كوردستان ئەحمەد: بۆچی ئەمریكا پێشمەرگە ڕێكدەخاتەوە؟

سەرهەڵدانی شەڕی داعش، گرنگیەكی گەورەی هەبوو بۆ ناساندنی هێزە چەكدارە كوردییەكان، بەتایبەتی هێزەكانی پێشمەرگە، چونكە تاكەهێزبوون لە سەر زەوی ڕووبەڕووی چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بوونەوە و شكستیان نەهێنا، ئەوەش وایكرد نازناوی ئەو هێزە زۆر بەئاسانی و بەجیهاندا بەربڵاوببێتەوەو، وەك لۆبییەكی بەهێز دەركەوت، كە دوو پەیامی گرنگی تێدابوو.
شەڕی داعش بەجیهانی گوت كە كورد تەنها لە چوارچێوەی شەڕی پارتی زانیدا بەهێز نییە، كە شەڕی دەوڵەتانی دیكەی جیهای كردووە وەكحكومەتی عێراق، بەڵكو لەسەر زەویش و لە چوارچێوەی هێزی ڕێكخراوی نیشتیمانیشدا دەتوانێت ئەركی گەورە لەسەر شان بگرێت.

پنتاگۆن و پێشمەرگە
لە سەرەتاكانی شەڕی داعشدا بەتابەتی دوای ئەوەی، سوپای عێراق بەرامبەر بە چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی شكستی هێنا، هێزەكانی پێشمەرگە توانیان ڕۆڵێكی باش ببینن لە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو هێزانەدا، بەرەوپێشچوونەكانی پێشمەرگە ئەمریكایان زۆر دڵخۆشكرد.
بەرپرسانی باڵای پنتاگۆن هیوایەكی گەورەیان بە هێزی پێشمەرگە هەبوو، بۆیە هاتنەمەیدان و پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و زەمینیان لەگەڵ پێشمەرگە دروستكرد، لە دوای ئەو پەیوەندیانەشەوە پێشمەرگە بەرەوپێشچونی زیاتری بەخۆیەوە دەبینی و دەیتوانی زیاتر كۆنترۆڵی ناوچەكانی خۆی و ناوچەكانی دیكەش بكات.
پنتاگۆن بۆچوونی وابوو كە دەتوانن بەتەواوەتی پشت بەهێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ببەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش و شەڕی درێژخایەنی تیرۆر لە عێراق و ناوچەكەدا، هەربۆیە هاوكارییەكایان بەردەوامی پێدا.
لە دروستبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشدا پێشمەرگە ڕۆڵێكی گەورەی بینی، چونكە تاكە هێزی شەڕكەربوو لەسەر زەوی شەڕی بەرامبەرچەكدارانی داعش دەكرد ڕووبەڕوو، دواتریش هێزەكای دیكەی پێكهێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەركیان ئاسان بووبوو، كە بریتیبوو لەڕاهێنانی سەربازی چاودێری ئاسمانی، پێدانی زانیاری نهێنی، هاوكاری لۆجستی.
لەسەروو هەموو ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمریكا زۆر بەگرنگییەوە دەیڕوانییە بەروپێشەوەچوونەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لەگەڵ ئەوەش وردە وردە نهێنیەكانی هێزی پێشمەرگە دەكەوتە بەرچاویان و زۆر بە ئاسانی هەستیان بە مەترسیەكانی ناو هێزەكانی پێشمەرگە كرد.

كێشەكانی پێشمەرگە
لەدوای ڕاپەڕینەوە شەڕێكی گەورە كە پێشمەرگە كردبێتی شەڕی ڕاستەوخۆی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بووە، لەو نێوانەشدا نزیكەی 25ساڵ پێشمەرگە هیچ ئەركێكی قورسی وەك سوپاوسەربازی ڕاستەقینە لەئەستۆدا نەبوو.
ئەوەش بووبووە هۆی ئەوەی هەم لەلایەن فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە و خودی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگەوە ئەركی پێشمەرگە فەرامۆش بكرێت، بەجۆرێك ناوی پێشمەرگە بەرەو كاڵ بوونەوە دەچوو.
پێشمەرگە كێشەی گەورەی هەبوو كە گرنگترینیان بریتیبوو لە:
یەكەم/ نەبوونی چەك وراهێنانی پێشكەوتوو
دووەم/ نەبوونی موچەیەكی شایستە
سێیەم/ ناڕێكخراوەی و نانیزامی بوون لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە
چوارەم/ پەرتەوازەیی لەڕووی ئێرادە و مەبدەئیەوە
پێنجەم/ فەڕمی نەبوونیان وەك هێز كە زیاتر هێزی حزبی و كەسیبوون
شەشەم/ نەبوونی بەرنامەوپلانی تۆكمە بۆ ڕاهێنان و رووبەڕووبونەوەی هێزی چەكداری و گروپی تیرۆریستی و سوپای ڕاستەقینە.
لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی گەورەی دیكە كێشەی هەبوو پێشمەرگە كەتا ئێستاش پێوەیەوە دەنالێنێت، وەك نەبوونی جلوبەرگ چەكی پێشكەوتو و ئامێری پێشكەوتوو، هەواڵگری خراپ، ناڕێكوپێكی، دابەشبوونی ئیرادی و متمانەی.
هەموو ئەوكێشانە پێشمەرگەیان بەتەواوەتی لاوازگردبوو، كە خراپترین خاڵیان بریتییە لەوەی كە ئەم هێزە نیزامی نەكرابوو، ژمارەیەكیبێشوماری چەك بەدەستی حیزبی بوون، پارە و چەكیان نەبوو، لە دۆخێكی خراپدا گوزەرانیان دەكرد.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەموو ئەو كێشانەو زیاتریشی لەنێو ڕیزەكانی پێشمەرگەدا دەبینی ڕاپۆرتی تەواوەتی لەو بارەیەوە هەبوو، بۆیە پڕۆژەی ڕێكخستن و یەكگرتنەوەی پێشمەرگەی ڕاگەیاند و هەرێمی كوردستانیش بە باشی پێشوازی لێكرد.

پڕۆژەی ڕێكخستن و یەكخستنی پێشمەرگە
بەسەرپەرشتی لیژنەیەكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پنتاگۆن) و چەندین وڵاتی دیكە، پڕۆژەیەك بۆ ڕێكخستنەوە و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ڕاگەیەندراو، بەخۆشحاڵییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێشوازییەكی گەرمی لەو پڕۆژەیەكرد.
پڕۆژەكە هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونییەوە تائێستاش زۆر بەسستی بەڕێوەدەچێت، بەهۆی كۆمەڵێك گرفتی گەورەوە كە گرنگترینیان حزبی بوونی ئەوهێزە و پەرتەوازەیی و ناڕێكوپێكی سەربازی پێشمەرگەوە هەیە.
ئێستا پڕۆسەكە لەقۆناغێكی هەستیار و گرنگدایە، چەندین یەكە ڕێكخراونەتەوە، بوونەتە سەربازێكی ڕاستەقینە و لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەكرێ، گرنگی و هەستیاری قۆناغەكە لەوەدایە كە هێزی ژێردەسەڵاتی حزب دەردەهێنرێت، دەدرێنە دەست حكومەت و یەك جۆر چەك و یەك جۆر مووچە و یەك جۆر ڕاهێنان و یەك جۆر سیاسەت وەردەگرن.
ئەگەر ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە 10 ساڵی دیكەش بخایەنێت بێگوومان زەروریەتێكی نیشتیمانییە كە ئەو ڕێكخستن و یەكگرتنە سەربگرێت، بەڵام هەتا پڕۆسەكە بەباشی و بەڕوونی و بەزووی ئەنجامبدرێت، لە قازانجی یەكەم كورد – دووەم ئەمریكادایە.
هەمووكەس ئەو ڕاستییە دەزانێت ناوچەكە لە گۆڕانكارییدایە، ئەگەر ئەمریكا بكشێتەوە زۆر كەس خۆی بۆ دۆخەكە ئامادەكردووە، دەبێت كوردیش خۆیی ئامادە بكات لە ڕووی سەربازی و سیاسیشەوە.
ئێستا شیعە و ئێران هێزی نیزامی و تۆكمەیان هەیە، كە دەتوانن بە ئاسانی ناوچەی زۆر گرنگ كۆنترۆڵ بكەن، توركیاش بەهەمان شێوە، هێزی نیزامی گەورەی خۆی هەیە. دەبێت كوردیش ئەم هێزەی خۆی پڕچەك و ڕێكبخاتەوە بۆ ئەوەی ئامادەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا و دروستبوونی هێزێكی دیكەی وەك داعش.
ئەگەرێكی باویش هەیە كە گفتوگۆی دەم سیاسی و سەربازیەكانە كە عێراق دابەش دەبێت بەسەر سێ پێكهاتەدا كە دەبێت لەو سێ پێكهاتەیەش كورد سوۆپایی ڕێكخراوی تۆكمەی خۆی هەبێت و بتوانێت بمێنێتەوە.
بابەتێكی دیكەی گرنگتر كە بریتییە لە كۆتای هاتنی سایكس پیكۆ كە ئەگەری هەیە توركیا بیەوێت ناوچەكە بكاتە جێ نفوسی خۆی و ئێرانیش بە هەمان شێوە، خۆ ئەگەر پێشمەرگە ڕێك نەخرێتەوە و یەكنەگرێت بێگومان مەترسی گەورە لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەبێت.

بۆچی ئەمریكا ئەوكارە دەكات؟
ئەمریكا بەڕاستی پەرۆشیەكی زۆری بۆ پرسی ڕێكخستنەوەی هێزەچەكدارەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، زۆر بەزووی دەیەوێت پێشمەرگە ڕێك بخرێتەوە و یەك بگرێت، چونكە لەئەگەری دروستبوونی هەرهێزێكی دیكەی چەكداریدا بێگوومان ئەمریكا هاوكاری سەربازی پێشمەرگە دەكات، وە هەروەها دەیەوێت لە ناوچەكەدا هێزێكی ڕێكخراوی تایبەت هەبێت كە متمانە پێكراوبێت و مەترسی نەبێت لەسەر هیچهێزێكی دیموكراسی. چەند ئەگەرێك هەیە لەپشت ئەوەی كە ئەمریكا بۆ بەپەرۆشە بۆ ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە، وەك ئەوەی ئەگەر هێزێك لەناوچەكە دروست ببێت، ئەوا هیوا تەواوی بە پێشمرگە دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی.
یاخود گەر ئەمریكا توشی شەڕێكی دیكە ببێت لە ناوچەكە لەگەڵ هەر لایەنێك بێت ئەوا بێگوومان پێشمەرگە بەشێك دەبێت لە هاوكیشە سەربازییەكە، و هێزی دیكەشی ئامادەكردووە بۆ ئەو مەبەستە.
بێگومان گەر پێشمەرگە ڕێكبخرێتەوە ئەوا لە دەستوری عێراقدا كە ماف و ئەركی هاتووە، بێگوومان دەتوانێت ببێتە خاوەنی زۆر شتی گرنگ كە دورنییە فڕۆكەش وەربگرێت واتە فڕۆكەی شەڕكەر.
لەهەموو قۆناغ و كات و شوێنێكدا هەم بۆ كورد هەمیش بۆ ئەمریكا گرنگە، هێزێكی ڕێكخراوی تۆكمە لە ڕووی هێرش راهێنان چەك هەواڵگری هەموو بوارەكانی ترەوە گرنگە هەبێت، چونكە ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە و دۆست و دوژمنیش هێزی تۆكمەی گەورەیان ئامادەیە.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies