عیماد عه‌لی: خۆێنی پاكی شه‌هیدانی ئاڵای شۆرش تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌ كه‌سیه‌كانتان نه‌كه‌ن؟

رۆژ نیه‌ گاڵته‌ و گه‌پ به‌ هه‌موو شتێكی پیرۆز نه‌كرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی بچوكی ته‌سك هیچ پیرۆزیه‌كیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ وهیچ هێڵێكی سوورنیه‌ لای زۆرێك كه‌ خۆیان به‌ سه‌ركرده‌  ده‌زانن و گوایه‌ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌ باڵاكانن و كار و شه‌ونخونی بۆ پاراستنی خه‌ڵك و خۆشگوزه‌رانییان ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌ وێستگه‌یه‌كی بچوكی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی ململانێكان دۆ و دۆشاو تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و به‌رچاویان لێڵ ده‌بێت و هیچ بوارێك بۆ به‌خۆداچونه‌وه‌ش ناهیڵنه‌وه‌، ئه‌گینا رێكخراو و كاری سیاسی و خه‌ڵكێكی خاوه‌ن مه‌بده‌ئی راسته‌قینه‌ و تێكۆشه‌ری كوردستان و گیانبه‌ختكردوان چی په‌یوه‌ندیه‌كی بۆ ململانێ و شاخقوچانی تۆی به‌ناو سیاسی هه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ و گیروگرفتت له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی خۆتدا هه‌بێت. بۆچی پیرۆزی خوێنی شه‌هیدان پێشێل ده‌كه‌یت و چاو له‌ راستیه‌كان ده‌نوقێنێت و به‌ كاردانه‌وه‌ی خێرا سنووری رێز  ته‌نانه‌ت له‌ شه‌هیدانیش ده‌به‌زێنیت.

باشه‌ ئاڵای شۆرشێك كه‌ سه‌ره‌رای تێبینیه‌كان له‌ چۆنێتی دروستبون و كاكردنی له‌ بارودۆخێكدا كه‌ به‌ ته‌واوی جیاواو له‌ ئه‌مڕؤ و له‌ نێو كوره‌ی خه‌بات و له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵێكی فراونی تێكۆشه‌ری زه‌مانی پیرۆزی مه‌بده‌ئو خۆقوربانیكردن له‌سه‌ر بچوكترین پیرۆزیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان و چین و توێژی ره‌نجده‌ران، تۆ بێیت به‌ هۆی كه‌سێك یان ناته‌بایی و كێشه‌ و سه‌رله‌یه‌كدانت پێشێلی ته‌نانه‌ت خوێنی پیرۆزیان بكه‌یت و له‌ دژی تاكه‌كه‌سێكیان هه‌موویان به‌ یه‌كچاو ته‌ماشا بكه‌یت و باوه‌رداریان به‌ كرده‌وه‌ی خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی بشوبهێنێت، ئه‌وه‌ زۆر زوڵم و ناعه‌داله‌تی و غه‌درێكه‌ له‌ هه‌موان به‌خۆت و حزبه‌كه‌شته‌وه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ زه‌مانێك تێیدا ئاڵاهه‌ڵگر و خاوه‌ن بیروباوه‌ڕی ده‌گمه‌نانه‌ی ئه‌و كاته‌ی بوو.

ئه‌وه‌ی له‌م ڕۆژانه‌ له‌ نێوان لاهور شێخ جه‌نگی و باڤڵ تاله‌بانی روویدا، هه‌مووان ده‌زانن كێشه‌ی شه‌خسی و ململانێیه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌لات و تاكڕه‌وی هه‌ر یه‌كێكیان له‌سه‌ر حسابی ئه‌ویتر، سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كار به‌ كۆفكری و ده‌رئه‌نجامی به‌رهه‌می گوشاره‌ی كۆهه‌ڵوێست و  كۆراوبۆچونی خۆیان بكه‌ن، له‌ راوبۆچون و ده‌ربڕینه‌كانیان په‌لیان هاویشت بۆ مێژووی یه‌كێتی و تۆمه‌تباركردنی كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێكی خاوه‌ن مێژووی پاك و تێكۆشه‌ر و قوربانیده‌ر به‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و خێزانیی خۆیان له‌پێناو گه‌له‌كه‌یان نه‌ك گه‌له‌كه‌یان بكه‌نه‌ قوربانی ململانێی لاوه‌كیی كه‌سیی خۆیان و ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه‌ بسوتێنن.

ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌وان خۆیان كرده‌ قوربانی، پاره‌و پوڵ به‌ ملیونه‌ها دۆلار نه‌بوو، سه‌یاره‌ی دوا مۆدێڵی درع نه‌بوو، كچی مۆدێل و كه‌یفوسه‌فای سه‌فره‌و سه‌یرانی وڵاتان نه‌بوو، داهاتی په‌تڕۆل و بازرگانی ده‌روازه‌كان نه‌بوو، میدیای زه‌به‌لاحی كه‌سی و ماسمیدیای ژێربه‌ژێرنه‌بوو و پروپاگه‌نده‌ نابه‌جێ و دروستكردنی خه‌ڵكی ملیاردێر و ملیۆنێر نه‌بوو، تڕوتفاقی ژیانی ده‌وله‌مه‌ندی و نوسینگه‌ و مۆبیلیاتی گرانبه‌ها نه‌بوو. ئه‌وان خاوه‌نی جلێكی شڕ و هه‌ردووقاچیان بوون، پێنج دینار لای ئه‌وان ملیۆنێك بوو، گیانی خۆیان هیچ ئه‌رزشێكی نه‌بوو به‌رده‌وام پرۆژه‌ی قوربانیدان بوون به‌ خۆیان. خاوه‌نی شه‌ره‌ف و پارێزه‌ری ناموسی خه‌لكی كوردستان بوون، سه‌یران و سه‌فه‌ری ساڵانه‌یان شاخ و ده‌شته‌جوانه‌كانی كوردستان بوو كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ش به‌ كاری شۆرشگێڕانه‌ و پرۆسه‌ی سه‌ربازی دژ به‌ به‌عس به‌كارده‌هێنا نه‌ك بۆ كه‌یف و سه‌فا.

بۆیه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌ندێك سه‌لبیاتی شاخی ئه‌وانه‌ی له‌ بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ریان به‌ هیچ نه‌بوو له‌ شۆرشی نوێدا، به‌ڵام به‌تایبه‌تی خه‌ڵكه‌ هه‌ژار و شۆرشگێڕه‌كه‌ ته‌نها بیروباوه‌ڕ و خۆشه‌ویستی كوردستان بووه‌ پاڵنه‌ری گیانبه‌ختكردنیان. له‌نێو ئه‌وانیشدا بێگومان ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی ئاڵای شۆرش كه‌ خه‌باتیان هه‌ر چۆنێك بوبێت‌ تاقه‌ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و لێبورده‌ییان نیه‌ و ته‌نها شتێكیان بوبێت باوه‌ربوون بووه‌ به‌ بیروباوه‌ڕ و خه‌باتی راسته‌قینه‌ی چینایه‌تی و نیشتمانی( ئه‌گه‌ر به‌ به‌راورد به‌ وه‌زعی هه‌مه‌لایه‌نی ئه‌مڕۆ بارودۆخی گشتی ئه‌وسای كوردستان به‌ جوانی نه‌خوێندرابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ كێشه‌ی كاروانی ئاراسته‌كراوی سه‌رچه‌م شۆرشه‌كانه‌) به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بوبێت ناكرێت بكرێته‌ خه‌نجه‌ری ژه‌هراوی. كه‌سیان شه‌هید نه‌كرد  وتاكه‌ كه‌سێكیان ده‌ره‌به‌ده‌ر نه‌كرد و كه‌سیان ته‌سلیمی به‌عس نه‌كرد و ده‌ستدرێژیان بۆ هیچ شتێكی نابه‌جێ نه‌برد. بۆیه‌ حه‌ق نیه‌ خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ له‌كه‌دار بكه‌یت و له‌ پێناو ململانێیه‌كی كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی كاتیدا به‌ ژه‌هراوییان له‌قڵه‌م بده‌یت.

بۆیه‌،  كێشه‌ی ئه‌مڕۆتان تێكه‌ل به‌ رابردوی جوانی خه‌ڵك مه‌كه‌ن، با گیانی پاكی شه‌هیدان به‌ ئارامی له‌ گۆڕه‌ پرشنگداره‌كانیان به‌ ئاسوده‌یی بحه‌وێنه‌وه‌ و ئاگایان له‌م رۆژه‌ نه‌بێت.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies