عەبدولکەریم شێخانی: خزمینە بە کۆمەڵێک خرتکە و پرتکەی دیکەوە هاتمەوە خزمەتتان

ئەمڕۆ شەممە 7- 8- 2021 لەسەر ئەم لاپەڕەیە بە دیدارتان شاد دەبمەوە و بۆ خۆمان هەندێک قسەی مزر دەکەین. بەڵام با جارێ با ئەم دێڕە شیعرەتان بۆ بخوێنمەوە کە برای ڕەوشتبەرز و قەڵەمڕەنگین دکتۆر مەولود ئیبراهیم هەموو جارێک بە بیری دینامەوە:
چونکە بۆ خۆی زۆر سەقیلە چا بە کەس نادا مەلا
جود بەخشیش بۆ مەلاژن چاکە چونکە چا دەدا
شاعیر ڕەنگە لە بن پەردەوە مەبەستێکی دیکەی هەبێ, بەڵام واى دەردەخا کە مەلا ڕەزیل و قرچۆکە و چاکە و پیاوەتیی لەدەست نایەو چایان ناداتێ, بەڵام مەلاژن بەخشندەیە و دڵ و دەست کراوەیەو چایان دەداتێ. لە ئەدەبدا بەو جۆرە دەربڕینە کە دوو واتای هەیە و ئاشکرا و پەنامەکی دەڵێن ( توریة ) کە بە کوردی پێم وایە ( درکە) یان بۆ داناوە. لێرە ڕەنگە شاعیر مەبەستی دیوە خراپەکەی نەبێ, بەڵام پیاو بەدەست خۆی نییە بۆ ئەو لایەنە دەچێت کە گوایە جەنابی مەلاژن (چا دەدا = چاک دەدا ). ( البلاغة) کە بە کوردی پێی دەڵێن ( ڕەوانبێژی), چەند لکێکی هەیە, یەکیک لەوانە درکەیە ( توریة ) کە دێڕە شێعرێک یان بەشێکی دوو واتای هەیە ( دیار و ئاشکرا ) و شاعیر مەبەستی لایەنە شاراوە, یان پەنامەکییەکەیەتی، بەڵام بە واتا ئاشکراکە دەیشارێتەوەو خۆی پێ دەپەڕێنیتەوە. شێخ ڕەزا شیعری لەم بابەتەی زۆرە. بۆ نموونە دەڵێ:
بۆ کەرێ ئیعلانی حەربی کرد لە سەرمان شێخ حەسەن
سەیری کـــەن یاران چ گۆبەندێــکی گێــڕا ئەو کەرە
شێخ ڕەزا مەبەستی لەوەی گۆبەندەکەی گێڕا کەرەکەیە یان شێخ حەسەن. جا ئەگەر شێخ بەدەنگ بێت و بە شێخ ڕەزا بڵێ چۆن وا بەمن دەڵێی, شێخ ڕەزا دەڵێ قوربان من مەبەستم کەرەکەیە.
هەر بە بۆنەی ( لک ) کە لە سلێمانی زیاتر ( لق ) بەکار دێنن, لە زۆر ناوچە ( لک ) بەکار دێنن. بۆ نموونە گؤرانییەک هەیە دەڵێ:
کیژێ مەڕۆ جوانی
سێوێ سەر لکانی
لە باخی مەجیدخانی
وا ديارە قسەکانم لکی دیکەیان لێ دەبێتەوە. ڕیکلامێکیان بۆ چایی کردووە, کە گوێم لێ دەبێ وا دەزانم سووکایەتی بەو خەڵکە دەکات و شیعرەکەشیان تێک داوە. شیعرەکە پێم وایە هى ( حریق ) ەو دەڵێ:
تاڵ و شیرین پێکەوە نەمدیوە چابێ, چا نەبێ
هەر کەسێکی هەمنشینی چا نەبێ, پێت چا نەبێ
واتە کۆبوونەوەی تاڵی و شیرینی پێکەوە لە چایی بەولاوە لە شتێکی دیکەدا نەمدیوە. دێڕی دووەم دوو مانا دەبەخشێ, یەکەم/ هەر کەسێک دانیشتن لەگەڵیدا باش نەبێ, تۆ ئەو کەسەت پێ باش نەبێ. دووەم/ هەر کەسێک حەز بەچایی نەکات و لەگەڵ چایی هاونشین نەبێ, تۆش ئەو کەسەت پێ چاک نەبێ.
وەکو گوتم: قسە قسە ڕادەکێشێ. جارێکیان شێخ رەزا دەچێ بۆ لای مەحمودپاشای جاف، لە دیوەخان دادەنیشن و پاشا دەڵێ: قاوە بۆ شێخ بێرن. شێخ ڕەزاش دەڵێ: پاشا ( قاوەقاو مەکە هەر چاکە چاکە ). واتە: پاشا مەڵێ قاوە قاوە, هەر چاییەکە چاکترە. یان قاوەقاو مەکە, واتە هەرا و دەنگە دەنگ مەکە, هەر چاکی چاکترە. ئینجا وشەی قاو مانایەکی دیکەشی هەیە, قاودان, واتە دەرکردن. کە دەڵێن فڵان کەسیان قاودا, واتە دەریان کرد. باشە با لە (قاوەوە ) بچین بۆ قاوت. قاوت نۆکی سوێرکراوی برژاوە و دەیکوتن وەک ئاردی لێ دێ جاران خەڵکی وەکو برێشکە دەیانخوارد, بە تایبەتیش منداڵ. دەڵێن جارێکیان پیرێژنێکی کەم ددان لە ڕۆژێکی ڕەشەبادا کیسەیەک قاوتی لە تەنیشت خۆی داناوە بێخوات و هەرجارێک کە گۆلمە قاوتێک دەردێنێ و بۆ دەمی دەبات, ڕەشەبا ناهێڵێ هیچ بچێتە دەمی. دەڵێن: پوورێ ئەوە چى دەخۆی؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: هەتا ئەو بایە لەو کونەوە بێ هیچ. بەخوا پێم وایە ئێمەش لەبەر ڕەشەبای حکوومەتی هەرێم هیچ ناچێتە دەممان. با لێرە بەئەوەندە واز بێنم باشترە نەوەک ئەم و ئەوى ماستاوچی و خۆهەڵواس پێمان بڵێن پیاوخراپ و تێکدەر.
لە هەندێک شوێن ئەگەر جۆگە و ئاو نەبوو, ناعوور هەڵدەبەستن, وەک شاری عانە و ڕاوەی سەر بە پاڕیگای ئەنبار کە لەسەر زێی فورات دایانناوە. لە کوردستانیش لە گەلێک شوێن لە نزیک ڕووبار و زێ بیری قووڵیان هەڵدەکەند و لەبەر ئەوەی شوێنەکە نزیک ئەو ئاوانە بوو, پڕ ئاو دەبوو و ناعووریان لەسەر دادەبەست کە بریتییە لە زنجیرە سەتڵێکی مەیلەو درێژکۆلە و ئەو سەتڵانەیان بەیەکەوە دەبەستەوە وەک چەرخ و فەلەکی جەژن کە کورسییەکان یەک بە دوای یەکدا دەسووڕێن و بە دارێکی ئەستووری درێژ کە بە ڕیزە سەتڵەکەیان دەبەستەوە و دارەکەیان بە کەرێکەوە دەبەست و کە کەرەکە بە دەوری بیرەکەدا دەسووڕایەوە, رێزە سەتڵەکانیش بە پڕ ئاوی دەسووڕان و وردە وردە لار دەبوونەوە و سەڕەنجام ئاوەکەیان لەجۆگەیەک ڕۆدەکرد کە بۆیان ساز کردبوو و بەو شیوەیە جۆگاکە ئاوی لێ نەدەبڕا و زەنگوڵەیەکیشیان بە ملی کەرەکەوە دەکرد بۆ ئەوەى ئەگەر ڕاوەستا بزانن ڕاوەستاوە و خێرا فریای کەون و لیی خوڕن. جارێکیان پاشای وڵات بەسەر هاووڵاتییاندا دەگەڕێ و ڕێی دەکەوێتە لاى یەکێک لەو ناعوورانە. پاشا ناعوورەکەی لا سەیر دەبێ و دەپرسێ ئەى ئەو زەنگوڵەیەتان بۆ بە ملی ئەو کەڕەوە کردووە. خاوەن ناعوورەکە دەڵێ: پاشام بۆ ئەوەى ئەگەر دەنگی زەنگوڵەکە نەهات دەزانین کەڕەکە ڕاوەستاوە و هەڵدەستین و لێی دەخوڕین. پاشا دەڵێ ئەى ئەگەر کەرەکە ڕاوەستا و ملی خۆی بادا؟ کابرا دەڵی ئینجا پاشا بە قوربانت بم کەر ئەقڵی جەنابتی لە کوێ بوو.
ئینجا با بە لاى ڕووداوێکی ناخهەژێندا بچین و دڵ و دەروونی خۆمان کەمێک مشتوماڵ بکەین. هەموو جارێک کە شتێکی جوان دەخوێنمەوە. حەز دەکەم خەڵکی دیکەش وەکو من چێژی لێ ببینن, هەرچەندە حەز و ئارەزووی هەموو کەسێک وەکو یەک نییە و بە تایبەتیش لە خوێندنەوەدا ڕەنگە هەر یەکە حەز بە جۆرە خوێندنەوەیەک بکات. بە هەر حاڵ من وا ئەوەی خوێندوومەتەوە دەیخەمە بەر دیدەتان و دوای ئەوە خۆتان ڕاو بۆچوونی خۆتان دەربڕن.
سەرگوزەشتەی بوویەرانە ( واقیعی)ى مرۆڤدۆستانە کە لە هەموو کات و شوێنێکدا جیهان پڕ دەکەن گەلێک زۆرن و تەنیا ئەوەیە پێویستییان بەوە هەیە یەکێک تێ بنییان بکات و بیانبینێ و لەگەڵیاندا بژی و ڕووناکییان بخاتە سەر وەک دەرهێنانی مرواری و گەوهەر لە بنی دەریا بەڵکو ببنە نموونەی زۆر دیار و هەندێک ویژدانی نووستوو, یان ئەوانەی خەریکە مەرگ دەیانباتەوە بهەژێنێ و ڕاچڵەکێنێ . با بچین بە لای ڕووداوەکەوە.
ڕۆژێکیان پیاوێک ئۆتۆموبیلەکەی لێ دەخوڕی و ژنەکەی لە تەنیشتی دانیشتبوو و کچە بچکۆلە چوار ساڵانەکەشی لە دواوە. لە پڕ لۆرییەک بە گوڕ و بێ وەستان لە لکە شەقامێک دەرچوو و ئۆتۆموبیلەکەی ئەوانی ڕاماڵی و باوک و دایکەکە بە سەختی بریندار بوون و بە پەلە بردیانن بۆ ژووری چاودێریی خەست و کچەکەش شکاویی هەبوو و چەند شوێنێکیشی بریندار بوو بوو, بردیانە بەشی منداڵان. ئەم سێ کەسە شتاقیان هیچ شتێکی لەبارەی ئەوی دیکەوە نەدەزانی و لەبەر سەختیی خۆ پێدا کێشانەکە لەهۆش خۆیان چوو بوون. دواى چەند ڕۆژێک کچۆڵەی کڵۆڵ هەر وەک خەونی دیبێ هاتەوە هۆش خۆی. ئازاری شکاوییەکەی و برینەکانی پێخەفەکەیان لی کردبوو بە دڕک و جگە لەوەش بیرکردنی باوک و دایکی و هەواڵ پرسینیان ئارامییان لێ هەڵگرتبوو و زۆریش دەترسا. بۆیە دەبوایە جگە لە چارەسەری پزیشکی لە رووی دەروونیشەوە ئاگاداری بکرایە و دڵی بدرابایەوە. ئەو پەرستارەی ئاگاداری کردنی ئەوی پێ سپێررابوو, هەرچەندە ژنێک بوو بە نێو ساڵان کەوتبوو, سۆزی خۆی بەسەردا باراند و لە جیاتی ئەوەى دواى تەواو بوونی نۆرەی حەسانەوەى بچێتەوە ماڵەوە, واى پێ باشتر بوو بە درێژایی شەو لای ئەو کچۆڵەیە بمێنێتەوە بۆ ئەوەى هەست بە ئەمینی و دڵنیایی بکات. واى لێ هات کچەکە بە تەواوی هۆگری بوو, بە تایبەتی کە گۆڤاری هەمە جۆری منداڵانەی بۆ دێنا و گۆرانیی بۆ دەگوت و چیڕۆکی بۆ دەگێڕایەوە. کە کەمێک چاک بووەوە, خستیە سەر کورسییەکی چەرخدار و بردی بۆ لاى باوک و دایکى لە باخی نەخۆشخانە. دواى ماوەیەکی زۆر, ئەو ڕۆژە هات کە لە نەخۆشخانە بچنە دەر. باوک و دایکەکە زۆر سوپاسی ئەو پەرستارەیان کرد لەسەر ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیەی و داوایان لێ کرد کە سەردانیان بکات. بەڵام کچۆڵەکە پێی داگرت و گریا و خۆی بە پەرستارەکەوە نووساند واتا لەگەڵیان بچێ. بە چاوی پڕ لە فرمیسکەوە داواى لێ بوردنی کرد, چونکە نەخۆشخانە منداڵی دیکەی لێن کە پێویستییان بە چارەسەر و سۆز و دڵنیایی ئەو هەیە. ئەو خێزانە تا چەند مانگێک بە تەلەفۆن پەیوەندییان بەو خانمە پەرستارەوە دەکرد. بەڵام دواى ماوەیەک ئەو خێزانە چوون بۆ دەرەوەی وڵات و پەرستارەکەش گوێزرایـەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە و ئیدی پەیوەندیی نێوانیان پچڕا.
دوای سی ساڵ پەرستارەکە لە ماڵەوە نەخۆش کەوت و ئەوسا تەمەنی لە هەشتا لای دابوو, بۆیە گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەی چاودێریی بەساڵاچوان و پەرستارێکی گەنج ئاگاى لێی بوو و چاودێرییەکی تایبەتیی دەکرد. شەوێکیان کاتێک کە پەرستارە پیرەکە لەگەڵ پەرستارەکەی قسەیان دەکرد, گەنجەکە ئەوەی بۆ گێڕایەوە کە ئەو پیشەى پەرستاریی لەبەر ئەو مرۆڤدۆستییە لا شیرین بووە کە لەو پەرستارەی بینی کاتێک ئەو چوار ساڵان بوو و ئەو پەرستارە زۆر ئاگاداریی کرد. بۆیە کە گەورە بوو, لە ڕشتەی پەرستاریی خوێندی و شووى کرد و ئێستا ئەوە سێ مانگە هاتوونەتە ئەو شارە و پێش مانگێکیش دەستى بەکار کردووە. پەرستارە گەنجەکە سەری سوڕما کاتێک پیرێژن پێی گوت: دووبارە وا بە یەک گەیشتینەوە و کارەکەمان هەڵگێڕاوەتەوە و ئەم جارەیان تۆ ئاگاداریی من دەکەیت و ئیدی هەردووکیان بە ماچ کردن و فرمیسک داباراندن دەستیان لە ملی یەکدیکە کرد. کە پیرێژن چاک بووەوە و ویستی بڕوات, پەرستارە گەنجەکە نەیهێشت و پێی گوت: منداڵەکانم پێویستییان بە گەوەترین و بەسۆزترین نەنکە. ئیدى ئەوە ڕۆژگارە دێ و تێدەپەڕێ و ڕووداوی وا جوان و سەرنجڕاکێش دەبینین.
ئێستا ئەو شیعرەی لە گوتارەکی پیشوومدا گوتوومە ڕاست دەرچوو:
تۆوی چاکـــەو پیاوەتی بچێنــە بۆ خۆی شین دەبێ
دەشت و دەری بەخشینەکەت سەوز و جوان و ڕەنگین دەبێ
چاکە بکە هەرگیز بیر ناچێ هەمیشە هەر لە بەر چاوە
هەم خوداداد پێی دەزانێ و هەم لەلای خوداش نووسراوە
خواتان لەگەڵ و لە هەموو دەرد و بەڵایەک دوور بن. تکایە چاوەڕانی خرتکەو پرتکەی دیکە بن.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies