کاوسێن بابەکر: لەسێبەری ئەمریکادا گوێم لەهاڕەی داڕوخانی دەوڵەتێکە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکەس شاراوە نیە کەلەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانیدا دەخولێتەوەو لەکوێ بەقازانجی نەبێ هێڵی سورەو یەکسەر پاشەکشەدەکات، ئەگەر دەستوپێوەندو هاوڕیکانی سەنگەریشی سەریان تێدا بچێ! نمونەش ڤێتنام و شۆڕشی ئەیلول. لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول بۆ پاساویی دەستبەردار بوونی ئەمریکا لەو شۆڕشە، قسە بەناوبانگەکەی هێنری کێسنجەری وەزیری ئەوکاتی دەرەوە کەگوتی؛کورد نەخەتەری بۆسەر بەرژەوەندیەکانمان هەبوو نەقازانج بۆیە پشتمان تێکردن!
رۆژاوای کوردستان کە بەهاوڕێی سەنگەرو جەنگاوەری ئازا ناویان دەبەن، چەندین جار جێیان هێشتن لەبەردەم داگیرکەرانی تورک و دارودەستەکانیان و دووریش نیە یەکجاری پشتیان تێبکەن.
ئێستا ئەفغانستانی بەتەنها جێهێشت، گوێمان لەهاڕەی دەولەت و حکومەتەکەیەتی و زۆر رەزیلانەو خۆپەرستانە بێ ئەوەی بچوکترین چارەسەری بۆ دۆزیبنەوە لەهێڕشەکانی تاڵیبانی توندڕەودا، بەجێیان دەهێڵێ و زۆر ڕوقایمانەش داوا لە ووڵاتان دەکات کە بەشداربن لەپاراستنی ئەفغانستان. لەکاتێکدا هێزی دڕندەی تاڵیبان لەکەمتر لەهەفتەیەکدا زۆربەی وویلایەتەکانی گرتەوەو ئێستا چواردەوری کابوڵی پایتەختی داوە! ئەو نمونانەو دەیان نمونەیتر دەری دەخات کە پڕوپاگەندەکانی ئەمریکا لە پاراستنی مافی مرۆڤ و نەتەوەکان و بڵاوکردنەوەی دێموکراسی و ئاسایش لەجیهاندا لەدرۆیەکی شاخدار بەولاوە هیچی ترنەبووەو نییە. ڕێککەوتنیش لەگەڵ زلهێزەکان لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش هەروەک لە ڕێککەوتنی لەگەڵ روسیا کە ئۆلبرایتی وەزیری دەرەوە بە پۆتنی گوت: چی لەچیچان دەکەی ئێمە نەدەیبینین و نەدەیبیستین و نەگرنگی پیدەدەین، ئێوەش هەمانشت بکەن لەدەستوەردانمان لەعێڕاقدا! بەکردەوەش جێبەجێیان کرد!
لەعێڕاقیشدا ئامادەکاری دەکات بەجێی بهێڵێ، دوای ئەوەی شیعەکانی سەر بەئێران بەتەواوی دەستیان بەسەردا گرتووە و دووریش نییە شەڕی ناوخۆ بتەقێتەوە یان هەڵگەڕانەوەیەک روبدات، ئایندە لەتاریکایی نەبێ هیچ دیارنیە، هەموو ئەوانەش بەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەو بەرژەوەند پەرستیەکانی ئەمریکایە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت