بورهان شێخ رەئوف: ڕوداوەکانى تونس لەنێوان کودەتاو گەندەڵیدا.

لەدواى ئەوەى ڕۆژى 25 تەموز 2021 خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى زۆر لە تونس ڕویدا لە ئاکامى هەموو ئەو کێشەو گیرگرفتە سیاسى و کۆمەڵایەتیانەى کە بەرۆکى وڵاتى گرتووە تەوەو، لەوانەش خراپتر خراپ بەڕێوەبردنى قەیرانى کۆڤید 19 کە ئەمڕۆ وا دووساڵە هەموو جیهان گیرۆدەى بووە.
بەپاساوى ئەو خۆپیشاندان و ئاڵۆزیانە سەرۆک کۆمارى تونس قەیس سەعید کۆمەڵێک ڕێکارى گرتەبەر و زنجیرەیەک بڕیارى سەرۆکایەتى دەرکرد:
1- سڕکردنى کارى پەرلەمان
2- لەکارخستنى سەرۆک وەزیران
3- دانانى خۆى وەکو داواکارى گشتى وڵات
4- ڕایگەیاند بە نیازە کەسێک ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى کابینەیەکى وزارى نوێ
سەرۆک کۆمارى تونس (قەیس سەعید) بۆ ئەنجامدانى ئەم گۆڕانکارییانە پیشتى بە مادەى (80) دەستورى وڵات بەستووە، کە دەستەڵاتى بە سەرۆک داوە کە ڕێکارى کتوپڕ و لەناکاو بگرێتە بەر لە کاتێکدا کە ئاسایشى نیشتمانى وڵات بکەوێتە مەترسیەوە، ئەم هەنگاوەشى پشتى بەوە بەستووە کە دادگاى دەستوورى نیە لە تونس شرۆڤە و لێکدانەوە بە درێژى بۆ بەندەکانى دەستوور بکا.
بەشێک لە لایەن و هێزە سیاسیەکانى تونس و تەنانەت چاودێران و شرۆڤەکارانى سیاسى ئەم هەنگاوانەى سەرۆک قەیس سەعید بە کودەتا لە سەر دەستوور دادەنێن ،بەتایبەتى ئێستا لەم بۆشاییە دەستوورییەدا سەرۆک خاوەنى دەستەڵاتگەلێکى ڕەهایە لە بوارەکانى سەرۆکایەتى جێبەجێکردن و دادوەرى دا.

کاردانەوەکان
حزبى نەهزەى ئیخوانى و هاوپەیمانەکانى هەوڵیان دا بەرەو ڕووى بڕیارەکانى سەرۆک کۆمار ببنەوە و نەچنە ژێربارى، لە ڕێگەى ئەکتیف کردنەوەى پەرلەمان، بەڵام هێزەکانى سوپاى تونس کە پاسەوانى و پارێزگارى لە تەلارى پەرلەمانى تونس دەکەن ڕێگەیان نەدا ڕاشید غەنووشى کە سەرۆکى پەرلەمانەوە ڕێبەر حزبى نەهزەشە لە گەڵ ئەندامانى پەرلەمان بچنە ناو تەلارى پەرلەمانەوە لە 26/7/2021.
لەلایەکى ترەوە سەرۆکى حکومەتى تونس( هیشام ئەلمەشیشى )ڕایگەیاند کە دەست لەکاردەکێشێتەوە و ئامادەیە دەستەڵاتەکانى ڕادەست بکات، بەڵام یەکێتى گشتى کارى تونس کە وەکو سەندیکاى گشتى کرێکارانى تونسە داواى لە سەرۆک کۆمار کرد کە پابەند بێت بە دەستوورەو و ژیانى دیموکراسى بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات، هەرچەندە لە بەیاننامەکەیاندا هیچ سەرکۆنەوەو ناڕەزایەتیەکى ئاشکرا بەدى نەکرا.

فاکتەرە سەرەکیەکانى
ئەم هەنگاوەى سەرۆک کۆمارى تونس لە دواى چەند مانگێک لە ململانێ و ناکۆکى لەسەر دەستەڵات هاتە گۆڕێ لە نێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانى تونس ، کەدواتر ناکۆکیەکان هەموارکردنێکى بەشێکى حکومەتى لێکەوتەوە لەلایەن سەرۆک وەزیران (مەشیشیەوە )، ئەم هەنگاوەى سەرۆک وەزیرانیش ناڕەزایەتى و بەرهەڵستى سەرۆک کۆمارى لێکەوتەوە ، کە بووە هۆى سەرهەڵدانى قەیرانێکى دەستوورى کە تا ئێستا بەردەوامە لە مانگى کانوونى دووەمى 2021 ەوە.
ئەم هەنگاوەى سەرۆک کۆمار (قەیس سەعید) هاوکاتە لەگەڵ گیرۆدە بوونى وڵات بە قەیرانێکى ئابوورى سەختەوە و سەرەڕاى لێکەوتەکانى کۆرۆنا ڤایرۆس، ململانێ لە سەر دەستەڵات، نەبوونى هەماهەنگى پێویست لە نێوان دەستەڵاتە جیاوازەکانى وڵاتدا، بەرێوەبردنێکى زۆر خراپ و کارەستبار لە هەمبەر کۆڤید 19 و دابین نەکردن وباش بەڕێوە نەچوونى هەڵمەتەکانى کووتان بە ڤاکسین، هەروەها شەپۆلە تازەو گۆڕاوەکانى کۆرۆنا ڤایرۆس بە تایبەت جۆرى دەلتا وایکرد تێکڕا هەفتانە (1000) کەس بمرن وەکو ڕێژەیەکى مامناوەند، سەرەڕاى ئەمەش بڵاوبوونەوەى چەندین گرتە ڤیدیۆیى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا کە خراپى دۆخى نەخۆشخانەکان و کەمى ئامێرو کەرەستەى پزیشکى و ماندووێتى و بێ توانایى پزیشک و کارمەندانى ساغڵەمى، رق ە بێزارى زیاتر کۆمەڵانى خەڵکى تونسى زیاتر کرد بەرامبەر کاربەدەستانى وڵات وکە بە گەندەڵ و دزو خۆپەرست و کورت بین بیانناسن.
ڕۆژى 26/7/2021 ژمارەى مردووان بە کۆرۆنا گەیشتە (18600) کەس، کە ئەمەش سەرۆک کۆمارى ناچارکرد ئیتر کە هەڵوێست وەربگرێت و دەستوەردان بکات وەکو پارێزگارو پاسەوانى دەستوور و ئاسایشى وڵات ، لە کاتێکدا ئەو وەکو کەسایەتیەکى سیاسى سەربەخۆە مامۆستایەکى زانکۆ کە لە ساڵى 2019 بە سەرۆک کۆمارى تونس هەڵبژێرا بەڵێنى ئەوەى دابوو کە دژ بە گەندەڵى و دزو جەردەیە و بە فیڕۆدانى ماڵى گشتى بووەستێتەوە بە دەنگێکى بەرز هاوارى دەکرد دژى مەحسووبیەت و تاقمەگەرییە هەمو ئەوانە هاوکار بوون بۆ ئەوەى ئەو تاقم و دەستە سیاسیانە ڕووت بکاتەوە لە دەستەڵاتەکانیان کە یارییان بە پیرۆزى و پرنسیبەکان و تواناکانى وڵات دەکرد بۆ بەرژەوەندى خۆیان و حزبەکانیان .

پلانى داهاتووى سەرۆک سەعید
1- پێدەچێت سەرۆک کۆمار سەرۆک وەزێرێکى نوێ ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانى کابینەیەکى وزارى تەکنوکرات بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکانى وڵات لە پێش هەموویانەوە کۆڤید 19.
2- دانانى نەخشە ڕیگایەک بۆ کۆکردنەوەى پشتگیرى و هاوکارى دەرەکى و ناوخۆیى بۆ ئەو هەنگاوانە.
3- ڕیفۆرم و چاکسازى و هەموارکردنى دەستوورو گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى کە ئەمەش ئامانج لێ ى جیاکردنەوەى دەستەڵاتەکان و دیاری کردنى دەستەڵاتەکانى سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمانە تاوەکو بەریەککەوتن ڕوونەدات و هیچ تاریکى و گومانێکى تێدا نەمێنێت .
4- ئەنجامدانى ڕاپرسى لە سەر گۆڕینى سیستمى حوکمڕانى.
5- ڕیفۆرم لە یاساى هەڵبژاردن.
6- ئەنجلمدانى هەڵبژاردنى پێشووەختە.
بەربەستەکانى بەردەم سەرۆک کۆمار
قەیس سەعید ئالەنگارى گەورەى لە بەردەمدایە بۆ ئەو ڕەزمە ڕیفۆرم و گۆڕانکارییە گرنگە، بۆ ئەوەى زەمینە سازى بۆ بکات و ڕەوایەتى پێویستى بۆ دابین بکات، ئەویش واتە کۆکردنەوەى پشتگیرى هەموو دامەزراوە نیشتمانى و چین و توێژەکانى وڵاتەکەیەتى کە خۆیان لە چوار لایەنى سەرەکى دەبیننەوە ئەوانیش ( یەکێتى گشتى کارى تونس و یەکێتى تونس بۆ پیشەسازى و بازرگانى و پیشەى دەستى و ڕاگرایەتى پارێزەران و یەکگرتووى تونس بۆداکۆکى لە مافى مرۆڤ )
ئەوەى گرنگە بۆسەرۆک قەیس سەعید ئەگەر خوازیارى سەقامگیرى درێژخایەن بێت بۆ وڵاتەکەى نابێت ڕیسک بە ئایندەى ئارامى و پێکەوەژیان بکات لە ولاتەکەیدا بۆیە پێویستە نەرمى تەواو بنوێنێت لە گەڵ هێزە مەدەنییەکان و و بەشدارییان پێ بکات لەو پرۆسەیەدا.
لە کۆتاییدا ئەم قەیرانە دەستوورى و ناوخۆییەى تونس هاوکاتە لە گەڵ دانوستانەکانى تونس و سەندوقى دراوى نێودەوڵەتى بۆ دانانى بەرنامەو پلانێکى ڕیفۆرمى نوێ ، بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ تونسیەکان بەرنامەیەکى کارى ڕوون و ڕەوان و بەهێز بە پشتیوانى هەموو لایەنەکان دابنێن بۆ ئەوەى متمانەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و دامەزراوە دارایى و نێو دەوڵەتیەکان بەدەست بێننەوە، بەتایبەتى کە ئێستا تونس بارێکى قورسى قەرزى لەسەرە ، پێویستى بە تواناى دارایى زۆر هەیە بۆ بنیاتنانەوە و دەربازبوون لەو قەیرانانە، بۆیە گرنگە و پێویستە زۆر بۆ تونسیەکان بە زووترین کات لەم دۆخە نالەبارەى ئاژاوەو ناسەقامگیرى دەربچن و گێڕانەوى ژیانى دیموکراسى و دامەزراوەکانى و خۆسازدان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى هەموو کۆسپ و قەیران و ئالەنگارییەکان.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies