كەمال محەمەد: قەیرانە ڕوو لە زیادبوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەو ناوچە ستراتیژییەی كە نەك تەنیا سەرنجی خەڵكەكەی خۆی كێش كردوە، بەڵكو بوە بە جێگەی سەرنجی هەمو جیهانیش.كەپیتالیستییەكان هەردەم لەم ناوچەیەدا ستەمیان لە مرۆڤەكان و نابوتكردنی ژینگەكەیان كردوە و، جیهانێكیان دروست كردوە كە شایستەی مرۆڤەكان نەبێت. چونكە ئەوان بەناوی دیموكراسیەكی بونیادنراو لەسەر سەرمایەداری نەیانتوانیوە پرسی گەلانی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر بكەن و هەتا ئەمڕۆكەش گرفتەكانی جێندەری و نایەكسانی بەتالانبردنی سەرمایەكانیان بەسەر هەمو ڕەهەندەكانی ژیانی مرۆڤەكان و گەلانی ناوچەكەوە دیارن. تەواوی ئەكتەرەكانی ڕوداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین گشت ئەو دەوڵەتە ئیمپریالیمیزیانەن كە تا ئێستاش هۆكاری ئەوەن كە ناهێڵێن ئاسۆیەكی ڕوناك بۆ كۆتایی هێنانی قەیرانە ڕو لە زیادبوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەدی بكرێ، ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەو ناوچە ستراتیژییەی دوای ڕوخانی دیواری بەرلین و یەكێتی سۆڤیەت كێشەكانی گەورەتر بون و هەمو كێشەكانیش بۆ ئەوە نەبون كە بەرژەوەندییەكانی مرۆڤەكان و گەلانی ناوچەكە لەبەر چاو بگیرێ، بەڵكو مەبەستی زلهێزەكان ئەوەبو چەوسانەوەی ناوچەكەو بەش كردنی كێكەكە بكەنە كارێكی كراو،گەلی كوردیش وەك بەشێك لە ناوچەكە هەمیشە مەحكومی ڕۆژهەڵاتگەرێتی و ڕۆژئاوا گەرێتی بوەو نەیتوانیوە زنجیرە مۆدێرنێستی و كۆنەپەرستییەكانی بپسێنێت كەلەلایەن داگیركەرانەوە بۆی دانراوە. ئێستای كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەبەردەوامیدایەو ئەو هەژمونەی زلهێزەكانی تیایدا سەپاندویانە زانستی كردۆتە زانستگەرێتی و نەتەوەش بە نەتەوەپەرەستی و ئەمە بۆ ئایین و مەزهەبیش بەهەمان شێوە، ڕەنگە ئەوەی ئەمڕۆكە لە ئەفغانستانیش ڕوئەدات بژاری زلهێزەكانی وەك ئەمریكا بێت كە ئەیەوێت قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ڕكابەرەكانی قوڵتر بكاتەوە. دۆگماو پۆزەتیڤیست دەستی پێكردوەو ئەمە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ زلهێزەكانیش لەلایەكەوە بۆ ئەوەی سەختتر بێت بۆیان باس یان بیر لە سەركەوتن بكەنەوە لە تاقیكردنەوەی بەرەی جیهانی دژە ئیمپریالیزم و دژە سەرمایەداری.
ئێستا كە پرسە ستراتیژی و سەربازی و ئابوری و جیۆپۆلەتیكییەكان گەورەترین خەمی ئەمریكایە ئامادەیە دەستبەرداری ئەو وڵات و ناوچانە ببێت كە چەندین ساڵە قوربانی بۆ داوە بەنمونە ئەفغانستانی ئەمڕۆكە، چونكە ئامانجە گرنگەكە ئێستا هەژمون و باڵادەستی جیهانییەو كاركردنە لەسەر پارادۆكسی نەخشەی سیاسی و دوبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. ئەمریكا ئێستا لەوە گەشتوە كە ناوچەكە لەقۆناغی داڕشتنەوەی ئیمریاتۆریاكانە ئەمە جگە لە هەڵچونی هەژمونی وڵاتی چین لەناوچەكەو جیهاندا. ئێستا ئەمریكا لەوە گەشتوە كە ئەو سوپا گەورانەی كە هەیەتی لەناوچەكە بونەتە پۆلیسێك بۆ ئێران و ئیمپریاتۆریا لەدەست چوەكەی كە ئێستا لەهەوڵی نۆژەنكردنەوەیدایە. بۆیە هەمان ئەو سیاسەتەی ئەمریكا كەلەئەفغانستان پەیڕەوی ئەكەن دور نییە لە عێراقیش ئەنجامی نەدەن، چونكە ئەمریكا بەدرێژایی جەنگی ئەفغانستان و عێراق دەیان ترلیۆن دۆلاری سەرف كردوە بە بێ ئەوەی حكمڕانییەكانیشیان لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا بەتەواوی هەماهەنگ بن.
ئەمریكا بەكشانەوەی هێزەكانی لە ئەفغانستان نمونەیەكی هۆشداری ئامێزی بە عێراقیش داوە كە ئیتر ئامادە نییە هێزو توانا سیاسی و ئابوری و مرۆییەكانی بەفیڕۆ بدات بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە دڵنیاییەكی هەبێت لە سەپاندنی ستراتیژ و سیاسەتی خۆی لە ناوچەكە. بۆیە دورنییە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق جارێكی دیكە شۆڤێنیزمی سیاسی و فاشیستی ئایدۆلۆژی و كە مێژویەكی خۆی هەیە عێراق نەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتاو پشێوی و سڕینەوەی ئەوی دی لە باتی سیستەمێكی هاوڵاتیبون و فرەیی. ئەمە بۆ هەرێمی كوردستانیش ئۆفەرێكی كراوەیە كە حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم خوێندنەوەیەكی لۆژیكییان نەبوە لەكاتی گۆڕانكارییەكاندا و بەدرێژایی سی ساڵی حكومڕانی نەیانتوانیوە ئاماژە بە ڕۆڵی نێگەتیڤی حكومڕانی بدەن و چارەسەری كێشەكان بكەن و ئامادەسازی بۆ هەر قەیران و گۆڕانكارییەك بكەن كە لە پێشدایە.

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies