بوە، لەم نێوەندەشدا ئێران نەک هەر دەبێتە بەشێک لەم گەمەیە، بەڵکو کارئەکتەرێکی سەرەکی ئەم گەمەیەیە، بە تایبەت دوای گرێبەستی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین.
ئەگەرچی لە ئێستادا ئێران لەژێر گوشار و شەڕی ئابوری ئەمریکادایە، بەڵام شەڕەکە تەنها شەڕی ئێران نیە. بەڵکو شەڕی ئەو بلۆکەیە کە سەرەتاکانی دەرکەوتوە، کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانسان بە شێوەیەکی کاڵ دیاریکردنی سنوری ئەم بلۆکەیە، ئێران هەژمونی هەیە لە زۆرێک لە واڵاتانی تردا، بۆیە ئێران دیاریکردنی سیاسەتی دەرەکی بە پلەی یەکەم دێت و پاشان سیاسەتی ناوخۆشی درێژکراوەی پلانی درێژخایەنیەتی لەسەر ئەم هێڵە کە ناو دەنرێت شارستانیەتی قوڵ.
هەرێمی کوردستان بە ڕونی لەسەر ئەم جوگرافیایە دیارە کە دەکەوێتە سەر نەخشەی ئەم بلۆکە نوێیەوە، مادام ئێران و تورکیا هەردوکیان لەسەر نەخشەی یەک بەرەن، کەواتە وەک وڵاتانی تری دابەش کراوە لە نێوان تورکیا و ئێراندا هەمان دابەشکاری بەردەوامی دەبێت بە پێی ڕێککەوتنە مێژوییەکان و ڕیککەوتنی نوێی ستراتیژی کە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا کراوە.
بە مانایەکی تر هەرێمی کوردستان لە بەردەم ئێرانی نوێدا هەمان دابەشکاری بەردەوامی دەبێت، کە دەڵێین ئێرانی نوێ (واتا ئێران وەک کارئەکتەری سەرەکی گەمەی هواوی و ڕێگای ئاوریشمی )، خۆ ئەگەر باس لە گۆڕینی ڕۆحانی بە ڕەئیسی بکەین، ئەوا نەک هیچ ناگۆڕێ، بەڵکو توند تر دەبێت لەسەر پاراستنی ئەمنی قومی ئێرانی و دابەشکاری درێژکراوەکانی ئێران، هەڵبژاردنەکانی ناو ئێران نە هیچ دەگۆڕێ لە ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتە، نە هیچ دەگۆڕێ لەسەر ئاستی دەرەکی، بۆیە هەرێم لە بەردەم هەژمونی ئێرانی نوێدا هەمان دابەشکاری دوو زۆنی دەبێت و ناهێڵن هیچ گۆڕانێکی بەسەردا بێت، بەرەی دژیش وەک ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەک ناتوانن هیچ بکەن، بەڵکو هیچ هەڵوێستێکی دژی توندیان نابێت جگە لە قسەکردن لە ڕاگەیاندنەکانەوە، کاتێک درۆنەکانی حشد سەری ڕەش دەکەن بە ئامانج ئەمرەیکا و بەرەی دژ لە چوارچێوەی بەیانی ناڕازی زیاتر هیچیان پێ ناکرێ، بەڵام بۆ عێراق کۆگاکانی چەکی حشد دەکاتە ئامانج، لێرەوە هەرێم لەبەردەم هەژمونی ئێرانی نووێدا دەبێت چاوەڕێی بەریەککەوتنی گەورەتر بکات یان وەک ئێستای بمێنێتەوە بە دەستەڵاتی پارتی و یەکیتی و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ فیفتی بە فیفتیەکەی جاران و وا ببینرێت کە هەرێم سەنتەرێکە بۆ بەرژەوەندی زۆرێک لە وڵاتانی دنیا، دەبێت هەمو هێزەکان لێرە شەڕی یەکتر نەکەن بە ناچاری، نەک بکرێتە سەکۆی بەریەککەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و بەرەی ئێرانی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت