کریستۆڤەر ئەلێکسەندەر: شکەستهێنان لە ئەفغانستان و تێکچوونی ئاساییشی جیهان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێر: حەسەن ڕازانی
ئەمە وێنەی دیوی دەرەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵە کە لە 20-8 دا گیراوە، خەڵک دەیەوێت خۆی دەربازبکات. ئەو منداڵە شیرە خۆرە بەرزکراوەتەوە بەسەر تەلدڕووی دیوارەکەدا دەدرێتە سەربازانی ئەمریکا کە لە دیوی ناوەوەی فڕۆکەخانەکەدان. چونکە ڕێگە یاساییەکانی تر گیراون لە لایەن تاڵیبانەوە.
چاوخشاندنەوەیەک بەو کارو پلانە ستراتیجییەی کە ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی پەیمانی ناتۆ ئەنجامیان داوە لە ئەفغانستان دا، کە شکەستەکەی بووە هۆی ئەوەی تاڵیبان دوای 18 ساڵ لە 15- 8 دا دەست بەسەر کابوڵ دا بگرێتەوە. من لێرەدا تووشی سەرسامییەک بووم بە تایبەتی بە ڕووداوەکانی دوو مانگ کە 18 ساڵ نێوانیان بووە.
یەکەم ڕووداو مانگی ئازاری 2003 بوو. خالیدی شێخ محەمەد، لە ژێرناوی موختار، کە ئەندازیاری سەرەکی موئامەڕەی 11ی سێپتەمبەر بوو. کەسێکی پاکستانی کە خەڵکی بلوجستان بوو، وە کەسێکی گرنگی سەر بە موخابەڕاتی پاکستان بوو کە کاری بۆ عەبدول رەسول سەییاف دەکرد کە ئەویش ڕابەری یەکێک لە حەوت حیزبە موجاهیدەکانی ئەفغانستان بوو لە کۆتاییەکانی 1985 دا. ئەو کەسە پاکستانییە کارئاسانی بۆ ئوسامە بن لادن کرد کە سەردانی یەکێک لە ژنەکانی بکات لە شاری کەڕاتشی لە ساڵی 2002 یان لە سەرەتای 2003دا.
لە 1ی ئازاری 2003دا، موخابەڕاتی پاکستان لە نێو پاکستان دا لە شاری ڕەواڵپەندی خالید شێخ محەمەدی گرت و لە دواییدا تەسلیم بە ئەمریکای کرد. لە دوای ئەوە خالید تووشی ئەشکەنجەدان بووەوە، نەهێڵڕا بچێتە بەردەم دادگا، وەک دیلی جەنگ خرایە زیندانەوە، ئینجا لە دادگایەکی مەدەنیدا تۆمەتبارکرا. ئەوەش پێچەوانەی پەیمانی جنێڤ بوو. ئێستا خالید لە ئەمریکا لە زینداندایەو چاوەڕێی سزای لەسێدارەدانە.
موختار هەر پێش گەیشتنی وەفدی سەربازی پاکستان بۆ واشنتۆن گیرا. وەفدەکە ڕاستەوخۆ بە سەرۆکایەتی دیکتاتۆر پەروێز موشەڕڕەف بوو کە پێکهاتبوو لە: جەنەڕاڵ محەمەد یوسف خان کە ئەوکات بەرزترین پلەی باڵای لە ناو سوپای پاکستانیدا هەبوو، جێگری سەرۆکی ئەڕکانی سوپا بە یاوەری جەنەڕال ئەشفەق کەیانی کە ئەو کات بەڕێوەبەری گشتی ئۆپەڕاسیۆنەکانی سوپای پاکستان بوو، کە بە پێی ستیڤ کۆڵ لە کتێبەکەیدا بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی ئێس دەربارەی یەکەی موخابەڕات کە لە 2014 دا چاپکراوە دەنووسێت کە: کەیانی بەرپرسی بەشی ئەفغانستان بووە. وەفدەکەی پاکستان بینییان کە سوپای ئەمریکاو بەڕێوەبەرانی موخابەڕات بە تەواوی بە عێڕاقەوە خەریکبوون کە چاوەڕواندەکرا داگیری بکەن، ئەویش لە 19ی ئازاردا دەست پێکرا. گیرانی موختار باوەڕی بە ئەمریکییەکان هێنا کە لایەنی پاکستانی بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێدەکەن کە بریتیبوون لەبەر یەک هەڵوەشاندنی قاعیدەو گرووپە تێرۆریستەکانی تر.
لە ڕاستیدا کە لایەنی ئەمریکا، لە بەر ئەوەی فۆکەسیان خستەوە سەر عێڕاق، داواکاری تازەیان بۆ لایەنی پاکستانی نەبوو. بۆیە جەنەڕاڵەکانی پاکستان وتیان ئیتر هەلییەتی کە جەنگی بە وەکالەتیان لە ئەفغانستان دەست پێبکەنەوە. بۆیە فەرمانیان دا بە سەرکردەکانی تاڵیبان کە بگەڕێنەوە ناو ئەفغانستان و دەست بکەنەوە بە شەڕ. ئەوەبوو لە 27ی ئازار لە سەر ڕێگا لە پارێزگای ئوروزگان ڕیکاردۆ مونجویا تەمەن 39 ساڵ و ئەندازیاری ڕاکێشانی ئاو کە لە گەڵ خاچی سووری نێو دەوڵەتی کاری دەکرد کوژرا لە سەر فەرمانی مەلا دادوڵا لانج ئاخوند کە سەرکردەیەکی تاڵیبانبوو وە سەرپەرشتی بزووتنەوەی چەکداری دەکرد بە تایبەتی لە بەشی باشوری ئەفغانستان هەتاکو مرد لە ساڵی 2007. ئیتر لەوێ بەدواوە زنجیرەیەک لە هێرش کرانە سەر کرێکارانی فریاگوزاری لە 2003 بۆ 2004.
لە نێوانی ئازاری 2003 وە تا ئازاری 2021دا بە هۆی شەڕی بە وەکالەتی پاکستان لە نێو ئەفغانستاندا، زیاتر لە 120 هەزار ئەفغانی کوژراون، هەروەها 158 کەس لە هێزەکانی کەنەدا و 10 کەسی تری کەنەدیش کە مەدەنی بوون، 2355 کەس لە هێزەکانی سوپای ئەمریکا، 456 کەس لە هێزەکانی بەریتانیا، 534 کەسی تر کە سەر بە وەڵاتانی ناتۆ بوون، دەیان کەسی تر لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی و کرێکارانی فریاگووزاری سەر بە یو ئێن، دیپلۆماتی کەنەدی و هیندی، سەفیرێکی ئیماڕات لەگەڵ 5 کەس لە ستافەکەی ئەو کوژراوون.
لەو هەموو ماوەیەدا هیچ جووڵەو هەنگاوێک نەهاوێژرا لە لایەن هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ناتۆ بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر پاکستان دا ، سەرباری ئەوەی کە پاکستان شەڕێکی گەورەی بە نهێنی بەڕێوە دەبرد لە دژی ئەفغانستان، ئەمریکا، ناتۆ هەروەها لە دژی هەموو ئەو دەوڵەت و شوێنانەی کە لە چوارچێوەی ئو ئێن دا هاوکاری ئەفغانستانیان دەکرد.
بە پێچەوانەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لایەنگری هەنگاوەکانی ئاشتی و پێکهاتنەوە بوو کە ئەفغانییەکان ڕایانگەیاند لە کۆنفرانسی 2021 لە لەندەن. بەڵام ئەو کۆمەڵگا نێودەوڵەتییە لێرەدا وەک تەماشاکەرێک خۆی پیشاندا کاتێک ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان بە بێ ئامادەبوونی حکومەتی ئەفغانستان گەییشتە رێکەوتن لە فێبروەری 2020دا و بڕیاریشی دا کە لە نیسانی 2021دا هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکێشنەوە. لە 14ی نیسانی 2021دا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دڵنیایی دا کە پێش ساڵوەگەڕی 11ی سێپتەمبەر هێزەکانیان ئەفغانستان بەجێدەهێڵن.
دووەمین مانگی گرنگ و یەکلاکەرەوە بریتیبوو لە ئایاری 2021. کەمتر لە یەک مانگ دوای ڕاگەیاندنەکەی جۆبایدن، سەرۆکی سوپای پاکستان بە ناوی قەمەر جاوید باجوا ڕۆیشت بۆ کابوڵ. ئەو لە دوای موشەڕڕەفەوە سێیەمین سەرۆک ئەڕکانی سوپای پاکستان بوو وە دووەمینیش بوو لە دوای کەیانی بچێت بۆ کابوڵ. جاوید لە 10ی ئایار گەییشتە کابوڵ بە فڕۆکەیەک کە سێر نیک کارتەر سەرۆکی ئەڕکانی هێزی بەرگری بەریتانیا بۆی ئامادە کردبوو. نیک کارتەر ئەو کات سەرۆکایەتی هێزی نێودەوڵەتی دەکرد بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ئاساییش لە بەشی خوارووی ئەفغانستان. بە گوێرەی ئەشڕەف غەنی، سەرۆکی ئەو کاتی ئەفغانستان، بەجوا خۆی دژی هاتنەوەی تاڵیبان بووە، بەڵام هەندێک لە ئاستی خوارەوە دیدی پێچەوانەی ئەویان هەبووە. بەجوا دڵنیایی داوەتە ڕۆژنامەنووسان کە پاکستان ئاشتی دەوێت لە ناوچەکەدا. هەر ڕۆژی دوایی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن پاکستانەوە دەستی پێکردو 95 ڕۆژی خایاند تا گەییشتنە کابوڵ.
هەتا کۆتا ڕۆژیش ئەمریکاو هاوبەشەکانی زیادەڕەوییان دەکرد دەربارەی هەل و دەرفەت بۆ ئاشتی، هەروەها بە شێوەیەکی خەراپ تێگەییشتبوون لە سرووشتی واقیعی شەڕو ڕۆڵی پاکستانیشیان لەو شەڕەدا گوێ پێ نەدەدا.
بۆیە حەوت دەرس و وانە هەن بۆ پێویست بوونی گۆڕانکاری ڕیشەیی ئەگەر ئێمە جیهانێکمان بوێ کە ئاساییشی زۆرتر تێدا بێت و باشتر ئامادەو پڕچەک کرابێ بۆ پاراستنی خەڵکی بێچارە و مەدەنی لە شەڕە بە وەکالەتەکان، لە سەرکوت ، هەروەها لە مامەڵەی خەراپ لەگەڵیاندا. ئەو حەوت پەندو وانەیەش ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: ئیتر نابێ قەت پشت بە ستراتیجێک ببەستین کە لە لایەن ئیستیخباراتەوە هەڵسەنگێنرابێت و وا بکات کە لایەنی فێعلی و سەرەکی شەڕەکە وەلا بنرێت. دەوڵەتانی ناتۆ پێویستیان بە توانایەکی نیشتیمانی و هاوبەش هەیە بۆ ئەوەی بە ڕوونی تێبگەن ئاخۆ پاکستان، ڕوسیا، سین، ئێران و دەوڵەتانی تری شەڕەنگێز چی دەکەن بە ئێمەو هاوسێکانیان و هەروەها بە یەکتریش لە نێوخۆیاندا؟ هیچی تر ناتوانین کە پشت بە ئەمریکا ببەستین کە ئەو کارە بکات.
دووەم: ئەوانەی کە پلان دادەنێن و هێرشەکانیش بە وەکالەت ئەنجام دەدەن دەبێ بەرپرسیاربکرێن. دەتوانرێت بگیرێن و وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت یاخود وەک تاوانبار بەڵام نابێت وەک هەردووکیان دابنرێن. باشترین چارەسەریش بریتییە لە فراوانکردنی توانای دادگای نیشتیمانی و نێودەوڵەتی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و دادگاییکردنی ئەندامە ناسراوەکانی گرووپە تیرۆریستەکان ئەوانەی کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە شەڕە بە وەکالەتەکانی ئەمرۆدا.
سێیەم: سیستەمی گەمارۆکانی نێودەوڵەتی پێویستی بە چاکسازی ڕیشەیی هەیە لە خوارەوە بۆ سەرەوە. ئەو لیستەی ئێستای ئەنجومەنی ئاساییشی سەر بە یوئێن، کە ڕابەرەکانی تاڵیبان و قاعیدەش لە خۆ دەگرێت، جێگەی نوکتەو پێکەنینە لە کاتێکدا کە پاکستان پێشێلی یەک بە یەکی بەندەکانی کردووە. لە لایەکی ترەوە گوێ بەو گرووپانە نادرێت کە ئێران پشت و پەنایانە، هەروەک و چۆن ئەو گرووپ و توندڕەوانەش کە کار بۆ شوێنی تر دەکەن و لە لایەن سین و ڕوسیاو وەڵاتانی ترەوە پشتگیری دەگرێن ئیهمالکراوون.
چوارەم: پاکستان شایانی ئەوەیە کە سزای توند بدرێت. قەبارەی ئەو شەرە بە وەکالەتانە و داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن پاکستانەوە گەورەترە لەوەی کە ڕوسیا کردی لە ئۆکڕانیا لە ساڵی2014دا. هەر جارێک کە پاکستان خۆی دەرباز دەکا لە بەپرسیارێتی هێنانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان، دەسەڵات و هێزی یوئێن لاواز دەکات و بە خەراپیش دەشکێتەوە بەسەرمەسداقییەت و ئیعتیباری دەوڵەتانی ناتۆ هەروەها بە سەر نفوز و ڕۆڵی ئەمریکاشدا . بۆیە هەر وەک مایک موڵین، سەرۆک ئەڕکانی پێشووی هێزە هاوبەشەکان، دەڵێت: ” ئێستا کات و هەلی ئەوەیە لە پاکستان ڕزگارمان بێت”
پێنجەم: پێویستە ئێمە پەرە بە توانا هاوبەشەکانمان بدەین بۆ ئەوەی بە یەکەوە بەرەنگاری لە مافەکانی مڕۆڤ بکەین، پشتگیری لە میدیای سەربەخۆ و لە ڕۆژنامەگەری بکەین، ئەو گرووپانەی دەنگیان نابسترێت وا بکەین ببیسترێت، هەروەها پشتگیری لەو گرووپ و بزووتنەوانە بکەین کە ڕووبەڕووی سەرکوت و شەڕە بە وەکالەتەکان و جینۆساید دەبنەوە. ئەوەش بە هەنگاونان دەبێت بۆ ڕزگارکردنی ئەنجومەنی مافەکانی مڕۆڤی سەر بە یوئێن لەو سستی و فشارەی کە ئێستا لەسەرێتی. هەروەها بڵاکردنەوەی توانای فرەلایەنە کە لە لایەن لایەنە دێموکڕاسییەکانەوە پشتگیری لێدەکرێت. ئەوەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پڕوپاگەندەو چەوسانەوەو دیکتاتۆری و کێشەو ململانێ چەکدارییەکان کە لە لایەن ئەو سیستەم و ڕژێمانەوە پشتگیرییان لێ دەکرێت کە خۆیان لە سزای تاوانباریی دەرباز دەکەن.
شەشەم: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە یەکدەنگ ئیدانەی ڕژێمی نایاسایی تاڵیبان بکات کە هەر لە ئێستاوە لە تاوانەکانی جەنگەوە تێوەگلاوە و هەروەها لە هەمان کاتدا هاوکاری هێزی موقاوەمەی ئەفغانییەکان بکرێت.
حەوتەم : پێویستە کەنەدا ڕابەرایەتی هاوپەیمانی لە دۆست و هاوبەشەکانی ئەفغانییەکان بکات بۆ گەیاندنی گەورەترین و کاریگەرترین هەڵوێست و بە هاناوەچوون بۆ ئەو قەیرانە مرۆییەی کە پێشتر وێنەی نەبووە. هەروەها بە هاناوەچوونی هەموو ئەو لێقەوماوانە کە لەناوخۆدا دەربەدەر بوون و هاوکاری ئەو شەپۆلە پەناهیندەیی و کۆچ بەرییەش کە بەدوای ئەو کارەساتەدا دێت. ئێمە پێویستمان بە شوێنێکی پارێزراو هەیە بۆ خەڵکی بێچارە و پشتگیری بەردەوامیش بۆ خوێندنگاکان و هەروەها لە ئاستێکی بەرزتریش ڕێگەنەدان بە بڵاوبوونەوەی قات و قڕی و برسێتی.
لە کۆتایی ئەو بابەتەدا : یاساکانی یوئێن دەربارەی سەربەخۆیی ، موداخەلە نەکردن، پاراستنی شکۆو کەڕامەتی مڕۆڤ، بەهرەبوون لە ئازادییە سەرەتاییەکان دەبێ یا هەمومان بگرێتەوە و لێیان بەهرەمەند بین یاخود کەسمان.
کریستۆڤەر ئەلێکسەندەر: سەفیری کەنەدا بووە لە ئەفغانستان(2003 – 2005 )، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی یوئێن بووە (2005 – 2009 )، وەزیری کۆچی کەنەدا بووە ( 2013 – 2015 )، هەروەها دووو کتێبیشی لە سەر ئەفغانستان نووسیون.بە ناوی:
1- ڕێگای درێژی گەڕانەوە: گەڕانی ئەفغانستان بە دوای ئاشتیدا
2- کۆیایی پێهێنانی شەڕە بە وەکالەتەکانی پاکستان لە نێو ئەفغانستاندا.
سەرچاوە: ناوەندی چاودێری نێودەوڵەتی داهێنانhttps://www.cigionline.org//?

کریستۆڤەر ئەلێکسەندەر: سەفیری پێشووی کەنەدا لە ئەفغانستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت