زەبەنگ بەهادین: بۆچی موەحیدین!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سەدەی شەشی هیجری مهدی بن تومرت، بە دامەزرێنەری دەولەتی موەحدین هەژمار دەکرێت لە مێژوودا ،کە سەرەتا لە مەغریب سەری هەلداو، بە بانگخوازی چاکسازی دەستی پێکرد و بانگی خەلکی کرد بۆ تەوحیدی پوخت. هەر بۆیە بە شوێنکەوتوانی ووترا موەحیدین. ئەو دەولەتەشی پێکیهێنا ناوی لێنرا دەولەتی موەحیدین. لە سەر بنەمای فەرمان بە چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپە دامەزرا. ئاراستەیەکی فیقهی لە ئایندا وەرگرت، کە تەنها پشت ببەستن بە قورئان و قسەی پێغەمبەر (د. خ) بێت. بەبێ گەرانەوە بۆ هیچ سەرچاوەیەکی مەزهەبی یان شیکاری زانایانی ئاینی کە لەو سەردەمەدا مەزهەبی مالیکی بالا دەست بوو بۆ تەشریع و فیقهی قورئان لەو ناوچەیە.
بۆ کەسایەتییە ئاینیە دیارەکانی کوردوستان کۆ دەبنەوە و ناوی موەحیدون لە خۆیان دەنێن؟ ابن خەلدون دیدگایەکی هەیە لەسەر دروست بوونی دەولەتی موەحیدون، دەلێت: تورە بوون دەبێتە دروست بوونی دەولەت لە ناو خودی خێلەوە سەرەداویی ئەم دەولەتە دەست پێدەکات. بە هۆی کاریگەری خێل لە رووی دارایی و سیاسی و کۆمەلایەتی کارێکی زۆر دەکاتە سەر دەوڵەت، هەر بۆیە پشت بەستن بە تورەیی خێل ئەنجامی ئەرێنی دەبێت بۆ دروستکردنی ئەو دەولەتە.
دروست بونی گوتاری موەحیدون لە کوردوستان ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێ لە دروستکردنی دەولەتێکی ئیسلامی، لە بەر ئەوەی کاتێک تورەی خێل کاریگەری دەبێت کە خێل سەربەست بێت لە رەفتار و گوفتار و لە ژێر دەستی دەسەلاتی سیاسی و حکومیدا نەبێت، مەرجی خێلەکی لە بینینی خۆیدا بونی فودیالیزمە بە مانا عەشایەریەکە تا بتوانرێت کۆنترۆلی تورەی خێل بکرێت بۆ ئاراستەکردنی ئەو تورەیەی بە سوود و خواستی موەحیدونەکان بە مانا سەرۆکی عەشیرەتەکە یان خێلەکە پەیمان نامەی ئاینی هەبێت لەگەل موەحیدونەکان، ئەم چەمکە لە کوردوستان نەک لاوازە بگرە نادیاریشە کاتێک سەرۆک خێلەکان وەلا و هاوپەیمانیان بۆ حیزبە دەسەلاتدارەکان بێت، هیچ کات ناچنە ژێر رکێفی موەحیدەکان. ئەمەش لە شێوەی بەستنەوەی بەرژەوەندی سەرۆک خێلەکان بە بەرژەوەندی حیزبە دەسەلاتدارەکان، بەستنەوەی پەیمانی پارێزی و مانەوە.
ئەوەی موەحیدونەکان پشتی پێدەبەستن ئەو کەسانەن کە لە دەوری خۆیان کۆ بونەتەوە، کە زۆرینەیان لە ناو کرۆکی مەدەنیەتی شاردا گەورە بوون و گەشە دەکەن، ئەمانە ئاسان ناکەونە بەرەی شۆرش و دروستکردنی دەولەتەوە، لەبەر ئەوەی چەندەها جار تورەییان تاقیکرایەوە هێندەی بر نەکرد لە چوارچێوری بەرژەوەندی کەسانێک توایەوە تورەییەکە، خوێندنەوەی هزری تاکی کورد سەرچاوەی سەرەکی بەردەوام نەبوونی موەحیدوونە. ئێستا سەدەی شەش نییە تەنها ئیسلام و نا ئیسلام بوونی هەبێت، هەر خۆی بەشێک لە کۆمەلگای کوردی ئیسلامە و بەشێکی چەپ و بەشێکی دی نیو لیبرالەکانن بەشێکی دی کەسانی ئاسایین، بە مانا ئەگەر موەحێدوون ئیسلامەکانیش کۆ بکەنەوە، تەنها بەشێکیان لایە لە کاتێکدا دوو بەشەکەی دی، ناچێتە ژێر چەتریان.
موەحیدون لە کوردوستان لە چوارچێوەی ناوێک دەمێنێتەوە لە بەر ئەوەی شوێن و کات زۆر جیاوازە لەگەل موەحیدون لە سەدەی شەشدا وە تەنها نمایشێکی کاتی دەبێت و سەرەنجام هەریەکیان دەچێتەوە سەر بەرەکەی خۆی، بۆ تێگەیشتن لە کارلێکی ئاین لە کوروستان پێویستی بە مەلا عبدالکریمی مودەرسێکی دی دەبێت کە بە هۆشیاریی و زانستێکی کوردی، خوێندنەوە بۆ ئاین بکاتەوە. نەک گێرانەوەی سەدەی بیست و یەک بۆ سەدەی شەش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت