عەبدولکەریم شێخانی: خزمەتی کەر و گای چوارپێ بکەین باشترە لە هى کەر و گاى دوو پێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەروبەندی ئەو ئافاتی پەیدابوونی ( کەر و گا) یە بیست ساڵ زیاتر پێش ئێستا گوتارێکم نووسی لە گۆڤاری (ڕامان) بڵاو بووەوە بە ناوی (کێشەى زمانی کوردی لە نێوان کەر و گادا) و ئیستا بە هەندێک زانیاریی زیاتر و فراوانتر كردني باسەکە پێشکەشتانی دەکەم بەو هیوایەی سوودى هەبێ.
ئەوەی شانازی پێ بکەین چیاکانمان و زمانەکەمانە کە لە توانەوەو لەنێوچوون پاراستوویانین. ئەو زمانەمان ڕەگ و ریشەیەکی قووڵی مێژوویی هەیە و دوژمن پێش دۆست ددان بەو ڕاستییەدا دەنێن و هەندێک ڕایان وایە کە زمانی کوردی لە فارسی و زمانەکانی دیکە کۆنتر و ڕەسەنترە . ئەگەر باسی شێوەزارەکانی بکەین, ئەوا هەموو زمانێک شێوەزاری جیا جیای هەیە و زمانی عەڕەبی ئەگەر قورئانی پیرۆز نەبوایە ئەوا لێک تێ گەیشتنیان زۆر گران بوو . هەر بۆ نموونە عەڕەبێکی مەغریبی یان جەزائیری بە شێوەزاری خۆیان لەگەڵ عەڕەبێکی عیراقی تێک ناگەن.
دواى ئەوە ئێوە شتاقتان, با بڕوانامەی زانکۆشتان هەبێ و خۆشتان بکوژن وەکوحاجی تۆفیقی پیرەمێرد و تۆفیق وەهبی و حوزنی موکریانی و عەلائەدین سەجادی و ئیبراهیم ئەحمەد و گۆران و ئەوانی دیکە کوردی نازانن. ئەوان بە بێ نقە نق و بە کوردییەکی جوان و بێ گرێ و گؤڵ دەیاننووسی، بەڵام ئێستا هەندێک کەس وەکوکوارگی ژەهراوی پەیدابوون زمانێکی تازە بۆ کورد دادەنێن.
لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی, حوکمدارییەک بۆ شێخ مەحمودی نەمر دامەزرا و حکوومەت ڕۆژنامەی بە کوردی دەرکرد و قوتابخانە کرایەوە و بە کوردی وانەیان تێدا دەخوێنرا. تەنانەت دواى کۆتایی هاتنی حوکمی شێخی نەمر دیسان ڕؤژنامەى کوردی دەرکرا, بەڵام بە ڕێنووسێکی عەڕەبیئامێز و گەلێک وشەی عەڕەبی لە نووسینەکاندا بەدی دەکرا. تەنانەت هەوڵ درا کە پیتی گونجاو بۆ ڕێنووسی کوردی دروست بکەن. بۆ نموونە ئەوەی من دیومە, پیتی ( گ) لە جیاتی ئەو هێڵەی سەرکافەکە سی خاڵیان لەسەر هێڵی کافەکە دادەنا و دوایی گۆڕییان بۆ ئەو هێڵە و بەو شێوەیەی لێ هات کە ئێستا ئێمە بەکاری دێنین. ڕێنووسی کوردی جگە لە زمانەکە بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕی تا گەیشتە ئەو شێوەیەی هەموو کورد بەدڵێ بوو و ئەو هەمو گۆڤارو ڕۆژنامە و کتێبانەی لە ناوەڕأست و کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابوردوو و دواتر هەر بەو زمانە و بەو ڕێنووسە نووسراون کە ئەمڕۆ هەندێک نیمچە خوێندەوار تێی کەوتوون و دەیانەوێ هەڵیبوشێننەوە و تێک و پێکی بدەن.
باو باپیرانمان ئەو زمانە جوانەیان بۆجێ هێشتووین و بەپاکی داویانەتە دەست ئێمە و چەندان ساڵە دڵسۆزان خزمەتی دەکەن, کەچی کەسانێک تازە بە تازە دەیانەوێ بیخەنە سەر شاڕێی سەردەمیانە و (مۆدێرن) و بە قسەی خۆیان پاکی بکەنەوە, چونکە پێیان شەرمە بەو شێوەیەى ئێستای قسەی پێ بکەن. یەکێک لەو بەشە هەستیارانەى دەستیان بۆ برد بڕگەی ( کەر ) و ( گا) بوو. ئەمەش لەپێش ناوەڕاستى نەوەتەکانی سەدەی ڕابوردوو لەلایەن گۆڤاری ( گوڵان)ەوە سەری هەڵدا وستافی گۆڤارەکەش پێیەوە پابەندی بوون و هەندێک کەسیش چاویان لێ کردن, هەر وەک چۆن ئێستا تەلەفزیۆنی ڕووداو سەعاتی کردووە بە کاژێر و دەبێ کادیرەکانی پەیڕەوی بکەن و تەنیویتیەوە بۆ لای هەندێ کەسی دیکەش. ئەوانە خۆیان دەپارێزن لە بەکارهێنانی ئەو وشانەی بڕگەی (کەر) و (گا) یان تێدایە و(کەرەکەیان ) کردە ( کار ) و ( گا)یەکەشیان کردە ( گە), واتە ( بیلامانێ وعەیب نەبێ ) هی کەرەکەیان درێژکردەوە و هی گایەکەیان کورت کردەوە. ئەوەی ئەوانە دەیکەن وەکو ئەو مەسەلەیە وایە کە دەڵێ چاکی مەکە با خراپ نەبێ, یان هات کل لەچاوى بکات, بەڵام کوێری کرد. ئەوانە ڕواڵەتی وشەکە سەیر دەکەن و ناوەرۆکەکەی وەلادەنێن و وەکو هەندێک کۆلکە مەلا کە دەڵێن ( مەکروهە) ژن دەست لە مۆز و تەرۆزی و ئاروو ( خەیار ) بدات، چونکە بەڕاى ئەوان وەکو(دەعبا)ی پیاو وایە و ئەوانە کەسەیری ئافرەت دەکەن تەنیا بیریان بۆ ناو گەڵی دەچێ و نازانم کەسەیری دایک و خوشکی خۆشیان دەکەن هەر بەو شێوەیە سەیریان دەکەن؟ ئەمانەو کە وشەى کەرەکە دەبینن سەیری ڕواڵەتی وشەکە دەکەن و خۆیان لە ماناکەی دوور دەخەنەوە. کەسی وا هەیە دەڵێ کە ئەو وشەیە دەبینم تێک دەچم. دۆستێک لەترسی زمانی ئەوانە مریشکی هێلکەکەری کردبوو بە مریشکى هێلکەکار. توخوا خەڵکینە مریشکی هێلکەکەر بە گوێدرێژ دەچێ یان دەکرێ بلێن ئەوە هێلکەى کەرە؟ بۆ کەر هێلکە دەکات ؟باشە ئەگەر یەکێک باوکی پیاوێکی خواناس بێت, دەڵێ باوکم نوێژکەرە یان نوێژکارە؟ دوای ئەوە ئەگەر بڵێ باوکم پیاوێکی نوێژکەرە, باوکی دەبێ بە کەر؟ تۆ بلێێ ئەو زماننەزانان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت