ســـەرکۆ یونس: جەژن و گەشتوگوزاری هەرێم.

لەپشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، سەرەڕای بانگەوازەکانی لایەنی تەندروستی عێراق و هەرێم و مەترسی زیاتر بڵاوبونەوەی جیلی گۆڕاوی کورۆناڤایرۆس و بەرزبونەوەی ڕێژەی مردن و تووشبووان، بەدەیان و سەدان گەشتیاری ناوخۆیی و شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ڕوویان لەناوچەگەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
گەشتوگوزاری ئەم جەژنە، جیاواز لەبۆنەکانی تر، لەبارودۆخێکی جیاوازدایە، لەلایەک بەهۆی بەرزبونەوەی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما و گۆڕانکاری لەکەشوهەوا وووشکەساڵی.
لەلایەکی ترەوە بڵاوبونەوەی زیاتری کورۆناڤایرۆس و کێشە وقەیرانەسیاسی و ئابورییەکان، هێشتا ئەم کەرتە ئومێدبەخشەو لەهەستانەوەدایە..
خۆشبەختانە، بەشی زۆری جۆرەکانی گەشتوگوزار لەهەرێمدا بوونی هەیە، گەشتوگوزاری ژینگەیی، کەیەکێکە لەنیعمەتەکان، لەسەرووی هەموو جۆرەکانی ترەوەیە.
بەپێ ی بڵاوکراوە ناڕەسمییەکان، چاوەڕوان دەکرێت سەرەڕای ئاستەنگەکان، ڕێژەیەکی زۆری گەشتیاران بەگشتی و گەشتیارانی عەرەبی عێراقی، سەردانی شوێن و جێگاو سەیرانگاکانی هەرێمی کوردستان بکەن، وا چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی (200) هەزار گەشتیار بن.
یەكێک لەدەرئەنجامە باشەکانی کەرتی گەشتوگوزار، ئەوەیە کەپارەی خەرجکراوی گەشتیاران، ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی خاوەن شوێن و سەیرانگاو چێشتخانەو میوانخانەو ئۆتیل و مۆتێلەکان، حکومەت دەستکەوتێکی ئەوتۆی نابێت.
تاڕادەیەک بەهۆی قەیرانی دارایی و لێبڕین و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، هەروەها بەهۆی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کورۆنا بەشێکی زۆری دانیشتوانی هەرێم، بەبەراورد بە دانیشتوانی شارەکانی تری عێراق، کەمتر گەشت دەکەن و لەماڵەوە دەمێننەوە.
بەڵـــام بەسەیرکردنی ناوچەگەشتیارییەکانی کوردستان، دەردەکەوێت کەڕێژەی (90%) ی گەشتیاران لەشارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون، وادیارە گوێ بە لایەنی تەندروستی و خۆپارێزی نادەن، وەک بڵێ کە کورۆناڤاترۆس بوونی نی یە!
زۆر گرنگە، لەم بارودۆخە قورسەی ژیانی خەڵک و قەیرانی دارایی، حکومەتی هەرێم بەگرنگییەوە لەم کەرتەستراتیژییە بنواڕێت و بە پلان و بەرنامەی تۆکمە و کەسانی پسپۆڕ برەوی زیاتری پێ بدات، بۆئەوەی هیچ نەبێت ئەم دەرفەتە وەک ڕێگاچارەی هەندێ کێشەو قەیرانی وەک بێ بازاڕی و بێکاری و لاوازبونی ئابوری وکەمی داهات دابنرێت.
وا پێویست دەکات، بەچاوێکی ئابورییانە تەماشای گەشتیاران بکرێت، کلتوری ڕێزو بەخێرهاتنی گەرمیان لێ بکرێت، چونکە گەشتیارانی عەرەب، خاوەنی پارەن و لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمدا خەرجی دەکەن و گیرفانی دەیان خاوەنکارو خاوەنباخ و دواتر گیرفانی خێزانەکان پڕدەکەنەوە وباری سەرشانی دارایی حکومەت سووک دەکەن.
بەهۆی کۆرۆناڤایرۆسەوە زۆرێک لەدەروازەکانی ئێران و تورکیا بەداخراوی ماونەتەوە، ئەوەی لەئێستادا بەردەستن، گەشتیارانی عەرەبی عێراقین، کەبەهۆی گەرمای پرۆکێنی ناوچەکانیان بەناچاری گەشت دەکەن بۆ هاوینەهەوارو شوێنەگەشتیارییەکانی هەرێم.
ئومێدەوارین، کلتوری ڕق و کینە بەرامبەر گەشتیاران بەگشتی و گەشتیارانی عەرەب نەمێنێت، هەموو ئاسانکارییەک بکرێت لەگواستنەوە وبەڕێکردنیان بەتایبەتی لەبازگەکان بۆئەوەی بەکەمترین کات بگەنە شوێن و جێگای خوازراوی خۆیان.
لەهەمانکاتدا، دەستەی گەشتوگوزارو بەڕێوەبەرایەتی و کادرانی گەشتوگوزاری هەرێم، بەبەردەوامی کار بکەن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر، حکومەتی هەرێم، هەوڵی وەبەرهێنان بدات وهاوکاری کەرتی تایبەت ببێت بۆ هەستانەوەی ئەم کەرتەگرنگ و پڕ بایەخە….

* ئابووریناس

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies