سه‌عید گه‌وهه‌ر… گه‌وهه‌رێک له‌ هه‌ڵوێستی باڵا ی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یه‌ک/ بەشی دووەم.

سه‌عید حه‌سه‌ ن مه‌حمود ناسراو به‌ سه‌عید گه‌وهه‌ر، له‌ ساڵی 1924له‌ گه‌ڕه‌کی چوارباخی شاری سلێمانی له‌ خانه‌واده‌یه‌کی ره‌نجده‌ر له‌دایک بووه‌، له‌ ساڵی 1946 له‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵی دا، وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی ونی رێبازی کوردایه‌تی، روویکردوه‌ته‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، په‌یوه‌ندی به‌ کۆماری دیموکراتی کورستانه‌وه‌ کردووه‌، دوای روخانی کوردستان له‌مهاباده‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ باشووری کوردستان. له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵویسته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یه‌ی، 6 مانگ زیندانی کراوه‌.
له‌ 1947ه‌وه‌ په‌یوه‌ندی کردوه‌ به‌ رێكخستنه‌کانی پارتی ده‌یموکراتی کورد، له‌ ساڵی 1948 له‌ گه‌ڵ چه‌ند تێکۆشه‌رێکی تر زیندان کراوه‌، له‌ساڵی1949-1950و له‌ساڵی 1952 وله‌ساڵی 1954 چه‌ند جارێک زیندانی کراوه‌ و له‌ ژێر چاودێری ده‌زگا سه‌رکوتکراوه‌کانی ده‌وڵه‌تدا بووه‌‌.
له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجاکان سه‌عید گه‌وهه‌ر بیری له‌ دروستکردنی رێکخراوێکی شۆڕشگێڕی کردوه‌ته‌وه‌، به‌و په‌ڕی و په‌رۆشییه‌وه‌ پێشوازی له‌ دامه‌زراندنی (کۆمه‌ڵه‌ی ئازادی و ژیانه‌وه‌ و یه‌کێتی کورد –کاژیک ) کردووه‌، وه‌ک تێکۆشه‌رو هاوبیرێک هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆی خستوه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ په‌ره‌پێدانی بیری بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی، چایخانه‌که‌ی شوێنی کارکردنی رۆژانه‌ی، کردبووه‌ (بنکه‌ی یه‌کتر بینین و یه‌کتر ناسین ) بۆ کۆبونه‌وه‌ی هاوبیرانی کاژیک.
تایبه‌تمه‌ندی که‌سێتی گه‌وهه ر به‌ جۆرێک بوو به‌ (مام به‌ختیار ) ناسرابوو، په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ هه‌موو رابه‌ر و دامه‌زرێنه‌رانی کاژیک دا، هاوبیرانه‌و هاوخه‌باتانه‌ بوو. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ چایخانه‌که‌ی ناونابوو (باره‌گای نه‌ته‌وه‌یی ).
گه‌وهه‌ر هاوڕێی نزیکی مامۆستا عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ر و مامۆستا فه‌ریدون عه‌لی ئه‌مین و ئه‌حمه‌د هه‌ردی و شێرکۆ بێکه‌س بوو. دوای به‌رپا بوونی شۆڕشی ئه‌یلوول، سوپای عێراق هێرشی کرده‌ سه‌ر ناوچه جیا جیاکانی کوردستان،گه‌وهه‌ر ده‌سگیر کراو چه‌ند مانگ له‌ نوگره‌سه‌لمان زیندان کرا.
له‌ ساڵی 1966 گه‌وهه‌ر و چه‌ند هاوبیرێکی کاژیک، ماوه‌یه‌ک له‌سه‌ر کاژیک بوون زیندان کران.گه‌وهه‌ر وه‌ک پێشمه‌رگه‌و تێکۆشه‌رێک به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی کردووه‌ تا هه‌ره‌س، دوای هه‌ره‌س له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگای له‌و جموجوڵی بۆ دامه‌زراندنی پاسۆک بوو.
له‌ 22/ 4/1981 سه‌عید گه‌وهه‌ر و ناهیده‌ سۆفی هاوسه‌ری و به‌یان و په‌یمان*ی کچی له‌ لایه‌ن ئه‌منی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیرو زیندان کران و به‌ زیندانی گوێزرانه‌وه‌ بۆ مه‌رکه‌زی غه‌رب، له‌سه‌ر سنووری عێراق –سعودیه‌، ماڵه‌که‌یان تاڵان کرا.
نه‌هامه‌تییه‌کان و ئازارو ئه‌شکه‌نجه‌ و دوور خستنه‌وه‌یان زیندانه‌کانی ئه‌منی سلێمانی و ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق له‌ فه‌زیله‌، ئه‌منی به‌غداد، نوگره‌سه‌لمان، نه‌یان توانی له‌ ئیراده‌ی باڵاو پۆڵاینی سه‌عید گه‌وهه‌ر که‌م بکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام دوای راپه‌ڕین ئه‌و خولیاو خه‌ونانه‌ی ئه‌وبۆ سه‌ربه‌خۆی نیشتمان و ئازادی گه‌له‌که‌ی بوو، له‌ تارمایی نه‌رجسیه‌تی لێڵی ئه‌م سه‌رکردانه‌، هه‌موو ره‌نج و قوربانی نه‌ته‌وه‌که‌ی، کرا به‌قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی کورسی و ده‌سه‌ڵاتی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و چه‌ند روخسارێکی به‌ ناو سه‌رکرده‌، له‌ شه‌وی 22-23 /4 / 1993 ، سه‌عید گه‌وهه‌ر له‌ ته‌مه‌نی 69ساڵی دا ، به‌ گوله‌یه‌ک کۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا.
شیرکۆبێ که‌س ده‌ڵێ:
گه‌وهه‌ر واته‌ هه‌وێنی دڵسۆزی و بڵێسه‌ی کوردایه‌تی
گه‌وهه‌ر هه‌ژارێکی زاڵ بوو
ئه‌سپی ته‌نگانه‌و ده‌ستی وه‌فاو
گوڵه‌ گه‌نمی برسی و گۆمێکی تینوو بوو

سه‌رچاوه‌: چه‌ند زانیاریه‌کم له‌ به‌رزان سه‌عید گه‌وهه‌ر وه‌رگرتوه‌
*په‌یمان ی کچی سه‌عید گه‌وهه‌ر، قوتابی پۆلی شه‌شه‌می زانستی بوو له‌ دوا ناوه‌ندی کوردستانی کچان له‌ سه‌رشه‌قام. له داوا تاقیکردنه‌وه‌ی وانه‌ی فیزیادا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ تاقی کردنه‌وه‌ی به‌کالۆری وه‌ربگیرێت، ئه‌و ئه‌منانه‌ی دایکی و باوکی و به‌یان ی خوشکیان ده‌سگیر کرد بوو، هه‌ڵیان کوتایه‌ سه‌ر ئاماده‌ی سلێمانی کچان و له‌ ناو پۆل و هۆڵی تاقیکردنه‌وه‌دا، په‌یمان یان ده‌سگیریان کرد. په‌یمان قوتابییه‌کی زیره‌ک بوو، پله‌ی وانه‌کانی به‌رزبوو ، خولیاو خه‌ونی کۆلیژی پزیشکی ‌بوو، خه‌ون و خولیاکانی به‌هۆی زیندان و دوورخستنه‌وه‌وه‌، نه‌هاتنه‌ دی.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies