گۆران هەڵەبجەیی: ڕووناکبیرەکانی چایخانەی شعب دیکتاتۆر درووست دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی دەزانین و لەبەر دیدمانە ئەوەیە کە مرۆڤە {بەهرەمەندەکان} بە هۆی {نووخبە} بوونیانەوەیە پێگەیەکی تایبەتی باڵایان لە کۆمەڵگاکاندا هەیە.
ئەم نووخبەبوونەش بە هۆی بەهرەکانیانەوەیە کە لە کەسانی ئاسایدا بوونیان نیە، بۆنمونە زۆر کەس پاش هەوڵ و ماندووبوون دەشێ بگاتە پلەی مامۆستای زانکۆ،ماستەر، دکتۆرا، بەرپرسی حیزبی و ئیداری باڵا، وەزیرو سەرۆک وەزیران و پلەوپۆستی دیکە، بەڵام کەسێک لەوانە ناتوانێت ببێتە شاعیر، ڕۆماننووس، شێوەکار، ئەکتەری بە توانا، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و… تاد، گەر ئەو جۆرە مەوهیبەیەی تێدا مەوجود نەبێت کە بیکاتە کەسێکی بەهرەمەند، دیارە بەهرەمەندی تا ڕادەیەکی زۆر مەوهیبەیەکی خۆڕسکە و هەندێک جار لەگەڵ بوونی مرۆدا دێتە ئاراوە.
بەهۆی بەرهەمەکانیانەوە بەهرەمەندان بە درێژایی مێژوو جێگەی بایەخ و ڕێز و لەپێگەی شایستەدا بوون، بەرهەمەکانیان لەسەردەمی خۆیان و لەپاش مردنیشیان سەدە لەدوای سەدە بە زیندوو ماونەتەوە و هەمان چێژو کاریگەریان لەسەر موتەلەقی هەیە.
گەر ئاوڕێکی خێرا لە مێژوو بدەینەوە و ناوی چەند بەهرەمەندێک لە کایە ئیبداعیە جیاجیاکاندا دەستنیشان بکەین بەتایبەی لە نێو کەلتوورە هۆشیار و زیندوەکاندا و بەراوردیان بکەین بە مرۆڤە سیاسیەکانی سەردەمی خۆیان یا پاشتر و ئێستاش، دەبینین ئەوانە {ناوە نەمرەکانن} .
لە وەختی شەکسپیرەوە تا ئێستا هەزارەها سیاسی و سەدەها دەسەڵات و ژمارەیەکی زۆر وەزیرو سەرۆک وەزیران لەسەردەمە جیاجیاکاندا لەسەر شانۆی سیاسی ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان هەبووە، ئەوان ئێستا لەکوێن و سەکسپیر لەکوێیە.؟یا چارلی چاپلین لە کوێیە کە تا ئێستاش منداڵ و گەورە دەخاتە پێکەنین.
[لۆرکا، پیکاسۆ،سلفادۆر دالی لە ئیسپانیا]، [ڤوڵتێر، جان جاک ڕوسۆ، ڕامبۆ، ئەراگۆن، سارتەر، کامۆ لە فەرەنسا] .خۆ گەر بپەڕێینەوە بۆ ڕوسیا ئەوە کۆمەڵێک ئەستێرەی پرشنگدار بە ئاسمانی ئەو وڵاتەوە دەدرەوشێنەوە ،بەنمونەی [تۆلستۆی، پۆشکین، دۆستۆفسکی، شۆلۆخۆف چایکۆڤسکی، گۆرکی و تاد].
نامەوێت لیستەکە درێژبکەمەوە، بەڵکو هێندە دەڵێم زۆرێک لەو بەهرەمەندە جیهانیانە هێندە خۆشەویست و بەنرخ و پایە بڵندبوون زۆر جار گەشتوونەتە ئاستی پیرۆزکردن. سیاسیە پلە بەرزەکان بە هەستکردنیان بە پێگەی ئەم موبدیعانە ڕێزی تایبەتیان لێ گرتوون و خواستوویانە لێیان نزیک ببنەوە. بۆ نمونە لینین دۆستی نزیکی گۆرکی بووەو زۆر جار بەدەم شەترەنجەوە باسی ئەدەبیان کردوە و نامە گۆڕینەوەش لە نێوانیاندا هەبووە.
لە بەرامبەردا ئەو بەهرەمەندانە خۆیان لە دەسەڵات و سیاسیەکان بەدوورگرتووە، چونکە شارەزابوون لە ماهیەتی کەسانی سیاسی و نەیانویستوە بەنزیکبوونەوە لێیان ببنە جێگەی پرسیارو ڕەخنەی هەودارانیان. هاوکات وەک پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان بە شایستەتر و لە پێشتر زانیوە لەوان، کەهەرواش بووە.
ئەوان هێزو وزەو بەردەوامیەتیان لە خۆشەویستی و ڕێز و هاندانی خەڵکەوە وەرگرتوە کە ئەوەش سەرمایەیەکی لەبننەهاتووبووە.
نەدەستیان لە دەسەڵاتداران پانکردوەتەوە و نە بۆ ئیمتیازات موجامەلەی بێتامیان کردون، بەڵکو هەردەم مەسافەیەکی باشیان لە نێو خۆیان و دەسەڵاتداراندا جێ هێشتوە.
جا پاش ئەم پێشەکیە پێویست و گرنگە، دێمە سەر کرۆکی مەبەستەکەم.
لە نێو کەلتووری پاشکەوتووی ڕۆژهەڵاتی نێویندا هاوکێشەکە تەواو بە پێچەوانەوەیە، بەوەی حیزبەکان و دەسەلاتداران [بە هەرێمە کاولبووەکەی خۆشمانەوە] بەردەوام لە هەوڵی دەستەمۆکردنی ئەوجۆرە مرۆڤانەدا بوون، زۆر جار بەم کارانەیان دایانماڵیون لە ڕۆحی ئیبداع و سەربەخۆبوون و کراونەتە تووتی خۆشخوان بەباڵای دەسەڵاتی ستتەمکاردا و ئامرازێک بۆ جوانکردنی سیمای پۆخڵیان، ئەمەش تەنها لە پێناوی بڕێک ئیمتیازاتدا وەک مووچەیەک، مکافەئەیەک، سەیارەیەک یا پارچە ئەرزەیەک.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لاهور شێخ جەنگی پاش نوێژەنکردنەوەی چایخانەی شەعب ئامادەی کردنەوەی بوو. ئەمە بۆخۆی یەکێکە لە کارەچەوتەکان، دەبوو کەسانی سەرقاڵی کایەی ڕۆشنبیری لەگەڵ بەرپرسێکی ئیداری باژێڕەکە بەشداری کردنەوەکەی ببوونایە نەک بەرپرسێکی باڵای حیزبێک.
کە لاهور خۆی کرد بەژووردا، پاش سڵاوکردن لە ئامادەبوان کە تژیی بوو لە بەهرەمەندان، ئیدی لە شوێنی خۆی دانیشت. هەر کە دانیشت زۆرێک لەوانەی ئامادەبوون پەیتا پەیتا دەچوونە بەردەمی و خۆیان بۆ دەچەماندەوە، پاڵەپەستۆبوو لەسەر ئەوەی کێ زووتر خۆی بگەیەنێتە لایی و زیاتر مجامەلەی بێتامی بکات. ئەویش جارو بار خەندەیەکی پڕ لە مانای دەکرد بۆیان کە پڕ بوو لە ئیهانە.
خۆگەر پاسەوانەکانی لاهور سنووریان بۆ ئەو هەڵپەرستانە دانەنایە ئەوە بەردەمی لاهور هەرگیز چۆڵ نەدەبوو وە نەیدەتوانی بەئیسراحەت چاکەی بخواتەوە.
ئەم هەڵسوکەوتە نەشازە سەرەتا زیانی بە خودی کەسایەتی ئەو موبدعانە گەیاند، ئەوجا بە کایە ئیبداعیەکانیان.
بە ویژدانەوە دەڵێم هەبوو تەنها لەبەری هەستاو پاشان لە شوێنی خۆی دانیشتەوە. واتە تێیاندابوو مامەحەمەیی نەکرد، ئیدی هۆکار لای خودی خۆیەتی.
لەوانیە بپرسن ئەئ چیان بکردایە؟ وەڵامێکی سادە دەڵێت دەبوو لەشوێنی خۆیان دابنیشتنایەو لاهور بگەڕایە بەسەریانداو سڵاوی لێ بکردنایە، یاخود هەر کەس لە جێگەی خۆیەوە بەخێرهاتنی بکردایەو تەواو و ئیتر ئەم مجامەلە و چەمینەوەی نەدەویست کە دوو ئەنجام دەدات بەدەستەوە، سوکایەتی کردن بە خود و درووسکردنی ستەمکار و دیکتاتۆر.
لە ڤیدیۆکەدا سەرنجم چووە سەر میدیاکارانیش، دیتم کە نمایشێکی بێتام و زیادەڕۆیەکی ناپێویستیان کرد لە مەسەلەی ڕووماڵکردنی ئەو[زیارەتە مێژوویەدا]. پێدەچێت هۆکار ئەوە بێت کە زۆربەیان سەر بەدەزگا میدیاییە زەبەلاحەکەی خودی لاهور بن، جا لەم حاڵەتەدا گەرەکە ئەو ڕەفتارە بەئاسایی وەربگرین.
دڵنیام گەر لە زۆنی زەردیش شتێکی لەوجۆرە لە چایخانەی {مچکۆ} ڕووبدات ،ئەوە زۆربەی ڕووناکبیرانی ئەو دەڤەرەش هەمان ڕەفتار دەنوێنن ،چونکە کەمنین ئەوانەی بوونەتە پیاوی پارتی و دەستەمۆکراون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت