پشکۆ ئەمین: ئێران بەرەو کوێ دەروات و نیازی چی هەیە؟ بەشی یەکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژوو
ئیران تەنها دەوڵەتێکی فارسی نەبوو وەک ئەمرۆ، تەمەنی شانشینی لە ئێراندا زیادلە 2500 ساڵ لەمەوبەرە.
ئێران وڵاتێکی فراوان و فرە نەتەوەیە، سنوری بەیەکیەتی سۆڤیەتی جارانەوەیەو، دراوسێ پاکستان و تورکیاو عێراق ـە، لەبەشی خوارەوەی خاکەکەی لەسەر کەناری تەواوی کەنداوی فارسە. خاوەنی گازو نەوتێکی زۆرە، ئەمە وایکردووە هەرلەکۆنەوە ئێران پێگەیەکی لەبارو ستراتیژی هەبێت بۆچاوتێبڕین و دەست تێوەردان.
سوپای ئینگلیزەکان و رووسەکان لەپێش جەنگی جیهان یەکەمدا هاتبونە ناو ئیران، هەردوو دەوڵەتی رووسیای قەیسەری و ئینگلیزیش بەپێی رێکەوتنێکی نێوان خۆیان،کە لە ساڵی 1906دا بەستبوویان ئیرانیان لەنێوان خۆیاندا وەک برا دابەش کردبوو،بەخۆیان و سوپایانەوە لەسەرەوە بۆ خوارەوە دەستیان بەسەردا گرتبوو، بەمشێوەیە خۆراسان و ئازەربایجان و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سوپای رووسەوە دەبرا بەرێوە.
سوپای عوسمانلی لەسنوری دەوڵەتی عوسمانلیەوە بەشێکی کوردستانیان لەسنوری تورکیاوە داگیر کرد بوو،
لە خوارەوەش سوپای بەریتانیا هاتبووە ناو ئیران،کەنداو و بەشی خوارەوەی خۆزستانی داگیرکرد بوو، وە ئەو ناوچانەی دەبر بەرێوە.
ئینگلیزو روسیش بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و مانەوەیان هەر خەریکی کێشە دروست کردن و ئاژاوەنانەوە بوون، سیاسەتی پەرتکەو زاڵبەیان پیادە دەکرد.
ساڵی 1914جەنگی جیهای یەکەم دەستی پێکرد، ئینگلیز و روس سوپایان لەناو ئیراندا زۆرترکردو دەستیان کرد بە تاڵانکردن و کوشتن و بڕین، هەرشوێنێک دەستی سووپای رووسی پێبگەیشتایە وێران و تاڵاندەکرا.
ئێران لەم سەردەمەدا لەلایەن منداڵێکی تەمەن 17 ساڵی قاجار، دەبرا بەڕێوە ناوی ئەحمەد شای قاجار بوو، کە کوری محەمەد عەلی شای دیکتاتۆری دەرکراو راکردو بوو.
سەرۆک هۆزی قاجارەکان کە ناسر الملکی ناووبوو، کرابووە جێنشین تا هاوکاری شا ئەحمەد بکات، لە بەرێوەبردنی وڵاتدا، تا تەمەنی دەبێتە هەژدە ساڵان، ئەو وڵاتی بەرێوە دەبرد، لەباتی شای منداڵ.
لە سەردەمی ئەم شا منداڵەدا، ئێران شەڕو ئاژاوە زیاتر گرتیەوە، کێشەکانی سەردەمی باوکی لەگەڵ بزوتنەوەی نوێخوازانی مەشروتەو کۆنەپەرستانی سەر بە حەمە عەلی پاشای باوکی کە نەیتوانی بە سەریاندا سەرکەوێت، زیاتر پەرەیان سەندبوو. هەروەها دوو شۆرش سەری هەڵدابوو، شۆرشی سمکۆی شکاک لەرۆژهەڵاتی کوردستان و شۆرشی جەنگەڵ بە سەرکردایەتی میرزا کوچوک خانی جەنگەڵ.
لەم کاتەدا لە رووسیای دا، بەلشەفیکە کۆمۆنستەکان بەسەرکردایەتی لینین شۆرشی ئۆکتۆبەریان کرد هەڵگیرسان، بەسەر قەیسەری روسیابسەرکەوتن و لەناویان برد. هەرچی سوپایەکیان لەدەرەوەی رووسیا هەبووکێشایانەوە ناو روسیاو بەو سوپایەشەوە کە لەئێراندا بوو. هەرچی پەیمان نامەکانی سەردەمی قەیسەرە پوچەڵ کرانەوە.
ئێران لەم سەردەمەدا بەتەواوی کەوتە ژێردەستی ئینگلیزەکان، ئینگلیز بیریان لەگۆرینی ئەحمەد شای قاجار کردەوە کە توانای چارەسەرو بەڕێوەبردنی وڵاتی نەبوو. بەدەرکردن و راونانی باوکی، شەرو ئاژاوەی ناو تاران و پەرلەمان بە ڕابەرایەتی نوێخوازە مەشروتەیەکان کە دژی ئینگلیزو روسەکان بوون و داوای دەرکردنیان دەکردن و شا دروشمی مەشروتەیەکان ( ئازادی و دیموکراسی و حوکمەتێکی پەرلەمانی ) بوو بەهەموو ئیراندا بڵاو بووبونەوە. رۆشنبران لە شارە گەورەکاندا پاڵپشتی نویخوازەکان بوون کە خەباتیان لە پێناو ( ئیرانێکی یەکسان و مودیرن و دیموکرات و کۆمەڵگەیەکی بەتواناو رۆشنبیرو بەرەو پێشەوە چوو دەکرد) ئینگلیزەکان لەمەشروتەیەکان دەترسن، بۆیە بەفیتی ئینگلیز بریاری گۆرینی ئەحمەد شایاندا.
رەزا شا کە لە سەربازیدا بە توانای خۆی پلەکانی سەربازی دەبری و بە هۆی دڕندەی و تواناو شەڕکەریەوە، ئینگلیزەکان چاویان لەسەری بوو. کردیان بەسەرکردەی سوپا، لە ساڵی1921 و بەخۆی و سوپاکەیەوە ناردیانە تاران کە ئاژاوەو شەرو شۆری تێدابوو، توانی کە تاران داگیربکات. رەزاشا توانی بەهێز پەرلەمان داگیرکات و مەشروتەیەکانی دەستگیرکرد و شەرو ئاژاوەو گرتن و لێدان و کوشتن زیادی کرد.
پاشماوەیەک کرایە سەرۆک وەزیران، بە پیلانێکی ئینگلیز ئەحمەد شایان بەناوی نەخۆشیەوە ناردە پاریس و دوریان خستەوەو رەزا شای نۆکەری ئینگلیزیان خستە شوێنی، بەم شێوەیە کۆتای بە دەسەڵاتی قاجارەکان هێنرا لەئیراندا.
ئینگلیزەکان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا، سەربازێکی دڕندەیان هێناو پاش 5 ساڵ لەفێرکردن و خزمەتکردن و پشتگیری کردن و پلان بۆ داڕشتنی لە ساڵی 1926دا کرابە شاو نازناوی پەهلەوی بۆ خۆی دانا.
رەزا شا بەپێی پلانەکانی ئینگلیز کارەکانی جێبەجێ دەکرد، دەستیکرد بەگرتن و کوشتن و زیندانی کردنی هەموو ئەوانەی دژی ئینگلیز بوون، لە ژێر لێدان و ئەشکەنجەداندا دەمیان پێدادەخستن، بەزەبر و زۆنگی رەزا شا هەرچی رۆژنامەیەکی ئازاد هەبوو داخران و نەمان.
دژایەتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەکرد کۆبونەوەو خۆپیشاندان قەدەغە کران. دژایەتی میلەتانی ژێردەستەی ناو ئیرانی کرد، زمانی نەتەوە جیاوازەکانی قەدەغە کردو زمانی فارسی بەزمانی رەسمی ناساند.
حەمە رەزا شا بەفیڵ و زۆر بە نامەردانە شۆرشی سمکۆی قارەمانی کوردی تێکشکاندو سمکۆی سەرکردەی شەهیدکرد، هەروەها شۆرشی جەنگەلیشی نەهێشت.
لە کارە هەرەخراپەکانی رەزاشا مۆرکردنی پەیمانێکی تازەبوو لە گەڵ ئینگلیزدا، بە پێی ئەم پەیمانە هەرچی دەسکەوت و خێرو بیرو نەوتی ئیران بوو دەرژایە بانکەکانی ئینگلیزو گیرفانی ئەوانەوەو میلەتیش برسی و هەژار.
لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمدا دەنگ بڵاو بوەوە کە رەضا شا دۆستێکی نزیکی ئەڵمان و هیتلەرە، شا پشتگیری هیتلەر دەکات.
لەبەر ئەوە ئینگلیز و روس رەضا شای پەهلەویان لە پاش 16 ساڵ پاشایەتی و کارکردن بۆ ئینگلیز دووریان خستەوەو ناردیان بۆ خواروی ئەفریکا لەوێ لەسالی 1944دا کۆچی دوای کرد.
رووس و ئینگلیزەکان دەیانویست کە لەپاش دەرکردنی رەزا شا محەمەدی کوری کە تەمەنی21 ساڵ بوو لە باتی باوکی دانەنێن و کەسێکیتر لە قاجارەکان بکەنەوە بە شای ئێران.
پەرلەمەنتارە ئێرانیەکان کە دەسکردی ڕەزا شا بوون، محەمەدی کوری رەضا شایان بردە پەرلەمان و سوێندی یاسایان پێخواردو تاجەکەیان کردە سەری و کردیانە شای وڵاتی فارس،یان شای شاکان.
محەمەد رەزا پەهلەوی لە1919دا لەدایک بووە، لە ساڵی1941داجێگەی رەزا شای باوکی گرتەوەو تاجی شاهەنشای ئێرانی کردە سەر.
حەمە رەزاشا لە پاش هەڵگیرساندنی شۆڕشیی ئێران هەڵهات و لە وڵاتی میسر جێگیر بوو لە ڕێکەوتی 27/07/1980 لەقاهیرە کۆچی دوای کرد. 40 ساڵ بەزەبری کوتەک و پۆلیسی نهێنی ساواک بە پاڵپشتی ئەمریکاو ئەوروپای رۆژئاوا، حوکمی مەملەکەتی ئیرانی کرد، تا لە 11/02/1979 دا لەلایەن ئیسلامیەکانەوە روخێنراو کۆماری ئیسلامی جێگەی گرتەوەو تا ئەمڕۆ بەردەوامە.
حەمەرەزا زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی بە باشی دەزانی، لەسویسرا خویندبووی، حەزی لە گەران و جل و بەرگی جوان و کەشخەو ئاهەنگ و خۆشیەکانی ژیان بوو، وەک شایەکی خەیاڵی ناو چیرۆکە خەیاڵیەکان دەژیاو ژیانیکی خۆشی هەبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت