عەبدولکەریم شێخانی: توخوا با گوێ لە هەندێک قسەی خۆش و چینکە بابەتان بگرین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەم و خەفەت ئەوەندە زۆرن لێمان سەروزیادن ئەگەر دەرو دراوسێ و تەنانەت خەڵکی دووریش بیانەوێ, ئێمە بەرچاو تەنگ نێن بە زیادەوە بەشیان دەدەین. بەڵام هەندێک خەم و خەفەت هەن ئەوان پێی ڕانەهاتون بۆیە ڕەنگە نەیانەوێ و بەسەرمان دابدەنەوە. بۆ نموونە خەمی بێ مووچەیی, ئەوان بەخەونیش شتی وایان نەدیوە. یان ڕای تاکە کەسێک لەسەرانسەری وڵات تاکە ڕا بێ و کەس بۆی نەبێ ڕایەکی دیکەی هەبێ و مێشکی خەڵکی لە قاڵب درابێ, ئەوان لەمێژە ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە. بەهەر حاڵ با زۆر قووڵ ڕۆنەچم نەبادا سەری ئێوە و خۆشم زێتر بێشێنم.
* کابرایەکی بەلەمەوان خەڵکی لە زێیە دەپەڕاندەوە . ڕۆژێک پیاوێک دەیەوێ بپەڕێتەوە بۆ ئەو بەری زێ. سەردەکەوێ و بن هەنگڵێک کتێبی پێیە. بەلەمەوانەکە دەپرسێ ئەوانە چین؟ پیاوەکە دەڵێ: ئەمانە هەموو زانست و زانیارین. ئینجا لە بەلەمەوانەکە دەپرسێ: خوێندەواریت نییە؟ بەلەمەوانەکە دەڵێ, نەخێر. پیاوەکە دەڵێ: نیوەی تەمەنت بە خەسار چووە. کەمێک دەڕۆن و بایەک هەڵدەکات و بەلەمەکە وەردەگەڕێ و پیاوە خوێندەوارەکە بەخۆ و بەکتێبەوە دەکەونە ئاوەوە. بەلەمەوانەکە لێی دەپرسێ: مەلە دەزانی؟ پیاوە دەڵێ: نەخێر. بەلەمەوانەکە پێێ دەڵێ تۆ هەموو تەمەنت بەخەسار چووە.
* ساڵێکیان وەکو ئەمساڵ حەج کەوتبووە هاوینەوە دنیا زۆر گەرم بوو. پیاوێک دەڵێ: شەیتانمان بەردباران (رجم ) کرد و زۆرم گەرما بوو وەخت بوو لەگەرمان ببوورێمەوە. کەڕەڤانیەکی گەورەم دی و چووم بۆ لای. پۆلیسێک لە لایەکی کەڕەڤانەکە دانیشتبوو و هیچ ئاگاى لەمن نەبوو. چوومە ژوورەوە, ناوەوە زۆر فێنک بوو دیتم چەند کەسێک بە (ئیحرامەوە ) ڕاکشابوون و منیش لەلایان ڕاکشام. ئەوەندە فێنک بو خەوم لێ کەوت. کاتێک خەبەرم بووەوە خەریک بوو ببم بە یەک پارچە سەهۆڵ. هەستام و هاتمە دەرەوە و هەر کە پۆلیسەکە چاوی بەمن کەوت, هەتا خوا هێزی دابوویە ڕایکرد. ڕاکردنی پۆلیسەکەم لا سەیر بوو گوتم باشە ئەو کابرایە بۆ وا ڕایکرد, بەڵام کاتێک کە دیم لەسەرلایەکی کەڕەڤانەکە نووسرابوو (سەهۆڵدانی مردوان ), بە جۆرێک ڕامکرد تاژی نەیدەگرتم.
لەم ڕووەوە شتیکم بیر هاتەوە. لەمێژە, جارێکیان کتێبێکم خوێندەوە بە ناوی ( کنت معهم فێ السجون ), ناوی نووسەرەکەیم بیر نەماوە. ئەو سەردانی گەلێک بەندیخانەی کردووە و زیندانیی زۆری دواندووە. دەڵێ لە یەکێک لەبەندیخانەکان قسەم لەگەڵ چەندان کەس کرد کە هەر یەکە لەسەر تاوانی جیا جیاى وەک کوشتن و دزی و دەستدرێژیی نامووسی ژن و منداڵ گیرابوون. کوڕێک زۆر چوختی سێبەندی دیار بوو. کەلێم پرسی بۆ گیراوە, گوتی: ئەوەى منى لەسەر گیراوم هیچ ماددەیەکی یاسایی باسی ناکات. کە پرسیاری زۆرم لێ کرد گوتی: من سەکنی پاسم.(جاران ئۆتۆموبیل کەم بوو پاسی تەختە لە نێوان شارە گەورەکان و قەزاو ناحیەکاندا کاریان دەکرد و خەڵک بە گشتی بە پاس هاتوچۆیان دەکرد و شوفێرەکە شاگردێکی یاریدەدەری پیێیان دەگوت سەکن ). ڕۆژێکیان جەنازەیەکمان بردەوە بۆ نەجەف, لەگەڕانەوە دوای پڕ بوونی پاسەکە و پاش ئەوەى ماوەیەک ڕۆیشتین بە وەستام گوت دەچم بۆ خۆم پشوویەک دەدەم . ئیدی چوومە سەرەوەو لەناو دارجەنازەکە ڕاکشام و بەتانیەکەی ناویم بەخۆم دادا. پاس بەڕێوە دارجەنازەکەی وەکو جۆلانە دەجووڵاند و خەوم لێ کەوت. تومەز لەو ماوەیەدا پاسەکە چەند کەسێکی دیکەی هەڵگرتووە و لەناوەوە جێگا نەبووە سەرکەوتوونەتە سەر پاسەکە. دوای ئەوەى کەمێک خەوتم و هەستام بێ ئاگا لەوەى کە خەڵکی دیکە لەسەر پاسەکەن. کە هەستام وایان زانی مردووم و زیندوو بوومەتەوە, هەموو خۆیان فڕێ دایە خوارێ و کەسی ساغیان تێدا دەرنەچوو هەموو قاچ شکاو و دەست شکاو و شتاقیان شوێنی ساغی نەبوو . من لەسەر ئەوە گیراوم و ئاگام لە مەحمودی بێ زەواد نەبووە و خۆ من ئەوانەم هەڵنەداوەتە خوارێ , ئەوان خۆیان فڕێ داوەتە خوار.
* چەند کەسێک داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ پۆلیسی و ڕۆژێکیان بۆ دانابوون بۆ سەیر کردنی داواکارییەکانیان . دۆسییەکانیان لەسەر مێزی ئەفسەرێکی پلەبەرزی پولیس بوو . کە ناوی ئەمیان خوێندەوە چوو بەوریاییەوە لە بەردەمی ئەفسەرەکە وەستا , جەنابی ئەفسەر سەیری لاپەڕەکانی دۆسییەکەى دەکرد . دواى ئەوەی ناوى سیانی لێ پرسی, ئەفسەر سەیری شوێنی لەدایک بوونەکەى کرد گوتى :
ـــ لەکوێ لەدایک بوویت ؟
گوتی:
ـــ گەورەم لە دواوە . ئەفسەرەکە گوتی:
ـــ دەڵێم لەکوێ لەدایک بوویت؟
ـــ گەورەم گوتم لە دواوە . ئەفسەرەکە بەسەر سوڕمانەوە سەیرێکی کرد و گوتی:
ـــ ئەوە تۆ گاڵتەم پێ دەکەیت؟!
ـــ گەورەم من چ ڕایەکم دەکەوێ گاڵتە بە جەنابت بکەم و حەدی ئەوەم نییە
ـــ ئەی کوڕی نازانم بڵێم چی , خەڵکی هەموو لەپێشەوە لەدایک دەبن تۆ چۆن لەدواوە لەدایک بوویت؟
ـــ گەورەم گوندەکەمان ناوی دواوەیە .
ئەفسەرەکە بە بێزارییەوە گوتی نەمردین ئەو فلیمەشمان بینی, کاکم لە دواوە لە دایک بووە.
* شێتیک لە قەڵادزێ هەبوو ( بێ گومان پێش ڕووخاندن و دەر بەدەر کردنی خەڵکەکەی ), پێم وایە وسووە شێتیان پێ دەگوت , رؤژێکیان سەرۆک جاشێک پێنج دیناری دەداتێ, شێتە لێی وەرناگرێ. بۆی دەکات بە دە دینار, دەڵی نامەوێ, جاشەکە دەڵێ: بۆ ناتەوێ کەمە؟ شێتە دەڵێ : مەسەلە کەم و زۆر نییە, بەڵام پێم خۆش نییە پارەیەک لەتۆ وەرگرم کەتۆ بەو گەوادییە پەیدات کردبێ. ئەی ئەگەر شێتەکە ئێستای ببینیایە دەیگوت چی کە هەندێک لەو موستەشارە شەریفانە ئەمڕۆش هەر لە ڕێزی پێشەوەن.
* ژنێک لەگەڵ چەند دەستەخوشکێکی دانیشتنی خۆیان هەبوو, بۆیە خۆی بە تەواوى ڕازاندبۆوە. کە گەڕایەوە بە شانازی بەخۆ کردنەوە بە مێردەکەی گوت: هەموویان هەر باسی شیکپۆشیی منیان دەکرد. مێردەکەی ویستی نوقرچێکی شکاندنی لێ بگرێ گوتی: ئەى باسی ناشیرینییان نەکرد؟ ژنەکە گوتی نەخێر گیانە کەس باسی تۆی نەکرد. ئەوەیە لە جیێ سندان قوززەڵقورتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت