هۆشیار جەمال: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی بازنە ڕاخراوەکانی بابل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم سەردەمی تەکنەلۆجیا و پێشكەوتنە خێرایەدا مرۆڤ هێندەی بووە بە ئامڕازێک بە دەست بەرهەمەکانەوە، ئەوەندە بەرهەمەکانی جیهانی سەرمایەداری ئامڕازێک نین بە دەستی مرۆڤەوە، چونکە هەموو چرکەکانی ژیانمانی داگیرکردوە. لەم نێوەندەشدا تەکنەلۆجیا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر کتێب خوێندنەوە و نووسین، هەر بۆیە نووسەران و خوێنەران لە کێشمەکێشمی نێوان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کتێب دان.
بە بڕوای من نووسەری سەرکەوتووش ئەو کەسەیە لەم سەردەمدا بتوانێت پەیامەکانی کە دەیەوێت لە کتێبدا بیگەیەنێت هەوڵبدان هەمووی کۆبکاتەوە و لە کتێبی لاپەرە کەمدا بیگەیەنێت. واتا ئەگەر نووسەرە و دەیەوێت پەیامە خەیاڵیەکەی یان مێژوویەکەی یان ئەدەبیەکەی لە کتێبێکدا بنووسێ و بڵاوی بکاتەوە پێویستە خۆی لە زۆر نووسین و زۆر وتن بپارێزی و هەوڵبدات لە لە لاپەڕەی کەمدا پەیامی گرنگ بگەیەنێت. چونکە زەمەنی نووسینی درێژ کۆتایی هاتووە.
ڕۆمانی ” بازنە ڕاخراوەکانی بابل” لە نووسینی ڕۆماننووس ” عومەر سەید” یەکێکە لە ڕۆمانە جوان و گرنگەکان کە لە ساڵی ( 2017 )دا بڵاوبۆتەوە، کە هەموو کتێبەکە لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی تەنها ( 122 ) لاپەڕەیە و قەبارەی مامناوەندە، بەڵام نووسەر زۆر لێزانانە توانیویەتی قۆناغێکی مێژووی کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مادەکان و شارستانیەتی بابل شرۆڤە بکات و پاشان ئازارەکانی سەردەمی جینۆسایدی ئەنفال بگێڕێتەوە.
نووسەر سەرەتای ڕووداوەکانی دەگێڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی کاتێک کە تیمێکی بیانی بۆ کنەو پشکینین دێنە کوردستان و دەیانەوێت بگەڕێن بۆ گۆڕی شاژن (ئەمیتا)ی ژنی پاشای بابل و (مستەر باکو)ش کە کوردە وەک وەرگێری زمان کاریان لەگەڵ دەکات و سەفەرەکەیان دەستپێدەکەن دەچنە بیابانەکانی بابل.
شاژن (ئەمیتا)ی ژنی پاشای بابل کوردە و باوکی کە پاشای میدیەکان بووە بە دیاری دەیبەخشێت بە پاشای بابل لە پای ئەوی هاوکاری بکات لە ڕووخانی دەوڵەتی ئاشوریەکان، کە دواتر سەردەکەون بەسەر ئاشوریەکاندا بەڵام شاژن ئەمیتا ئەگەر چی هەموو شتێکی لە وڵاتی بابل بۆ تەرخان دەکرێت و پاشای بابل باخچە هەڵواسراوەکانی بابلی بۆ دروست دەکات کە ئێستا بووە بە یەكێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان. تەنها لە پێناو ئەوەی کەشوهەوا و شێوەی خاکی بیابانی بابل بۆ شاژن بگۆڕێت، بەڵام بێ سودە و شاژن تەنها یەک دەرفەت کە بۆی ڕێدەکەوێت خۆی دەکوژێت.
جوانی خەیاڵی نووسەر لەوەدایە بەم خۆکوشتنەی شاژن ئەمیتا پێمان دەڵێت ئێمەی مرۆڤی کورد ناتوانین لە بیابان بژین نامانەوێت لە خاکی کەسی تر بژین و جەستەمان ببێت بە خۆراکی خاکی بیابان، هەردەم حەزی گەڕانەوەمان بۆ خاکی خۆمان هەیە، لێرەوە هەمان ئەو ڕووداوەم هاتەوە یان کە هاوڕێیەکی خۆم لێرە زۆر بە توڕەی کوردستانی جێهێشت و چووە ئەوروپا، بەڵام لەوێ بەشداری هەموو چالاکیەکی دەکرد لە پێناو نەتەوەی کوردا، لێم پرسی بۆ ئەوەندە بە توڕەی ڕۆیشتی بۆ ئێستا بووی بە چالاکوان وتی ” چیبکەم لە هەر شوێنێکی دونیا بم ناتوانم لە کورد بوون ڕابکەم و خەیاڵم بۆ نیشتمانم نەبێت بەتایبەت کاتێک هێرشێ دەکرێتە سەر.”
کاتێک کە گەڕانی بەردەوام بە دوای گۆڕی شاژن ئەمیتا دا بەردەوام دەبێت کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە مستەر باکو دۆخێکی دەروونی سەختی دەبێت هەردەم خەیاڵی لای ژن و منداڵەکانی دەبێت و حەزی بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان هەیە، ئەم دۆخەی بەردەوام دەبێت هەتا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دەدۆزنەوە و تیمە بیانیەکانیش بۆیان دەردەکەوێت زەمەنی ئەم گۆڕانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جینۆسایدی ئەنفال، لێرەوە ئیتر ئازار و فرمێسکەکانی مستەر باکو وەک کوردێک دەستپێدەکات کاتێک بە واقعی لە ناو ئێسک و پروسکی هاونیشتمانیانی خۆیدایە لە بیابان، و لە خەیاڵیشدا لە ناو چرکە چرکەی زەمەنی ئەنفالدا دەژی، ڕۆژانی ئەنفال و کوشتن و فڕاندنن و ئازاردانی خەڵکی بیر دەکەوێتەوە.
ئەو دەکەوێتە پارانەوە بە بیانووی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی گۆڕی شاژن دەیەوێت تیمەکە بەردەوام بن لە گەڕان بۆ گۆڕی تر و دڵنیاتربن لەوەی گۆڕەکان ئەنفال، بەڵام تیمەکە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و کۆتایی بەکارەکانیان بهێنین، ئازارەکانی ناخی مستەرباکو کۆتایی نایەت تاوەکو بەڵێن وەردەگرێت کە لە ئایندەدا ئازارەکانی ئەنفال و ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە بکرێن فیلم و نیشانبدرێن بە جیهان.
لایەنی جوانی کۆتایی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە بەشێکی ڕووداوەکان هی ساڵانی ئایندەن واتا باسکردنی ئازارەکانی ئەنفالە پاش سەدساڵی تر لە فیلمێکی تایبەت و جیاوازدا کە هەموو جیهان ناچاربکات سەیری ئەم فیلمەبکەن و لە ئازارەکانی ئەم نەتەوەیە تێبگەن، کە ئەمەش تەکنیکێکی جوانی نووسەر توانیویەتی ڕووداوەکانی زەمەنێکی کۆنی سەردەمی شارستانیەتی بابل و مێژووی نوێی هاوچەرخی کورد کە زەمەنی ئەنفال بگێڕێتەوە و بە هیواوە باسی ئایندە بکات و ڕووداوەکانی بنووسێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت