حەسەن ڕازانی: حکومەتە دەرپەڕێندراوەکەی ئەفغانستان و حکومەتی هەرێمی کوردوستان دوانەی لە یەکچوون!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵاتدارانی کوردوستان دەڵێن کوردوستان و ئەفغانستان دووشتی لێکجیاوازن. بۆ سەلمادنی ئەمەش کار گەییشتە ئەوەی کە لە 22- 8- 2021 لە پەیامێکدا بەڕێزمەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان، لە یەک دوو خاڵدا ئاماژەی بە جیاوازییەکانی نێوان ئەفغانستان و کوردوستان دا. ناوەڕۆک و مەبەستی سەرەکی پەیامەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە گوایە لە چەند میدیایەکەوە مەیل و تەوژمێک لە ئارادایە کە دەیانەوێت دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکی کوردوستاندا درووست بکەن.
ئەوەی کە بەڕێز مەسعود بارزانی فۆکەسی کردۆتە سەر ئەوەیە کە” هەر میللەتێک ئەگەر پشت بەخۆی و تواناکانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشەو لەناوچونی لەسەرە.” وە بۆ پشتگیری ئەو بۆچونەشی کە کوردوستان و هێزی پێشمەرگە جیاوازییان هەیە لە گەڵ ئەفغانستان و سوپاکەی ئەوەیە کە ” پێشمەرگە خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی کؤڕێ و تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەکانی پردێ و سحێلان کە نەیارانی کوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن”.
پێش هەموو شتێک نەبەردو سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە پردێ و سحێلان ناکاتە ئەوەی کە بە دیارنەمانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی دەتوانرێت هەمان نەبەردو سەرکەوتن تۆمار بکرێت لەبەرامبەر داعش و ئەمسالی داعش. بۆ نموونە ئەگەر بەڕێز مەسعود بارزانی پردێ و سحێلان وەک نموونەی سەرکەوتن و خۆڕاگری دەهێنێتەوە، ئەی بۆچی نموونەی وەک شەنگال و لەدەست دانی نیوەی خاکی کوردوستان لە 16ی ئابدا باس ناکات. فلیمەکەی ئێران لەسەر مەسەلەی داعش و هەولێر ڕەنگە باشتر ئەو بۆچوونەی ئێمە وەڕاست بگێڕێت.
لە لایەکی تریشەوە خۆ کەس گومانی نییە لە جەربەزەیی و ئازایەتی و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە. بەڵام ئایا ئەو هێزەی کە ئێستا هەیە بۆ پاراستنی خەڵک و خاک و نیشتیمانە یان لە ژێر فەرمانی حیزب و پەرپرس و خێڵ و گروپ و تەکەتولەکاندا دەجوڵێ؟ ئایا هێزێکی یەکگرتووەو لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتدا دەجوڵێت؟ ئایا پێداویستیە دارایی و تەکنیکی و لۆجستی و سەربازییەکانی بۆ ئامادەیەو بە پێی سەردەمییانە مەشق ڕاهێنانی پێکراوە؟ ئایا ژیانی هەر پێشمەرگەیەک و ماڵ و منداڵی مسۆگەرکراوەو پێویستی بە ئیشی زیادە لە دەرەوەی پیشەکەی خۆیدا نییە؟ ئەمانەو دەیان کەم و کوڕی و ناگوزوری تری پێشمەرگەو کە س و کاری شەهیدان. هەروەها کەسیش گومانی لە خۆڕاگری خەڵکی کوردوستان نییە. ئەوەی کە بەسەر خەڵکی کوردوستان هاتووە لە سەر دیفاع لە خاک و ئاوو نیشتیمان و وەڵات و نەتەوەی خۆی، بەسەر کەم نەتەوەی سەر ئەم زەوییەدا هاتووە. بەڵام هێشتا خەڵکی کوردوستان دانیان بەخۆداگرتوەو دەڵێن حکومەتی کوردییەو با ئارام بگرین. بەڵام بەڵگەکان و خۆپیشاندانەکان و کەمیی ڕێژەی دەنگدانی خەڵک لە کاتی هەڵبژارندنەکاندا ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە هیچیتر خەڵک ئەو حکومەتە بە هی خۆیان نازانن. کەواتە هیچیتر لەپێناوی ئەو حکومەتەدا نەخۆڕاگردەبن و نە بێدەنگئیش دەبن لەبەرامبەریا.
بۆیە ئەگەربە پێی پەیامەکەی بەڕێزمەسعود بارزانی بێت ئەمەی کە لە ئەفغانستان ڕوویدا لێرە لە کوردوستان ڕووناداتەوە. چونکە یەکەم: خەڵکی کوردوستان خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی و پشتی بەخۆبەستووە. دووەم : هێزی پێشمەرگە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە بەرەنگاری و چەندین نەبەردی تۆمارکردووە.
بەڕێز مەسعود بارزانی بە هیج شێوەیەک بەلای دەسەڵاتی ئیداریدا نەچووە کە بڕبڕەی سەرەکی سەقامگیری و بەهێزی هەر حکومەت و دەسەڵاتێکە. بۆیە دەڵێم لایەنی ئیداری بۆ ئەوەی بزانێت کە چی دەگوزەرێت و چۆن و تا چ ئاستێک وە بۆچی خەڵک لەبەری وەزاڵە کەوتووە؟ ئایا خەڵک ئەم حکومەتەی دەوێت و دیفاعی لێدەکات لەکاتی تەنگانەدا؟ بۆچی گەنج وەک لێشاو وەڵات بەجێدەهێڵێت و خنکان لەناو دەریاکانی پێ باشترە وەک مانەوەی لە ژێرسایەی ئەو حکومەتدا؟
وا دیارە بەڕێز مەسعود بارزانی خۆی ڕاستەوخۆ گوێی لێ نەبوەو لە لایەن دەوروبەرەکەشییەوە پێی نەگوتراوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا خەڵک هاواری کردووە کە سەدام باشتر بووە ؟ هەروەها خەڵک خۆزگەی بەدەسەڵاتە خوێنڕێژەکەی سەدام خواستووە. دەبێ گەلۆ ئەم دەسەڵاتەی ئێستای کوردوستان چەندە دژە ئینسانی و دژە خواستی خەڵکی بێت کە وای لە خەڵک کردبێ ئاواتی گەڕانەوەی سەدام بخوازن؟
دەبا لێرەدا چەند لێکچوونێک و نموونەیەک وەک مشتێک لە خەروارێک خاڵی لەیەکچوو لە نێوانی ئەفغانستان و کوردوستاندا ئاماژە پێ بدەین. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو لێکچوونەش هەر لەدەمی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمەوە چەندین جار لە شاشەی تیڤییەکانەوە ئەو شتانە گوتراون. ئەمانەی خوارەوە هەموو شتە لەیەکچووەکان نین بەڵک و زۆر لەوە زۆرتر هەن. بەڵام بۆ ئێرەو ئەو نووسینە ئەوەندەم پێ بەس بوون.
یەکەم: حکومەتی ئەفغانستان و دەسەڵاتدارەکانی لە ئاکامی ڕوخاندنی تاڵیبان بەدەستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانییەوە هاتن نەک بە هێزی بازووی خۆیان. واتە بە پشتیوانی خەڵک و لە لایەن خەڵکەوە نەهاتن. ئەمریکا کورسی دەسەڵاتی بۆ ئامادەکردن و ئەوانیش لەسەری دانیشتن و خۆیان بەستەوە بە ئەمریکاوە نەک بە خەڵکەوە. بەهەمانشێوە لە کوردستانیش هەر ئاهوا حکومەت و دەسەڵاتی وابەستە بە ئەمریکا پێکهێنرا. لێرەش لە ئاکامی هێرشی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆسەر حکومەتی بەعس بوو. لێرەش کورسی دەسەڵات ئامادە کراو ئەوانیش لەسەری دانیشتن و خۆشیان بەستەوە بە ئەمریکاوە. کەسمان ناتوانین ڕۆڵی کاریگەری خەڵک لە ڕاپەڕیندا نادیدە بگرین. بەڵام هەم خەڵک و هەمیش خەڵکی سەربە هێزو لایەنە سیاسییەکانیش بۆیە ڕاپەڕینیان نەکرد تا ئەم شێوە سیستەمەی ئێستا شوێنی سیستەمەکەی سەدام بگرێتەوە. خەڵک بۆ ژیانی باشتر ڕاپەڕینی کرد.
دووەم: حکومەتی ئەفغانستان هەر لە سەرەتاوە تا دەستبەرداربوونی ئەمریکا لێی هەر دەبوایە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بیپارێزن لەدەستی دوژمنان بەگشتی و تاڵیبان بەتایبەتی. لێرەش لە کوردوستان لەو ڕۆژەوەی کە حکومەتی وابەستە بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئارادایە ئەگەر دەستی هاوکاریی هەمەجۆرەی ئەمریکاو هاوپەیمانانی نەبوایە ئەوان نەیان دەتوانی بگەنە ئەمڕۆ. وە ئێستاش ئەگەر ئەمریکاو هاوپەیمانانی بکشێنەوە گەرەنتی نییە کە دەتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن.
سێیەم: ئەو گلەیی و گازندانەی کە خەڵکی ئەفغانستان لەسەر حکومەتەکەی ئەوێ هەیان بوو لێرەش لە کوردوستان هەمان گلەیی و گازندە هەیەو ڕەنگە بەزیادیشەوە بێ. بە بەڵگەشەوە سەلمێنراوە لە لایەن بەرپرسانی نێو حکومەت و پەڕلەمان و حیزبەکانەوە کە ڕۆژانە خۆیان قسەی لەسەردەکەن. بۆ نموونە : بندیوار، گەندەڵی ، دزی و ڕاوەڕووت و سەرانە، قاچاخی، دەستی حیزب لە نێو حکومەتدا، دەست بەسەراگرتنی کارو بزنزو سێکتەری تایبەت لە لایەن بەرپرسانی حیزبییەوە، تێوەگلانی بەرپرسانی حیزبی تەنانەت لە ئاستی باڵاشدا لە کاری قاچاخچییەتی و بازرگانی نایاساییدا، میلیشیاو هیزی چەکداری سەر بە حیزب و بەرپرس و خێڵ و تەکەتتول. یان جیاوازی و نایەکدیگیری خیتابی نەتەوەیی و زاڵبوونی خیتابی زۆن و خێڵ و حیزب، کەم بووونەوە یاخود نەمانی ئینتیما بۆ نیشتیمان و وەڵات و نەتەوە و لە شوێنیدا ئینتیما بۆ خێڵ و حیزب و بەرپرس و… هتد. بەڵگەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە حکومەتەکەی ئەفغانستان و ئەوەی لەمەڕ خۆمان لەو ڕووەوە دەڵێی دوانەن.
چوارەم : نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک و بەرزبوونەوەی بێکاری و هەژاری و بێ جێگاو ڕێگایی. بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە ئەفغانستان و کوردوستان زۆر لە یەکەوە نزیکن. ئەوەتا لەبەر بێکاری و نەبوونی ساڵانە بە هەزاران لە گەنجی ئەفغانی و کوردوستانی وەڵات بەجێ دەهێڵن دەڕۆن بۆ هەندەران. لەو بارەشەوە هەردووک ئەفغانستان و کوردوستان دوانەی دانەبڕاون لە یەکتر.
پێنجەم : داهات. ئەفغانستان خۆی خاوەن بەروبووم و داهاتی خۆیەتی و لەولاشەوە بە لێشاو لە هەموولاوە لە لایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانییەوە بە بەردەوامی هاوکاری هەمەجۆرە کراون. بەڵام هێشتا هەر کەمێکی بۆخەڵک و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری وەڵات سەرف کراوە. ئەوەی تری تەخشان و پەخشان کراوە. لە کوردوستانیش هەروایە و باشتر نابینرێت. خەڵک لەو بارەوە خۆی شاهیدی بێ رکابەرە. بۆ نموونە نەوتێکی زۆر و داهتێکی زۆری ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و گومرگەکان، هەروەها جارجارەش هاوکاری لە ناوەندەوە هەر هاتوە. سەرباری ئەوەش هاوکاری هەمەجۆرەی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بە بیانووی شەڕی داعشەوە کەچی هێشتا خەڵک نیوە موچەی دەدرێتێ و هێشتا ژێرخانی ئابووری کوردوستان نەبوژاوەتەوە.
پێنجەم: شەڕی ناوخۆ لە نێوانی حیزبەکاندا. لەو نێوەشدا تەنها خەڵک کراوەتە سووتەمەنی. ئەفغانستان و کوردوستان لە یەک دەچن. خەڵک ئەوەندەی لەشەڕی دوژمناندا بەکوشتدراوە زۆر لەوە زیاتر لە شەڕی نێوخۆدا کوژراوە. خەڵکی ئەفغانستان و کوردوستان لەو بارەشەوە وەک یەک تەجروبەیان هەیە و لە یەک دەچن. بەردەوامی شەڕی ناوخۆ لە سەردەمی شاخ و ئینجا دەستپێکردنەوەی لە ناو شاریشدا ئینتیماو خۆشەویستی خەڵکی بەو حکومەتە لاواز کردووە.
شەشەم: حیزبەکانی نێو حکومەتی ئەفغانستان هەریەکەی لەشوێنێکەوە هاوکاری دەکرێن و دەبێ مەیلیان بۆ شوێنێک هەبێ. لێرەش لە کوردوستان هەروایە. ئەوەتا دوو زۆنی بە ئاشکرا هەیەو ئەمەش دووئیدارەیی لە ناوەڕۆکدا لێکەوتۆتەوە. زۆنی ئەولا مەیل و ئینتیمای بۆ شوێنێکەو ئەوەی ئەملایەش بۆشوێنێکی تر مەیل و ئینتیمای هەیە. ئەملا حیساب بۆ ئەولا ناکات. لەو ڕووەشەوە ئەفغانستان و کوردوستان لەیەک دوورنین.
حەوتەم: حکومەتەکەی ئەفغانستان، چونکە حکومەتی خەڵک نەبوو وە خەڵک نەی هێناو بۆخەڵکیش نەبوو تا ئەوڕۆژەی ماڵئاوایی لە دەسەڵات و کورسییەکەی کرد، هەر بۆیەش کە تاڵیبان هێرشی بۆکردو ئەمریکاو هاوپەیمانانی ئەوێیان چۆڵکرد خەڵک هیچ دیفاعی لێ نەکردو پشتیان تێکرد. هێزی چەکداری بندیواری موچە خۆریش لە ماڵەوە بوو گوێی پێنەدا. ئەوەی بە فێعلی لەسەنگەردابوو هەمووی پەنجا هەزارێک بوو ئەویش هەمووی سەر بە بەرپرس و خێڵ و تەکەتوول بوو. بۆیە فەرمانییان لە خاوەنەکەی خۆیانەوە وەردەگرت نەک لە حکومەتەوە. لەوبارەشەوە کوردوستان و ئەفغانستان لەیەک نزیکن. بەڵام هێشتا ئەمریکا لێرە لە کوردوستان نەڕۆیشتووە بۆیە دەبێ چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوڕۆژەی ئەمریکا دەڕوا. ئەوکاتە ڕوون دەبێتەوە ئاخۆ هەتا کوێ خەڵک دیفاع لە حکومەتی کوردوستان دەکا. دواڕۆژ ئەمە ڕوون دەکاتەوە.
هەشتەم : ئەوەی کە حکومەتەکەی کوردوستانی خستۆتە جێگایەکی زۆر لاوازتر لەوەی ئەفغانستان ئەوەیە کە هی کوردوستان حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی نییەرو سنوورەکانی کراوەن بۆ هەر کەسێک و لایەک. لە لایەکی ترەوە ئەوتا بە نوێژی نیوەڕۆ هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی ئێران و تورکیاو داعش و حەشدی شەعبیدایە. حکومەتی ئەفغانستان لەو بارەوە پێگەی لە هی لای خۆمان بەهێزتر بوو سەرباری ئەوەش کە تاڵیبان هاتەوە خۆی نەگرت. چونکە حکومەتی خەڵک و بۆ خەڵک نەبوو.
نۆیەم: هەڕەشە سەرەکی و بەردەوامەکەی سەر حکومەتی ئەفغانستان تاڵیبان بوو. هەڕەشەکانی سەر حکومەتی کوردوستان لە یەک هەڕەشە زۆرترن. بۆ نموونە کوردوستان دەوڵەت نییەو ئاڵاو نوێنەری لە ناو نەتەوە یەکگترووەکاندا نییە، تورکیا بە بیانووی پەکەکەوە هەمیشە بە بەردەوامی هەڕەشە بووە، ئێران بە بیانووی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە هەمیشە جێی مەترسی و هەڕەشە بووە، حکومەتی ناوەندی عێڕاق زۆر جێی متمانە نییەو ئەویش هەر جێی مەترسی بووە، داعش، حەشدی شەعبی، گروپ و هێزی توندڕەوی سوننی لە عێڕاقدا، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردوستان لە نێوخۆشیدا دەناڵێنێت بەدەست دوو حیزبی باڵادەستی حوکمڕانەوە. ئەو دوو حیزبە هەر جارەی یەکێکیان دەستی سوپای بێگانەو دوژمنان دەگرێت و دەیهێنێتە ناو کوردوستانەوە . لەو ڕووەوە بەڵگە زۆرن.
دەڵێن گوایە بەرژەوەندی ئەمریکا لە کوردوستان و عێڕاقدا وا دەکا کە ئەمریکا کوردوستان بەجێنەهێڵێت. بە بڕوای لایەنگرانی ئەو بۆچوونە مانەوەی ئەمریکا لە کوردوستان ئۆتۆماتیکی بە مانای پاراستنی کوردوستان دێت. بەڵام مێژووی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو بۆچوونە بەڕاست دانانێت. ئەمریکا بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەڵس و کەوت و مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکان دەکاو زۆر گوێ ناداتە پاراستنی دێموکڕاسی و مافی مڕۆڤ و لەسەر سۆزو عاتیفە سیاسەت ناکات. ئەمریکا لە زۆر شوێنی تریش بووەو بەجێشی هێشتوون جا بە پێی سەوداو مامەڵەیەکی سیاسی بووە یان هەر خۆی وای بۆچووە کە مانەوەی زەرەری زۆرتر دەبێ لە قازانج. ئەمریکاش بە دوا قازانجی زۆرەوەیە. پرسیارەکە لەوبارەوە ئەمەیە:
ئایا کوردوستان ئامادەیە و لە توانایدا هەیە کە لە ناوچەکەدا هەم ڕۆڵی بۆ ئەمریکاو ناوچەکە و هەم قازانجیش بە ئەمریکا بگەێنێت کە زیاتر بێت لەو ڕۆڵ و قازانجەی کە هەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە هەیانە بۆ ئەمریکا؟
لینکی پەیامەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=194358

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت