عیماد عه‌لی: كه‌ر له‌ كوێ كه‌وتووه‌ و كونده‌ له‌ كوێ دڕاوه‌.

ئه‌م سه‌رقاڵكردنه‌ی خه‌لك به‌ بابه‌تێك له‌ ینه‌ڕه‌تدا ده‌بوایه‌ له‌ نێوخۆی حزبه‌كه‌ خۆی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرایه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵه‌كان راست بكرایه‌ته‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی زیانبه‌خشین بێت به‌ به‌سه‌رجه‌م به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان به‌ هیچ شێوه‌یكی ناچێته‌ قوتوی هیچ عه‌تاری سیاسیه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌لك به‌خۆی گیرۆده‌ی ده‌ستی قه‌یرانه‌ ئابووریه‌كه‌ و ژیانی سه‌خته‌ و هه‌میشه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ ناجێگیری وه‌زعه‌كه‌و ترس چه‌ند قات بووه‌ته‌وه‌ له‌ ئاینده‌ش، هه‌ر رۆژه‌و شتێكی بێ به‌ها و دوور له‌ پێویستی هه‌ڵده‌تۆقێنن و، به‌ ناوی ململانێ و ناوزه‌د كردنی به‌ پیلان و پاشقول و خه‌نجه‌ر لێدان و هه‌ڵدانه‌وه‌ی مێژووه‌ قێزه‌ونه‌كانی خۆیان، ته‌نها به‌ته‌ڕناشی سیاسی له‌ زه‌لكاوی نه‌زانی و سیاسه‌تی غه‌شیمانه‌ و بێ ئه‌زمونی ده‌كه‌ن، كه‌ ته‌نها زیان به‌ خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن و خۆشیان هیچ منه‌تیان نیه‌.
ئه‌م به‌یانیه‌، پیره‌ژنێكی نه‌داری هه‌ژاری خاوه‌ن سێ منداڵی بێ باوك و بێكه‌سم بینی له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌گه‌رایه‌وه‌، وتی: رۆڵه‌ له‌ به‌یانیه‌وه‌ ئه‌و كوڕه‌م بردووه‌ بۆ خه‌سته‌خانه‌ و تا ئێستاش حاڵی ته‌ندروستی به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات و كه‌س لای لێ نه‌كردینه‌وه‌ و وتیان پێویستی به‌ ئه‌و جۆره‌ خۆراكانه‌یه‌ كه‌ له‌ توانامدا نیه‌ به‌رده‌وام بیانكڕم. منیش ئاهێكم هه‌ڵكێشاو له‌ مێشكی خۆمدا به‌راوردی كێشه‌ی ئه‌م ژنه‌ و ئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه‌ له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت له‌ ركابه‌ری كه‌سی به‌ناوی سیاسه‌تەوه‌ و، وتم ئه‌ی كێ بیر له‌ ژیانی ئه‌مانه‌ یكاته‌وه‌، ئه‌وان خه‌ریكی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانیانن به‌ ناوی حزبایه‌تی وته‌نها سه‌رقالی پاڵپاڵێنن له‌ جیاتی كێبڕكێی زانستی راستودروست و سودبه‌خشینی گشتی و به‌ لاچاویش ته‌ماشای ژیان و بێ ده‌رامه‌تی هه‌ژاران ناكه‌ن و ته‌نها بیریان له‌ قایمكردنی كورسیه‌كانیانه‌ نه‌وه‌كو با بیبات، كه‌چی زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش نه‌داری و بێكاری و باری قورسی ژیان بڕستی لێ بڕیون، ئه‌ڵی خه‌ڵك چی داوه‌ له‌وه‌ی خوله‌ سه‌رۆك بێت یان حه‌مه‌، خوا ی ده‌كرد كۆرشیان له‌ تارانه‌وه‌ ده‌هێنا و ده‌یانكرد به‌ سه‌رۆكی خۆیان.
باشه‌ خوای ده‌كرد نه‌زانێكی حۆل سه‌رۆك و سكرتێره‌كانتان ده‌بوو كه‌ی ئه‌وه‌ كێشه‌ی تایبه‌تی خه‌ڵكی هه‌ژاره‌ كه‌ چاوه‌ڕیی ئه‌وه‌یه‌ تۆزێك گۆڕانكاری له‌ ژیانیدا بكرێت، بۆچی میله‌تێك به‌و هه‌موو قوربانیدان و مێژووه‌ پڕ له‌ هه‌وراز و نشێویه‌ی سه‌رقاڵی دوو كه‌س بێت كه‌ كامه‌یان سه‌رۆك بێت یان نه‌بێت. تاكه‌ی هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌كانی مێژووه‌كه‌تان دوباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌میشه‌ شتێ بچوك سه‌ری كاره‌ گه‌وره‌كه‌ بخوات و ئامانجه‌ ستراتیجیه‌كه‌ بكرێته‌ قوربانی حه‌ز و ئاره‌زوو و تموحی كه‌سی و هه‌وڵی بوون به‌ كه‌سی یه‌كه‌م و وه‌لانانی ركابه‌ر و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌رۆك و سكرتێرتانه‌ له‌م كاته‌دا. به‌ڕاستی میله‌ته‌كه‌یان كوشت و ته‌نها بیرێك بكه‌نه‌وه‌ چۆنێتی خۆزاڵكردن و خۆفه‌رزكردنه‌ به‌سه‌ر ئه‌ویتردا ، ئه‌گینا تاكه‌ كه‌سێكی جه‌سترۆیشتوو نیه‌ قۆناغه‌كه‌ و بارودۆخی گشتیی له‌به‌رچاو بگرێت. تۆیه‌ك به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی خه‌ڵكدا نه‌ژێیت و هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر عه‌رشی عاجدا بیت و خه‌ریكی تانه‌وته‌شه‌ر و تۆمه‌تو ره‌تدانه‌وه‌ بیت و ئه‌وه‌ی ئه‌ركی راستودروسته‌ له‌ كوله‌كه‌ی ته‌ریشدا بانگه‌شه‌ی بۆ نه‌كه‌یت، تۆ له‌كوێی ئازاری خه‌ڵكدایت و خه‌ڵك له‌ چیدایه‌ و تۆش خه‌ریكی چیت، واته‌ له‌م باره‌دا و به‌ تایبه‌تی له‌م كێشه‌ هه‌نوكه‌ییانه‌ی نێوان هه‌ردو هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی و هه‌ڵانانه‌وه‌ و خه‌ریككردنی كوردستان به‌ بابه‌تێكی بێ ئه‌رزش له‌چاو كێشه‌ و بێشه‌ و سه‌رقأڵبونه‌كانی خه‌ڵك، له‌وه‌ش به‌دبه‌ختیتر ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێی دوژمنه‌كانت بكه‌یت كێشه‌ و بێشه‌كانت بۆ چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌م باره‌ ناله‌باره‌ش ئه‌و په‌نده‌ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت كه‌ ده‌ڵێن كه‌ر له‌ كوێ كه‌وتووه‌ و كونده‌ له‌ كوێ دڕاوه‌.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies