ھوشیار ئەحمەدی: لە یادی دوکتۆر قاسملوودا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆچی ھەزارانی وەک من ھۆگری حیزب و رێبازەکەی بوون؟
_ ئەو خۆی بە رێبەر دەرنەئەخست، بەڵکوو ئەوە خەڵک بوون کە وەک رێبەر سەێری دکتۆر قاسملویان ئەکرد.
_ ئەو خۆی بە خاوەن رێباز و رێچکە نەئەناساند، بەڵکوو ئەوە ھاوڕێیانی رێبازەکەی بوون کە ئەویان بە رەچەشکێن، رێبەر، رێکخەر، پێشڕەو، پێشەنگ و سەرقافڵە ئەزانی.
_ ئەو خۆی وەک بەڕێوەبەر (مودیر) نەئەناساند، بەڵکوو وەک ھاوڕێ، ھاوکار، ھاوسەنگەر، ھاوڕێباز لەگەڵ ھاوڕێیانی کاری ئەکرد، بەڵام ئەوە ھاوکاران و ھاوڕێیانی بوون کە ئەویان بە بەڕێوەبەر ئەزانی و پێڕەوییان لێ ئەکرد.
_ ئەو خۆی بە مامۆستا نەئەناساند، بەڵکوو ھاوڕێیان و ھاوسەنگەرانی بوون کە لە ئاستی ئەو خۆیان تا ئێستاش پێ قوتابی و ئەویان پێ مامۆستا بوو. ھەتا ئێستاش شوێنکەوتەی رێباز و بیروباوڕەکانی، بە شانازییەوە خۆ وەک قوتابی و رێبواری رێگا و رێبازەکەی ئەناسێنن. ئەو فێرگەیەی ئەو وانە کادریی لێ ئەوتەوە، پڕی زانکۆدیتوو بوو لە ئەفەسەری کاڵجی ئەفسەرییەوە تا، قازی دادگا، مامۆستای قوتابخانە، مامۆستای زانکۆ و…،. گشتیان بە حەز و باوڕەوە لە پۆلەکانی دائەنیشتن.
_ لە بابەتی بەڕێوەبەری دا خاڵێ ھەس کە ئێژێ بەڕێوەبەری سەرکەوتوو و بەتوانا ئەو کەسەیە کە لەگەڵ دەوروبەرەکەیا کارەکان بەڕێوە ئەبا، نەک خۆی وەک بەڕێوەبەر بەسەریانا فەرز بکات و تەنیا فەرمان دەربکات و چاوەڕوانیی پێڕەویی پڕمتمانەی ژێردەستانی(لەم حاڵەتا بەژێردەست چاولێکردن دەبێ نەک بە ھاوکار زانین) بێ. بەڵام ئەو ئەو پەڕی ھەوڵ ئەدا کە بەڕێوەبەری و رێبەریی بەکۆمەڵ لە حیزبەکەیا جێگیر بکات و مەودای نێوان رێبەرایەتی و کادر و پێشمەرگە و خەڵک کەم بکاتەوە، بەو چەشنەش ھاوڕێیانی وەک ھاوکار دێنێتە ھەژمار نەک وەک بەردەست. د.قاسملو لەو شێوازە بەڕێوەبەرییە بۆ رێبەریی حیزب و کارەکانی کەڵکی وەرئەگرت.
_ ئەو تەنیا جلی خاکیی نەئەپۆشی، بەڵکو وەک رێبەر، مرۆڤێکی خاکی و خاکەڕا بوو. بە چەشنێ کە ھەتا مابوو بە حەزەوە لەگەڵ ھاوڕێ د.شەرەفکەندی دەچوونە ھۆڵی خواردنی گشتیی پێشمەرگەکان و پێشمەرگانە، خوانچەیەکیان ئەگرتەدەستەوە و لە ناو ریزی چاوەڕوانیا ژەمەخواردنا ئەوەستان. ھەتا ئەوانیش مابوون، ئەو کولتورە ھەر ھەبوو و ئەوەش بەتایبەت وا دانرابوو کە لە ریزەکانی شۆڕشا مەودا نەکەوێتە نێوان کادر و پێشمەرگە و رێبەر و بەڕێوەبەر و بەرپرسانیان.
ئەو ھەوڵی ئەدا لەگەڵ کادر و پێشمەرگە ھەتا گەڕەلاوژە(خولە گۆرانیی مەجلێسانە) تێکەڵ بێ و بەم چەشنەش گەرمی، تێکەڵاوی، ھۆگری و متمانە و نزیکییەکی تایبەتی لە نێوان خۆی و کادر و پێشمەرگە و ھاوسەنگەرانیا پێکھێنابوو.
_ ئەم نمونە سادانە و سەدان و ھەزاران نمونەی دیکە، ویڕای وانە، وتار، تێڕوانین و ھەڵویست و ھەڵوەستەکانی، د.قاسملویان کردبووە رێبەرێکی خەڵکی، مودیرێکی کارلێھاتوو و بەبڕشت، پێشمەرگەیەکی خۆشەویست و لەبەردڵان و خەباتکارێکی شێلگیر و پێشەنگ.
ئەمانەش وەک ئاوێنەیەکی باڵانوێن لە دوکتۆر قاسملوو، ھەتا ئێستاش قوتابی بۆ قوتابخانەکەی، رێبوار بۆ رێبازەکەی ، کادر و پێشمەرگە بۆ حیزبەکەی و خەباتکار بۆ ئامانجە نەتەوەییەکانی رەکێشی مەیدانی خەباتی نەتەوەیی، دیمۆکراتی ئەکات.
سڵاو لە گیان و یادی ھەرگیز نەمری د.قاسملوو و سەرجەم کاروانی شەھیدانی کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت