بورهان شێخ رەئوف: نۆکەندى ئەستەنبوڵ و مەترسیەکانى ڕوسیا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى ئەوەى سەرۆک کۆمارى تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان بەردى بناغەى نۆکەندى ئەستەنبوڵى دانا کە هەردوو دەریاى ڕەش و مەڕمەڕە بە یەکەوە دەبەستێت، وەزیرى دەرەوەى ڕوسیا سێرگى لاڤرۆف ڕایگەیاند کە دڵنیایى تەواوى وەرگرتووە لە هاوتا تورکیەکەیەوە مەولود چاویش ئۆغلو کە بنیاتنانى کەناڵى ئەستەنبوڵ بۆ ئاسانکردنى هاتوچۆى دەریاییەو، نابێتە هۆکارى زیادبوونى هێزە دەریاییەکانى هاوپەیمانى ناتۆ لە دەریاى ڕەش.
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەى پێشوو لە دەریاى ڕەشدا بە هۆى بەریەککەوتنى کەشتییەکى بەریتانى و کەشتیەکانى ڕوسیاوە، قەیرانێکى دیبلۆماسى لێ کەوتەوە کە دواتر بانگهێشتى باڵوێزى بەریتانیاى لە روسیا کرا، کە دواتر مەشق و نمایشى زیاترى هێزەکانى هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى بە سەرۆکایەتى ئەمریکاى بەدوادا دێت لە چەند ڕۆژى داهاتوودا.

لافرۆف و چاویش ئۆغلو
لە پرێس کۆنفرانسێکى هاوبەشدا لە شارى ئەنتالیاى باشورى تورکیا لە 30/6/2021 سێرگى لاڤرۆف بەڵێن و دڵنیایى لە هاوتا تورکیەکەى مەولود چاویش ئۆغلو وەرگرت، پلانى هەڵکەندنى نۆکەندى ئەستەنبوڵ بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکارى بە سەر نەخشەو ئەحداسیاتى بوونى هێزە بیانیەکان کە مەبەست لێ ى هێزەکانى ناتۆیە نایەت لە دەریاى ڕەش.
لە بەرامبەردا مەولود چاویش ئۆغلو وەزیرى دەرەوەى تورکیا پێداگرى لە سەر ئەوە نەکرد کە وڵاتەکەى پابەندە بەوەى کە بوار نەدات هاوپەیمانى ئەتڵەسى کەشتیگەلى جەنگى زیاتر ڕەوانەى دەریاى ڕەش بکات، تەنها ئەوەندەى وت کە نۆکەندى ئەستەنبوڵ هیچ کاریگەرییەکى ڕاستەوخۆى نابێت لە سەر ڕێککەوتننامەى (مۆنترۆ ) ساڵى 1936 کە هاتۆچوى دەریایى نێوان هەردوو تەنگەى بوسفۆرو دەردەنیل ڕێکدەخات.
هەروەها چاویشئۆغلو ئەوەشى زیاد کرد کە هەڵکەندنى ئەم کەناڵە ئاوییە هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێککەوتننامەى (مۆنترۆ) ناهێنێتە کایەوە، ڕێککەوتننامەکە ئەحکام و دەستەڵاتى تایبەتى خۆى هەیە کە باس لە چۆنیەتى پێداچوونەوەو هەڵوەشانەوەى دەکات، هەروەها ئەوەشى دووپات کردەوە کە ئەم نۆکەندە تازەیە بە یاساکانى دەوڵەتى تورکیا مامەڵەى تێدا دەکرێت و دەبرێت بەڕێوە.

ئاڵۆزى لە دەریاى ڕەشدا
لە کاتێکدا ئەم قسەو باس و لێدوان و دڵنیاییانەى ڕوسیاو تورکیا دەبیسین لە سەر کەناڵى ئەستەنبوڵ، لەلایەکى ترەوە گرژى و ئاڵۆزییەکى تر بەدى دەکرێت لە نێوان ڕوسیا و خۆرئاواییەکاندا لە لایەکى ترەوە، بە هۆى جوڵانى کەشتیگەلى ناتۆ بەرەو دەریاى ڕەش.
لە ڕۆژى 20/ 6/ 2021 هێزى دەریایى ڕوسیا چەند گولـلەیەکى ئاگادار کردنەوەیان ئاڕاستەى بارجەیەکى دەریایى بەریتانیا کرد بە تۆمەتى ئەوەى هاتۆتە ناو ئاوەکانى ڕوسیاوە لە دەریاى ڕەش، لە دواى ئەم ڕوداوە مانۆڕى سەربازى لە دەریاى ڕەشدا ئەنجامدار لە نێوان ئۆکرانیا و ئەمریکاو چەند وڵاتێکى تریش.
لە لاى خۆیەوە فلادیمیر پوتینى سەرۆکى ڕوسیا ڕایگەیاند ئێمە لە تواناماندا بوو بارجە بەریتانیەکە نوقمى ئاو بکەین، بەڵام لە بەرئەوەى جەنگى جیهانى سێیەم هەڵنەگیرسێ خۆمان پاراست، بەڵام ئەمریکاى تۆمەتبارکرد بەوەى کە دەستى لەو کارەدا هەبووبێت و بە کارێکى ئیستیفزازى وەسفکرد.

ڕێککەوتننامە مۆنترۆ
ڕێککەوتننامەى ( مۆنترۆ) کۆت و بەندى توندو سەختى لە سەر جموجووڵى کەشتیگەلى سەربازى و جەنگى هەیە لە دەریاى ڕەشدا، بەڵام گرنتى جموجووڵى کەشتییە بازرگانییەکان دەکات لە سەروەختى ئاشتى و جەنگدا.
هەر لە بەر گرنگى ئەم بابەتە بۆ ڕوسیا و بۆ ئاسایشى ئیستراتیجى و هاتۆچۆى بازرگانى کە زۆر مەبەستیانەو بە مەسەلەى مردن و ژیانى خۆیانى دەزانن، فلادیمیر پۆتینى سەرۆکى ڕوسیاى فیدراڵ لە نیسانى 2021 داواى لە سەرۆک کۆمارى تورکیا ئەردۆگان کرد کە پابەند بن بە ڕێککەوتنامەى (مۆنترۆ) و بیپارێزن.
لە بەرامبەریشدا دواتر ئەردۆگان ڕایگەیاند کە حکومەتەکەى هیچ نیازێکى نیە لەو ڕێککەوتننامەکە بێتە دەرەوە، هەروەها زۆر بە گرنگیەوە لەو دەستکەوتانە دەڕوانێت کە وڵاتەکەى لە ڕێککەوتننامەى مۆنترۆ دەستى کەوتووە، بۆیە بەردەوام پابەندەبین بە هەموو بەندەکانیەوە تاوەکو دەستکەوتى باشتر بەدەست بهێنین.

پرۆژەى نۆکەندى ئەستەنبوڵ
26/6/2021 سەرۆکى تورکیا بەردى بناغەى یەکەم پردى کەناڵى ئەستەنبوڵى دانا، ئیتر بە کردەیى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەستى پێکرد کە پێشتر لە ساڵى 2011 ەوە ڕاگەیەنرابوو، لە کاتێکدا ڕەخنەوە گلەیى و گازندەى زۆرى بە دواى خۆیدا هێنا لە لایەن هێزە ئۆپۆزەسیۆنەکانەوە بە تایبەتى (جەهەپە ) و لە سەر زارى ئەکرەم ئیمام ئۆغلوى سەرۆکى شارەوانى ئەستەنبوڵ و پیاوى بە هێزى جەهەپە، کە ئەم پڕۆژە بە مەترسى گەورەو خنکاندنى ئەستەنبوڵ دەزانێت، ووتى: من لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا بۆیە سەرکەوتنم بە دەست هێنا، چونکە دژى ئەم پڕۆژەى ئەکەپەو ئەردۆگان بووم. لە هەمانکاتدا ئەوەشى ڕاگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە دژى حەوت ڕێککەوتننامەى نێودەوڵەتیە لەوانە ڕێککەوتننامەى مۆنترۆ.
لە بەرامبەر ئەم گلەیى و لێدوانانەى ئۆپۆزەسیۆندا ئەردۆگانیش بەرگرى لە خۆى و پرۆژەکەى دەکات و دەبێژێت لە کاتى مەراسیمى دەستبەکاربوون تێیدا: نۆکەندى ئەستەنبوڵ پڕۆژەیەکە بۆ ڕزگارکردنى ئاییندەى شارەکە. پێداگیرى لەوە دەکاتە کە پێویستیەکى زۆر هەیە بۆ ئەم پرۆژە لە پێناو پاراستنى ڕایەڵەى مێژوویى و ڕۆشنبیرى. ئەوەشى ڕوونکردەوە ئەردۆگان نۆکەندى ئەستەنبوڵ لە ماوەى شەش ساڵدا تەواو دەکرێت و بە بڕى (15) ملیار دۆلار.
لە لایەکى ترەوە ئەردۆگان ئەوەشى ڕاگەیاند بە گوێرەى ئەو نەخشەو پلانانەى کە دایانڕێژاوە لە هەردوو کەنارى نۆکەندەکەوە کۆمەڵگاى نیشتەجێبوونى گەورە بنیات دەنرێت کە جێگەى (500) هەزار کەسى تێدا ببێتەوە کە فشارو چڕى و قەڵەباڵغى ناوشارى ئەستەنبوڵ کەمدەکاتەوە. هەروەها ئەوەشى ئاشکرا کرد کە درێژى کەناڵەکە (45) کم، پانى بنکەکەى (275)م ، قوڵاییەکەشە (21) م.
ئەوەشى وت کە کە دیزاینى پڕۆژەکە واکراوە کە تواناى ئەوەى هەیە 99% جموجووڵى دەریاوانى تەنگەکە لە ئێستادا لە خۆبگرێت.
هەر تایبەت بەم بابەتە وەزیرى ژینگەو شارستانى تورکیا ڕایگەیاند ئەم پڕۆژە ئاسانکارى دەکات بۆ ئەوەى ڕۆژانە 185 کەشتى بە ئارامى و بە بێ کێشە بەو کەناڵەدا تێپەڕ ببن، هەروەها هەڵسەنگاندنى باشى بە دەستهێناوە لە لایەن 52 دەزگاو پەیمانگاى شارەزاو پسپۆڕەوە.
شایانى وتنە نۆکەندى ئەستەنبوڵ هەردوو دەریاى ڕەش و مەڕمەڕە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بەشە ئەوروپیەکەى ئەستەنبوڵ دەکات بە دوو بەشەوە، بەجۆرێک بەشى خۆرهەڵاتەکەى ئەوروپا دەکاتە دوڕگەیەک لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت