عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سه‌عید گه‌وهه‌ر، گه‌وهه‌رێک له‌ هه‌ڵوێستی باڵای نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه‌ یه‌ک.

سه‌عید حه‌سه‌ن مه‌حمود ناسراو به‌ (سه‌عید گه‌وهه‌ر )، یه‌کێک بوو له‌ سه‌ربازه‌ ماندوو و ونه‌ به‌هه‌ڵوسته‌ دیاره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ئازادیی و ژیانه‌وه‌و یه‌کێتیی کورد (کاژیک )، یادی ره‌نج و ماندووبونی ئه‌م که‌سێتییه‌ به‌ ئه‌مه‌که‌، له‌ یاداشتی مامۆستا عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌رو مامۆستا فه‌ره‌یدون عه‌لی ئه‌مین و ئه‌حمه‌د هه‌ردی و که‌شکۆڵی هۆنراوه‌کانی شێرکۆ بێ که‌سی شاعیر دا تۆمار کراوه. ئه‌وان و خه‌ڵکی شار ده زانن، گه‌وهه‌ر مرواری ده‌ریای بیریی نه‌ته‌وه‌یی و خۆشه‌ویستی خاک بوو، دژ به‌داگیرکه‌رانی نیشتمان.
گه‌وهه‌ر له‌ ره‌وتی کاروانی خه‌بات دا ته‌نیا نه‌بوو، له‌ گه‌ڵ ناهیده‌ سۆفی خۆشه‌ویست و هاوڕێ و هاوسه‌ری، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو، پێکه‌وه‌ هه‌موو وێستگه‌ جیا جیاکانی ژیانیان بەڕێ کرد، هه‌ردووکیان مارکسی بوون، دواتر گه‌وهه‌ر به‌ بیری نه‌ته‌وه‌یی و ناهیده‌ به‌ بیری مارکسی و به‌ خه‌باتی چینایه‌تی، یاده‌وه‌رییه‌ تاڵه‌کانی تراژیدیای نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌ڕێ کرد.
دووبیر و دوو بیرکردنه‌وه‌ و بۆچونی جیاواز، له‌ دوو حیزبی جیاواز، له‌ بۆته‌ی خۆشه‌ویسته‌کی بێ سنووری رۆحی و له‌ یه‌کتریی گه‌یشتن و یه‌کتری قبوڵ کردن، تا دوا هه‌ناسه‌، هاوڕێ و هاوسه‌ری ژیان و تێکۆشانی خه‌بات و خۆپیشاندان و زیندانه‌کان بوون، دژ به‌ زوڵم و سته‌م.
ژیانی خانه‌واده‌یی ئه‌وان به‌ ره‌نج و خه‌باتی به‌رده‌وام، هه‌ر هه‌مووی نه‌هامه‌تی و ده‌ربه‌ده‌رری بوو، ( گه‌وهه‌رو ناهیده‌ ) به‌ وه‌ره‌ی پۆڵاین و ئیراده‌یه‌کی باڵای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و مارکسی و چیانایه‌تی، له‌ یه‌ک سه‌نگه‌ری به‌رگری دا رووبه‌رووی هه‌موو تراژیدیاو ئاڵۆزیی و دژوارییه‌کانی ته‌مه‌ن بوونه‌وه‌.
( ژیان، به‌یان، ئومێد، په‌یمان، به‌رزان، رێزان، کارزان )، حه‌وت جگه‌ر گۆشه‌یان، به‌ره‌نج و ماندووبوون و زه‌حمه‌تێکی تاقه‌ت پروکێن به‌ داهاتێکی که‌می بژێوی ژیان، به‌ جوانترین په‌روه‌رده‌ پێیانگه‌یاند. ئه‌وان دژ به‌ هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌کان و نه‌خشه‌و به‌رنامه‌کانی سیسته‌می پاشایه‌تی و کۆماری عێراق و به‌عس وه‌ستانه‌وه‌، سڵیان له‌ هیچ غه‌درێک نه‌ده‌کرده‌وه‌.
ئه‌و کاتانه‌ی به‌رزان رووی کرده‌شاخ و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌، هه‌موو خێزانه‌‌که‌یان ده‌سگیر کرا، له‌کاتی گواستنه‌وه‌یان بۆ زیندانه‌کانی خواروی عێراق ناهیده‌ سۆفی رووی کرده‌ ‌ئه‌منه‌کان:
– ئێوه‌ ئێمه‌تان له‌سه‌ر به‌رزانی کوڕم زیندان کردوه‌، ئومێدی کوڕیشم هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌.
ئه‌م خانه‌واده‌یه‌ تاڵاو و ئه‌شکه‌نجه و نه‌هامه‌تی و ده‌ربه‌ده‌ری زیندانه‌کانی ئه‌منی سلێمانی و به‌غدادو خوارو ناوه‌ڕاستی عێراقیان چه‌شت، ئه‌منی سلێمانی هه‌موو که‌لوپه‌لی ماڵه‌که‌یانی تاڵان کرد، گه‌وهه‌رو ناهیده‌ و هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی خانه‌واده‌که‌ی به‌ به‌های شکۆی بیریی نه‌ته‌وه یی و مارکسی بوون به‌ ئاسۆی به‌رگری و هێمای نیشتمان.
دوای راپه‌ڕین، دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و دامه‌زراندنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌م سیسته‌مه‌ مه‌زاجیه‌یانه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد، که‌ پڕبوو له‌ رق و کینه و بوغز، سیناریۆی کوشتنی براکان، حیزب بوو به‌ کۆمپانیای به‌رهه‌مهێنان و دروستکردنی ده‌یان و سه‌دان ئینتیهازی و ماستاوچی و مه‌قاش، ئه‌و ئاسۆیه‌ی گه‌وهه‌رو ناهیده‌ و خانه‌واده‌که‌یان به ره‌نج و ماندوو بوون و هه‌ڵوێست دایان رشتبوو، کاڵ کرایه‌وه. سه‌عید گه‌وهه‌ر به‌ عیزه‌تی نه‌فسێکی باڵایه‌وه‌، ئه‌و هه‌موو دیارده‌ ناهه‌مواریانه‌ی دزی و جه‌رده‌یی و کاره‌ ناڕه‌واو ناعه‌داله‌تیانه‌ی بینی.
ئه‌من … به‌عس و زیندان و جه‌للاده‌کانی زیندان و ده‌ربه‌ده‌ری و بێ کاروکاسپی و نه‌هامه‌تییه‌کان، نه‌یان توانی په‌ی به‌ وره‌ی پۆڵاینی گه‌وهه‌رو ناهیده‌ به‌رن و له ناویان به‌رن. به‌ڵام تراژیدیای به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ و پلانی بێ ده‌ستووریی و یاساو رێسا و ناعه‌داله‌تی سه‌رکردایه‌تی سیاسیی کورد و حیزبی کوردی و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم، ئه‌و ئاسۆیه‌یان به‌ جۆرێک لێڵ و تاریک و ون کرد، له‌ شه‌وی 22- 23/ 2/1993 سه‌عید گه‌وهه‌ر، له‌ مه‌رگه‌ساتێکدا به‌ گوله‌یه‌ک دواهه‌ناسه‌ی له‌ خۆی بڕی.
شێرکۆ بێکه‌س ی شاعیر له‌ قه‌سیده‌ی (گه‌وهه‌ری قه‌قنه‌س )ده‌ڵێ:
چوار چێوه‌ وێنه‌ رێک ده‌خات، به‌ڵام نایگۆڕێت
هیچ کورسیه‌ک پیاوی بسته‌ باڵا ی پێ که‌ڵه‌گه‌ت ناکرێت
مرۆڤی به‌ژن به‌رز له‌ بنی بیریشدا بێت
هه‌ر که‌ڵه‌گه‌ت و هه‌ر به‌ژن به‌رزه‌
ئه‌وه‌ سه‌عید گه‌وهه‌ر بوو

سه‌رچاوه‌ :چه‌ند زانیارییه‌کم له‌ به‌رزان سه‌عید گه‌وهه‌روه‌ پێگه‌یشتووه‌.
* کۆمه‌ڵه‌ی ئازادیی و ژیانه‌وه‌ و یه‌کێتیی کورد(کاژیک )، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی رۆشه‌نبیری سۆشیالیزمی بوو له‌ ساڵی 1959له‌ باشووری کوردستان ده‌رکه‌وت، کاژیک له‌سه‌ر بنچینه‌ی قوتابخانه‌ی کوردیی سۆشیالیزم دامه‌زارا، باوه‌ڕی به‌ وه‌نه‌بوو که‌شۆڕشێ له‌ کوردستان به‌ بێ تێپه‌ڕاندنی سه‌رده‌می رۆشنکاری سه‌ربگرێ.
کاژیک له‌لایه‌ن چه‌ند رۆشه‌نبیرێکی دیاری کورد دامه‌زرا، وه‌ک جه‌مال نه‌به‌ز، ئه‌حمه‌د هه‌ردی، فایه‌ق عارف، بێکه‌س،کاژیک خاوه‌نی( کاژیک نامه‌ )بوو، که‌ مانیفێستی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو / ویکیپیدیا، ئینسلیکلۆپیدیای ئازاد.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies