بورهان شێخ رەئوف: هەوڵەکانى دواخستنى هەڵبژاردنى پێشوەختە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدواى خۆپیشاندانەکانى تشرینى 2019 وە لە عێراق ڕەوتى سەدر یەکێک بوو لە هێزانەى کە لە سەرەتاوە پشتیوانى داواکارى خۆپیشاندانى دەکرد، ئەگەرچى دواتر لێ یان هەڵگەڕایەوە، داخوازى هەڵبژاردنى پێشوەختەو دەست لەکارکێشانەوەى عادیل عەبدولمهدى و پێکهێنانى کابینەى نوێ بە سەرۆکایەتى کازمى بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەو لە خواستەکانى ڕەوتى سەدرو خودى موقتەدا سەدر بوو. بەڵام ئەوەى مایەى نیگەرانى و سەرسووڕمان بوو بۆ هەمووان بڕیارى سەید موقتەدا بوو بۆ بایکۆت کردنى هەڵبژاردنەکان و بە دواى ئەویشدا (25) حزب و قەوارەى سیاسى هەمان هەڵوێستیان ڕاگەیاند بە پاساوى کۆمەڵیک بیانوو.
ئێستاش کە لەوادەى هەڵبژاردنەکان لە 10- 10- 2021 نزیک دەبینەوە، هەوڵ و کۆششێکى چڕ دەستى پێ کردووە بە تایبەتى لە ناو هێزو لایەنە شیعیەکاندا لە ڕۆژانى ڕابردوودا بۆ وەڵامدانەوەى ئەو مەرجانەى موقتەدا سەدر دیاریکردوون بۆ ئەوە پاشگەز بێتەوە لە بڕیارى بایکۆت کردنى هەڵبژاردنەکان.

مەرجەکانى سەدر
دوومەرجى داناوە دەبێت لایەنەکانى تر قایل بن پێی ئنجا دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ ى هەڵبژاردن
1- دواخستنى هەڵبژاردنەکە بۆ وادەیەکى گونجاو کە هەموو لایەنەکان لە سەرى کۆک بن.
2- سەرکۆنەکردنى چەکى میلیشیاکان ئەو چەکانەى کە بەدەر لە دەستى دەوڵەتە.
سەرچاوە باڵاکانى سیاسەت لە بەغداوە باس لەوەدەکەن کە کۆبوونەوەکان لێک تێگەیشتن و نەرمى زۆر تێدابووە لە هەمبەر داخوازییەکانى سەدر، چونکە بەشدار نەبوونیان ناهەوسەنگى دروست دەکات لە نوێنەرایەتى کردنى پێکهاتەى شیعە، هەرچەندە لایەنە بنەڕەتیەکان ترى شیعە هێشتا پابەندن بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە 10- 10- 2021، بەڵام دەرگاى دواخستنیشى کراوەتەوە بەمەرجى ئەوەى هەموو لایەنە شیعیەکان بسازێن لەسەر ئەو پرۆسەیە.
هەرچەندە نوێنەرەکانى ڕەوتى سەدر ئامادەى بەشێکى ئەو کۆبوونەوانە بوون و مەرجەکانى سەدرییان پێ ڕاگەیاندوون بۆ بەشداریکردن، بەڵام نوێنەرانى دەوڵەتى یاساو عەسائیبى ئەهلى حەق پێداگیریان لەسەر ئەوە کردووە کە هەڵبژاردنەکە لە وادەى دیاریکراودا بکرێت، ئەوەیان پێ ڕاگەیاندوون کە با ڕەوتى سەدر ببن بە ئۆپۆزەسیۆنى سیاسى و ئازادن لەو بڕیارەدا.
ئەمەش مایەى نیگەرانى و ترسە لە لایەن هەندێک لە لایەنە شیعەکانەوە بە تایبەتى لە ڕۆژانى ڕابردوودا یەکێک لە سەرکردەکانى ڕەوتى سەدر ڕایگەیاندبوو هەر حکومەتێک دابمەزرێت ئەوان دەى ڕوخێنن ،بۆیە لایەن شیعیەکان هەست بە مەترسى و کاریگەرى بایکۆتى ڕەوتى سەدر دەکەن لە سەر کۆى پرۆسەى سیاسى، بۆیە لە هەوڵى ئەودان هەموو فشارو ڕێکارەکان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەى سەدر لە بڕیارەکەى پاشگەز بێتەوە.
لە هەمبەر ئەمەشدا هەندێکى تر لە لایەنە شیعیەکان بە تایبەتى ئەوانەى لە حەشدى شەعبیەوە نزیکن دەبێژن هێزەکانى حەشد تواناى پاراستنى گیانى پاڵێوراوەکان و دەنگدەران و تەواوى پرۆسەى هەڵبژاردنى هەیە.
سەدریەکانیش ئەم هەڵوێستەى دۆستەکانى حەشدى شەعبى قووڵتر لە دۆخى ئەمنى دەخوێننەوە، بۆئەوەى دەگێڕنەوە کە لە کاتى بەشدارى نەکردنى ئەو لایەنانەى کە بایکۆتیان کردووە، دۆستەکانى حەشد خۆیان تەواو، کۆنترۆڵى هەموو جومگە گرنگەکانى دەوڵەت دەکەن.
بۆیە ئێستا ئەگەرى دواخستنى هەڵبژاردنەکان لە سەر مێزى دانوستانى شیعەکانە لە ڕۆژانى داهاتوودا ، بەتایبەتى دواى وتارەکەى سەرۆک کۆمار (بەرهەم ساڵەح) بە بۆنەى 10 موحەڕمەوە،کەتێیدا هۆشدارى دابوو لەوەى کە ئەو ئالەنگارییانەى هاتۆتە پێش پرۆسەى هەڵبژاردن نابێت بە سووک سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە بەهەند وەربگیرێن لە ڕێگەى دیالۆگى نیشتمانى یەوە چارەسەر بکرێن، بۆ دڵنیایى زیاترى عێراقیەکان و داخستنى درزو کەلێنەکان.
ئەم وتارو لێدوانانەى سەرۆک کۆمار هەڵوێستى بەرەى بایکۆتى زیاتر بەهێز کردووەو، وا لێک دەدرێتەوە کە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن لە 10/10، هەرچەندە هەواڵى تریش هەیە لە کۆشکى سەلامەوە باس لەوە دەکەن کە سەرۆک کۆمار ناچێتەناو ململانێ ى حزبەکانەوە بۆ وادەى هەڵبژاردن، بەڵکو مکوڕە لە سەر ئەوەى کە هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا بکرێت، بەڵام لە کەشوهەوایەکى سازگاردا کە هەموو لایەنە کاریگەرەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسى دڵنیابن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت