عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: سوڵتان هاشم ی تاوانباری ئه‌نفال له‌ سێداره‌ نه‌درا، به‌ جه‌ڵده‌ی دڵ مرد.

ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی، هه‌موو توانای خسته‌ گه‌ر بۆ ئازادکردنی سوڵتان هاشم، گوایه‌ سوڵتان هاشم هیچ رۆڵێکی له‌ تاوانی جینۆساید کردنی عێراقییه‌ کان دا نه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌ڵگانه ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ روو که‌ سوڵتان هاشم تاوانباره‌:
+ سوڵتان هاشم ژماره‌ هه‌شت بوو له‌و (55) تاوانباره ی سه‌رانی به‌عس له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکاوه داواکرا بوون.
+ له‌ 1- 1978 تا 4- 1988 فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌ی شه‌ش بوو.  له‌ 1- 1988 تا 4- 1989 فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی یه‌ک بوو.
+ به‌شداری ئه‌نفاڵی ( یه‌ک، سێ، چوار، پێنج، شه‌ش، هه‌شت )- ی کردووه‌.
+ له‌ 1989- 1995 سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراق بوو.
+ له‌ ته‌موزی 1994 – وه‌ – 9- 4- 2003 وه‌زیری به‌رگری عێراق بوو.
+ له‌ 18- 09- 2003 له‌شاری موسڵ خۆی ته‌سلیم به‌ (جه‌نه‌ڕاڵ دیڤید پاترۆس) – فه‌رمانده‌ی تیپی سوپای ئه‌مه‌ریکا له‌ موسڵ کردووه‌. خالید ساجت ئه‌لجه‌نابی ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌:
– سوڵتان هاشم ئه ندامی ده‌سته‌ی بڕیاردانی کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌. خه‌ڵاتی سه‌رکه‌وتنی ئه‌نفالی له‌ لایه‌ن سه‌دام حسین ـه‌وه‌ پێ به‌خشراوه. کچه‌که‌ی ناو ناوه‌ (ئه‌نفال).
بۆ ئه‌یاد عه‌لاوی و زۆر له‌ لێپرسراوانی تری ئێستای عێراق به‌ نهێنی و به‌ ئاشکرا هه‌وڵی ئازاد کردنی سوڵتان هاشم ده‌دا، بڕیاری له‌ سێداره‌دانه‌که‌ی دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق جێبه‌جێ نه‌کرد. له‌ شوێنێکی تایبه‌تیدا دایان نابوو، وه‌ک زیندانی نه‌بێت، وه‌ک سه‌رۆکێکی خاوه‌ن خه‌بات و شۆڕشگێر هه‌ڵسوکه‌وتی یان له‌ گه‌ڵ ده‌کرد. ئه‌م هه‌وڵدانه‌ی ئه‌یاد عه‌لاوی و سه‌رۆکه‌کانی تری ئێستای عێراق چه‌ند پرسیارکی بێ وه‌ڵام ‌ده‌ورژێنێت:
+ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وساو ئێستا و ئاینده‌ی عێراق، به‌ هه‌مان عه‌قڵی شۆڤێنی داخراوی سه‌رده‌می عه‌بدولسه‌لام عارف و سه‌دام حسین هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی جینۆسایدی کوردی له‌ ئه‌نفاله‌کاندا کردووه‌، تاوانبار نی یه‌، ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی جێ به‌ جێ کردووه‌.
+ ئه‌وان کورد به‌ هاوڵاتی عێراقی دانانێن. ئه‌وه‌تا دوای ئه‌و هه‌مووبه‌ڵگه‌و تاوانه‌ ده‌ڵێن: سوڵتان هاشم ده‌ستی به‌ خوێنی عێراقییه‌کان سوور نه‌بووه. له‌ تێڕوانی ئه‌واندا، کورد له‌ بنه‌ره‌تا عێراقی نه‌بووه‌، به‌کرێ گیراوی بێگانه‌ن، کورد ئیسلام نییه‌و دژی ئیسلام بووه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌، ئه‌نفالی سه‌رده‌می ئیسلام بۆ جینۆسایدی کوردی کافرره‌وایه‌.
+ سه‌رکرده‌کانی کورد و حیزبه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌، له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ دژایه‌تی یه‌کتریان کرد، شه‌ڕی ناوخۆیان هه‌ڵگیرسان، هه‌رێمی کوردستان یان کرد به‌ دوو جه‌سته‌ و دووجوغرافیای جیاوازی دژ به‌یه‌ک، سه‌رکرده‌کانی کورد به‌ عه‌قڵێکی دۆگماوه‌ ئه‌وه‌نده‌یان له‌ (سه‌وزو زه‌ردو شین و قاوه‌یی ونیللی ) له‌ یه‌کتری کوشت، خاوه‌نی گه‌وه‌ترین ئاماری کورد کوژین.
سه‌رکرده‌کانی کورد ئه‌وه‌نده‌ی عاشقی پله‌ و پایه‌و ده‌سه‌ڵات و کورسین له‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌غداد، نه‌ک کوردو نیشتیمانه‌که‌ی، نه‌ک تاوانی ئه‌نفال و کیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌و نیشتمان. خۆشیان بیر چووه‌ته‌وه، ئه‌نفال و جینۆسایدی کورد- یان بچوک کردوه‌ته‌وه‌.
سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د له‌ سااڵی 1945 له‌ شاری موسڵ له‌دایک بووه‌، له‌ 1964 کۆلێجی سه‌ربازی ته‌واو کردووه‌، له‌ 1995 وه‌زیری به‌رگری عێراق بووه‌، رۆڵی له‌ جه‌نگی عێراق – ئێران و داگیرکردنی کوێت دا هه‌بووه‌، دوای گۆڕانکاری 9 /4/ 2003 له‌ مانگی سێپتێمه‌ری 2003 له‌ موسڵ ده‌سگیر کرا، له‌ 24/6/ 2007 به‌ تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی، دادگای باڵای تاوانبارانی عێراق له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداد بڕیاری له‌ سێداره‌دانی دا، بڕیاربوو له‌ 11ی ئه‌یلوولی 2007 له‌ سێداره‌ بدرێت، به‌ بڕیاری ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و جێگری سه‌رۆک کۆمار بڕیاری له‌ سێداره‌دانه‌که‌جێ به‌جێ نه‌کرا، به‌ هۆی (جه‌ڵده‌ی دڵه‌وه‌ ) له‌ زینانی (الحوت ) ـه‌وه‌ گه‌یه‌ننراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی زیقار، له‌ ئێواره‌ی 19/ 7/ 2020 له‌ پاررێزگای زیقار مرد. له‌ رێو ره‌سمێکی تایبه‌تی له گۆڕستانی موسڵ وه‌ک سه‌رکرده‌و پاڵه‌وانی عێراق به‌ خاکیان سپارد.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies