پشکۆ ئەمین: ئێران بەرەو کوێ دەروات و نیازی چی هەیە؟ بەشی چوارەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکیکی تر لە ریفۆرمەکانی شا کە لەو ساڵەدا جێبەجێی کرد، بەشداری پێکردن و دەنگدانی ژنان بوو لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها کارکردنی ژن لەفەرمانگەو لەناو سوپادا. دەوترێت لەسەردەمی شادا لە 17% ژن لە دامودەستگاکاندا کاریان دەکرد. بەڵام ئێستا لە سەردەمی ویلایەتی فەقێدا لە 3% ی ژن کاردەکات. هەروەها دروستکردنی ریگاو بانێکی زۆر بوو، لەئێراندا بەتایبەتی ریگای خیراو کردنەوەی فرۆکەخانە لە زوربەی شارە گەورەکاندا.
کردنی خوێندن بەزۆر هەوڵدان بۆ نەهێشتنی نەخویندەواری و کردنەوەی خوێندنگای ئیواران.
ریفۆرمێکی تری شا هێنانی شتومەکی رۆژئاوای بوو، هەروەها کردنەوەی سینەماو شانۆ و دروست کردنی بازارو کردنەوەی دوکانی فرۆشتن و خواردنەوەی مەی و کهولی.
پێشخستنی ئیران و بەرەوپیش بردنی ئەوسا ئیران وەک وڵاتیکی ئەوروپی وابوو، پاش 40 ساڵ لەجمهوری ئیسلامی ئیران زۆر بۆدواوە گەراوەتەوە.
ئەم چاکسازیانەی شا کە بە شۆرشی سپی ناونران، لای دژەکانی شاو مەلاکان پێچەوانەکەی پێشان دەدراو خەڵکیان دژی هاندەداو لە بەرچاوی خەڵکیان خراپ دەکرد.
یاسای زەوی و زاری کشتوکاڵی لەعێراق پێشتر جیبەجێکرا، لە خواروی کوردستان بەهەمان شێوە دەرەبەگەکان دژایەتیان دەکرد و دژی دەرکردنی ئەم یاسایە بوون کە لە 1961 دەرکرا، گوێ بە خۆپیشاندان نەددرا، هەندێک دەڵێن کەیەکێک لە هۆکانی هەڵگیرسانی شۆرشی یانزەی ئەیلولی کورد، دژایەتی ئەم یاسایە بوو. بۆیە دەربەگ و خاوەن زەوی و زارەکانەوە دەستیان دایە چەک دژی کەریم قاسم. من پێموانیە ئەمە راستبێت،بەڵکوو درندایەتی عەبدولکەریم قاسم بوو کە مافەکانی کوردی نەداو داخوازیەکانی کوردی جێبەجێ نەکردو کەوتە گرتن و راونانی سەرکردەکانی کورد، ئەمە هۆی هەڵگیرسانی شۆرش بوو. لەو کاتەدا سەرکردایەتی شۆرش یان بڵێین مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەرهەموویان خۆیان بەچەپ و مارکسی دەزانی، بۆیە ناکری چەپبن و دژی چارەسەری کێشەی زەوی و زاربن.
ئەمریکاو ئیسرائیل هەردوولایان هاوکاریی تەواوی شاو ئیرانیان دەکرد، لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا.
لەساڵی 1968دا وڵاتە یەکگرتوەکان بریاریداکە بە بەهای 600 ملیون دۆلار نوێترین چەک و جبەخانە بەئیران بفرۆشێت،لەماوەی شەش ساڵدا، کە بۆ ئەو کاتە ئەم کرینە زۆربوو، بەمە ئێران بووە شەریکێکی ستراتیژیی بەهێزی ئەمریکیەکان لە ناوچەکەدا.
ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ناتۆ و ئەوروپا، هاوکاریەکانیان بۆ ئێران زیادی کرد لە رێگەی کردنەوەو فێرکردنی ئیرانیەکان لە بەکارهێنانی چەک و فرۆکەو راهێنانی سەربازی و رۆشنبیرکردنیان و هەوڵدان بۆ پێشخستنی ئێران لە بوارەکانی، وەک (ئابووری و خوێندن و زانست و رۆشنبیری و کشتو کاڵ و پیشەسازی)، پاش ماوەیەک ئیرانیان کردە وڵاتێکی پیشەسازی گرنگ، هەروەها سوپای ئیران کرایە سوپایەکی بەهێزو پۆلیس و کوتەکی ئەمریکا لە ناوچەکە و خلیج.
لەو کاتانەدا ئیران بەهێزو بێکێشە بوو، لەکاتێکدا وڵاتانی تری ناوچەکە کودەتای سەربازیان تیادا روویدەدا.
زۆری نەخایاند کە هەندێک لە چاکسازیەکانی شا سەریان نەگرت و بوونە مایەی گاڵتەجارێ و فەشەلیان هێنا، بەشیکی زۆری کارەکان لەخزمەت نۆکەرو بۆ کەسەکانی خۆیان و پیاوانی دەسەڵاتدار بوو، نەک هەژاران و خەڵکە گشتیەکە، گەندەڵی سەرتاپای فەرمانگاکانی گرتبوەوە، بۆیە رۆژ بە رۆژ دەنگی نارەزای دژی شاو رژێمەکەی بەرز دەبوەوە، خەڵکێکی زۆر نارازی بوون لە شاو شۆرشە سپیەکەشدا، شا ناونرا بوو بووکەڵەی دەستی ئیستیعمار.
هەڵبژاردن و دەنگدان و دیموکراسیەت درۆیەکی گەورەبوو، ژنان تەنها ئەو ژنانە دەردەچوون کە سەر بەشا بوون، واتە شا پەرست بوون، چارەسەری کێشەی زەوی و زارنەکرا، جووتیاران لەوپەری هەژاریدا بوون بۆیە گوندەکانیان جێدەهێشت و روویان دەکردە شارو دەبوونە کریکار و بە رۆژانە کاریان دەکرد.
نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دژی شا، گەیشتە نێو خوێندکارە ئێرانییەکان لە ئەوروپا، لە ساڵی 1967 شا بەسەردانێک رۆیشتە بەرلینی رۆژئاوا، خەڵکێکی زۆر لەدژی هاتنی شا بۆ ئەڵمانیا، لەگەڵ قوتابیانی ئیرانیدا، خۆپیشاندانیان کرد.
پۆلیسی ئەڵمان تەقەی لە خۆپیشاندەران کردو قوتابیەک بەفیشەک گیانی لەدەستدا، ئەمە هەرایەکی گەورەی نایەوە،کانزلەری ئەڵمانی کە ڤیلی براندی سۆسیال دیومکرات بوو دەستی لەکار کیشایەوە،
ئێران بوە شوێنی کۆمەڵێک جەردەو گەندەل و فاسد، کە سەروەت و سامانی ئێرانیان دەبرد بۆخۆیان و بەشادا هەڵیاندەدا.
ئاهەنگی یادکردنەوەی تاج لە سەرنانی شا لە ساڵی 1967دا شا کە لە خۆشترین و شوێن و رازاوە بەئاڵتون دەکرا، وەک چیرۆکە خەیاڵیەکان و خەوی خۆش نیشان دەدران، میلەتیش برسی، تەنها تێچووی ئەو ئاهەنگە زیاتر لە 100 ملیون دۆلار بووە.
لەوسەردەمی برسیەتیەدا لە 28% خەرجی دەوڵەت بۆ سوپاو پۆلیس و ساڤاک دادەنرا.
ساڵی1972 نیکسۆن دەچێتە مۆسکۆ بۆ واژۆکردنی رێکەوتن نامەی کەم کردنەوە و داماڵینی چەکی ئەتۆمی، لەگەرانەوەیدا سەردانی ئێران دەکات، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوانیان و دۆستایەتی ئەمریکا و ئیران و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی گشت داوایەکی ئێران. نیکسۆن پێی وابوو دەبێت ئیران بکرێتە نموونەی هاوپەیمانیەتی وڵاتان لەگەڵ ئەمریکادا.
ئیرانێکی بەهێزو دۆستی ستراتیژیی ئەمریکا لە خەلیج و ناوچەکەدا، وەک جێگرەوەی سوپای ئەمریکا، تا نەترسێت لەداگیرکردنیان لەلایەن سۆڤیەتەوە. لەهەمانکاتدا وڵاتانی تریش چاو لەئێران بکەن و ببینین ئێرانی دۆستی ئەمریکا، چەند بەهێزو پێشکەوتووە و چۆن هاوکاریی دەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت