مەحمود عەبدوڵا: سیاسەت وەک مومارەسەکردنی درۆ لەدیدی ئارێنت ـەوە.
ڕەنگە بەزەحمەت جۆرێک سیاسەت بدۆزینەوە بێبەری بێت لەدرۆ، ئەوەش وەک هانا ئارێنت دەڵێت: پەیوەندی بەسروشت و بوارو پێگەی سیاسەتەوە هەیە لەلایەک، لەلایەکیتر سروشت و بوارو پێگەی حەقیقەت. بۆیە نەک هەر سیاسیەکی دیماگۆجی، بەڵکو بۆسیاسیەکی بەڕێزیش درۆکردن پێویستە.” ئێمە ناتوانین لەحەقیقەتەوە بڕۆین بۆسیاسەت بەهۆی ئەو جیاوازیەی حەقیقەت و سیاسەت لەپانتایی گشتیدا و ئەوکاریگەریەی هەیانە لەسەر خەڵک، بەڵام دەتوانین لەسیاسەتەوە بڕۆین بۆ حەقیقەت، ئەوەش لەبەر کاریگەری سیاسەت لە سەر پانتایی گشتی و توانای سیاسەت. بەڵام حەقیقەت لە پانتایی گشتیدا نەدارو بێتوانایە، هەربۆیە لەسیاسەتدا هەمیشە جۆێک لە درۆو فریودان هەیە یان درۆی تەقلیدی. بەڵام ئەو بابەتە قسەکردن نییە لەسەر پەیوەندی و نێوان خراپی سیاسەت و حەقیقەت، بەڵکو قسەکردنە لەسەر درۆ وەک سیاسەت درۆی ڕێکخراو، بەو مانایەی کە سیاسەت خاڵیدەبێتەوە لەهەموو شتێک ودەبێتە مومارەسەکردنی درۆ، درۆ لێرەدا ئامراز نیە نیە بۆئامانجێک بەتەنیا، بەڵکو خۆی دەبێتە ئامانج و پرەنسیپ. واتا درۆکردن دەبێتە پرەنسیپ و هەموو حەقیقەتەکان دەشێوێندرێن، واقیع تەزویر دەکرێ.
لێرەدا جۆرێک درۆکردن جێگای باسە کە ئارێنت ناوی دەنێت درۆی نوێ،کە بەپێچەوانەی درۆی تەقلیدی مەبەستی شاردنەوەی حەقیقەتێک نییە، یان مەبەست لێی فریودانی کەسانێکی تایبەت نییە، بەڵکو مەبەست لێی فریودانی هەموانە و دواجاریش هەموان درۆدەکەن لەبارەی واقیعەوە گەمەبەکۆی ڕوداوەکان دەکرێت. مومارەسەکردنی درۆ وەک سیاسەت گوتنی درۆ نییە لەسەرشتێک کە لەبەرچاوی هەموان نییە، بەڵکو درۆکردنە لەسەر شتانێک کە هەموان دەیزانن بەبەرچاو ی هەموانەوە درۆلەبارەی شتێکەوە دەکرێت کەهەموان حەقیقەتەکەی دەزانن. لێرەدا چەکی هەرەکاریگەری درۆزنەکان ونکردن و شاردنەوەی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان حەقیقەتی واقیع و بۆچونە. چونکە وەک هانا ئارێنت دەڵێت: دژەکانی حەقیقەتی واقیع هەڵەو بۆچون و وەهم نین، وەک ئەوەی سەبارەت بە حەقیقەتی عەقڵی و پرسەکان ڕودەدات، بەڵکو لێرەدا ڕودانی توانایەکیترە سەبارەت بەواقیع، ئەویش درۆکردنی بەئەنقەست و بوختانکردن لەبارەی واقیعەوە.لێرەدا سۆزو بەرژەوەندی دەبێتە پێوەر بۆ ڕاستی نەک فاکتەکان! واتا کاتێک واقیعێک هەیە و هەموان دەیزانین و سیاسیەکان درۆ دەکەن لەبارەیەوە دەیانەوێت واقیع تەزویربکەن وێنەیەکی ساختە دروستبکەن، لەڕێگەی پڕوپاگەندەو و میدیاوە وێنەی واقیع لەسیاقی خۆی دەبەنە دەر، وێنەیەکی تری تەواو دروست دەکەن بەجۆرێک کە ئەسڵەکەی ونبێت، واقیعە تەزویرەکە جێگای وێنە ئەسڵەکە دەگرێتەوە .بەڵام لە درۆی تەقلیدیدا سیاق دەمێنێتەوە، وێنەکە کوندەبێت، بەڵام واقیع بەتەواوی ناسڕێتەوە.
ئەمە کاتێک ڕودەدات کە گروپێکی تێکدەر دێن دەستدەکەن بەدرۆکردن لەژێرناوی بۆچونی جیاوازدا داوای مافی دەستوریش دەکەن بۆخۆیان، واتا ئەوکەسە کەدرۆدەکات دەزانێت ئەوەی ئەودەیڵێت بۆچون نییە، بەڵکو درۆیەکی ئاشکرایە، لەڕێگەی زێدەخوازی لەبارەی لێبوردەیی و ئازادی ئەم گروپە تێکدەرە درۆ دەکەن لەبارەی واقیع و لەژێر ناوی بۆچوندا ،یان جیاوازی بۆچون، حەقیقەت دەشێوێنن و ئاڵۆزی دروستەکەن، لەم دۆخەدا جەماوەری پێنەگەیشتوی سیاسیش توشی هەڵەی گەورەو زیان بەخش دەبن. شاردنەوەی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان واقیع و بۆچون شێوەیەکە کەدرۆ تێیدا فۆڕمەلەدەبێت وەک ئارێنت دەڵێت.
خراپ بەکارهێنانی ئازادی لەلایەن گروپێکی تێکدەری درۆزن،کە خاوەن توانایەکی شاراوەی درۆکردنن دەبێتە هۆی ئاڵۆزی لەبارەی حەقیقەتی واقیعەوە. ئەودرۆزنانە دێن درۆ دەکەن واقیع بەگوێرەی خۆشی و بەرژوەندی خۆیان و هیواو ئامانجی جەماوەرەکەیان دەگونجێنن، ئەمەش وادەکات قسەکانیان زیاتر لۆژیکی بێتە بەرچاو،لە قسەکانی ئەو کەسەی حەقیقەت دەڵێت، بەهۆی ئەو تایبەتمەندیەی کە درۆ هەیەتی واتا توخمی لەناکاوی تێدایە. لەدۆخی ئاوادا وتنی ڕاستی دەبێتە خۆکوژی،چونکە سیاسەت لەسەر درۆ دەژیت. خراپ بەکارهێنانی ئازادی بۆچون و بیروڕا لە ئەنجامدا حەقیقەت دەشێوێنێت، ئەمەش وادەکات هەموان دەستبکەن بەدرۆکردن لەبارەی ڕوداوەکان بەگوێرەی بەرژەوەندی و خۆشی خۆیان.لەدیدی ئارێنتەوە جیاوازی درۆی تەقلیدی لەسیاسەتدا، لەگەڵ درۆی نوێ ئەوەیە کە مومارەسەکردنی درۆ وەک سیاسەت لەپێناوی فریودانی هەمواندایە نەک فریودانی دوژمن، یان کەسانێکی تایبەت. هەروەها درۆکردن پەیوەست نابێت بە تەنیا کەسانی دیبلۆمات و کارگێڕی دەوڵەت، بەڵکو هەموان درۆدەکەن نەک لەگەڵ خەڵک، بەڵکو لەگەڵ خودی خۆشیان لەم شێوازە نوێیەی درۆکردندا کە خەڵک ڕوگەیەکی مەترسیدار دەگرنەبەر لەلایەن گروپێکی فریودەری درۆزن ئاڕاستە دەکرێن، دواجار کێشە ئەوەیە بەهۆی ئەم هەمو درۆکردنەوە کەس باوەڕ بەهیچ ناکات، حەقیقەت گاڵتەی پێدەکرێ و سوک دەکرێت، لەئەنجامی ئەوەشدا دۆڕانی خودی ڕودەدات، واتا تاک بێ توانا دەبێت لەدەستنیشانکردنی ڕوگە و ئاڕاستەیەکی ڕاست پەیوەست بەبۆچونی خۆی، چونکە هەموو حەقیقەتی واقیع شێواوە، لەڕێگای تۆڕێکی فریودەری بەتوانا لەدرۆکردن. لێرەدا یە کە درۆکردن دەبێتە فاکتەری یەکەم لەسیاسەت، ئاستی توانای درۆکردن دەبێتە پێوەر بۆ سەرکەوتن لەکایەی سیاسیدا. مەترسی درۆی نوێ،کە گەمەکردنە بەکۆی حەقیقەت و ڕوداوەکان ئەوەیە کە درۆزنەکان خۆشیان دەخەڵەتێنن، واتا لێرەدا کەسی درۆزن دەبێت خۆیشی بڕوا بەدرۆکەی خۆی بکات، ئەوەیە جیاوازی درۆزنی نوی، لەگەڵ تەقلیدی کە ئەو هێشتا حەیقەتی لێون نەبووە و دەزانێت ئەوشتەی دەیڵێت درۆیەو جیایە لەواقیع، بەڵام لە سیاسەتی مومارەسەکردنی درۆدا خود دەخەڵەتێندرێت، دەبێتە هۆی دۆڕانی خودی لەبەرامبەر واقیعدا و درۆکردنی بەردەوام دەبێتە هۆی بەردەوامی دەسەڵات.
مەترسی ئەم درۆکردنە ئەوەیە کە حەقیقەت بەتەواوی ون دەبێت، بۆچون جێگای واقیع دەگرێتەوە،کە وەک وتم لێرەدا بۆچون تێگەیشتنی تایبەت و هەڵەیەک نییە، بەڵکو درۆکردنی ئاشکرایە، سەرەنجام کاتێک سیاسەت دەبێتە مومارەسەکردنی درۆ، بەپێچەوانەی ڕابردو و درۆی تەقلیدی، لەناوخۆدا کێشە دروست دەکات،دەبێتە هۆی هێنانی کێشەکانی دەرەوە بۆناوخۆ، ئەم جۆرە درۆکردنە لەسیاسەت دا ململانێی دەرەکی دێنێتە ناوخۆ. ئەمە جگەلەوەی فریودان بۆ گروپە بەرژەوەندیخوازەکان لەدژی نەیارەکانیان لەناوخۆدا بەکاردێت. ئەوگروپە کاتێک دەستدەکەن بەدرۆکردن، بیر لەوەدەکەنەوە ئاخۆ ژمارەی ئەوانە چەندە کەدەتوانن فریویان بدەن بیر لەشتی تر ناکەنەوە، سیاسەت دەبێتە فریودان و هیچیتر. دواجار بۆ ئەوەی ئەم دۆخە دروستببێت، کە درۆزنەکان تێکدەران بتوانن سیاسەت بکەن، ڕیسوانەبن”بەشێوەیەکی کاتی” سود لە جۆرێک فەلسەفە وەردەگرن، فەلسەفەی بێباوەڕی بەهیچ حەقیقەتێک، ئەمەش لەپێناو ونکردنی هێڵی جیاکەرەوەی نێوان درۆ وبۆچون! وەک هانا ئارێنت دەڵێت: باشترین ئەنجام لەسەرئاستی دورمەودا بۆشوشتنەوەی مێشک و عەقڵی خەڵک، بریتییە لەپێڕەوکردنی جۆرێک لەفەلسەفەی کەلبیەت. واتا ڕەتکردنەوەی ڕەهای بڕواکردن بەحەقیقەتی ڕەهای هەموشتێک بەبێ ڕەچاوکردنی چۆنیەتی سەلماندنی ئەو حەقیقەتە.
هۆکار هەرچی بێت ئێمە ئەمڕۆ لەودۆخەداین، دۆخێک کە متمانە بەهیچ حەقیقەتێک ناکرێت، تاکەکان لەڕێگەی هەندێک تەکنیکی وردی درۆکردن وایان لێکراوە نەتوانن جیاوازی لەنێوان حەیقەت و بۆچون و درۆ بکەن. بەجۆرێک ئەوەی واقیع ساختە دەکات و ئەوەی حەقیقەت دەڵێت لە یەک تەرازودان. هەموو شتێک کورت دەکرێتەوە لەبۆچوندا، ئەمەش وایکردووە درۆکردن ببێتە فاکتەری پلەیەک لەسیاسەتدا. بەجۆرێک بەبێ درۆکردن هیچ سیاسەتێک مومکین نییە. نەک درۆی تەقلیدی بەڵکو درۆی نوێ. هەر ئەوەندە توانای درۆکردنت هەبێت، ئیتر هیچ تابەتمەندیەکیتر پێویست نیە بۆ ئەوەی ببیە سیاسیەکی دیار. ئەگەر تۆ بتوانیت بە پێچەوانەی واقیع و ڕوداوە ئاشکراکان درۆبکەی ئەوە دەبیتە سیاسی، ئەگەر بتوانی بەدرۆ لەبارەی ڕوداوێک قسەبکەی کە بەبەرچاوی هەموانەوە ڕویداوە.