پشکۆ ئەمین: ئێران بەرەو کوێ دەروات و نیازی چی هەیە؟ بەشی دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆکی وێنەکانی ژیانی خۆی و دڵداری لەگەڵ سوریای هاوسەری دوهەمیدا، ببووە باسی رۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپیەکان، یان باسی جل و بەرگەکانی سورەیاو، هەروەها باسی جیابونەوەیان لە یەک بە هۆی نەبونی منداڵەوە، یان جوانی و کەشخەی و تەسریحەکەی سەری فەرح زێبای شابانوو، هەر وەک باسی کاراکتەری ناو چیرۆکە خەیاڵیەکان وابوو.گەرچی دەوترا شا وەک باوکی پشتگیری ئەڵمانەکان و هیتلەرە، بەلام لە سەرەتادا خۆی بە بێلایەن لە جەنگی دووهەمدا ناساند.
گەورە جەنراڵ فضڵ اللە زاهیدی شوێنکەوتەی رەضا شای باوکی نەیشاردەوە کە پشتگیری ئەڵمانەکان و هیتلەرە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئینگلیزەکان زیندانیان کرد تا شەڕ کۆتای هات.
ئێران لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمدا لە لایەن ئینگلیزو روسەکانەوە بە تەواوی داگیرکراو هەموو کاروبارێکی ئیران ئەوان بەرێوەیان دەبرد. داگیرکردنی ئێران هۆی سیاسی و سەربازی و ئابوری هەبوو، ئیران سنوری باکوری بەسۆڤیەتەوە بوو، بۆیە توانرا لە کەنارەکانی خلیجی عەرەبیەوە کە لە ژێردەستی ئینگلیزەکاندابوو، چەک و هاوکاری جەنگی بهێنێتە ناو ئیران و بە ناو ئیراندا بگەیەنرێتە بەحری قەزوین و لەوێوە بۆ ناو رووسیا،بۆ ئەوەی بەردەوامی بەشەر بدات دژی هێزەکانی ئەڵمان. ئەم ڕێگەیە باشترین و ئاسانترین رێگە بوو تا هاوپەیمانان بیگرنە بەر بۆ گەیاندنی کۆمەک بە رووسیا لە کاتی جەنگدا. هەروەها بەهۆی بەردەوامی جەنگەوە دەست دەگیرێت بەسەر نەوتی ئیراندا و لەخزمەتی جەنگەکەدا بەکار دەهێنرێت و دەیفرۆشن. شەریکەی نەوتی ئینگلیزی ( بریتین پیترۆلێۆم )نەوتی ئیرانی دەردەهێنا و هەناردەی دەکرد، سودێکی زۆر باشی بە ئابووری بەریتانیا دەگەیاند، پارەکەیان بۆخۆیان دەبردو شتێکی زۆرکەمی دەدایە ئێران.
لە /12/1943دا لەتاران هەرسێ سەرکردەی بەرەی دژی نازیەکان (ستالین و رۆزفیڵت و چەرچڵ)کۆنفرانسی تارانیان بەست، بەڵێنیان بە ئێران و شادا کە پاش جەنگ بکشێنەوە،
لە 1943دا شای ئیران بڵاویکردەوە کە ئیران بووتە بەشێک لە جەنگی دژی ئەڵمانیاو هەموو هاوکاریەکی جەنگی پێشکەش بە وڵاتانی هاوپەیمان دەکات،گەرچی هەر بە بوونی سوپای وڵاتانی هاوپەیمان لە ئیران، وڵاتەکەی بوو بووە بەشێک و بنکەیەکی گرنگ لە جەنگەکە، بۆیە ئیتر بوون و نەبونی وەک یەک وابوو.
لە 1944 دا ئەمریکیەکان بە30 هەزار سەربازەوە هاتنە ناو ئیرانەوە، کاتێک سوپای سۆڤیەت هاتە ناو ئێران دەستی گرت بەسەر بانکی نیشتیمانی ئیراندا،کە چەندین تەن یەدەکی ئاڵتونی ئێرانی تیدابوو، پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووهەم کاتیک سوپاکەی سۆڤیەت لە ئیران کشایەوە، هەموو ئاڵتونە یەدەکەکەی بانکی میلی ئیرانی لەگەل خۆیدا بردە سۆڤیەت.
بەهاتنی سوپای سۆڤیەت بۆ کوردستان و ئازەربایجان، هاوکاری هەردوو نەتەوەی کوردو ئازەری و، بە دروستکردنی هەردوو کۆماریی کوردستان و کۆماری دیموکراتیکی ئازەربایجان،
لە مانگی دوانزەی 1945دا کۆماری کوردستان راگەیەنرا، بەداخەوە ساڵێک کەمتر مایەوەو لە مانگی دوانزەی 1946دابەگورگان خوارد درا و سەرۆک کۆمار قازی و ئامۆزاکانی، خۆیان تەسلیم بەشا کرد. پاشان لەدادگایەکی گاڵتەجاریدا بریاری هەڵواسینیاندرا و شەهیدکران.
سەرکردەکانی کۆماری ئازەربایجان خۆیان نەدا بەدەست سوپای ئیرانەوە، تا بە شەرێکی سەخت تەوریزی پایتەختیان گرت، سوپای ئیران خەڵکانێکی زۆریان کوشت و لەناوبرد، شارەکەش زیانێکی زۆری پێکەوت. بێگومان ئینگلیزەکان هاوکاری سوپای ئیران بوون لە پەلاماری هەردوو کۆمارداو پشتگیری تەواوی شایان کرد لە رووخاندنیاندا.
کاتێک جەنگ کۆتایهات، بەریتانیاو ئەمریکا کشانەوە، بەلام رووسەکان مانەوە. ئێران رێکەوتنێکی لەگەڵ رووسەکاندا کرد، بەپێی ئەو ریکەوتنەکە، ئیران بەشێک لەنەوتی دەرهێنراو دەدات بە رووسیا، بەمەرجێک لە ئێران بکشێتەوە، رووسیاش لە بەرژەوەندی خۆی و بەشە نەوت و، لە ژێر داوای ئەمریکاو بەریتانیای هاوپەیمانانی جەنگدا، لە مانگی پێنجی 1946 سوپاکەی کشاندەوەو لەگەڵ خۆیدا یەدەکە ئاڵتونەکانی ناوبانکی ئیرانی برد. پاش کشانەوەکەی روسەکان لە ئیران، ئێران هیچ بەشە نەوتێکی پێنەدان، بەڵام رووسەکان ئاڵتونە یەدەکەکەی ئیرانیان لەگەڵ خۆیان برد بۆ روسایا.
پاش جەنگ ئێران پێگەی ستراتیژیی خۆی لەدەست نەدا، بەڵکوو پێویسترو بەهێزتر بوو، ساڵی 1949 حیزبی تودە هەوڵی کوشتنی رەزا شایداو برینداری کرد لە کاتێکدا بە سەردان هاتە ناو دانیژگای تاران، بەهۆی ئەم هەوڵەوە حیزبی تودە داخرا. لە هەمان ساڵدا حەمە رەزا شا دەستکاریی دەستوری کرد و پەرلەمانی داخست و( مجلس) شورای لورداتی دامەزراند،کە نیوەی ئەندامەکانی ئەم شوورایە خۆی داینابوون.
لە 1949دا دەوڵەتی چینی کۆمۆنستی راگەیەنرا، پاش یەک ساڵ لە دروستبوونی دەوڵەتی چین لە ساڵی 1950 ، سۆڤیەت یەکەم موشەکی ئەتۆمی تاقی کردەوە. ئەم دوو پێشهاتە گرنگەی ناوچەکە و دراوسێی ئێران لەلایەن هەردوو دەوڵەتی کۆمۆنستیەوە، بونە هۆی بایەخدانی زیاتری ئەمریکا و ئینگلیز بە ئێران، ئەمریکیەکان زیاتر هاتنە ناوەوە، بوون بە دۆستێکی تەواوی ئێران و هاوکاریان دەکرد. بەتایبەتی لەکشت و کاڵدا. سەفارەتی ئەمریکی گەورەکرا، بنکەی جاسوسی ئەمریکی لەئیراندا دژ بەسۆڤیەت بۆ ئاگادار بوون و جاسووسی بەسەر یەکیەتی سۆڤیەت و چینەوە کەوتەکار، جەنگی ساردی نێوان بەرەی رۆژهەڵات ورۆژئاوا دەستی پێکرد.
ئینگلیز بەهۆی کۆمپانیای نەوتی بەریتانیەوە نەوتی ئیرانیان دەردەهێناو هەناردەی دەکرد، پارەیەکی کەمی دەدا بە ئێرانیەکان، میلەتی ئیرانیش بێکارو برسی. پارتە نەتەوەیەکانی ئێران بەرەی نیشتیمانیان پێکهێنا بە سەرۆکایەتی (محەمەد مصدەق) کە خۆی سەرۆکی پارتی نەتەوەی و خۆشەویستی ئیرانیەکان بوو. مصەدەق پێشرەویی خۆپیشاندانەکانی دەکرد، هەوڵی هۆشیار کردنەوە و هاندانی جەماوەرەکەیدەدا ، جەماوەرێکی زۆر لە قوتابیان و جوتیاران و رۆشنبیران و بازرگانان و نوسەران لەدەوری بەرەی نەتەوەی مصەدەق کۆبونەوە، بەرەی نەتەوەیی، دوو دژی هەبوو: ئیگلیز و شا پێکەوە، هەروەها پارتی کۆمۆنستی ئیرانی (تودە) کە پێیوابوو جێگەی ئەوی گرتۆتەوە. ئەمریکا لەپێشدا نەیدەویست کە خۆی لەکێشە ناوخۆیەکانی ئیران بگەیەنێت، بەڵام لەدوایدا پشتگیری لە ئینگلیزی هاوپەیمانی کرد، دەنا دەوترێت ئەمریکا دژی موصەدەق نەبووە.
لە سالی 1951دا بەرەی نەتەوەی هەڵبژاردنی بردەوەو مصەدەق کرا بە سەرۆک وەزیران، بە هەلبژاردنی موصدەق کیشە لەنیوان شاو مصدەقدا بەرپابوو، مصدەق دەیویست لە ژیر دەستەی ئینگلیزو شەریکەی نەوتی ئینگلیزی بە یەکجاری رزگاریانبێت، هەوڵی زۆریدا کە رێگە چارەیەک گونجاو بۆ نەوتی ئیران بدۆزنەوە. بەڵام ئینگلیز هیچ شتێکی قبوڵ نەدەکرد و دەستی گرتبوو بەسەر نەوتی ئیراندا و دەیبردو دەیفرۆشت، پارەیەکەی رەمزی دەدا بەئیران و ئەویتری دەرژایە بانکەکانی ئینگلتەرە. سودێکی زۆری بە ئابوری ئینگلیز دەگەیاند، بەتایبەتی لەکاتی جەنگدا.
یەکەم کاریی مصدەق هەوڵدان بوو بۆ خۆماڵی کردنی نەوت، مصدەق بریاری یاسای بۆدەرکردو بردیە پەرلەمان و مەجلیسی شیوخ ئیرانی رازیبوون، دایانە شا تا ئیمزای بکات، شا ئیمزای لە سەر کرد و رازی بوو پێی، لەرۆژی 1/5/1951 دا بریاری خۆماڵیکردنی نەوتی راگەیاند، ئینگلیز دژی وەستانەوەو رێگەیان نەدا، مشت و مرێکی زۆری لەسەر کرا، ئینگلیز نەیدەویست هیچ بە ئیران بدات، تا ئەو کاتە نەوت هیچ سودیکی بۆ ئیران نەبوو، بۆیە مصەدەق دەیوست لەرێگەی فرۆشتنی نەوتەوە خزمەت بەخەڵکی ئیران بکات، ئینگلیز رێگەی نەدا هیچ کۆمپانیایەکی نەوتی جیهانی، نەوتی ئیران بکڕێت. شا رایکردە دەرەوە بۆ بەغداو پاشان بۆ رۆما، خەڵکی ئیران بەگشتی خۆماڵی کردنی نەوتیان دەویست، بۆیە پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ مصەدەق راگەیاند.
خۆماڵیکردنەکە گورزێک بوو بۆ سەری ئینگلیزو دژ بە بەرژەوەندیەکانی، ئینگلیزەکان تورەبوون و بەهیچ رازی نەدەبوون و دەرگای پاڵاوگەکانیان داخست، بەریتانیەکان شکاتی خۆماڵی کردنیان بردە نەتەوەیەکگرتوەکان لەنێورک، لەوێش هیچ رێکەوتنێکی لەسەر نەکرا، پاش ئەوەی شا رایکرد بۆ بەغداو پاشان بۆ رۆما، ئینگلیزەکان هەوڵیاندا بەپارەیەکی کەم ئێرانیەکان ڕازی بکەن، مصدەق و پەرلەمانی ئیران رازی نەبوون، ئینگلیز رێگەی فرۆشتنی نەوتی نەدا، سزای نەفرۆشتنی نەوتی بەسەرئیراندا سەپاند، ئیران برسیەتی زۆری بۆ هێنان و ئینگلیز کەوتە ئاژاوە نانەوە و پیلان گیری دژی موصەدەق، هەستان بەئاگر بەردان و سوتاندنی هەندێ شوین، مـحەمەد موصەدەق سوور بوو لەسەر هەوڵەکانی.
ئینگلیز بڵاوی کردەوە کە موصەدەق دەیەوێت ئێرانێکی کۆمنستی سەر بە رووس دروست بکات، ئەمریکیەکان لەمە ترسان و ناچار لەگەڵ ئینگلیزدا پلانی ئایاکس Ajax, یان رێکخست دژی موصەدەق کە دەست بەرداریی پلانەکانی نەدەبوو.
لە1953دا بەهاوکاریی بەشێک لە سوپای ئیران بە سەرۆکایەتی جەنرال فضل اللە و سی ئای ئەی ئەمریکی و ئینگلیزەکان حوکمەتەکەی موصەدەقیان روخان و دەستگیریان کرد وناردیان بۆ زیندان، شا گەرایەوە ئیران، موصدەق دادگای کرا بە سێ ساڵ زیندانی سزادراو پاشان دەست بەسەر کرا لەماڵەکەی خۆی. جەنراڵ فەضڵ اللەی خۆفرۆش کرایە سەرۆکی حوکمەت و دژی ئۆپۆزسێۆن کەوتە کار، هەرچەندە کێشەو خۆپیشاندان هەر بەردەوام بوو، رێگەیان نەدەدا نەوت رەوانە بکرێت. تا لە 1954دا ، لیژنەیەک دروستکرا لە 9 کۆمپانیای نەوتی جیهانی لەگەڵ شەریکەی نەوتی ئیرانی (NIOC). بریاریاندا کەدەسکەوتی فرۆشتنی نەوت دابەش بکرێت لە نێوانیان ئێران و ئینگلیزەکاندا، کیشە بەدوای کێشەدا روویان لەئیران دەکرد ئەم کێشە چارە دەکرا ، کێشەیکیتر پەیدا دەبوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت