مەحمود عەبدوڵا: بسکەی سمێڵی ئیسلامیەکان بۆسەرکەوتنی تاڵیبان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تاڵیبان ئەو گروپە توندڕەوە دواکەوتوەیە کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ حوکمی ئەفغانستانیان کرد، ئەوانە گروپێک بون لەدواکەوتوترین هەرێمەکانی ئەفغانستان.کاتێک دەستیان بەسەر ئەفغانستاندا گرت، تاڵاویان بەخەڵکی ئەو وڵاتە چێشت. دۆزەخێکیان بۆژنان سازکرد، خەڵکیان بەزۆر ناچار دەکرد بۆنوێژی هەینی، پۆلیسی ئەمر بەچاکەو نەهی لەخراپە بەسەردیواردا و بێ ئیزنی دادگا دەچونە ژورەوە. فەرمانبەری حکومەت ئەگەر سەر بەتاڵیبان نەبوایە بەچەند مانگ جارێک موچەی وەردەگرت، کەسێکی سەربەتاڵیبان بۆدامەزراندن ئەوەندە بەس بو ئایەتێکی قورئان بخوێنێ باهیچیش نەزانێ، مۆسیقاو تەلەفزیۆن و گۆرانی یاساغ بوو، ئەنگوستیلەو سەعاتیان لەدەسی پیاوان دەکردەوەو… بەکورتی شەریعەتیان وەک خۆی جێ بەجێ دەکرد. ئەمە بەشێکە لەو نەهامەتیانەی کە وحید مژدە دەیگێڕێتەوە لەسەردەستی تاڵیبان.
ئەو کە خۆی پێنج ساڵ لەوەزارەتی دەرەوەی سەردەمی تاڵیبان کاریکردووە لەهەموکەس زیاتر شایەتی کارو کردەوەکانی ئەو گروپە توندڕەوەیە. بەڵام دوای گەڕانەوەی تاڵیبان کە دیارە بە ئۆکەی ئەمریکا گەڕانەوە. ئەوەی زۆر کۆمیدی یە ئیسلامیەکانی کوردستان دڵیان بە سەرکەوتنی ئەو گروپە خۆشەو پیرۆزبایی لێدەکەن. ئیسلامیەکان بسکەی سمێڵیان دێ دڵیان خۆشە خۆشە لەهەر کوێیەک ئیسلامی سیاسی سەرکەوێت. لە کاتێکدا گروپە ئیسلامیەکان لە پێش هەموو کەسێک لە بریتانیاو ئەمریکا نزیکن. هەموو کەسێک دەزانێت کە لەسەردەمی بەهێزی سۆڤیەت ئەمریکا پشتیوانی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکانی دەکرد،لەدژی کۆمۆنیزم، بەناوی پێشتێنەی سەوز. ئێ کەواتا پێویستە خەڵک بپرسێت ئیسلامیەکانی کوردستان چیان دەوێت؟ ئایا ئەوان دینداری دەکەن یان دەیانەوێت کوردستان بەشێک بێت لەجیهانی ئیسلامی و کێشەکانی؟ بۆچی ئەوان هەمیشە کێشەکانی جیهانی ئیسلامی دێننە ناوخۆ، بۆچی هەرگیز ناتوانن کێشەکانی خۆما ن ببەنە ناو جیهانی ئیسلامی؟ بەواتایەکیتر بۆچی ئەوان کێشەی هەموکەسیان هەیە و کەس کێشەی ئێمەی نییە لەجیهانی ئیسلامیدا؟ محەمەد حەکیم دەڵێت: تاڵیبان گۆڕاون! پاشان هیوا خوازە پەرە بەخوێندەواری بدەن و ڕێگە بەژنان بدەن بخوێنن و خۆیان لە وابەستەیی بەوڵاتانی دەرەوە بپارێزن.
نازانم ئەم برادەرە چۆن دەزانێ کەگۆڕاون. ئەگەر مەبەستی ئەو لێدوانەی تاڵیبانە کە گوایە ڕێگە بەژنان دەدەن بخوێنن ئەوە لەڕاستیدا تەکتیکی هەموو گروپێکی ئیسلامییە هەموو گروپە ئیسلامیەکان لەئەمڕۆدا ناچاران تا بەتەواوی جێ پێیان قایمدەبێت ئاوا بڵێن، ساڵی نەوەت و شەش حەسەن ئاخوند کە بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان بوو بە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوری وتبوو: ئێمە دژی ژن و خوێندنی ژنان نین، من حەزدەکەم هاوسەری داهاتوم پزیشک بێت! بەڵام دواتر وابو! ئیسلامیەکان جۆرێک لە دوڕویی پەیڕەو بکەن، ئەگینا کاتێک بەتەواوی دەست بەسەر وڵاتدا دەگرن دەبنە پۆلیسی ئەخلاق و شەریعەت دەسەپێنن.
وەک عەلی باپیر دەڵێت:”دەبێت بزانی چەندت بۆ دەلوێت! ئیتر ڕاستیەکە ئەوەیە بۆلوانە چەندە بۆیان بلوێ ئەوەندە ئەحکام و شەریعەت بەسەر کۆمەڵگا دا دەسەپێنن.
جەنابی محەمەد حەکیم شەریعەت بۆ کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار هاتووە! بۆیە گروپە ئیسلامیەکان ناچارن کۆمەڵگا نەخوێندەواربکەن بۆئەوەی بتوانن شەریعەتی بەسەردا بسە پێنن، دەبێت کۆمەڵگا بێ ئەقڵ بکرێ، تابتوانێت نا ئەقڵ حوکمی بکات. پاشان تاڵیبان خۆیان لەدواکەوتوترین گروپی ئەفغانستان بوون، ئەوان خۆیان بەرهەمی نەخوێندەوارین. چۆن کۆمەڵگا خوێندەوار بکەن، ئەوان تەنها دەتوانن کە قورئان و حەدیس بە خەڵک دەرخ بکەن، هەر ئەوەی کە ئیسلامیەکانی خۆشمان دەیکەن لەدەرەوەی پەروەردەی ڕەسمی. ئینجا خوێندەواری فێرکردنی ئەلیف با نییە، بەڵکو فێرکردنی بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوەی فەلسەفی. بەڵام ئیسلامیەکانی خۆمان، خۆیان نەیان هێشتوە کۆمەڵگای ئێمە خوێندەواربێت، بەواتای ئەوەی تاکێکی بیرکەرەوە بێت. هەرکەسێک دەستی ئیسلامیەکانی پێ گەیشتبێت، بێگومان بێ بەشە لەبیرکردنەوەی ئەقڵانی. پاشان دەڵێت گرنگی بەمافی مرۆڤ بدرێت و لە گەڵ ئیسلام کێشەیان نییە. ئەمە خۆ خەڵەتاندنە، مافەکانی مرۆڤ ڕیشەیان لە ئەقڵانیەتی مۆدێرندایە، لەکوێ لەگەڵ ئەمر بەچاکەو نەهی لە خراپە دەگونجێن!
وحید مژدە دەڵێت: شکی تێدانیە کە حوکمی ئیسلامی بێ ئەمر بەچاکە و نەهی لەخراپە نابێت. عەلی باپیر لەوتارێکدا جەخت لەوەدەکاتەوە: مافی مرۆڤ وەک وتم ڕیشەیان لە ئەقڵانیەت و ویستی تاکەکاندایە، بەڵام دین و ئەحکامەکانی واتا ویستی خوا و سەرکوتکردنی ئازادیەکان.
ئاخر لەکوێدا مرۆڤ مافی ئازادی ڕەئی هەیە لەئیسلامدا بەشێوەیەکی گشتی ناچینە ناو وردەکاری، بەڵام ئەوە ئەفسانەی پێش دەسەڵاتی ئیسلامیەکانە. ئەگینا جاڕنامەی مافی مرۆڤ لە گەڵ ئیسلام بەریەککەوتنی هەیە، ویستی خواو ویستی مرۆڤ دوشتی جیاوازن. کاک محەمەد حەکیم: ئیسلامیەکان هیچیان لەوە بەدەرنین” بەویستی خەڵک بگەنە دەسەڵات و بەویستی خوا حوکم بکەن. ئەوە هەموومان ئەزمونمان لەگەڵیان هەیە بەرچاوەرین نمونەش ئەردۆغانە!
واباشترە لەجیاتی ئامۆژگاری تاڵیبان بەخۆتان دابچنەوە و بەرژەوەندی وڵاتی گەلی خۆتان بەبەرژەوەندی ئێران و سعودیەو قەتەر و پاکستان نەفرۆشن، تاوەکو کوردستا ن وەک ئەفغانستانی لێنەیەت، مەبەستم هەموو گروپە ئیسلامیەکانە، چونکە بەڕاستی ئەگەر کەسێک پێویستی بە ئامۆژگراری بێت خۆتانن. ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین ئەزانین کە گوتاری توندڕەوی ئاینی بەگشتی و سەلەفیەکان بونە مایەی چ تەخەلوف و دۆگماتیزمێک چۆن ڕک و کینەتان بڵاو کردۆتەوە لە ژێرناوی ئاینداریدا. گوێ لە وحید مژدە بگرن کە دەڵێت: لەئەفغانستان هیچ گروپێک نەبووە بێ پشتبەستن بەوڵاتانی دەرەکی دوای پشتیوانیش بونە هەڵم وەک نمونە حیزبەکەی حیکمەتیار. پاشان ئامۆژگاری ئەوەیە بۆ گەلانی ئەفغان کە بەرژەوەندی گشتی وڵات لەسەروی ئایدیۆلۆژیاو بیروباوەڕە. ئیتر وەک چۆن تاڵیبان بۆبەرژەوەندی پاکستان و وڵاتانیتر تاڵاویان بەخەڵک چەشت، ئێوەش بۆ بەرژەوەندی تاڵیبان و وڵاتانیتری ئیسلامی تاڵاو بە گەلی کوردستان مەچێژن. ئاخر ئەمڕۆ تێکەڵ کردنی سیاسەت و ئاین نیشانەی تەخەلو فو دۆگمایی نەبێت هیچیتر نییە، ئەنجامەکەشی ماڵوێرانییە بۆ هەمولایەک. بەداخەوە ئیسلامیەکان ڕاستگۆ نین لەگەڵ خەڵکی کوردستان لەلایەک خۆیان گرێداوە بە وڵاتانیترو بەرژەوەندی وڵاتانی ئیسلامی دەپارێزن و لەژێرەوە پارەو پول وەردەگرن،وەک چۆن سعودیە پارەی ئەدایە تاڵیبان، تا دواجار عەرەب و ئایدیۆلۆژیاکەیان کردنی بەسینەمایەکی جیهانی. خەڵکی کوردستان ئەوەندەش بێ زاکیرە نییە، تازە بوو برا ئەنساڕەکانتان تاڵاویان بەخەڵکی هەوارامان چێشت. خۆ ئەو برا دینیانەتان تەنها لەسەر دەسەڵات نەبوو کە ناکۆک بون، بەڵکو لەسەر ئەوەبو وەک عەلی باپیر لە کۆڕێکدا دەڵێت: لەسەر ئەوەبوو ئێوە دەتانزانی بۆتان نالوێ بەشێوەی جەماعەتی کرێکار توندو تیژی بکەن. لەڕاستیدا نەتاڵیبان گۆڕاون نە ئێوەش، بەڵام دەبێ بۆتان بلوێ، چونکە ئەگەر وەک تاڵیبانی کۆن نەکەن، ئەوە لە ئیسلام لاتان داوە.
بسکەی سمێڵتان نەیە، چونکە دواجار ناچارددەبن بڵێن تاڵیبان تەمسیلی ئیسلام ناکات

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت