جەیک وێرنەر: ئایا ئەمەریکا بەڕاستی پشتگیری لە دێموکراسی دەکا یان هەرلە دەوڵەمەندە دێموکراسییەکان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی
( شەڕی واشتنتۆن لە دژی دیکتاتۆری و تاکڕەوی سەرناگرێت ئەگەر بێت و هەژارەکان وەلابنێت)
لە ووتەیەکیدا لە مانگی فێبروەریدا جۆ بایدن وێنەی جیهانێکی نیشاندا کە بە شێوەیەکی سەرەکی دابەش بووە بەسەر تاکڕەوی و دێموکڕاسیدا. ئەو ووتی:” ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانداین” لە نێوان ئەوانەی کە قسە لەسەر ئەو بابەتە دەکەن. لەگەڵ خستنە ڕووی هەموو ئەو بەرەنگارییانەی کە دێنە پێشمان، بەرەیەک دەڵێت دیکتاتۆری و تاکڕەوی باشترین ڕێگای بەرەوپێشچووونمانە. لایەکەی تریش پێی وایە کە دێموکڕاسی گرنگەو دەتوانین لەو ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی ئەو بەرەنگارییانە ببینەوە. بایدن سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا لە هەردووک ئەجیندای ناوەوەو دەرەوەیدا باشترین شوێن دایە کە بتوانێت ئەو کێشمەکێشە بەرێتەوە. بەڵام جەختکردن لەسەر بەریەککەوتنی نێوان حوکمی تاکڕەویانەو دێموکڕاسیدا دابەشبوونێکی قووڵی تر دەشارێتەوە کە ئەویش بریتییە لە دابەشبوونی جوگڕافیای سیاسی: کێشەی نێوان هەژارو دەوڵەمەند. هەرچەندە ئەمەریکا دڵنیایی دەدا لە ڕابەرایەتی کردنی جیهانی دێموکڕاسی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەریکا دژایەتی زووربەی کارو بابەتە دێموکڕاسییەکان دەکا لە جیهاندا. جا لە پەتای کۆڤیدەوە بیگرە تا دەگاتە یاساکانی بازرگانی جیهانی، لە کەش و هەواوە بیگرە تا دەگاتە گەشەپێدانی ئابووری، ئەمەریکا بە شێوەیەکی زۆر چالاکانە گرفت بۆ هەوڵەکان لە پێناوی دێموکڕاسیدا درووست دەکا. لەو نێوەدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ژێر ناوی دێموکڕاسیدا قەیرانەکانی جیهان بۆ دێموکڕاسی خێراتر دەکا و شەرعیەتی هێزی ئەمەریکاش ناهێڵێت.
بەرەی دێموکڕاسی بە هەژارو دەوڵەمەندییەوە هاوبەشن لە زۆر کێشەدا. لە ماوەی چل ساڵ لە وەسەریەک نانی ساماندا، لە داڕمانی سوودی گشتیدا، لە داڕووخان و باری ناجێگیر بۆ کرێکاران، لە لاوازبوونی ئینتیما بۆ گشتی، هەمووئەوانە بوون بە کەرەسەیەکی خاو بۆ ناسیۆنالیزم، بۆ ڕەگەزپەرستی، بۆ تاکڕەوی و دیکتاتۆریەتی لە ناو خۆی دێموکڕاسیدا لە هەموو ئاستەکانی سامان و سەرمایەدا. ئیدارەی بایدن لەمە تێدەگا. بایدن قسە لە دوای قسە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەدەداو دەڵێت: ” خەڵک باوەڕی بە دێموکڕاسی نامێنێت، چونکە دێموکڕاسی لەگەڵ پێداویستییەکانیاندا یەکناگرێتەوە”. لە ئەجیندا ناوخۆییەکەیدا، بایدن باوەری بەوە هەیە کە وەبەرهێنان لە بەرژەوەندی گشتیدا، پێدانی هێزو دڵنیایی زیاتر بە کارو هەروەها وەجووڵە خستنی خەڵک لە بەرامبەر قەیرانەکانی گۆڕانی کەش و هەوادا، هەموو ئەوانە شتی گرنگ و بنچینەیین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو سیاسەتێکی نا لیبڕاڵی و هەروەها زیندووکردنەوەی دێموکڕاسیشە لە ئەمەریکادا.
سیاسەتی دەرەوەی بایدن بە شێوەیەکی زۆرسەیر بەدەست دابڕانەوە دەناڵێنێت. لە باتی ئەوەی شانبەشانی ستراتیجیەتی جیهانی کاربکات بۆ گێڕانەوەی باوەڕبوون بە بە بەرژەوەندی گشتی، بایدن هەر خەریکی پێشبڕکێیە لە گەڵ چین. هەروەک ئەوەی کە خەڵک لە دەرەوەی ئەمەریکا دێموکڕاسییان بۆیە لە لا گرنگە نەک لەبەر ئەوەی دێموکڕاسی بەهێزیان دەکات بەڵک و لەبەرئەوەی لەگەڵ هێزی ئەمەریکادا یەکە. بایدن سوورە لەسەر ئەوەی کە لە پێناوی دێموکڕاسیدا ،” دەبێ ئەمەریکییەکان گەشە بە بەرهەم و تەکنەلۆجیا بدەن و بیشیخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە.” ئەمە ڕەنگە هاوکاری وەبەرهەم هێنەرانی ئەمەریکا بکا، بەڵام ئەمە دیدو خەونی سیستەمی ئابووری جیهانی نییە کە پێی وایە تەواوی دێموکراسییەکان دەتوانن دێموکڕاسی بگوێزنەوە بۆ خەڵکەکانیان.
دەتوانرێت رێگەیەکی جیاواز بگیرێتەبەر، کە یەکێک بتوانێت شەپۆل و جەرەیانی دژە دێموکراسی جیهانی ڕووەو دواوەوە بگێڕێتەوە بەوەی کە هەلێکی تازە بداتە خەڵک لە جیهاندا. ئەمە پێویستی بە چوارچێوەیەکی باشتر هەیە لە تێگەییشتنی ئەوڕۆی کێشەو ململانێکان. بە مەش دەتوانرێت بەرەی دێموکراسی لیبڕالی فراوانتر بکرێت لەبەرامبەر بەرەی کورتبین و تاکڕەویدا. ئەمەش دانانی بەرەی دێموکڕاسی و لیبڕالیەتە لەبەرامبەر دیکتاتۆری و تاکڕەویدا.

دێموکراسییە نادیارەکان
ئەوەی کە دەگوترێت گوایە ئەمەریکا لە گەڵ تەواوی دێموکراسیەکانی تر لە کێشەدایە درووست نییە، بەڵام ئەگەر واش دیاربێ تەنها لەبەر ئەوەیە کە ڕابەرانی ئەمەریکا و میدیاکەشی زۆر جاران دێموکڕاسییەکانی جیهان لەگەڵ مشتێک لە وەڵاتی دەوڵەمەند تێکەڵ دەکەن، بۆ نموونە لە نێویاندا هێزو دەوڵەتە کۆڵۆنیالەکانی پێشوو لە ئەوروپا و یابان، یان ئەو دەوڵەتانانەی کە بە شێوەی کۆڵۆنیالی داگیرکار دەستیان پێکرد وەک کەنەداو ئوستڕالیا. لە بابەتێکی نیو یۆڕک تایمزدا کە لە ساڵی 2020 دا بڵاوکراوەتەوە لە توێژینەوەیەکدا کە: پیو ڕیسێرچ سێنتەر بۆ دەنگدان کردوویەتی هەندێک شتی بۆدەرکەوتووە. بۆ نموونە: ” گومان لە چین بازدەدا بۆ ئەو شوێنانەی کە دێموکڕاسییان تێدا لە ئاستێکی باڵادایە.” هەرچەندە ئەو دەنگدانەی سەنتەری پیو دەربارەی وەڵاتە دێموکڕاتیکەکان نەبووە.” بۆ نموونە زووربەی وەڵاتە گەورە دێموکڕاسییەکانی جیهانی لە وێنەی بەڕازیل، هیندوستان، ئەندەنوسیا، مەکسیکۆ و هەروەها خوارووی ئەفەریقای لەخۆنەگرتبوو. هەتا هەندێک دەوڵەتی بچووکی دێموکڕاسیشی لەخۆ نەگرتبوو بۆ نموونە بۆتسوانە، پاپوا، نیو گینیا، و سریلانکا. بەڵک و سەنتەرەکە هەروەک و خۆی دەڵێت: ئەو وەڵاتانەی هەڵبژاردوون کە دەوڵەمەندو پێشکەوتوو بوون.
بە پێی یەکەی ئیستیخباڕاتی ئابووری، وەڵاتانی تازە پێگەییشتووی دێموکڕاسی بە بەراود لەگەڵ وەڵاتانی دەوڵەمەندی دێموکڕاسی دوو ئەوەندە خەڵکیان لەخۆگرتووە هەروەها لەوانیش زیاتر دەوڵەتانی نیوە دێموکڕاتی و نیوە دیکتاتۆری وەک تورکیاو نێجیریاو بەنگڵادیش. بەڵام زۆرێک لە وەڵاتانی هەژاری دێموکڕاسی لە دەرەوەی گرنگیدان و خەمی سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریکادا دەمێننەوە. ئەو شوێنە هەژارانە کاتێک دەکەونە نێو گفتگۆی ئەمەریکاوە کە خەریکن ببنە هەڕەشە لەسەر ئەمەریکاو سیاسەتەکەی، یان بە ئاوڕلێدانەوەیان لە لایەن ئەمەریکاوە ڕەنگە سوودێک بە ئەمەریکاو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بگەێنێت.
ئەو نادیارییە قابیلی لێتێگەییشتنە بە درووستی، چونکە ئەوانە هەژارن بۆیە دەکەونە دامێنەوە. وە بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکان زۆر کەمتر کاریگەرییان لەسەر سیاسەت و ئابووری جیهانی دەبێت. ئەو وەڵاتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییانە تەنها لە 15٪ی دانیشتوانی سەرگۆی زەوی پێک دەهێنن، بەڵام کە دێتە سەر داهات لە 43٪ بەرهەمی گشتی ناوخۆیانە وە بە پێی دۆلار دەڕوات بۆ لە 59٪. وە کە دێتە سەر میزانییەی سەربازییان ئەوانە دوو لە سەر سێی بودجەی شەڕی جیهان سەرف دەکەن. زۆرێک لە ئەمەریکییەکانیش جۆرێک لە نزیکایەتی و وەک یەکی لە ڕووی ڕۆشنبیری و کەلتوورو ڕەگەزییەوە دەبینن لە گەڵ وەڵاتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکان. کە روونە ئەم هەستەیان ناپەڕێتەوە بۆ لای دەوڵەت و شوێنە هەژارە دێموکڕاسییەکان.
تێکەڵکردنی دێموکڕاسی لەگەڵ سەروەت و سامان، ئەو بیرکردنەوە ستراتیجییەی ڕابەرانی ئەمەریکا لە بنچینەدا دەشێوێنێت کە دەیان گووت: ” دەبێ دێموکڕاسی لە سەرتاسەری جیهاندا ببوژێتەوەو گەشە بکا”. لەو دواییانەدا وەڵاتانی دێموکڕاسی بە هەژارو دەوڵەمەندییەوە وەک یەک ڕووی لە نالێبراڵی و نادێموکڕاسی کردووە. بۆیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا شکەست دەخوا ئەگەر بێت و تەنها گرنگی بە وەڵاتانی دەوڵەمەندی دێموکڕاسی بدات. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە دێموکڕاسی لەوەڵاتانی دامێنی گۆی زەویدا زۆر جاران، ئەگەر هەموو کاتانیش نەبێ، بەرژەوەندیەکانی زۆر جیاوازن لە بەرژەوەندییەکانی وەڵاتانی دەوڵەمەندی دێموکڕاسی. بەرژەوەندییەکانی وەڵاتانی دەوڵەمەندی دێموکڕاسی زۆر جاران لەگەڵ دیکتاتۆرەکانی وەڵاتانی تازە پێگەییشتوودا یەک دەگرنەوە. بە بارێکی تردا ئەگەر بێت و چوارچێوەیەک بکەی بە بەر ئەو کێشمە کێشمە ی جیهانی ئەمڕۆدا وەک شەڕی نێوان دێموکڕاسی و دەسەڵاتخوازی وێنای بکەیت، ئەوەیە کە نا دادپەروەری بکرێتە شتێکی لاوەکی و نا گرنگ و نادیار. هەرئەوەشە کە دابەشکاری جیهانی لە ڕووی ئابوورییەوە پێک دەهێنێت.

هێڵ و لایەنە بەڕاستی هەڵەکان
ڕەنگە لە پێشینەترین کار کە سیاسەتی ئەمریکا جیاواز دیاری بدات لە مەیل و ئارەزووەکانی زووربەی وەڵاتانی دێموکڕاسی بریتیبێت لە کۆتایی هاتن بە پەتای کۆڤید 19. بەدەنگەوە هاتنی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ پێداویستییەکانی بەشی خوارووی گۆی زەوی سیستەمێکی ئامادەکرد لە ئایاری 2020 بۆ بەرهەم هێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی کۆڤید 19. لەگەڵ ئەوەشدا کە بە هاوکاری دارایی گشتی توانرا ئەو بەرهەمهێنانە بێتەدی، بەڵام قازانجەکەی ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەم هێنانی دەرمان . وە هەر ئەوانیش بوونە هۆی کەموکوڕی لەوبوارەدا. هەرچەندە بە پێی بەرنامەی کۆڤاکس پڕۆسەی دابەشکردن ڕێکخراوە، بەڵام وەڵاتانی دەوڵەمەندی دێموکڕاسی زووربەی ڤاکسینەکەیان کڕی و بردیان بۆخۆیان. لە ژێر فشارێکی زۆردا لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تەندرووستی گشتی، تیم و گرووپەکانی دادپەروەری جیهانی وای لە ئیدارەی بایدن کرد کە بکەوێتە کار. لە مانگی ئایاردا بایدن ڕازی بوو کە تەگەرەکانی بەردەم ڕێخراوی بازرگانی جیهانی بۆڤاکسینی کۆڤید- 19 لابەرێت. وەڵاتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکانی نێو گرووپی 7 ڕایانگەیاند کە بە نیازن تاساڵی داهاتوو بڕی 870 ملیۆن تێکوتە دابەش بکەن. هەرچەندە ئەو هەوڵە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام ئەو بڕە لە تێکوتە زۆر کورت دەهێنێت بە بەراورد بە بڕی هەشت ملیارتێکوتە کە پێویست دەکات بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەو پەتایە لە وەڵاتانی تازە پێگەییشتوو. ئیدارەی بایدن پێیوایە هەتا لە ئەگەری پێکەوەگرێدانی ڕێکارە تازەکانیش ئەو پەتایە لە بەشی خوارووی گۆی زەوی دڕێژە دەکێشێت تا ساڵی 2023.
تەرکیزخستنە سەربەخشین نە باشترین و نە خێراترین ڕێگەشە بۆ ئەوەی ئەو پەتایە بەری پێبگیرێت. کاری زۆر لەوە کاریگەرتر ئەوەیە کە بەرهەمهێنان لە ناوخۆی بەشی خوارووی گۆی زەویدا فراوانتر بکرێت. هەروەها هاوکاریان بکرێت لە درووستکردنی ژێرخانێکی هەمیشەیی بۆ تەندرووستی گشتی لە پێناو بەرگرتن بە کارەساتەکان لە داهاتوودا. گرووپی 7 بە ڵێنێکی تەماوی لەو بارەوە داوە. بۆیە ئەگەر ئەو دەوڵەتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییانەی جیهان تەواوی ئەوانەی تر هاوبەش نەکەن لە تەکنەلۆجیاو زانیاریدا ئەوا گوومان لە سەر هەموو نییەت و بەڵێنەکانیان درووست دەبێت.

سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ژێر ناوی دێموکڕاسیدا، دەسەڵاتی ئەمەریکا بێ شەڕعییەت دەکا
دواکەوتنی یەک ستراتیج و یەک بەرنامەی گشتگیری جیهانی بۆ ئەو پەتایە هەڵەو خەوشێکی گەورەیە کە ئێستا لەسەردەمی دەرکەوتنی قەیرانی گۆڕانی کەش و هەوادا نیشانەکانی دەردەکەون. ئا لێرەشدا ئەمەریکا لەگەڵ زووربەی وەڵاتە دێموکڕاسییەکانی تر جیاوازە. لە ساڵی 1751 وە تاکو ئێستا ئەو بەشە کەمەی دانیشتوان کە لە وەڵاتە دەوڵەمندە دێموکڕاسییەکانی ئەمڕۆدا دەژیت، بووەتە هۆی تێکدانی بەرگە هەوا. جا لە ڕێگەی دان پێداهێنان بەو بەرپرسیارییەتە مێژووییەو ئەو هەموو سەروەت و سامانەش کە ئەو وەڵاتانە درووستیان کردووە لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەوە، وەڵاتانی تازە پێگەییشتوو داوا دەکەن کە ئەو وەڵاتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییانە تەواوی قەیرانی گۆڕانی کەش و هەوا بگرنە ئەستۆی خۆیان. هەرچەندە وەڵاتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکان دەڵێن کە هاوکاری وەڵاتە هەژارەکان دەکەن لە دابینکردنی ووزە ، بەڵام کەمێکی لەوبارەوە چووەتە بواری کردارەوە.
ناکۆکییەکان دەربارەی پەتاو گۆڕانی کەش و هەوا پەیوەستە بە کۆمەڵێک شتی ترەوە کە دەوڵەتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکان و تازە پێگەییشتووەکان لێک دەپچڕێنێت، بۆنموونە سیاسەتی پیشەسازی و خاوەندارێتی فکرو زانیاری. لەبەرئەوەی تاکە دەوڵەتی هەژار کە توانیبێتی لەو بارەوە سەرکەوتن بە سەر ذەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکاندا بەدەست بێنێت بریتییە لە چین. هەر لەبەر ئەوەشە کە شیکەرەوەکانی واشنتۆن بە بەردەوامی بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو تێکشکانەیان ئەو مەسەلەیە وەک دێموکڕاسی بەرامبەر دەسەڵاتی تاکڕەوی وێنا دەکەن لەبەر چاوی ڕای گشتیدا. هەر بۆ نموونە ئەنجومەنی ئەتڵانتیک ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لە ژێر سەردێڕی: چین لە کارێکی ئابووری نادرووستەوە تێوەگلاوە کە یاساکانی نێودەوڵەتی شکاندووە، لە ناویدا دزینی خاوەندارێتی فکرو زانیارییە. هەروەها هاوکاریکریکردنی کۆمپانیاکانی دەوڵەتیی بۆ مەرامەکانی جیوسیاسیی خۆی. لە لایەکی تریشە تەگەرە دەخاتە بەردەم کۆمپانیا بیانییەکان لە گەییشتن و چوونە ناو بازاڕەوە.
بە دڵنیاییەوە کە ئەو جۆرە چالاکییانە دەبنە کۆسپ لەبەردەم دەوڵەتە گەورە دەوڵەمەندەکان، هەرچەندە کە جیهانی ئازاد ئارەزووی لاساییکردنەوەی ئەوانی هەیە. لە دانیشتنەکاندا ئەو یاساو بنەمایانە دیاریکران کە بوونە هۆی دامەزراندنی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی لە ساڵی 1995، بەڵام دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان لەسەر داخوازی هەندێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان ڕێگرییان کرد لە دەوڵەتە بەهێزە تازەپێگەییشتووەەکانی وەک هیندوستان و بەرازیل کە چالاکی ڕووەو گەشەکردن بنوێنن، کە پێشتر ئەو چالاکییانە بۆیان ڕێگەپێدراوبوون. هەر ئەو کۆسپ درووستکردنەی بەردەم بەرازیل و هیندوستانیش بوو کە دانیشتنەکانی دۆحە لە 2008 شکەست بهێنن.
بە پێی یاسای تازە چالاکیی تەواوی دەوڵەتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکانی قەدەغە کرا کە لە ڕابردوودا دەیانکرد. سەروەت و سامانی دەوڵەتانی دەوڵەمەند بە زۆری لە دزینەوە سەرچاوەی گرتووە. بە پیشەسازی کردنی ئەمەریکا، بۆنموونە، کارێکی مەحاڵ دەبوو ئەگەر ئەمەریکیەکان تەکنیکی پێشکەوتووی بەرهەمێنانی بەریتانییایان نەدزیبایە. ئەوە لە هەندێک کاری تووندوتیژی تر هەرلێ گەڕێ کە ئەوانە پەنایان بۆی بردووە بۆ نموونە بە کۆیلەکردنی خەڵک و داگیرکاری کۆڵۆنیالی. ئەوەی کە دەگەڕێتەوە بە سیاسەتی پیشەسازی، هەموو دەوڵەتانی دەوڵەمەندی دێموکڕاسی تەکنیکی خۆیان بەکاردەهێنن. بەرنامەی ئابووری بایدن ڕووی لە بەکارێنانی هێزی دەوڵەتە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سێکتەرە گەورەکان. سەرکەوتوویی چین لە پێدانی ڤاکسین بە خەڵکی خۆی و بەرەنگاری بۆ گۆڕانی کەش و هەوا لە دوژمنایەتی پەکینەوە نەهاتووە بۆ دێموکڕاسی بەڵک و لە توانایی چینەوە هاتووە کە دەتوانێت لاسایی دەوڵەتانی دەوڵەمەند بکاتەوەو پێشبڕکێیان لەگەڵدا بکات. هەر ئەوەشە کە وا پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی 2025 کەل و پەلێک کە لەسەری دەنووسرێت: لە چین درووست کراوە دنیا دەگرێتەوەرە.
دەوڵەتانی بەشی خوارووی گۆی زەوی لە کۆششی بەردەوامدان بۆ بەخۆداچوونەوەو گەشەپێدانی خۆیان. بەڵام ئەوان لە نێوان بەربەستەکانی ئەمەریکاو تەکنیک و تەکنەلۆجیاو بەرهەمە بێ بەربەستەکانی چیندا گیریان خواردووە. بۆیە بانگەوازی ئەمریکا لە ڕووی ئایدۆلۆجییەوە بۆهەماهەنگیی نێوخۆیی وەڵاتانی دێموکڕاسی وەک شتێکی بۆشی بێ کردار دەبینرێت.

سیاسەتی دەرەوە بۆ هەمووانە!
هەندێک لە بەربەست دەکەونە نێوان سیاسەت داڕێژەرانی ئەمەریکاو ئەجیندای لایەنگری دێموکڕاسی. یەکەم، گەشەی ئابووری ئەمەریکا بە زۆری پشتی بەستووە بە سوودو قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجی، دەرمانسازی، کەیف و سەفاو ڕابواردن، بڕاندەکانی بەکاربردن، هەروەها سێکتەرەکانی بانک و دارایی. ئەوانەش هەمان ئەو بەش و کۆمپانیایانەن کە کە گەورەترین بەربەست دەخەنە بەردەم ڕێگای یاساکانی کاری جیهانی و ئازادکردنی یاساکانی خاوەندارێتی فکرو زانیاری. سەرمایەگوزاری لە ئەمەریکاو جیهاندا ئێستا لە جیاتی درووستکردنی هەلی کارو درووستکردنی ژێرخان و هەروەها زیادکردنی بەرهەمهێنان دەڕژێتە بواری بەکرێدان.
گرفتەکە فەلسەفیشە. ئایا ڕۆڵی دێموکڕاسی تەنها ئەوەیە کە چوارچێوەیەکی بێلایانانە دابین بکات کە لە ئەنجامیدا تاک بە ئازادانە بتوانێت کاڵاو بیرۆکەو زانیاری ئاڵوگۆڕ پێبکات، ئەویش بە کەمکردنەوەی هەڕەشەکان بۆسەر ئازادی و خاوەندارێتی؟ یان دەبێ دێموکڕاسی لەوە واوەتر بڕوات کە بریتییە لە دابینکردنی چاودێری تەندرووستی، فێرکردن، کاری باش و هەروەها هەلی سەرمایەگوزاری. سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە چالاکانە کاری لەسەر بەشی یەکەمیان کردووەو ئەو بەشەی کە لە بەرژەوەندی هەموواندایە وەلایناوە.. شارەزایان و کاربەدەستانی هەردووک پارتە سیاسییەکەی ئەمەریکا بەبەردەوامی هوشیاری دەدەن لە خەتەری ئەوەی کە دەوڵەت خۆ لە کاروباری ئابووری و بازار هەڵقورتێنێت. واشنتۆن تەرکیزی لەسەر بازاڕە، بازاڕی ئازاد، مافەکانی تاک، سەروەری یاسا، هەروەها پاراستنی ئاساییشی خاوەندارێتی. هەروەها ئازادی کەشتییەوانی و پاراستنیان لە تیرۆریستان و ئەوانەی سنوور دەبەزێنن و هەروەها لە دەوڵەتە خەراپەکارەکان. وە ئێستاش ئەمەریکا چینی هێناوەتە گۆڕێ و چاوی لەسەر چینە.
سیاسەتی دەرەوە کە ئامانجی پشتگیریکردنی دێموکڕاسییە، شکەست دەخوات ئەگەر تەنها گرنگی هەر بە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان بدات.!
ئیدارەی بایدن لە سیاسەتی ناوخۆییدا درک بە پێویستی دابڕان لە بازاڕی ئازاد دەکات. ئەو سیاسەتە دەرەوەیەی کە بۆچوونێکی ئاهوا لە خۆدەگرێت دەبێت لە چی بچێت؟ ئەمە بە شێوەیەک دەبێت کە تەرکیزی خۆی دەخاتە سەر بەدیهێنانی ئەو شتانەی کە هەموو سوودی لێ وەردەگرن و بە کاڵای گشتی ناو دەبرێن. هەر وەڵاتێک دەیەوێت ئابوورییەکەی بە ڕێگایەک ببوژێنێتەوەو بەهێزی بکا کە خۆی دەیەوێت. بەڵام ئەو کارە دەبێت لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پتەوبکرێت لە پێناوی دابینکردنی تەندرووستی گشتی و نەهێشتنی ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان هەژارو دەوڵەمەند و هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەری. وە دەبێت ئەمە لە جیاتی کاری خێرخوازی بێت کە یەک لایەنەو بە مەبەستی لایەکی دیاریکرا و دەکەوێتە گەڕ. ئەو گرفتانەی کە گشتگیرن و هەموو لایەک دەگرێتەوە دەبێت بۆ چارەسەرەکەشی هەموو لایەک بە پێی توانای خۆیان بەشداری بکەن.
ئەمەریکا ئێستا لە باشترین جێگاو ڕێگادایە کە بتوانێت ڕابەرایەتی ئەو هەوڵانە بکات، هەروەها هەندێک ئاماژەش هەن کە ئیدارەی بایدن لەوەدەچێت ڕازیبێت کە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. بۆ نموونە بەرنامەی ستراتیجی بە ناوی بیناکردنی جیهانێنێکی خۆشتر بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری لەبەردەستدایە. واشنتۆن دەیەوێت ئەو ریسکە بکات کە چین وەدەرنێت لە بەشداریکردنی لەو بەرنامەیەدا. لە لایەکی ترەوە پاساوی چین بۆ تاکڕەوی و جۆری سیستەمەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نا ئەمنی و بۆ ئەو گرفتانەی کە تووشیشی بوون بە هۆی ئەو پەتایەو خەراپبوونی کەش و هەواو ناجێگیری نایەکسانیش. ئەمانە هەمووی بەرەو خەراپتر دەڕۆن ئەگەر بێت و مەیلی دوژمنکارانەی دژە چینی لە ناو واشنتۆندا تەگەرە لەبەردەم نەهێشتنی ئەمانەدا درووست بکات..
کارێکی تر کە لە بەرژەوەندی گشتیدایە ئەوەیە کە سیستەمی پاراستنی مافەکانی کرێکاران لە جیهاندا درووستبکرێت. کە ئەمە دەکرێت جێبەجێ بکرێت. بەم کارە دەتوانرێت ڕێگە لەو پێشبرکێیە بگیرێت کە دەبێتە هۆی راسیزم و ناسیۆنالیزم . وە بە هۆی جێبەجێکردنیشیییەوە پاڵپشتی بەکاربەران و ڕای گشتیش بەدەست دەهێنرێت. نزیکەی هەموو وەڵاتێک ئەو کارەیان پێباشەو ڕازیبوون لەسەری، بەڵام ئەمەریکا نا. ئەوەی کە ئەمەریکا لە ماوەی چل ساڵی ڕابردووەوە درووستی کردووە هەمان سیستەمە، بەڵام بۆ پارێزگاری لە مافەکانی کرێکاران نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی مافی دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانە.
لە کۆتاییدا، واشنتۆن دەبێ ئارەزوومەندانە مەبدەئی گەشەپێدان لە سەر بنچینەی مافی مڕۆڤ وەربگرێت، ئەو بۆچوونەش هەر لە ساڵی 1986 وە لە ناو نەتەوەیەکگرتووەکاندا پشتگیری بەهێزی لێکراوە، سەرباری ئەوەی کە ئەمەریکا و دەوڵەتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییەکانی تر ناڕازیبوون پێی. لەگەڵ لابردنی تەگەرەکانی بەردەم سیاسەتی پیشەسازی و خاوەندارێتی فکرو زانیاری کە ئەوەش لە ئەمەریکا دەخوازێت کە هاوکاریەکانی زۆرتر بکات بۆ وەڵاتە هەژارو کەم دەرامەتەکان. هەروەها هەموو ئەو دەوڵەتە دەوڵەمەندە دێموکڕاسییانەی تریش بەشداری لە خۆشکردنی ئەو ڕێگایە بکەن بۆ گەییشتن بە ئابوورییەکی زیاتر یەکسانی جیهانی. هەنگاوی دووەم زیاد کردنی باجە لەسەر کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی وەڵاتانی بەشی خواروی گۆی زەوی. سەرمایەگوزاری تایبەتی لە وەڵاتانی تازەگەشەسەندوو هێواش هێواش نامێنێ و کۆتایی دێت. ئەوەی ئەو وەڵاتانە پێویستییان پێیەتی گێڕانەوەی خێرای ئەو سەرمایەگوزارییە نییە بەڵک و دابینکردنی پیشەسازی هەمیشەیی و بەردەوام و درێژماوەیە. بەو کارە نەک هەر ئەمەریکاو کۆمپانیاکانی قازانج دەکەن بەڵک و دەتوانرێت هەلی کاردابین بکرێت ولەو نێوەشدا هەم کرێکاران و هەم کارگەو کۆمپاناییاکان و هەمیش برسیێتی ملیارانیش لە خەڵکی کۆتایی پێ بهێنرێت.
هەر یەکێک لەو ڕێکارانە سوودی دەبێت بۆ ڕێکارێکی تر. درووستکردنی شێوازێکی نوێ لە گەشەی ئابووری جیهانی کە لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی ئەوە بێت کە چین و توێژی مامناوەندی ئەمەریکا لێی بەهرەمەندە بەڵام بەبێ شەڕی ساردو شتی ترسناکی تر. بە بووژاندنەوەی ئابووری جیهان و دابەشکردنی بەشێوەیەکی بەربڵاوتر سوودی بۆ هەردووک بەرەی هەژارو دەوڵەمەند دەبێت. هەروەها گێڕانەوەی سیستەمی بازاری ئازادی جیهانییەو لە نێویسشیدا ئەمەریکا وەک ڕابەری ئەو سیستەمە. ئەمەش دەبێ ببێتە هۆی کەمردنەوەی گرژی و ناکۆکیەکانی نێوان ئەمەریکاو چین. چونکە بەهێزیی ئابووری لەسەر ئاستی جیهاندا کردنەوەی پانتاییە بۆ هەردووک بەرە تاکو بەشداربن تێیداو سەرکەوتوو بن.
لە هەمووشی گرنگترئەوەیە کە گەشەی ئابووری گشتگیر لە هەموو جیهاندا ڕەنگە ببێتە هۆی خوڵقاندنی هەل و مەرجێک بۆ شەپۆلێکی تازەی بە دێموکراسی کردنی جیهان.
دێموکڕاسی بە کێشەو شەروو ئاژاوە لە گەڵ دەوڵەتانی دیکتاتۆرو تاکڕەو بڵاونابێتەوە بە جیهاندا، بەڵک و دەبێ نەهێڵرێت و ڕێگرییان لێبکرێت لە ڕێگەی نەهێشتنی نایەکسانی، جیاکاری ، داگیرکاریی و نەهێشتنی دەستبەسەرداگرتن..

سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس/ foreignaffairs

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت