سەرکەوتی جیهاز و بەختیار نامیق: ئەفغانستانی ئێستا و عێراقی دوای ئەمریکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر ڕوداوێک لە ئاسیا و بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریای خەزەر ڕو بدات، ئەتوانین وێنای بکەین بە کۆتایی شەپۆلی دەریای ڕوداوەکە و ئێمە شەپۆلە بچوکە کۆتاییەکان دەبینین. شەپۆلە گەورەکە لە ناوەوە و لە نهێنی و بەرژەوەندی وڵاتانی باڵا ڕو دەدا، بە پێی ململانێ و بەریەککەوتن و ڕێککەوتنی بەرژەوەندیە باڵاکان. هەر کات توانیمان لە جوڵەی هێڵی کێرڤی بەرژەوەندی و ململانێی نێوان هێزە گەورەکان تێبگەین، ئەوا دەتوانین پشتی ڕوداوەکان و ئاراستەیان بخوێنینەوە و، بزانین شەپۆلە گەورەکە چۆن دێت و لە کوێ یا کۆتای دێت.
ئەوەی لە ئەفغانستان ڕویدا گۆڕینی حکومێکی شیوعی بە ئیسلامی و پاشان تالیبان و ئەلقاعیدە و کارئەکتەرە سیاسی و سەربازییەکان لە ئەحمەد شا مەسعودەوە تا مەلا برادەر و ئوسامە و تا دەگاتە کارزای و ئەوانی تر، هەمویان ڕوداوەکان و هێزی دەرەکی هێناونی و هەر سوڕانی بەرژەوەندی لایبردون. ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوی دا و زۆرێک پێیان وایە ئەمریکا لە چوارچێوەیەکی بچوکدا شکستی هێناوە، ئەوانەن لەبەردەم گوتارەکان و شاشەکاندا حکوم دەدەن. ئەمریکا لە چوارچێوە بچوکەکەدا کە ئەفغانستانە شکستی نەهێناوە، بەڵکو لە چوارچێوە گەورەکە و پۆرتاڵە سەرەکیەکەدا شکستی هێناوە و چوارچێوە بچوکەکەی ئەفغانستان وەک کارت و چەکێ و گۆڕینی پلانی شەڕ بۆ شکستەکانی بەکار دێنێ. ئەوەی ڕویدا هیچ هەقی بەسەر چەمکی لۆکاڵیەوە نیە. بەڵکو شەڕی ئەمریکایە لەبەرامبەر هەژمونی چین و ڕوسیا و وەک کارت و مینێک تاڵیبانی بەکار هێناوە لە ژوری کۆنتڕۆڵی دەوحەوە. ئیتر ئەوەی دەوترێ ئیرادەی ناوخۆیی، ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندی وڵاتە دژەکاندا نەیەتەوە هەمو گەلیش ڕاپەڕێ، هیچ ڕونادا. چونکە ئەفغانستان بە تایبەت وڵاتی زلهێزی ناوچەیی نیە، ئەگەر ئاراستەکان بگۆڕێن ئەوا f16 یەکی بەسە ڕاویانێنەوە بۆ تۆرابۆرا.
وێناندنی شوێنێک یان وڵاتێک بە وڵاتێکی تر ئەبێت بەرژەوەندی و ململانێ و جەنگ لە ڕوی ئابوری و سەربازی و سیاسی و دەوڵەتداریەوە بخوێنینەوە ئەو کات لێکچواندن بکەین، عێراق لەژێر هەژمونی ئێرانیدایە و ڕەسمی هەژمونی ئێرانی لە وڵاتان ڕونە ، نە دەهێڵێت سەقامگیری تێک بچێت و نە دەهێڵێت دەوڵەتی تۆکمەیان هەبێت و نە دەهێڵت سوپای خۆی هەبێت و دابەشی دەکات بەسەر چەند گروپێکی دژبەیەکی ساردی سەر بەخۆی ، واتا سەر بە تاران ، لە بەرامبەر عێراق تورکیا بە گڵوپی سەوزی دودیوەوە هەمان یاری دەکا لە سوریا، بۆیە عێراق زۆر جیاوازترە لە ئەفغانستان و ئەوەش حکومی سیاسی و ئابوری و سەربازیە کە دەبێت بە سازان لە نێوان ئەمریکا و تورکیا و ئێراندا حکومی هەردو وڵاتی سوریا و عێراق بکرێت، لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان خاڵی کۆکەرەوەی بەرژەوندی وڵاتانی دژ بە یەکە بۆیە دوای ئەمریکا هیچ شتێک بۆ کوردستان و عێراق نابێ، ئەگەر چی تالیبان لە هەمو شوێن ڕێکخستن و شانەی چەکداری نوستوی هەیە وەک نەوەکانی سەڵاحەدین لە کوردستان، بەڵام لەبەرامبەردا داعش هەیە ناهێڵێت سنوری تورکی بە سازان لەگەڵ ئێران ببڕێ، هەمو ئەم ڕێککەوتنانەی دژەکان لە عێراق و هەرێمدا قازانجی دوسەرەی دژەکانە بەتایبەت بەرەی ئەمریکی و چینی، بەڵام لە گشتدا تاک جەمسەری و هەژمونی ئەمریکی کۆتای دێ و هەژمونی بەرژەوەندی گرێدراوی دوو سەرەی چینی و ئەمریکی جێگەی دەگرێتەوە.
دەکرێ بڵێین ئەفغانستانی ئێستا لەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەردایە، لەت بون و دابەش بون بەسەر هێزە ناوچەیی و جیهانیەکاندا، زاڵ بونی بەرەی چینی و ڕوسی و ئێرانی بەسەر تاڵیباندا، ئەگەری هەڵگەڕانەوە بەرامبەر ڕێککەوتنی دەوحە و… هتد.
عێراقی دوای ئەمریکا دیسانەوە لەبەردەم کۆمەڵێک ئەگەردایە دوای هەڵبژاردن ڕێککەوتنی نهێنی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر دۆسیەی عێراق ، زیادبونی هەژمونی ئێرانی بە پاراستنی بەرژەوەندی ڕوسی و تورکی … هتد، دوا جار هەژمونی دەستەڵاتگەرایی تاکی ئەمریکی لەم ناوچانە کۆتایی دێت و قۆناغێکی تر دەست پێ دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت