ئەحمەد ڕەسوڵ: گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات و دەزگای هەواڵگریی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکەم: ڕەگێکی مێژوویی
زۆر بۆ دواوە نەگەڕێینەوە و لە سەدەی هەژدە و نۆزدەوە واتا لە سەردەمی میرنشینەکانەوە، ململانێی نێوان ئامۆزاکان یان براکان لەسەر دەسەڵات لە دەسەڵاتدارێتییە جۆراو جۆرەکانی کوردستاندا، زنجێرێکی نەپساوە تا ڕۆژگاری ئێستامان. هەر جۆرە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونێکی دەسەڵات لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێبەری نەبووە لەو جۆرە ململانێ بنەماڵەییەی لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدارێتیی. هەر مۆدێل و فۆڕمێکی دەسەڵات وەکو شێخایەتی، ئاغایەتیی، خێڵەکیی و حزبیی یان تێکەڵە و تێکهەڵکێشی ئەمانە، گواستنەوەی دەسەڵات تیایاندا میراتگرانەی خوێن، پشت و بۆماوەیی بووە، سەرباری هەر بانگەشەیەکی ڕووکەشانەی هەندێکیان بۆ میکانیزمێکی مۆدێرنانەی دیموکراتییانە. واتا ئەم ململانێیەی نێوان ئەندامانی “ئامۆزاکان یان براکان” بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لەسەر دەسەڵات و یەکلاییکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی بە هێزی ڕووت، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە و تا ئێستا کۆمەڵگای ئێمە بە هەر فۆڕمێکی ڕێکخستن و دەزگایی مۆدێرن نەیتوانیوە تێیپەڕێنێت و دابڕانێک لەگەڵ ئەو مێژووە درێژەیدا دروست بکات.
دووەم: فۆڕمی خێڵەکیی-ئایینیانەی حزب
حزبی سیاسیی وەکو پێکهاتەیەکی مۆدێرن بۆ ئۆرگانیزەکردنی کۆمەڵگا، دەسەڵات و دەزگاکان، مێژوویەکی کەمتر لە سەدەیەکی هەیە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. لە دوای حکومەتەکەی مەلیک مەحمودەوە، حزبی هیوا و دواتریش کۆمەڵەی ژێ کاف کە دواتریش بوو بە حزبی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن خوێندەواران و توێژی پێشکەوتووخوازانی ئەو کاتەوە، سەرەتای مێژووی حزبی سیاسیی و فۆڕمێکی دیکەی نوێی کایەی سیاسییە لە کوردستاندا، بەڵام هەر زوو ئەوانیش بە جۆرێک کەوتنە ژێر کاریگەریی هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا. واتا هەر لە سەرەتاوە هەوڵەکانی مۆدێرنیزەبوونی کایەی سیاسیی کە شکستی خوارد و کەوتە ژێر هەژموونی مێنتاڵیتیی خێڵەکیی و ئاینییانەی کۆمەڵگا هەتا ئێستاش درێژەی هەیە و وەکو خانەیەکی کانسەریی بە سەراپای جەستەی کایەی سیاسییدا بڵاوبووەتەوە.
سێیەم: ڕەگی خێڵەکیی- ئایینیانەی بۆماوەییبوونی دەسەڵات
تووشبوونی کایەی سیاسیی کوردیی بە ڤایرۆسی گواستنەوەی بۆماوەییانەی دەسەڵات ڕیشەکەی لەنێو بونیادی دەسەڵاتی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە. هیرارکیەت و گواستنەوەی دەسەڵات لە پێکهاتەکانی وەکو ئاغایەتیی و شێخایەتیی لە کۆمەڵگا بەر لە مۆدێرنەکاندا، ئاشکرایە شانداداو لەسەر خوێن و ڕەچەڵەک بووە. ئەم عەقڵییەتە و میکانیزمەی پشتاوپشت گواستنەوەی دەسەڵاتی ماددی و ڕەمزی لە سیستمە کۆمەڵایەتییە نامۆدێرنە ئاغایەتیی و شێخایەتییەکەی کۆمەڵگای کوردییەوە پەڕیوەتەوە بۆ نێو حزبی سیاسیی و کایەی سیاسیی لە سەدەی بیستدا. واتا بۆماوەییبوونی دەسەڵات لە حزبی سیاسیی کوردیدا، ڕیشەکەی دەچێتەوە سەر مێژوویەکی کۆنتر لە حزبی سیاسیی و لە نێو مێنتاڵیتیی و بونیادەکانی سیستمە دەسەڵاتدارێتییەکانی ئاغایەتیی و شێخایەتییدایە.
سەرنجبدە لە بازنەی یەکەمی دەسەڵاتدارانی هەر حزبێکی سیاسیی لە سەدەی بیستدا لە کۆمەڵگای کوردییدا، لە بنەماڵەی شێخ، ئاغا، سەید، مەلا، خان و بەگ و… هتد، بوون، کە ئەو جۆرە لە پاشناو هێمایە بۆ هەژموون بەسەر مێنتاڵیتیی و کۆنەستی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگادا و هەروەها هێمایە بۆ درێژە کێشانی هەژموونی بونیادەکانی مێنتاڵیتیی ئاغا، شێخ و… هتد، بەسەر فۆڕم و پێکهاتە مۆدێرنەکەی سیاسەتەوە کە حزبە. بەدیوێکیتریشدا ئەوەمان پێدەڵێت کە گواستنەوەی بۆماوەییانەی هێز و هەژموون لە حزبیشدا ناتوانێت ئاغایانە و شێخانە نەبێت. واتا تێکهەڵکێشی بونیادە خێڵەکییەکەی مێنتاڵیتیی ئاغایەتیی و بونیادە ئایینییەکەی شێخایەتیی، بونیادەکانیی مێنتاڵیتی حزبی سیاسیی پێکهێناوە و لێرەوەیە گواستنەوەی بۆماوەییانەوەی هێز، هەژموون و دەسەڵات لە حزبی سیاسییدا، ڕەگێکی خێڵەکیی-ئایینیانەی هەیە کە لە مێژوویەکی دێرین و درێژی ئاغاواتیانە و شێخایەتییانەی کۆمەڵگای ئێمەوە سەرچاوە دەگرێت.

چوارەم: دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان
دەزگا هەواڵگریی و سیخوڕییەکان لە هەر ووڵاتێکی دنیادا لە بەشێکی کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە بەسەر هاوڵاتییانەوە و خزمەت بە هێشتنەوەی دۆخی جێگیر و باوی سیاسیی، ئابوریی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارێتیی دەکەن. لە بەشەکەیتری کارەکانیاندا هەواڵگریکردن و سیخوڕیکردنە لە پێناوی دەوڵەت و کۆمەڵگادا و دژ بە دەوڵەتانی دیکە و نەیارانیان.
لە دۆخی کوردستاندا، دوو دەزگای هەواڵگریی و سیخوڕیی کە سەر بە دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانن لە هەر دەزگایەکی دیکەی حکومەتیی و ئەمنیی دیکە بەمەسرەفتر و پڕبودجەتر و گرنگترن بۆ دەسەڵاتدارانی یەکەمی حزب “یان ڕاستتر بۆ دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکە”. ئەم گرنگیی و بایەخپێدانە گەورەیەی ئەم دەزگایانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکەمی دوو حزبخێڵەوە، لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەسەڵاتداران بۆ هێزی ڕووتی سەربازیی، ڕووبەری مێدیایی و ئازادیی دەربڕین، ململانێی سیاسیی نێوخۆیی لە نێوخۆی حزبدا و هەم لەتەک حزبەکانیتردا، چۆنێتیی دەستگرتن بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتدارێتیی و تەواوی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، هەیانە. واتا لە بنەڕەتدا بەشە سەرەکییەکەی کاری ئەم دەزگایانە لە بەرئەنجامی تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانەوە بۆ کۆی پرسەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیی سیاسیی و دەزگاییەکانی کۆمەڵگاوە، بووەتە هەواڵگرییکردن بەسەر، سیخوڕییکردن بەسەر، هەڕەشەلێکردن، گرتن و ئەشکەنجەدانی هاونیشتمانییان جا ئەو هاونیشتمانییە چ ئەوەی کەسێکی نوسەر و ڕەخنەگری سەربەخۆ بێت، چ ئەوەی ئەکتیڤیستێکی کۆمەڵایەتی دەرەوەی چێوەی حزب بێت، چ ئەوەی ئەندام، لایەنگر و کادێری حزبە سیاسییەکانی دیکە و بەتایبەت دژبەران و ڕکابەرە سەرەکییەکانی بێت یان تەنانەت چ ئەوەی بازرگان و سەرمایەدارێکی دەرەوەی چێوە حزبیی و سیاسییەکان بێت. واتا بەبەشی گەورە و سەرەکیی، کاری ئەم دەزگایانە دژ بە هاونیشتمانییانە، بەبەشە بچوک و کەمەکەی کاریان لە دژی بۆ نمونە تاوانباران و تێرۆریستانە.
دەرئەنجام، ئەم دەزگایانە لە ژێر دەسەڵاتی، دەسەڵاتدارانێکی مێنتاڵێتیی خێڵەکیی-ئایینیانە، ناتوانن دەزگای پارێزەری هاونیشتمانیی، بە ئازادییە هەمەلایەنەکەیەوە لەگەڵ ڕێز و کەرامەتە ئینسانییەکەی بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت