بەختیار نامیق: قۆناغی نەوەی دوەمی سەرکردەکانی شاخ و ململانێی نێوان ئامۆزاکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی مێژو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئاستێکی زۆر کاتێک باوکەکان دەستەڵاتیان گرتوەتە دەست هەمو جومگە هەستیارەکانی ئەو دەستەڵاتەیان بە ئامۆزا و زاوا و خوشکەزا و خزمانی خۆیان پڕ کردوەتەوە جا ئەگەر ئەو دەستەڵاتە گەورە بوبێ یان بچوک، یان بڵێین لە کوێرە دێیەکیشدا بوبێ، بەڵام کاتێک باوکەکان دەمرن ئەوا کوڕەکانی کاتێک دێنە شوێنی باوکەکانیان بۆ مانەوەیان و نەمانی ترس لە دەستەڵاتیان یەکەم کارێک کە دەیکەن دورخستنەوەی کەسە نزیکەکانی خۆیانە، واتا پچڕاندنی پەیوەندی خوێن لە ناو بازنەی دەستەڵاتدا، ئەوەی بە پلەی دوەمی خۆێن دێت ( ئامۆزا) دوریان دەخەنەوە یان دەیان کوژن، زۆر کات ئەم پچڕاندنی خۆێنە نەک لە نێوان ئامۆزاکاندا ڕودەدا دەگاتە بەرزترین خۆین کە براکانە، لە مێژوەوە دوای مردنی باوکەکان ئەم سڕینەوەی خوێن و ئامۆزایانە هەبوە لە مەغۆلەکانەوە تا دەگاتە جەنگیز خان لە نزیکیشدا حکومی سەدام تا دەگاتەوە ناو ماڵێ کەریم خانی زەند و ململانێکانی ناو میرنشینەکان و تا ناو حەرەمسەرای عوسمانیەکان و حەوزەی سەفەوییەکان.
لەگەڵ ئەم باسانەدا وڵاتە زل هێزەکان کاتێک دەست دەکەن بە فراوان خوازی بە پێ ی سنوری دەستەڵاتیان ئەو وڵات و هەرێمانەی دەستەڵاتی تەواوەتیان هەیە تیایاندا کار لەسەر پلانی ناوەی سەرکردەکان دەکەن بۆ بەرژەوەندی خۆیان واتا نەوەی سەرکردەکان، لەم نێوەندەدا تورکیا و ئێران لە عوسمانی و سەفەویەوە دوای ڕێککەوتنەکانیان تا ئێستا هاوبەرژەوەندین و پلانی هاوبەشیان هەیە، لە ئێستادا هەمومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە هەرێم دو زۆنە و هەر زۆنەی بە پێ ی ڕێککەوتنامەی ستراتیژی سەر بە وڵاتێکە (زۆنی زەرد تورکیا و زۆنی سەوز ئێران)
هەر کامیان کارێک بکات لە هەرێم بەرژەوەندیەکانی ئەوی تریان لەبەرچاو دەگرێت، بە لەبەر چاوگرتنی ڕێککەوتنە کۆنەکان و تازەکانیان بە نمونە تورکیا لە سوریا کار دەکات و ئێران لە عێراق هەردوکیان بەرژەوەندی دولایەنەی یەکتر دەپارێزن وەک نوێنەری یەکتر لەهەر شوێنێکیان مامەڵە دەکەن، لە هەرێمیش بە هەمان شێوە.
دوای مەرگی سەرکردەکان کار لەسەر ئەم پلانە دەکەن کە چواردەوری نەوەی سەرکردە پلە یەکەکان لە خوێن و ترس پاک بکەنەوە، لە زۆنی سەوز زوتر ئەم پلانە جێ بەجێ دەکرێت لە زۆنی زەرددا بە هێواشتر چونکە مەسعود بارزانی تا ئێستا ماوە، دوای گۆڕانی ڕێڕەوی بەریەککەوتنە گەورەکانی وەک ئەمریکا و چین و قوڵبونەوەی ململانێکانی بەرەی ڕوسیا و تورکیا و ئێران و چین لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ و هاوپەیمانەکانی چی تورکیا چی ئێران کار لەسەر خۆ داڕشتنەوە و پتەو کردنی خۆیان دەکەن، لەم دو زۆنەشدا کار بۆ دەستەڵاتی یەکەمی نەوەکانی مام جەلال و مەسعود بارزانی دەکەن، لە بەرامبەردا سفر کردنەوەی ئامۆزاکان، لە زۆنی سەوزدا نەهێشتنی دەستەڵاتی ئامۆزاکان ( ئاراس و لاهور و براکانی ) لە زۆنی زەردا نەهێشتنی دەستەڵاتی ئامۆزاکان (نێچیر و درێژکراوەکانی)، ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی و گواستنەوەی بۆ نەوەی دوەمی سەرکردە پلە یەکەکانی شاخ کە بە ڕێککەوتنی پەنجا بە پەنجا ناسراوە، ئیتر حیزبەکانی تر وەک پشک دەکەونە سەر هەمان سفرە، ئەگەر چی گۆڕان دەیەوێت ئەم مۆدێلە بگۆڕێت و کار لەسەر نیشتمانی بون دەکات، بەڵام پرۆسەیەکی مەدەنیانەی درێژ خایەنە بۆ گۆڕینی ڕەسمی ئەم دابەشکاریە و لە ئێستادا کە بەشدارە لە دەستەڵات تا ئاستێک توانیویەتی ببێتە بەشێک لە ناو دەستەڵاتەوە کار بۆ ئامانجەکانی دەکات کە بە نیشتمانی کردنی دامەزاراوەکانی ناو دەستەڵاتە.
لە ناو ئەم هاوکێشانەدا ئەمریکا و ڕوسیا و چین لە بەرامبەر هەرێم و لە بەرامبەر ئێران و تورکیا هیچ ناکەن و تەنها دۆخێکی سەقام گیریان دەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیاکانیان کە چی ئێران و تورکیا ئەم خاڵە لەبەرچاو دەگرن لە بەر هەژمونی دەستەڵاتی خۆیان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت