حەمەئازاد بەرزنجی: ئەوسا و ئێستا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوسا چی مەینەتی دونیا هەیە ڕوی تێکردیتایە، یەک تاڵەمو تەنازولی پێنەدەکردیت و ملکەچ نەدەبویت و لەدوندی بەرز نەدەهاتیتە خوارێ. کەچی ئێستا بەیەک نوچدان یان بەیەک پڕوپاگەندە وورەت دەروخێ و خۆت پێناگیرێتەوە. ئەوسا خۆشەویستی نیشتمان ئەوەندە بەررز بو ئامادەبویت گیانی خۆتی پێببەخشی، واز لەخۆشەویسترین کەست بهێنی و بیکەی بەفیدای، لە پێناویدا ئاوارەبی، دەربەدەربی، ببی بە پەناهەندەو غەریبی لە پێناویدا بچێژی. ئێستا لە سایەی خۆ بەڕێوەبردنی خۆماندا گەنجێکی پاکەت فرۆشی دەرچوی کۆلێژ لێیدەپرسن گەورەترین درۆ بیستبێتت، لەوەڵامدا دەڵێ: خۆشەویستی نیشتمان! نیشتمان چیە؟ ئەگەر من لە سایەییدا کونجێ شک نەبەم بە ئارامی و سەربەرزی بێ ئەوەی دەست لەکەس پان بکەمەوە تیا بژیم. ئەوسا بێ ئەوەی سەرکردەیەکمان بینیبێ تەنهاو تەنها چەندڕەسم و وێنەیەکی نەبێ. لە زینداندا ناخۆشترین ئەشکەنجەیان دەدان تەنها قسەیەکی نەشیاو بە سەرکردەکەیان بڵێین، نەیان دەوت.
ئێستا هەمو ڕۆژێ لەبەر چاوانن. بەسەدان جنێویان پێدەدرێت و وێنەکانیان تف باران دەکرێن. ئەوسا هەزار حەسرەتمان دەکێشا کە دەمان بیست یەکێکیان پەنجەیەکی زامدار بوە. ئێستا ئاواتەخوازین بە دەیانیان لێ بمرێت. ئەوسا بۆ شەهیدێک هەر هیچمان پێنەکرایە ڕەشمان دەپۆشی لە دڵماندا پرسەمان بۆ دادەناو لە هزرماندا چەندەها هۆنراوەمان بۆ ڕێکدەخست. ئێستا بە دەرزەن لێیان بمرێ، هەر هیچمان پێنەکرێ لەهەر ماڵیکدا بەدڵ یەکدوانێک لە خۆشیدا هەڵدەپەڕێ. ئەوسا سوێندی یەکلاکەرەوەمان سەری ئەوان و قەبری ئەوان بوو. ئێستا جنێوی ناشیرینمان بۆ ڕوی ئەوان و باو و باپیری ئەوانەشە کە ئەمانەیان بە ئێمە ناساند. ئەوسا بیروبڕوا سەنگی مەحەک بو. ئێستا مەسڵەحەتی تاک و پڕبونی گیرفانی خود یەکلا کەرەوەن بۆ بۆ ڕاییکردنی کارەکان. ئەوسا کە خاوەنی هیچ بون و خەڵک خاوەنی موڵک و ماڵی خۆی، ئەمان خۆیان بە کوڕی خەڵک و نوێنەری ئەم میلەتە دەزانی و داوای یەکسانی و ئیشتراکی و برا هەمییان دەکرد، چونکە خۆیان هیچیان نەبو. ئێستا کە خۆیان خاوەنی موڵکی زۆر و دەسکەوتی موفتن، خەڵکیش موفلیس. داوای واڵاکردنی دەستی کەرتی تایبەت و هەرکەس بەشی خۆی بۆ خۆی و نەوەکانی خۆیان دەکەن.
بەڵام ئەوسا کە خاوەنی هیچ بون ئەوان ڕۆلەی میللەت و میللەت باوکی ئەوان، هەزارەها پڕوپاگەندەیان لەدژ بکرایە، ناو و ناوبانگیان بشێوینرایە و لە دەزگا زەبەلاحەکانی ڕژێمەوە لەکەدار بکرانایە، تاقە تۆزقاڵێک لە ڕویان نەدەڕوشاو میللەت پەرژینیان بو. بەڵام ئێستا لە سوجێکی میدیاکانەوە بە خراپەیەک باس بکرێن، بە تاوانێک تاوان بار بکرێن خەڵکی دە ئەوەندەی پێوە دەنێت و ئاواتی ڕیسوا بونیان بۆ دەخوازن، دیواری بەردەمیان لە شوشەیەو بە یەک بەردی دارلاسیک هاڕە دەکات و دەمامکەکان دادەماڵرێن. ئاغاکانیان لە ئەفغانستان چیان بۆ کردن لێرەش هەر ئەوەیان بۆ دەکەن. بۆ ئەوەی پارێزراو بەردەوام بن، پێویستە بگەڕێنەوە باوەشی ڕاستەقینە. کە ئەویش باوەشی میللەتە و خزمەتی ڕاستەقینە بە خەڵک بە کردار نەک قسەو گوتار. گەرچی باوەشی ئاغا گەرم و گورترە و، بەڵام ئەمیان کورت خایەن و ئەویان ئەبەدی و، بەڵام کەمێ سەخت و لێبڕان و دڵسۆزی وخۆ بۆ ماندوکردنە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت