زەبەنگ بەهادین: لە چ مەملەکەتێکدا دەژین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردوستان جێگەی بیرورا جیاوازەکان و ئایدیا دژ بە یەکەکان، ژینگەی کاپیتالیزمێکی (سەرمایەداری) نەخۆش و فودیالیزمێکی (عەشایەری) پەک کەوتە، ئیسلامی سیاسی لە ئاین لادەر و رۆشنبیری هاوردەکراو.
هەر چەمکێک بخەیتە ژێر زەرەبین کاڵی و کرچی و ژەهراوی بونی دەبینین، چۆن لە تاکی کورد تێبگەین و بزانین لە چ مەملەکەتێکدا دەژی؟ هۆکاری نەناسینی تاکی کوردی و ونبونیەتی لە نێو ئایدیا و کلتورە هێنراوەکاندا. واتا کەلەی تاکی کوردی لێکراوەتەوە و کەلەیەکی دی بۆ دانراوە، بەلام هەر بە جەستە کوردیەکەوە. سەرەتا ببینین ئەوەی رۆشنبیران کردیان بەشێک بوو لە وونکردنی شوناسی تاکی کوردی، کاتێک رۆشنبیر شیکار و دیدبینی و نووسین و ئاخاوتن بکات بۆ کۆمەلگای کوردی لەسەر بنەمای عەقل و میتودێکی هاوردەی رۆژئاوایی دەبێت شوناسی تاکی کورد لە ناو کلتور و ژینگەکەی خۆی چی بەسەر بێت. هەر ئەو ناوەندە رۆشنبیریانە بوون جیاکاری نیوان تاکیان دروستکرد لە نێوان رۆشنبیر و نا رۆشنبیر، شاری فلان و شاری فیسار، حیزبی بنەمالە و حیزبی مۆدێرن. لە پاشدا دەرکەوت ئەوەی ئەوان کاریان لەسەر کرد وونکردنی هزری کوردی بوو، بۆیە کۆمەلگا شێوا و کەوتە بێئومێد بوون، چونکە خوێندنەوەکەیان بە عەقلێکی کوردی نەبوو. تەنانەت کاتێک نیو لیبرالیزمیان( ئازادی تاک و ئازادی بیر و را) هێنا بێ ئەوەی شیکاری بۆ بکەن خستیانە ناو مێشکی تاکی کوردی لە ئەنجامی نەخوێندنەوەی دروست بۆ شوناسی تاکی کورد نیشتیمانیان لای گەنجێک کرد بە کاڵا کە ئامادەیە لە پێناوی لەزەتەکان بە ناوی ئازادی تاکەوە نیشتیمان و رەوشت و کلتوری بیفرۆشێتەوە. دەبینین رۆشنبیران لە رێگای رۆمان و کتێبەکانیانەوە هزری تاکی کوردیان تێرۆر کرد بە شاراوەی، ئەوەی سوودمەند بوو لێی دەسەلاتێ سیاسی بوو، کە ئەویش دروشمە ناشیونالیستیەکانی تەنها بۆ ئامانجە تایبەتەکانی حیزب و بنەماڵە بەکاریان هێنا. هەر رۆژێک بەرژەوەندی خواستی باسی دەوڵەتی کوردی دەکات لەگەل ئەوەی لە مانفیستی هیچ کام لەم حیزبانە باسی دەولەتی کوردی نەکراوە، هەر کات بەرژەوەندی پێچەوانە بویەوە ئێمە بەشێکین لە عێراق.
حیزبە ئیسلامییەکان خوێندنەوەی زۆریان ناوێ، چونکە ئاشکرا تر دیارن کە ئاین تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دێنن. دەنا بەپێی چ دەقێکی ئاینی رێگە دراوە لە شوێنێک یان دەزگایەک کار بکەیت و بەشێک بی لەو سیستمەی کە لە هەندێک لە یاساکان بۆ کارکردنی رۆژانە دژ بە بنەماکانی ئیسلام بێت و دژ بە دەقە قورێانیەکان بێت وەک مۆلەتی سەنتەری مەساج و کۆگای خواردنەوەی کحولی و چەند بابەتێکی دی. کامە شەرعی خوایە کە ئێستا خۆیان کاری پێدەکەن. ئەوەی بیانەوێت حەلالی دەکەن و تەفسیر و تاویلی بۆ دەکەن بێ ئەوەی بگەرێنەوە بۆ دەقە ئاینیەکە لە قورئان و سوونەتدا، بەلکو دەگەرێنەوە بۆ موجتەهدەکان ئەوانەی لەگەل بەرژەوەندی حیزبی ئەماندا بگونجێ، ئەمانیش کەلەی تاکی کوردیان لە شوناس و زیندوبونەوە خواز گۆری بۆ کەلەیەکی بەرژەوەندی دونیا خواز.
لەم مەملەکەتە دەسەلاتێ سیاسی کەوتۆتە بەر دوو بەرداش یەکیان ئەو کلتور و رەوشت و شوناسە راستەقینەیەی تاکی کوردی کە خۆی باش دەیزانێ وویست و خواستەکانی لە چیدا بەرجەستە دەبێت هەر لە دروست بوونی دەولەتی کوردی و پاراستنی کلتور و رەوشتی کوردی و جوانکردنی خێزان پەویوەندیە کۆمەلایەتیە تەندروستەکان بە مەبەستی مانەوەی شوناسی راستەقینەی تاکی کورد لەگەڵ کۆمەڵگایەکی دی کە دادەرێژرێتەوە لەسەر بنەمای بە جیهانبوونی لە ژێر چەتری کاپیتالیزم کە ئەویش لە ژێر سێبەری نیو لیبرالیزمدا دەیەوێت بیسەپێنێ بەسەر جیهان و ناوچەکەدا وەک دوا میراتگری زەوی. ئەم سیستمە جیهانیەش کار دەکات بۆ سرینەوەی کلتور و شوناسی تاکی کوردی و هەلوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەلگای تەندروست و دوا جار بە کاڵا کردنی تاک. لە نێوان ئەم دوو بژرادەیە دەسەلاتی سیاسی لە پێناو مانەوەی خۆی و دەسەلاتەکەی وویستی تەسلیم بوونیان بەو سیستمە جیهانگیریەی هەیە، چونکە خۆیان باش دەزانن رێگر بن دەگۆرێن یان لادەبرێن. ئەوەش کارەکەی بۆ ئەم دەسەلاتە سیاسیە قورس کردووە لە نێوان راگرتنی کلتور و شوناسی کوردی و سیستمی بە کالا کردنی جیهانی هەر بۆیە سوود لەو رۆشبنیرانە دەبینێت کە کەلەی کوردی دەگۆرن بە کەلەی رۆژ ئاوای بێ شیکاری بۆ شوناسی تاک، هەروەها سوود لە ئایدیا ئاینیەکان دەبینێت بۆ رواندنی ئایدیا ئاینی نەگونجاو بە کلتور و شوناسی تاکی کوردی، بەمەش دوو ئاراستەت نیشان دەدەن دەبێت تاکی کورد و کۆمەلگەی کوردی خۆی هەلیبژێرێ یان بەرەوە ئایدیایەکی ئاینی تایبەت کە بە مۆرک لە نێو هزری و کلتوری تاکی کوردی نییە ناتوانرێت خواسستەکانی تاک بەدی بێنێت لەم سەردەمی مۆدێرنەو تەکنەلۆژیە، یان ئەو کابیتالیزمە و لیبرالیزمەی کە تاک دەکا بە کالا، دوا جار تاک وا لێدەکەن بە کالا بوونەکە هەلبژێرێ و شوناسی راستەقینە و کلتوری کورد و هزری کوردی خۆی وون بکات و تێکەل بە جیهان ببێت وەک کالا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت