پشکۆ ئەمین: ئێران بەرەو کوێ دەروات و نیازی چی هەیە؟ بەشی سێیەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شا بڕیاریدا سوپایەکی بەهێز دروستبکات، تا بتوانێت رێگەنەدا جارێکیتر سوپای بەریتانی و رووسی بێنە ناو ئیران، بۆ ئەمە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی جۆراو جۆری تازەو باشی دەداو تا سوپاکەی بە هێز بکات.
رووسەکان ئەم پڕ چەک کردنەی ئێرانیان پێ باش نەبوو، وە بەدژایەتی خۆیانیان لێکدەدایەوە، لە مارسی 1959دا کەگەرمەی شەری ساردبوو، ئێران ڕایگەیاند رێکەوتن نامەی دۆستایەتی سۆڤیەتی و ئێرانی کە لە ساڵی 1921دا لە نێوانیاندا مۆر کراوەو بە پێی مادەکانی 5 و 6 سوپای رووس دەتوانێت بێتە ناو خاکی ئێرانەوە هەڵوەشاندەوە.
لە 1955دا ئێران بووە ئەندام لەهاوپەیمانی بەغدا کەبەریتانیا سەرکردایەتی و پارێزگاری لێدەکرد.
کاتێک شا هەستی کردو زانی بەریتانیەکان و هاوپەیمانانی ناو پەیمانی بەغدا، پشتگیری ئیرانێکی بەهێزنین و هاوکاریی تەواوی ئیران ناکەن و لە خزمەت ئیراندا نین، لە ریکەوتنی بەغدا هاتە دەرەوە.
پاش ماوەیەک بە پاڵپشتی ئەمریکاو ئیسرائیل لەساڵی1957دا دەزگای نهێنی( ساواک) بۆ شا دروستکرا کە 60000 کەس کاریان تیدا دەکرد. لەلایەن سی ئای ئەی و موسادی ئیسرائیلیەوە راهێنران. هەرچی دژایەتی شای بکردایە، لە نەتەوەیەکان وچەپەکەن و پیاوانی ئاینی دەستگیردەکراو لە ژورە نهێنیەکاندا ئەشکەنجە دەدراو سەرنگوم دەکرا.
لەسالی 1959دا ئەمریکاو ئێران بوونە دوو دۆست و هاوپەیمانی ستراتیژی زۆری نزیکی یەک. ئەمریکا رایگەیدا کە رێگەدراوە بە شا بۆ دروست کردنی بنکەیەکی لێکۆڵینەوەو خوێندن لە سەر ئەتۆم لە دانیژگای تاران، دەتوانریت لەو بنکەیەدا لە سەرئەتۆم لێکۆڵینەوە بکریت و لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی ئەتۆم بە مەرجێک ئەو ئەتۆمە بۆ کاروبار و دروستکردنی وزە بەکاربهێنرێت، نەک دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. بنکەکە و ریاکتۆرو هەموو دام ودەستگای لێکۆڵینەوەو دروستکردنەکە، دیاری سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا ئایزنهاوەر بوو، کە پێش کەشی شاو گەلی ئیرانی کرد، ئەمە هەنگاوێکی گەورەبوو بۆ ئیران.
لە ساڵی 1968دا، ئێران و ئەمریکا رێکەوتنێکیان واژۆکرد. بەپێێ ریکەوتنەکە ئێران دەتوانێت ناوکی ئەتۆم بپیتینێت و بە دەستبهێنێت بەمەرجێک تەنها بۆ مەرامی گەیشتن بە وزەی ئەتۆمی بێت و بۆ کاروباری ئاشتیانە بەکار بهێنرێت. ئەم مەرجە لەڕێکەوتن نامەکەدا دەستنیشان کراوە.
لە5 /3/ 1959دائێران و پاکستان و تورکیا لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمانیەکیان مۆرکرد بەناوی هاوپەیمانی سەنتۆ CENTO،کە هاوپەیمانیەکی ناوچەی و سەربازی و بازرگانی نێوان ئەو سێ دەوڵەتە بوو لەژیر چاودێری و سەر پەرشتی ئەمریکادا. هەر سێ وڵات لە رێگەی ئەم هاوپەیمانیەتیەوە هاوکاری یەکیاندەکرد، لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی و ئابوری و رۆشنبیریدا لە پێناو بووژاندنەوەو پێشخستنی هەر سێ وڵاتدا. بۆیە هەوڵی چاکردن و خێراکردنی رێگاوبانی نێوان هەر سێ وڵات و راکێشانی رێگەی ئاسن و هاوکاری بازرگانی و رۆشنبیری و تەکنێکی و پیشەسازی و دەریاوانی نێوانیان زیادیکرد. گومرگی نێوانیان کەمکردەوە. ئەم هاوپەیمانیەی نێوان ئەم سێ وڵاتە کە هەر سێکیان لەفەلەکی ئەمریکادا بوون و لە لایەن ئەمریکاوە سەرپەرشتیدەکرا و زیاتر بۆ دژایەتی سۆڤیەت بوو، کاریان سیخوڕی کردن بوو بەسەر وڵاتانی دەورو پشت و لێدانی وڵاتانی دژە ئەمریکا و هاوپەیمانانی و بزوتنەوە رزگاریخوازەکان بوو، بە تایبەتی بزوتنەوەی کوردی و بزوتنەوەی زەفار.
نەوتی ئیران هەر بە نیمچە خۆماڵی مایەوە، بەڵام شەریکە و پاڵاوگەی ئەمریکا و موستەشاری سەربازی هاتنە ناو ئیران و دەستیان گرت بە سەر وڵاتەکەو نەوتەکەیدا، دەرهێنانی نەوت زیادی کرد. رێکەوتنێک کرا لە نێوان ئێران و بەریتانیاو ئەمریکادا کە نیوەی پارەی نەوت بدرێت بە ئیران. بەم شیوەیە ئیران بووە دووهەم وڵاتی هەناردەکەری نەوت لە جیهاندا. هەوڵدرا بۆ بووژانەوەی کشتوکاڵی ئیران و بەرەو پێش بردنی.
جۆن ئێف کەنەدی هەوڵی زیاتر پرچەککردنی ئیرانی دەداو دەیویست دژ بەسۆڤیەت بەهێزی بکات،لەسەردەمی کەنەدیدا چەکێكی زۆرو نوێ بە ئێران فرۆشرا و ئیران پرچەک کرا دژی رووس.
لەو ساڵانەدا هەستی نەتەوەی لەناوچەکەدا بەگورو تینێکەوە پەیدابوو، شۆرش و کودەتا لە وڵاتانی دەورو بەردا روویان دەدا، لەسەر داوای ئەمریکا و دۆستەکانی و بۆ ریگریکردن لە دروست بوونی پشێوی لە ئیراندا، شا بە هاوکاری ئەمریکا بریاری کۆمەڵێک ریفۆرم و چاکسازیدا.
کە ناوی نابوو ( شۆرشی سپی ) یەکێک لەو چاکسازیانە چارەسەری کیشەی زەوی و زار واتە( قانونی ئیصڵاعی زەراعی)بوو، کە لە 1961دا نیردرایە پەرلەمان، بەڵام لە لایەن نوێنەرانی دەربەگ و خاوەن زەوی و زارو مەلاکانەوە دژایەتیکراو دەنگی پێنەدرا. پەرلەمەنتارانی سەر بەمەلاو ئاخونەکان بە پیلانی ئیستیعمارو ئیمپریالیزمیان دادەنا، خۆپیشاندانیان دژی یاساکە رێکخست. هەموو جارێک کە یاساکە دەبرایە پەرلەمان لە لایەن ئەو گروپانەوە دژایەتی دەکراو دەبوونە هۆی دواخستنی.
وەزیری کشتوکاڵ لەسالی 1963 دا بۆ جارێکی تر یاساکەی بردەوە پەرلەمان و داوای لە پەرلەمان کرد کە یاساکە تێپەرێنین، دیسانەوە نوینەرانی دەرەبەگەکان و مەلاکان دژی وەستانەوەو خۆپیشاندانی گەورە دژی کرایەوە.
لەپەرلەماندا بڕیاردرا کە گەل ریفراندۆمی بۆ بکات و گەل بریار بدات ئەو یاسایە لەپەرلەماندا جێ بەجێ بکرێت یان نا. بۆیە گەل ریفراندۆمی بۆ کردو دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا. دەنگی بریاردەران لەسەر جێ بەجی کردنی یاساکە، زۆرتربوو لە نەکردنی، یاساکە لە پەرلەمان تێپەڕینرا.
خۆپیشاندان و دژایەتیەکان، دژی ئەو یاسایە هەربەردەوام بوو، نارازیەکان هەر خەریکی ئاژاوە بوون، خەڵکێکی زۆر بەشداری خۆپیشاندانەکان بون.
لەوانە مەلاکانی قوم لەناویاندا ئایەتوڵە خومەینی کە بۆ یەکەم جار لەم خۆپیشاندانانەوە دەوری سیاسی خومەینی لە سەر شانۆی سیاسی ئیران دەرکەوت. بەشداری خۆپیشاندانەکانی دەکرد و رەخنەی دەگرت لە رژێم و پۆلیس و ساواک کە سەرکوتی خۆپیشاندەرانیان کردوە. لێرەوە دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بەیان نامەو فتوادان هیتافات دژی شاو رژیمی دیکتاتۆر (طاغوت) ی ئیرانی، داوای راپەڕین و لەناو بردنی رژیمی شای دەکرد. ئایەتولاکان و خومەینی فتوایاندا کە ریفراندۆم دژی خوایە و پیلانی ئیستیعمارەو کەس دەنگی پێنەدات. بەلام جەماوەر وریاتر بوون لە مەلاکان دەیانزانی مەلاکان بۆ دەستکەوتەکانی خۆیان دەگرین. دەترسێن دەسکەوت و ئەرزەکانیان لەدەست بروا. بەم شۆرشی سپیە خەڵک رۆشنبیر دەبێتەوەو دور دەکەونەوە لە حوجرەو مزگەوت و دەچنە قوتابخانەکان و فیری زانست دەبن و خویندن و رۆشنبیری لە قوتابخانەدا مانای هۆشیاری و کرانەوەیە، ئەمەش زیان بە مزگەوت و مەلا دەگەیەنێت و دەورو دەسەڵاتیان کەم دەبێتەوە لەناو کۆمەلگادا، خەڵک ئەمەی دەزانی.
بۆیە زوربەی خەڵک لەگەڵ جێ بەجێ کردنی یاسای چاکسازی زەوی و زاردا بوون و دەنگیان بە بەڵێ بۆ جێبەجێ کردنی یاساکەدا.
سەرکوتی خۆپیشاندەرەکان بەردەوام بوو زۆریان لێکوشتن و لێیاندان و گرتیانین، دەبابەو سەربازێکی زۆر هێنرانە سەرشەقامەکان بۆ سەرکوت کردنی دەیان هەزار خۆپیشاندەری ئیسلامی و دەرەبەگەکان.
شا ئایەتوڵلە خومەینی گرت و ناردیە نەجەف، تاساڵی 1978 لە نەجەف مایەوەو پاشان لە سەر خواستی شا لە عێراق دەرکراو رۆشتە فەرنسا لەNeauphle-le-Château نزیک پاریس دەژیا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت