دلێر محەمەد نوری: پەلەی مەرگی یەکێتیان چی بوو؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- هیچ کات لاهوری شێخ جەگیم نەناسیوە. چەند جارێک نەبێت کە بەر لە ڕووخان و لە سەروبەندی ڕوخانی سەددام لە شوێنێکدا، کە بە دوای مام جەلالەوە بووە، دیومە. هیچ کاتێکیش، بۆ هیچ کارێک و بۆ ڕۆژێکیش دەست خۆشیم لێ نەکردووە، بەڵام ئەوەندە ئەزانم ئەو لەم ساڵانەی کۆتایی بە ئاوازێک ئەیخوێند کە جگە لە جەماوەری ڕەسەنی یەکێتی و گۆڕان نەبێت، کەسی دیکەی سەرمەست نەدەکرد، بەڵکو وەڕسی ئەکردن. ئەو بە ئاوازێک ئەیخوێند کە ماڵی بارزانی و ماڵی هەموو سەرە کۆنەکانی نێو یەکێتی و ماڵی ئەردۆغانیشی وەرس ئەکرد و ماڵی تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەدیشی لە پەیدا کردنی دەسەڵاتی زیاتر بۆ خۆی، ترساندبوو. تۆ بڵێی کەسێک تازە دابێتییە شەقەی‌ باڵ لە ئاسمانی سیاسەت و بەم ئاوازە وەڕسکەرە هەمەلایەنە بخوێنێ، بهێڵن بە ئازادی باڵ ڕاوەشێنی و نەیتارێنن!؟
2- کێشەی پارتی سلێمانییە، نەوەک یەکێتی و گۆڕانی ئەمڕۆ. جارانیش ئەگەر پارتی کێشەی لە گەڵ یەکێتی و دواتر لە گۆڕان هەبووبی، بەهۆی ئەوە بووە کە جەماوەریان لە پشت بووە. کاتێکیش یەکێتی یان گۆڕان لە جەماوەری خۆیان نزیک ئەبنەوە مەرجە لە پارتی دوور بکەونەوە، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. ئەوە جەماوەری سلێمانییە پارتی بلۆک کردووە و ئەوەش یەکێتی و گۆڕانی ئەمڕۆیە، بلۆکی سەر پارتی هەڵئەگرن و جەماوەر لە دەست دەدەن. یەکێتی و گۆڕان دەرگای پشتەوەیان بۆ پارتی خستۆتە سەر پشت تا لە پشتەوە تاڵانی بکەن و ژێرخانی وێران بکەن و مەزاجی نشتیمانی و ئازادی بشێوێنن. خۆشیان دەسکەوتی حکومی و بەشە گەندەڵیان پێ ببڕێت. لاهور ئەو دیوارە ئاگرینە بوو لە بەردەم هەوڵەکانی پارتی و دەبوو بە هەرچ نرخێکە خەفەی بکەن. وتەیەک هەیە ئەڵێت (ئاسانترین ڕێگە بۆ لە ناو بردنی دوژمنەکەت دروست کردنی دوژمنێکە بۆی). پارتی لە ماوەی ڕابردوو توانی نەک دوژمنێک، بگرە هەموو ئەو ماڵباتانە یەکخات دژی ئەو تەوژمەی لاهور. پارتی دەمێکە ئەزانی دووانەی سلێمانی و پارتی پێکەوە نایەنەوە. وە دەمێکیشە لەوە گەیشتووە کە حزب و جەماوەری سلێمانی لە یەک تۆراندن واتا باڵادەستی تەوژمی خۆی. هەر بۆیە ناکرێ حزبێک لە سلێمان هەڵقوڵێ و جەماوەری بێت. پارتی چاک ئەیزانی جەماوەری یەکێتی کۆن ئامادەن پشتی هەر حزبێک بگرن دژ بە پارتی. جا لاهور شەیتان بێت یان فریشتە، ئەو گرەوەی هەڵهێنا بوو. هۆکاری ئەم بلۆککردنەی جەماوەری یەکێتی پێرێ و گۆڕانی دوێنێش بۆ پارتی هزر و ڕۆشنبیری و دادپەروەری و ئازادییە. کە دەشڵێم جەماوەری سلێمانی، واتا سلێمانی وەکو سەنتەرێکە، بەڵام مەبەستەکە خەڵکی ئەم ناوچانەیە بە گشتی سلێمانی وکەرکوک و قوڵایی هەولێر و بادینانیش. ئەم جەماوەرە کە ڕۆژگارێک بوون بە یەکێتی، هەر لە پێناو ئازادبوون بوو لە عەقڵی خێڵەکی و هەژموونی پارتی. کە یەکێتی دەستەمۆی عەقڵییەتی پارتی بوو، ئەو جەماوەرە لە گۆڕاندا زیندوو بوویەوە. کاتێ گۆڕانی سەردەمی سەی عومەریش چووە ژێر هەژموونی پارتیەوە. بە جەماوەری گۆڕان و یەکێتیشەوە کەوتنە شوێن تەوژمی لاهور لە نێو یەکێتیدا. لاهور لەوە گەورەتر بووبوو بە پارتی ڕام بکرێ، بۆیە پارتی پێویستی بە مەقاش و ئامێری یاریدەدەری زۆر بوو تا ئەو دێوەزمەی لاهور هەلاهەلا بکات.
3- مەترسی لاهور لەو کاتەوە هەستی پێکرا کە بوو بە سەرۆکی لیستی یەکگرتووی یەکێتی و گۆڕان لە هەڵبژاردندا. چونکە لاهور توانای ژەنینی سەمفۆنیایەکی هەبوو، کە ئەیتوانی بە یەک ژەنین لە حەملەی هەڵبژاردن هەموو کونج و کەلەبەرێکی کوردستان بە کەرکووک و ناوچە چۆڵکراوەکانیش مەستی خۆی بکات. لاهور تاکە کەس بوو ئەیتوانی لە سەر هەموو وەتەرەکان بژەنێت.
4- لاهور هەتاوی لە هەڵهاتنێک بوو کە زۆر شەوەزەنگی ڕووناک ئەکردەوە، بۆیە دەبوو بەر لە هەڵهاتنی ئاوای بکەن. ئەو لە حەملەی هەڵبژاردن ئەیتوانی یاری بە وەتەری ئازادی ڕادەربڕین و زیندانیانی بادینان و کەیسەکانی تیرۆر بکات و هەولێری و بادینانیانی پێ مەست بکات، چونکە ئەو تاکە سەرکردە بوو لە کەیسی زیندانیاندا، نەیووت من عەلاقەم پێدا نیە، بگرە لە ئازادکردنی پیلان داڕێژەرانی کەیسی (د.غالب)دا قسەیەکی جیاوازی لە قسە و کرداری هاوەڵانی حزبەکەی خۆیشی هەبوو. ئەو ئەشیتوانی لە سەر وەتەری عەقڵی خێڵەکی یاری بکات و عەشیرەتەکانی زێباری و سورچی و عەشیرەتە ناحەزەکانی بارزانیانی، پێ مەست بکات. بەمەش کاری لە قوڵایی موسل ئەکرد. لە مەسەلەی شەنگالدا کەس هێندەی لاهور شانسی یاری کردنی بەو وەتەرەش پێ نەبوو، لە کاتێکدا شەنگالییەکان و لاهور هەمان دۆست و هەمان ناحەزیشیان هەبوو. کەس هێندەی لاهور جەماوەری لە کەرکووکیشدا نیە و کەس هێندەی ئەویش کەیسی گرنگی نێو کەرکووکی پێ نەبوو تا هەستی کەرکوکییەکانی پێ ڕاکێشێت. هەموو تەشویشەکانی پارتی لە مەسەلەی 16ی ئۆکتۆبەر نەیتووانی لاهور و کەرکووک لێک جیابکاتەوە. لە سلێمانیش هەرچی وەتەری هەستیار‌هەیە بە دەست و پەنجەی لاهور نەرم بوو بوو. هەر لێدانێک لە سەرکردایەتی کۆنی حزبەکەی و لە کەم و کوڕی و دژایەتی پارتی بۆ سلێمانی، هەستی جەماوەری ئەو ناوچانەی پێ ئەجوڵاند. لە هەمان کاتدا ئەبووە لێدان لە تیمی قوبادیش لە نێو حکومەتدا. لاهور بە بەخترین کەسایەتی ئەم هەڵبژادنە ئەبوو، بۆیە هەر زوو گەلەکۆمەکێی ناحەزانی، بەدەر لە هەموو جیاوازی و بەرژەوەندییەکان، دژ بە لاهور یەکیان گرت.
5- ئەگەر لاهور دەنگی یەکەمی کۆنگرەی یەکێتی بووبێت، ئەوا لەم هەڵبژاردنە ئەگەری هەبوو ببێ بە دەنگی یەکەمی کوردستان و ناوچە بەجێهێڵدراوەکانیش. بۆیە دوورخستنەوەی لە کایەی سیاسی بوو بووە زەرورەتێکی هەنوکەیی و بە پەلە. ماوەتەوە بڵێم گەر پیلانی دیپۆرت کردنی لاهور بۆ دەرەوەی وڵات سەر بگرێ، یەکێتی شەقاوی گەورە، بەرەو مەرگی هەتاهەتایی ئەنێت، چونکە قووتدانی بە بێ لاهور لای پارتی ئاسانترە و لاهور نەک ئەستێرەی بەختی بەم هەنگاوە ناکوژێتەوە، بگرە لە داهاتووی دوور یان نزیک، زیاتر و زیاتر ئەدرەوشێتەوە. لە کۆتاییشدا ئەبێت بووترێ کە خودی لاهور مەترسی سەر بەرژەوەندی ناحەزانی نیە، بەڵکو مەترسییەکە ئەو جەماوەرە ناڕازییەیە کە لاهور کاریان لە سەر ئەکات. بۆیە بە دوورخستنەوەی لاهور ڕەنگە گۆمەکە مەنگی بنوێنێ، بەڵام مەلە لە نێو گۆمی مەنگی جەماوەر ئاسانتر نابێت لە کاتی دورخستنەوەی لاهور.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت