بەهرۆز جەعفەر : با !!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

با: لە قوبرس بۆردمانی ئاوها بکات، چل ساڵە لە بن دەستی تورکیادا تەحەددا ئەکات و گازی سروشتیش دەرئەهێنێت و ناهێڵێت تورکیا بەشداری پێ بکرێت لە هاوکیشە سیاسیی و سەربازی و ئابورییە نوێیەکانی تەواوی دەریای سپی ناوەڕاست دا.
با: لە ئیسرائیل بۆردومانی ئاوها بکات، کە دەیان کەسی تورکی لە کەشتی مەڕمەڕە Mavi Marmara Flotilla دا لە (31ی ئایاری 2010) دا کوشت و، دەیان جاریشە تورکیا لەدەرگای ئیسرائیل ئەدات پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئاسایی بکرێتەوە، وەڵامی نادەنەوە.
با: لە یۆنان وا بکات، تازە بەهێزترین بنکەی ئەمریکی لە مینای ئەلیکساندروبولیسی یۆنان کراوەتەوە، هەروەها لە دورگەی کریت-Crete بەهێزترین سیستەمی ڕادار هەیە. یۆنان بەهێزترین تەحەددای بەردەم تورکیایە لە یەکێتی ئەوروپا.
با: وا لە فەڕەنساو ئیتاڵیا بکات کە لەگەڵ قوبرس و یۆنان هۆکاری قەیرانە داراییەکانی تورکیان دەیان ساڵەو، وایان کردووە لە هەموو شوێنێکدا سزاو ئابڵوقە بکەوێتە سەر تورکیا.
با: هیچ نەبێت وا لە ئەرمینیا بکات کە بەهێزترین لۆبی یان هەیە لە واشنتۆن و تورکیایان بە دەوڵەتی تیرۆر ناساندوە لە ناوچەکەدا.
با: تورکیا بستە خاکێکی میسر بکاتە ئامانج و ئاوها شەش مەتر قووڵی بکات، خۆ میسرو هەموو ئەو ووڵاتانەی تریش جێگەی حوکمڕانی دەوڵەتی عوسمانی و تورکەکان بون.
هەر هیچ نەبێت تورکیا با لە لیبیا وا بکات، هەموو ئەو ووڵاتانە سنوری ووشکانی و ئاوییان لەگەڵ تورکیا هەیە!. لە لیبیاش تورکیاو هێزە پرۆکسییەکانیان دەرکرد و ( 120 ) ملیار دۆلاریش زیان بەر تورکیا کەوت.
لەهیچ شوێنێک بوار بە تورکیا نادرێت ( 82 ) بنکەی سەربازیی لە خاکەکەیدا دابنات و، لە قووڵایی جوگرافیاکەیدا زیاتر لە ( 20 ) فرۆکەی ف- 16 بەکاربهێنێت و هێرش بکات.
ئەم هێرش و هاتنانەی تورکیا بە ئاگەداری ئێران و عێراقە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمێکە وەک یەکێک لە سیناریۆکان لای ئێمە تۆمارکراوە کە تورکیا ڕۆژێک تا خانەقین و مەرزی پێنجوێن بێت و دەبابەکانی جێگیر بکات.
ئا… دەبا گوللەیەک بگرێتە ئیمارات لەسەرانسەری دونیا دژی پرۆژەکانی تورکیایە.!. هەر تەنها دەستی بە خاکی کوردستان و خوێنی کوردستان نالەرزێت.
ئێرە کوردستانە، ئەمە پێنجوێنە 28000 خاڵی تیا کراوەتە ئامانج، پێویستە ئەوانەی لەو بەغدایە لە پۆستی باڵاو سیادیدا ملیارەها بەرژەوەندییان هەیە، ئیدانە نا، بەڵکو ( 5 جوێن) پێنج جوێن بدەن بە داگیرکەرانی کوردستان.
ئەمە تورکیایە، قووڵایی ستراتیجی لای ئەو یانی من کاتێک لە ئاسایش دا ئەژیم، کە دەست وەربدەمە کاروباری ئەوانی تر و لە داگیرکاریدا بم. تورکیا لە سەری سەرەوە پاڵی پێوەنراوە بۆ خوارەوە، ئەویش پاڵ بە کوردەوە ئەنێت و بەرەو خوار بۆ خۆی ئەکشێت!. کێ ئیدانەی بکات!؟. هێز بۆ گیانی یەکتری کۆئەکەنەوە!. بە لەشکرو بە ملیار دینار خەلک لە میدیاو سۆشیال میدیاوە ئەگلێنن، بەڵام چوار ناوەندی ڕێک و پێکیان نییە لە دونیادا دیراسات بکات و لۆبی بکات و هەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر کوردستان و ئۆبشنەکانی ڕووبەڕووبونەوە دەستنیشان بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت