نەوزادى موهەندیس: لافاو، مەترسیە بەردەوامەکە بۆ سەر شارستانێتى مرۆڤایەتى!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆى زەوى و شارستانێتى مرۆڤایەتى بەگشتى لە دەستپێکى مێژوەوە تاکو ئێستا بە بەردەوامى لەبەردەم هەڕەشەى وێرانبوون و تێکدان و لەناوچووندا بوە، هەربۆیە هەمیشە مرۆڤ و مرۆڤایەتى و ژیان و گوزەران و شارستانێتیەکانیش هەمیشە لە دڵەڕاوکێ و مەترسیدا ژیاون و هەر ئەمەش وایکردوە کە پلان و بیرى نوێ و داهێنانى پێشکەوتوو وەدیبێنن بۆ بەرەنگاربونەوە و ڕێگریکردن لە مان و بوونى خۆیان و درێژە بەکاروانى پێکەوەنان و بنیاتنان و پێشکەوتن و داهێنانەکانیان بدەن و دەستەوستان دانەنیشن لەبەردەم هەڕەشە و کارەسات و ڕووداو و مەترسیە سروشتى و دەستکردەکانى مرۆڤ خۆشیدا و بەم شێوەیە توانراوە کە بۆ ملیۆنان ساڵ ئەم گۆى زەویە بە ئاوەدانى و گەشەکردوویى بهێڵنەوە.
جا یەکێکێک لەو هەڕەشە و مەترسیە بەردەوامە سروشتیانەى کە بەدرێژایى ساڵ و وەرزەکان لە ناوچە جیاوازەکانى زەویدا دووبارە دەبێتەوە بریتیە لە لافاو. بەشێوەیەک 80-90% لە کارەساتەکان لە 10 ساڵى ڕابووردوودا لە ئەنجامى لافاو و وشکە ساڵى و گێژەڵوکەى کەمەرەیى و شەپۆلى گەرماى توند و گێژەڵوکە توندەکاتەوە بووە.

لافاو :
بە واتاى ئاوێکى ڕۆیشتوو دێت کە لە وشەى کۆنى ئینگلیزیەوە FLOOD دێت، کە بریتیە لە کۆبونەوەى بڕێکى گەورە لە ئاو کە زەوى دادەپۆشێت. لافاو زۆر جاران بە توڕەبوونى سروشتیش ناودەبرێت.

مێژووى لافاو:
لافاو مێژوویەکى دێرینى هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ لافاوە بەناوبانگەکەى سەردەمى نوح پەیامبەر.
هۆکارەکانى ڕوودانى لافاو:
1- بەزۆرى بەهۆى باران بارینى زۆرو بە خوڕەوە دەبێت.کە دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى ئاستى ئاو لە ڕێڕەوە ئاویەکاندا وەک جۆگەلە و ڕووبار و دەریاچەکان.
2- ڕەنگە بەهۆى دیاردەکانى هەڵکشان و داکشانى ئاوى دەریاو و زەریاکانیشەوە ڕووبدات.
3- بەرزبونەوەى پلەى گەرماى بەرگە هەواى زەوى لە ئەنجامى گۆڕانى کەشوهەواوە دەبێتە هۆى باران بارینى زۆر و بەخوڕ.

لافاو بە گشتى زیانبەخشە و لە کاریگەرى و زیانەکانیشى بریتیە لە:
1- تێکدان و ڕووخاندنى ماڵ و باڵەخانەکان.بەهۆى بەرزى فشارەکەیەوە بەشێوەیەک 1م3 ئاو کێشەکەى دەگاتە 1 تەن کە ئەمەش فشارێکى گەورە دروستدەکات و هەر کەس و بونەوەر و دروستکراوێک لەبەردەمیدا بێت ڕایدەماڵێت.
2- زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێل و دار و درەخت و باخچەکان.
3- زیانگەیاندن بە ڕێگاوبان و پرد و هێڵى شەمەندۆفێر و وێسگەکانى پۆستە و گەیاندن و دامەزراوە و کارگە پیشەسازیەکان..
4- زیانگەیاندن بە وێسگە و هێڵەکانى کارەبا و تێکدان و هەڵتەکاندنى ئاوەڕۆ و تۆڕەکانى ئاو.
5- تێکدان و زیانگەیاندنیش بە لەوەڕگا و زەویە کشتوکاڵیەکان و ڕەز و باخ و بێستانەکان.
6- ڕاماڵینى چینى سەرەوەى خاک وزەوى و بەفرى سەر چیاکان.
7- داپۆشینى کەنار ئاوەکان بەهۆى بەرزبونەوەى ئاستى ئاوى ڕووبار و دەریاکان.

جا لافاویش چەندین جۆرى جیاوازى هەیە لەوانە:
1.لافاوى ڕووبارەکان: کە دووجۆرى هەیە: لافاوى هێواش کە بەهۆى باران بارینى بەردەوام وبەخوڕى وەرزی و گێژەڵوکەى کەمەرەیى و گڕکان و ڕەشەبا و بارانى گەرما ڕوودەدات .وجۆرى دووهەمیش:لافاوى خێرایە و بەهۆى هەورەبروسکە و بارانى زۆر یان دەرچوونى لەناکاو و داڕمانى زەوى و بەفرەوە یان بەنداوەکانەوە ڕوودەدات.
2. ڕێژگەى ڕووبار و لافاوەکان: بەزۆرى لە تێکەڵەى هەڵکشانى دەریایى دروست دەبێت بەهۆى ڕەشەباوە،یان گێژەڵوکەى کەمەرەییەوە یان گێژەڵوکەى دەرەوەى کەمەرەیى.
3.لافاوە کەنارییەکان:بەهۆى گێژەڵوکە بەهێزەکانى دەریاوە یان مەترسى تسونامى یان پاڵپێوەنانى گێژەڵوکە یان گێژەڵوکە کەمەرەیى و ناکەمەرەییەکانەوە ڕوودەدات.
4.لافاوە وێرانکەرەکان :بەهۆى ڕووداوێکى گەورەوە وەک داڕمانى بەنداو یان بوومەلەرزە یان تەقینەوە گڕکانیەکانەوە ڕوودەدات.
5.لافاوە لیتەییەکان: لە زەویە کشتوکاڵیەکاندا ڕوودەدات بەهۆى داڕمانى زەویەوە.
6. جۆرەکانى ترى لافاو:
کاریگەرى و ئاسەوارەکانى لافاو: چەند جۆرێک کاریگەرى بەجێدێڵێت لەوانە:
1- ئاسەوارە سەرەتاییەکان : لەناوبردنى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەک و زیندەوەران و ئاوارەبوون و ڕووخاندنى ماڵ و بینا و ڕێگا و پردەکان و ڕاماڵینى زەوى و ئۆتۆمبێل و تێکدانى ئاوەڕۆ و تۆڕەکانى دابەشبوونى ئاو و کارەبا و …هتد.
2- ئاسەوارە لاوەکیەکان : پیسبوونى ئاوى خواردنەوە و بڵاوبونەوەى نەخۆشیە گوێزراوەکان و …هتد.
3- ئاسەوارە درێژخایەنەکان : لەبوارى ئابورى و گەشتیارى و ژێرخان و نۆژەنکردنەوەى بیناو ڕێگاوبانەکان و تۆڕەکانى ئاو و کارەبا و پەیوەندیەکان و کەمبونەوەى خۆراک و بەرزبونەوەى نرخەکان.

چۆن کۆنتڕۆڵى لافاوەکان دەکرێت ؟
1- بەهۆى دروستکردنى بەنداوەکان.
2- دانانى ڕێگریەکان.
3- دروستکردنى کۆگاکانى ئاو.
4- دانانى کیسى خۆڵ و لم و بۆرى هەڵگیراو و فووتێکراو.
5- دروستکردنى دیوارى ڕاگر لە کەنار دەریاکان و ڕێگرەکانیش.
6- ڕواندن و چاندنى دارو درەختى زۆر لە چواردەورى شارەکان و نەبڕینەوەیان.

ئەرێ لافاوەکان تەنها زیانیان هەیە؟ یان سوودیشیان هەیە؟
بەدڵنیاییەوە لافاوەکان سەرەڕاى زیانەکانى سوودیشیان هەیە لەوانە:
1- زیادکردنى ئاوى ژێر زەوى.
2- بەپێزکردنى خاک بەدابینکردنى جۆرەها خۆراک بۆى.
3- پێدانى ئاو بەو ناوچانەى کە وشکن و بیابان و ڕووتەنین بەهۆى کەمبارانیەوە.
4- پارێزگارى کردن لە هەمەجۆرى بایۆلۆجى دەکات.

توندترین لافاوەکان لە جیهاندا:
لە مێژوودا گەلێک جۆر لافاو لە جیهاندا ڕوویانداوە بە بەردەوامى، بەڵام هەندێکیان لە ڕادەى توندى و بەهێزى و گەورەیى زیانەکانیاندا بەناوبانگ بوون وەک:
1- هۆڵەندا ساڵى 1530 .
2- لافاوەکانى وڵاتى چین لە ساڵانى 1887 و1931 و1935 و 1938 و 1975دا.
3- تسونامى زەریاى هندى ساڵى 2004.
4- ڤێتنام ساڵى 1971.
5- بەلجیکا و ئەڵمانیا و سویرسرا لەساڵى 2021دا.

چەند نمونەیەکى لافاوەکان و بڕى زیانەکانیان:
لە ساڵى 2020دا:
فلیپین: 2ملیار دۆلار
فەڕەنسا+ئیتالیا: 3.2 ملیار دۆلار
هندستان: 4 ملیار دۆلار
سودان: 3-4ملیار دۆلار
یابان: 8.5 ملیار دۆلار
چین: 12.9 ملیار دۆلار
ئەمریکا: 7.8 ملیار دۆلار
ئەندەنوسیا: 368.64 ملیۆن دۆلار
ساڵى 2021:
گەورەترین لافاو و بەزیانترین لافاو لەسەدەى 21دا لە کیشوەرى ئەوروپا و بە دیاریکراویش لە ئەڵمانیادا لە ناوەڕاستى مانگى 7/2021دا ڕوویدا کە لەماوەى 100 ساڵى ڕابووردوودا گەورەترین لافاو بوە و ناویان لێنا لافاوى سەدە یان لافاوى مردن کە تیایدا:
170 کەس مردن.بەسەدان کەس بێسەروشوێن بوون.هەزاران کەس ماڵیان لە دەستدا.دەیان دامەزراوەى ئابوری لەناوچوون.سەدان ڕێگاو بان ڕووخاون. 600کم لەتۆڕى هێڵى شەمەندۆفێر تێکچوون. 20 وێسگەى شەمەندۆفێر نەماون. 140 وێسگەى بەرید و تۆڕى کارەبا و پەیوەندیەکان نەماون. بڕى قەرەبووى زیانەکان 400ملیۆن یۆرۆ بوە بۆ هاوڵاتیان و زیانە گشتیەکانیش بە دەیان ملیار یۆرۆ حسابدەکرێت.
بەم شێوەیە مرۆڤ و مرۆڤایەتى و شارستانێتیە پێشکەوتوەکەى هەمیشە لەبەردەم هەڕەشە و تووڕەبون و خەشمى سروشتدایە و ئەوەى مرۆڤەکان بە دەیان و سەدان ساڵ پێکەوەى دەنێن ئەوا سروشت لەماوەى چەند کاتژمێرێکى کەمدا ژێرەوژوورى دەکات و تەختى دەکاتەوە لەگەڵ زەویدا. هەربۆیە پێویستە لەکاتى بیناکردن و ئاوەدانى و جێبەجێکردنى پڕۆژەکاندا لە دیزاین و پلانەکاندا بەشێوەیەکى ئەندازیارى وورد کۆد و پێوانە ستانداردەکان لە نەخشەکاندا بچەسپێنرێن و حسابى وورد بۆ هەموو مەترسى و ڕووداوە سروشتیە لەناکاوەکان بکرێت بۆئەوەى سەلامەتى مرۆڤەکان و ئاوەدانى و دەسکەوت و پیشکەوتنەکانى مرۆڤایەتى و تەواوى گۆى زەوى بپارێزرێت و بەکەمترین زیانى گیانى و ماڵى لێى دەربچێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت