عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: دایک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورته‌ جیرۆک

له‌ ژماره‌ 16 ی گۆڤاری نووسه‌ری کوردستان ی، نووسه‌رانی شاخ، ئه‌م چیرۆکه‌م له‌شاری سه‌قز بڵاو بوه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌ک رووی تێ کردم، وتی ئه‌م چیرۆکه‌ من و دایکم و شاره‌که‌م هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ کاک شێخ جه‌مال ی بێژه‌ری رادیۆی گه‌لی کوردستان بوو.

دا یک
وەک هەر ڕۆژێکى تر، لەئوتێل ئازادییەوە بەرەو فولکەى چوارڕێ کەوتە ڕێ، هێزو قورسایى لەشى ‏بەتوندى خستبووە سەر دارشەقەکەى، دارشەقێکی ستێل جێ دەستێکى پلاستێک… قاچى ڕاستى ‏بەتەواوى لەکار کەوتبوو، نزیکەى نیو مەترێک گەچى تێ گیرابوو، کە لەخەستەخانە دەریان کرد، ‏دکتۆر پێ ی ووت: ماوەیەکى کەمەو چاک دەبیتەوەو دەگەرێیتەوە ناوچەکەى خۆتان.‏
لەدواى بریندار بوون، چەند مانگێک لەژێر چاودێرى دابوو، دکتۆرەکان ئەوەندە پەرۆشى نەبوون، ‏تەنانەت بەقێزو بێزێکەوە برینەکەیان چارەسەر دەکرد، هەمیشە خۆزگەى بەدکتۆر ئاسۆ دەخواست ‏بەکۆمەڵى داودەرمانى سادەوە، ئەم شاخ و ئەو شاخ، ئەم سەنگەرو ئەو سەنگەرى لەگەڵ دا ‏دەگرتن، لەچاوەکانى دا، سۆزو خۆشەویستى، گیانى مرۆڤانە، ئازارو ماندووبوونى ‏دەبینى، لە چاوەکانى ئەمانیش دا، گومانی بازرگانى و دەوڵەمەند بوون. خۆ ئەگەر دکتۆرى ‏تیپەکە یان نەبووایە، ئێستا خاوەنى قاچى راستى نەده‌بوو، تاوێکى تر خوێنى لەبەر برۆشتایە، ‏کار لەکار دەترازا.
گەیشتە ئاستى فولکەى چوار ڕێ، پەرییەوە ئەوبەر، ئیستێکى گرت، خەڵکەکە سەرگەرمى ‏سات و سەودا بوون، هەر فرۆشیارەى بەجۆرێک لەخولیاى بازارى کەلوپەلى خۆیدا بوو، پاڵى دا بەقەد ‏درەختێکەوە، هەر ماشین بوو وەک تیسکەى تفەنگ بە بەردەمیا ڕادە بوورد. ماتۆر و عەرەبانەى ‏دەستى و گارى سێ چەرخە، دەوروبەرى فولکەکەیان سیخناخ کردبوو، دووبارە دارشەقەکەى خستەوە ‏ژێر باڵى، وردە وردە بەرەو خوارەوە هەنگاوى نا.لەدوکانەکان رەت بوو، گەیشتە ئەو بۆشاییەى ‏بەرامبەر باخچەکەى منداڵان بوو. ئەوێ شوێنى ئارام گرتنى ئەو بوو. هەر رۆژە بۆ ماوەى چەند ‏چرکەیەک دەچووە دنیاى بێ دەنگى و نوقمى دەریاى مەینەت دەبوو.‏
لەرۆخى شەقامەکە بەرامبەر باخچەى مناڵان. کوختێکى بچکۆلانەى لەتەختە و تەنەکە ‏دروستکردبوو. لەگەڵ تێپەڕبوونى هەر رێبوارێکدا، بۆنێکى ناخۆش بەسەرو چاویدا دەڕژا، هەرکەس ‏بەوێدا بڕۆشتایە پەلەپەلى ئەوەى بوو زووتر لەو ئاستە تێپەێ، تەنیا ئەم بوو بۆ ماوەى چەند چرکەیەک ‏ له‌وێ ئارامى دەگرت، پەپوولەى خەمەکانى بەسەر دەکردەوە، بەچەند وشەیەک سۆزى راستەقینەى مرۆڤانەى خۆى هەل دەڕشت. گەیشتە ئاستى ئەو کۆخە ‏بچکۆلانەیە. چاوى پێدا گێڕا. ئینسان لەسەردەمى تەکنیک و چەکى کیمیایى و ئەتۆم دا .. تف.. تف لەهەزار ژیانى وا. تف لەوانەى ‏ئەم بارودۆخەیان هێناوەتە گۆڕێ. مرۆڤ لەم سەردەمەدا ئاوا بژى. لەوڵاتێکدا خاوەنى گەورەترین ‏رێژەى زێڕى ڕەش بێت.
دەنگى ده‌سڕێژێک زنجیرەى بیرکردنەوەى بچڕى، گەیشتە بەردەمى کوخه‌که‌، دەرگاکەى کردەوە، ‏بۆن و بەرامەیەکەى توندى هەڵمژى.‏
‏-‏ دایەگیان هاتمەوە بۆ لات!‏
‏-‏ پیرەژنێکى شەست ساڵەبوو. ئیفلیج و پەک کەوتە، پرچەکانى سپى ببون، قاچەکانى تواناى ‏جوڵەیان نەبوو، پشتى چەماوە بوو، تەنیا دەیتوانى دەستەکانى بجوڵێنێ، نەى ئەزانى چۆن بەو جۆرەى لێ بەسەرهاتووە.‏
ئاخۆ بەمناڵى. بەگەورە کچى. هەر بەو جۆرە بووە. یان چەرمەسەرى رۆژگار دووچارى کردووە. ‏دەمێک بوو دەبوایە بمردایە، مردن بۆ ئەو ژیانێکى پیرۆز بوو. هۆى نەمردنیشى دەگەڕایەوە بۆ ئەو چەند ‏ماڵەى دەوروبەرى.
– دایە گیان بۆ وەڵامم نادەیتەوە، ئەوە هاتووم بۆ لات، مەگەر لەم غەریبی ییە لە تۆ زیاتر دیدەنى کێ ‏بکەم، کەدێمە لات دڵم دەکرێتەوە، دایکى خۆمم بیر دەکەوێتەوە.‏
دارشەقەکەى دانا، بەهێواشى لەبەر دەرگاى کوختەکە دانیشت.‏
‏-‏ خەفەت مەخۆ دایەگیان، هەر تۆگیرۆدەى ئەم ژیانە سەختە نەبوویت. هەر کەس بەجۆرێ تووش ‏بووە. ئەوە منیش چەند مانگێکە گیرۆدەى دەردى خۆم هاتووم، ‏قاچێکم لەگەچ گیرا.
داپیرەش گوێ بۆ قسەکانى شل کردبوو، چاوە بچووکەکانى قەتیس مابوو، ‏بەئاستەم دەنگى دەردەهات.‏
‏-‏ کوڕەکەم تۆ بەچى وات لێهاتووە؟
‏-‏ لەکاتى شەڕا.. لەچیادا بریندار بووم
مەگەر تۆش بێ کەسیت؟
‏-‏ ڕەنگە بەو جۆرە بێت، تەنیا دایکم هەبوو، دایکیشم هەر منى هەبوو. بەهەتیوى بەخێوى کردم، ‏بەجل شۆرى و نانکردنى ماڵان و وردەواڵە فرۆشتن و ساوەر هاڕین و مامانى.. بەهەزار دەردى سەر!‏
‏-‏ ئەى بۆچى بەجێت هێشت.‏
‏-‏ ئاخ پێشمەرگایەتى، هەر خزمەتە بەهەموو دایکێک تەنانەت بەتۆش. کە دێم بۆ لات لەزۆر شت دا ، دایکم دەبینم. لەبێ کەسی دا. لەبێ دەرەتانى و داماوىدا.‏
‏-‏ هیچ هەواڵێکى نازانى
‏-‏ دەمێکە برینداربووم. بێ هەواڵم، بەڵام ئەو شارەى دایکمى لێ بوو، بوو به‌ گۆڕەپانى ‏شەڕ. قەسابخانەیەکى گەورەى لێ دروست کراوە، ‏دڵنیام ئێستا یان وەک خۆم ئیفلیج بووە، یا دواهەناسەى داوە.
خەمێکى قوڵ بەسەر سەروچاوە ‏کزەکانى دا خۆى داسەپان. بێ دەنگى باڵى بەسەردا گرت. هەناسەیەکى قوڵى هەڵکێشا. دەستە ‏لەرزۆکەکانى بەرزکردەوە. بەئاستەم به‌ لێوە لەرزەوە، لەوێ هەستا .. وردە رودە بەشەقامەکەدا بەرەو خوارەوە هەنگاوى نا. لەوسەرى شەقامەکە، ‏بەدەستى ڕاستدا پێچى کردەوە، خەڵکەکە لە باوەشى ئەو ئێوارەیەدا نوقم ببوون. کۆمەڵ ، کۆمەڵ ‏قەرەباڵغییان دروست کرد بوو. بەرەو لاى خەڵکەکە کشا.‏
لەبەردەمى هەر دەستەیەک کەلوپەل و شڕەو پڕەو ئەساسى ناوماڵ و لێفەو دۆشەک، یەخە چاڵ و ‏تەلەفزیۆن هەراج دەکرا. بەناو خەڵکەکەدا گەڕا، لەم لا بەرەو ئەولا، بەرەو ئەولاتر، لە پێش دا لە ‏رووداوەکە بەئاگانەبوو. کە گەیشتە دوا قەرەباڵغى، لێفە شڕێک و کۆمەڵێ قاپ و قاچاخ دانرابوون. ‏لێفەکە خستیە گومانەوە. لکێکى لێفەکەى راکێشا، جاجمە سوورەکە دەرکەوت، نەخشى جووتێک کۆترو ‏ئاسکێکى گەورەى تیا بینى، زیاتر کەوتە گومانەوە.‏
‏( خۆیەتى، ئەى هاوار! ئەمە چۆن گەیشتووەتە ئێرە، هەراج دەکرێت).‏
خۆى پێنەگیرا.. زیاتر لێفەکەى ئاواڵا کرد. پینەى سەر لێفەکەى بینى.
بەتەواوى دڵنیا بوو، پارچە قوماشى پینەکەى ناسییەوە. دەسماڵی چەند ساڵی، لەمەوبەرى دایکى ‏بوو.‏
کات و شوێنى پینەکەشى بەبیرداهاتەوە.‏
هێشتا برینەکانى سارێژ نەبوو، ئەم ئازارەى هاتە سەر. دوو دونیاى جیاواز باڵى بە سەر ئەو چەند ‏کەسەدا کێشا. سەرى لەوە دەرنەدەچوو، مەگەر، چۆن گەیشتە ئێرە. ئەى دایکى ماوە. مردووە، ‏بریندارە!‏
کابراى فرۆشیاریش زیاتر ڕووى تێکرد بوو، کڕیارێکى باش، نرخێکى بەرز. بە پەشۆکاوییەوە ‏چاوى بڕىیە فرۆشیارەکە. پرسیارەکەى ئەم، هەردوو دنیا جیاوازەکەى لە باوەشى چەند وشەیەکدا ‏خنکاند!‏
‏-‏ ئەم لێفەیەت لەکوێ بوو؟. لەکێت کڕیوە.؟
پرسیارەکەى پێ خۆش نەبوو. خەونەکانى تیا نەدەبینرا.‏
‏-‏ بەکۆمەل کڕیومە. دەیفرۆشم. منیش دەمەوێ چەند تمەنێکى لێ قازانج بکەم.‏
‏-‏ لەکێت کڕیووە؟.. لەکێ؟.. ئەمە لێفەى خۆمە!‏
‏-‏ ئەمەوێ بزانم. خاوەنەکەى ماوە یان تەنیا ئەو دایکەم هەبوو؟!‏
خەڵکەکە لەڕاستى ڕووداوەکە تێگەیشتن، بێ دەنگى لەڕووى هەموویان دەبینرا. رووى سەرنجیان ‏کردە ئەم. ئەمیش تەنها نەخش و نیگاى لێفەکە و بیرەوەرىیە تاڵەکانى دنیایەکى بێ هیواو بێ ‏سنووریان لەبەردەمیا نەخش کردبوو. بێ دەنگى زیاتر دایگرت. ئازارێکى زۆر کاسەى سەرى ‏خروشاند، چاوەکانى ڕەش داگیرسا. هەموو لەشى بووە بورکانى ئاگرى قین، تواناى بینینى نەما. ‏چى نەما تەختى زەوى بیت. سەرى خستە سەر دارشەقەکەى. چەند دڵۆپە فرمێسکێک ‏بەروومەتەکانى دا هاتە خوارێ. دارشەقەکەى خستە بن باڵیەوە و هەنگاوەکانى بەرەو ئوتێلەکە کێش ‏کرد.

1988سه‌قز- گه‌ڕه‌کی به‌رد بڕان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت