دانا مەنمی: پارتی لەنێوان سی و یەکی ئاب و خیانەتی شنگال دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خاڵێک کە جێگەی سەرەنجە ئەوەیە کە تائیستا لە هەرێمی کوردستان خیانەت هیچ پێناسەیەکی یاسایی و کۆدەنگییەکی نیشتیمانی لەسەر نییە، ئیستاش خیانەت لە ڕوانینی هەندێک هێزی سیاسییەوە شەرم و عەیبە نییە لە پێناو دەستکەوتی سیاسی دا و خیانەتکاریش بەرگێکی پیرۆزی بە باڵادا بڕاوە، بە دیوێکدا ئەمەش جۆرێکە لە ڕوو قایمی هێزێکی سیاسی کە خیانەت پیرۆز دەکەن و شانی خیانەتکارانیش پاک دەکەنەوە لە تاوان. بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەگەین هیچ هێزێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە کە هێندەی پارتی خۆی کردبێتە کەواسوری بەر لەشکری دوژمن بۆ سەر نیشتیمانەکەی خۆی، لەناو فەلسەفەی پارتیدا خیانەت داڕشتنی تێۆری بۆ دەکرێت و لەم ڕێگەیەشەوە خیانەت لای لایەنگرەکانی پیرۆز دەکات و لەپاڵ هەر خیانەتێکیشدا بەرگێکی نیشتیمانی لەژێر ناوی کوردایەتی و پارستنی نیشتیمان دەبڕێت بە باڵای خیانەت و خیانەتکاردا.
سی و یەکی ئاب تارمایی و ململانێی شەڕی نێوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی بوو، هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانی سەختی ئابوری، بەرەو شەڕی ناوخۆ پەلکێشکرا و هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیا هەوڵی گەرمکردنی ئاگری شەڕەکەیان دەدا، خیانەتی سی و یەکی ئاب هەموو سنورو پرەنسیپ و مۆراڵ و ویژدان و ئەخلاق و بەهایەکی نیشتمانی بەزاند، سی و یەکی ئاب زیانی گەورەی گەیاند بە ئاسایشی نیشتمانی و خەڵکی كوردستان و بەقازانجی رژێمی بەعسی ئەوكات و دوژمنانی كورد شكایەوە، هیچ ڕوداوێك و خیانه‌تێك وه‌كو 31ـی ئاب مرۆڤ بیتاقه‌ت ناكات، 31ـی ئاب به‌ هه‌موو ده‌لاله‌ته‌كانی ڕوداوێكی مێژووی قێزه‌ونه‌، 31ـی ئاب كوردبونیشی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
سی و یەکی ئاب شتێکی نامۆ نەبوو بۆ هێزێکی وەکو پارتی چونکە دوای 18ساڵ و لە 3ــی ئابی 2014 خیانەت و کۆمەڵکوژی شنگال ڕوویدا، لە شەو و رۆژێکدا داعش هەزار و 293 ژن و پیاوی کوشت و 6 هەزار و 417 کەسى رفاند، تا ئێستا 3 هەزار و 509 کەس رزگار کراون و هێشتا چارەنووسى 2 هەزار و 908 کەس نادیارە ، هێشتا دەیان گۆڕى بە کۆمەڵى کوردانى ئێزدى هەڵنەدراونەتەوە و خاپووربوونى هەزاران خانوو لە سنوورەکە سیماى وێرانەى بە شنگال بەخشیووه‌، قه‌زای شنگال و ناحییه‌كانی (ره‌بیعه‌و زوومارو سنونێ و خانسورو وانكێ ) به‌كه‌متر له‌ دوو كاتژمێر داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت، لەکاتێکدا هێزه‌كانی پارتی پێکهاتبوون لە هێزەکانی لق و ناوچه‌و پۆلیس و ئاسایشی شنگال و فه‌رمانده‌كانی “سپیلك و هه‌ڵگورد و سه‌فین و زێره‌ڤانی و هێزه‌كانی یه‌كه‌ی هه‌شتا” به‌بێ ته‌قه‌ به‌هات هات هه‌ڵدێن وتا پردێ و سحێلا ناوه‌ستن و خاك و خه‌ڵكی شنگال ڕاده‌ستی داعش ده‌كه‌ن.
هەردوو ڕووداوەکە هەم خیانەتی 31ـی ئاب و هەمیش خیانەتی شنگال دەچنە ناو ئەو دیكۆمینت و بیرەوەری و سەربوردانەی كەسەكانی ناو روداوەكان دەیاننوسنەوە ،لە گێرانەوەی ڕووداوەکان ڕووی ڕاستەقینە هەیە و کۆمەڵێک ڕاستی حەشاردراون، پاڵنەرو هۆکاری سەرهەڵدانی ڕووداوەکان هەرچییەک بێت نابێ دیماگۆجیانە مامەلە لەگەل روداوەكانی مێژوودا بکرێت و بازاڕی تەخوینکردن ڕاستی ڕووداوەکان بشێوێنێت، ئەو چەکوشەی پارتی لە 31ـی ئابدا وەشاندی بەر سەری هەموو كوردێک كەوت و رۆحی هەموو نیشتیمانپەروەرێکی بریندار کرد، 31ـی ئاب یه‌كێكه‌ له‌ رۆژه‌ ره‌شەكانی تۆماری مێژووی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان، روانین و خوێندنەوەی یەکێتی و پارتی بۆ خیانەتی 31ـی ئاب زۆر کۆمیدیتراژیدیە، ڕوانین و خوێندنەوەی یەکێتی بۆ 31ـی ئاب ئەوەیە کە وەک مەسەلەیەکی حیزبی لێی دەڕوانێت، ئەگەر پێویستبکات لاپەڕەکانی ئەو مەلەفە هەڵدەدەنەوە پێویست بێت دایدەخەن! پارتیش کە پێی بە ڕۆحی ئەنفالەکان ناوە پێی وایە خیانەتەکە ئەرکێکی نیشتیمانی بووە، بۆیە نە پارتی و نەیەکێتی بوێری ئەوەیان نییە کە مێژووەکەیان و بانگەشەی کوردایەتییەکەیان بخەنە بەرئەنجامی لێکۆڵینەوەو ڕەخنەی بکەن ، بۆ هێزێکی وەک پارتی 31ـی ئاب بۆتە یاسا هەرکات فشاری لەسەر بێت 31ی ئاب دوبارە دەکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت