نەبەز جەلال: گۆڕان، بە پێوەری زاڵم و مەزڵوم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی باسکردن لە فۆرم و ناوەرۆکی ڕێگا زانستییەکانی ھەڵکشان و داکشان، تێگەیشتن بە فراوانی لە بیرکردنەوەی سیاسی گۆڕان، وجودێکی کرداری بزوتنەوەی گۆڕان وون و کەمە!.
تا ئێستاش جیاوازیەکانی مانادار، لە دەربڕینی ئامانجی ھزری بزوتنەوەکەو خواستی ھاونیشتیمانی و بەرکەوتنی کردارییکەی خەڵک و، ئاڕاستەی بیرکردنەوەی زۆرینەی کۆمەڵگە بۆ گەیشتین بە خواستی خێرای بەرھەمە لۆکاڵی و ھەنوکەییەکان، بزوتنەوەکە دەکات بە دوو بەشی دابڕاوو جیاوازەوە!
بزوتنەوەی گۆڕان لە گەشەی ھزریی و بزاوتی گۆڕانکاریەکانی زانست و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و دەجوڵێ. نەک لە خواستی ئارەزووەکانی کەسی، ئەرکی گواستنەوەی باری گران و، وویستی پێویستیەکانی ڕۆژ نییە، بۆ سەرکەوتن و بردنەوەی بەرەو سیاسی مەزڵوم لە زاڵمی دروستکراو.
بزوێنەری داھێنان و کۆبەرھەمی نوێکارییەکانی خەڵکەکەیە دەبێتەوە بە بنەماو، وە کەرەستەی ھەنگاونان و سەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان. ھەر ئەوەشە دەبێتە گوڕو، ووزەی دەستپێکی ھەنگاوەکانی چاکردنیشە بۆ نەھێشتنی سیستمی زوڵم و بێدادی، چەسپاندن و، تۆکمەکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ ھەموان.
گەر بەو جۆرە خوێندنەوە و ھەنگاوە سیستماتیکییە سەیری گۆڕان بکەین، تێدەگەین کە گۆڕان ھێزێک نییە بۆ ململانێی شەڕی بەرەیی و سیاسی، بەڵکو ئاوەزێکی دینامیکییە بۆ پێشکەوتن و نوێبوونەوەی کۆمەڵگە. واتە مەرجێک نییە بۆ تێوەگلانی دۆخی بەرکەوتەو شەڕە سیاسییەکانی ئێستامان، بەڵکو چاوەڕوانییەکی پشوو درێژانەیە بۆ سەرکەوتن و ئاسودەیی گشتی داھاتوو.
لەم دۆخە ئاڵۆزکاو، و گێژاوەی ئەمڕۆماندا کە خەڵک لە ژێر سێبەرو چەپۆکی دەسەڵاتی سەپاوی حیزبدا دەژی، زۆرینە ڕاپێچی جۆرەھا ململانێی نەخوازراو نابەجێکراوە ئاوەز تێیدا وونە!
ئومێدی گۆڕانکاری زۆرینە لە تەنگەژە و گۆمێکی لیخن و قوڵی دەسەڵاتدا وەستاوەو بە ئەستەم دەجوڵێ؛ بۆیە ناکرێ لەم جۆرە پانتایی تێگەیشتنە تاریکەدا بگەڕێین بە دوای ناولێنانێکی پێناسەیی پڕاوپڕی دۆزراوەی مانادار کە گشت پرۆژەو کار و بەرنامەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئاست و پایە زانستییەکەی لە شوێن و پێگەی خۆیدا پێبناسرێتەوە، کەتێیدا بۆتە ھەڵگری بەیداخی چاکسازی گشتی بۆ تەواوی خواستەکانی خەڵکی کوردستان.
بەدڵنیایی گۆڕان و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانە دەتوانێت گۆڕانی زانستی لە ژیانی سیاسی خەڵکدا بخوڵقێنێ و شێوازێکی نوێترمان پیشانبدات و بمانگەێنێت بە ئامانجی کۆتایی، نەک شەپۆلە گۆڕانێکی کورت بۆ خواستی گۆڕانکاری گۆڕینەوەو، ئاڵوگۆڕێکی کەم و کاتی جوڵاوی گرژ و توند، کە تێیدا تەنھا دڵداکەوتنی تۆڵەکردنەوە و ھێوربوونەوەیەکی کورتی ئۆقرەگر ببێتە بەشێک لە دەستکەوتی مەزڵومیەت و بەس!
بێگومان بۆ سەرخستنی پرۆسەکەو بەردەوامی لە گۆڕاندا دەبێت ڕێگە دوورەکە ھەڵبژێرین و پشوو درێژبین ئەوکات لە ڕێگای جێبەجێکردنی یاساو سەروەرکردنییەوە دەتوانین دەستی زاڵمیەتیش کۆتایی پێبنین و، ڕێگە لە دروست بوونی مەزڵومیش بگرین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت