عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: هۆیەکانی پشت کارەکانی گۆڤەند و ژمارە تۆقێنەرەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی چەند ڕۆژێکە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی تەنیوە، و بۆتە باس وخواسی ڕۆژ، پەشیمانبونەوە وتەوبەکردنی چەند گەنجێکە لەهەردوو ڕەگەز لەسەر دەستی گۆڤەند ناوێک لەبەرامبەر هەڵەکانیانداو خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵاتیەکان، ئیتر ناوەکە خوازراوە یان ڕاستی ئەوە هیچ لەبابەتەکە ناگۆڕێت. ئەو ڕوداوگەلانە لەکۆمەڵگایەکدا کەنەتوانێت هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیادا بڕوات شتێکی چاوەڕوانکراوە و نەعەجیبەو نەغەریبیش.
لەڕاستیدا ئەوەی ڕوویداوەو ئەوەشی دواتر ڕوودەدەن، ڕووداوگەلێکی ترسناک و پڕ مەترسین و نامۆن بەکلتوروداب و نەریتی کۆمەڵگای کوردەواری، کە ناکرێ وابەسانایی لێی بڕوانرێت و تەنها گوێ قوڵاخبین لەبەرامبەریدا, بەڵکو پێویستمان بەهۆشیاربونەوەیەکی گشتی هەیە لەچۆنیەتی بەکارهێنان و کارپێکردنی تۆڕەجیاوازەکۆمەڵایەتیەکان و هۆکارەکانی تری پەیوەندیکردن. ئەم ڕوداوەو ڕوداوە هاوشێوەکانی دیکە کەڕوودەدەن، لەخۆڕا ڕویان نەداوە و کۆمەڵە هۆکارێک کاریگەری تەواویان هەیەو هەبوە لەڕودانیان.
ئاخەر لەعێراقێکی (40 )چل ملیۆن کەسیدا (30)ملیۆن و( 520) هەزار کەسی هێڵی ئینتەرنێت بەکاربهێنن بەبێ هیچ چاودێری و فلتەرێکدا چۆن ڕۆژانە کاری لەو شێوەیە ڕوونادات، عێراقێک ( 20 ) ملیۆن بەکارهێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ( 13 )ملیۆن ئینستاگرام، ( 11 ) ملیۆن و( 250 )هەزار سناپ چات و( 17 )ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبوک ماسنجەری هەبێت، دەبێت چاوەڕوانی شتی نامۆتری لێ بکرێت.
دەزانیت عێراق تاساڵی ( 1990 ) تەنها دوو کەیسی ماددەی هۆشبەر لەدادگاکانیدا بەفەرمی هەبوە و گەر لەساڵانی ڕابردووشدا لەدەزگاکانی ڕاگەیاندندا کەگوێمان لێدەبوو کەسێک بەچەند غرامێک ماددەی هۆشبەر یان چەند دەنکە حەپێکەوە گیراوە ڕادەچڵەکین، کەچی هەرچەند مانگێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەکارەکان لەشاری هەولێر ڕایگەیاند کەلەچالاکیەکیاندا بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردوە کەخەڵکی تورکیایەو دانیشتوی هەولێرە و بڕی ( 184 )قاڵب مادەی هۆشبەری لەجۆری هێرۆینی پێ بوە کەدەکاتە ( 92)کیلۆ و کەسیش ڕانەچڵەکی و بەشتێکی ئاسایی وەرگیرا. ئەمە جگە لەوەی کە ڕۆژانەو مانگانەو ساڵانەش ڕێژەکان لەهەڵکشانی بەردەوامدان بەوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بوارەکە.
چۆن کارەسات نیە لەهەرێمێکی چەند شاریدا لەماوەی هەر دوو ساڵی ( 2019 ، 2020)و ( 4 )مانگی ساڵی ( 2021 ) نزیکەی ( 46 ) هەزار کەس پەیوەندییان کردوە بەهێڵی گەرمی ( 119)ی چارەسەری گرفتەخێزانی و کۆمەڵایەتیەکانەوە،کەلە ( 76٪)یان لەڕەگەزی مێ بوون.
لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کە هەر لەو ماوەیەدا ( 6075 ) شەش هەزارو حەفتاو پێنج کچ و ژن هەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێکراوە بەبڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆکانیان کەلای پیاوان بوون و بەهۆیانەوە چەندین کێشەو لێکترازان و هەڕەشەو تەنانەت کوشتنیشیان لێ کەوتۆتەوە، بەدڵنیایشەوە چەندین هێندەش لەو ڕێژەیە زیاتریش هەن و ئاشکرا نەبون و بەشاراوەیی تائێستا ماونەتەوە.
لەوەش سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە کە لەدوومانگی ڕابردوودا پۆلیسی بەغداد لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ کەمەفرەزەکانیان توانیان کچێک دەستگیربکەن کەوێنەو ڤیدیۆوتۆماری دەنگی هاوڕێ کچەکانی لەبەشی ناوخۆیی لابوەو هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیانی کردوە گەر بێتوو پارەوزێڕی نەدەنێ، ئەمە پێمان دەڵێت کە ئەم جۆرەکارانە خەریکە بەتەواوی دەبێتە جۆرێکی تری بزنس کردن کەجۆرێکی ئێجگار ترسناکە.
ڕەنگە دەیان هۆکار هەبن کەڕۆڵ و کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەشێکی ئەو ڕووداوو کارە نەشیاوانە لەنمونەی بێکاری، هەژاری، گەندەڵی و دروستکردنی دونیای جیاواز لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا. ئەمە جگەلەوەی کەبەشێک لەدەزگا ڕاگەیاندنەکان هەندێ فیلم ودرامای دۆبڵاژکراوی وا نمایشدەکەن کەنەک ڕۆڵیان نیە لەهۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای کوردیدا بەپێچەوانەوە بونەتە هۆکاریش بۆ دروستبونی کێشەوناکۆکی و تێکچونی شیرازەی بەشێک لە خێزانی کوردی بەدروستکردنی ژیانێکی شاهانە تەنها لەسەر شاشەی تیڤیەکاندا، کە لەسەر ئەرزی واقیعیدا بونی نیە، لاسایکردنەوەش دەردێکی تری کوشندەی ناومانە، بڕوادەکەیت یان نا ساڵانە نزیکەی ( 300 )هەزار کەس لەم هەرێمە خنجیلانەیەدا جوانکاری جۆراوجۆردەکەن، کە من لام ئاساییە گەر کەسێک پێویستی بە جوانکاری بێت بیکات، بەڵام لەئێستادا لەئاسایی دەرچوە.
بەداخیشەوە نەمانتوانیوە بەگشتی و وەک پێویست سود لەلایەنە گەش و باشەکانی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوەربگرین. بۆیە ناکرێت هەموو هەڵەو کارە ناجۆروبێزراوەکان بخەینە ئەستۆی کۆمەڵگاو بڵێین کۆمەڵگا هەمووی شێواوە و ناتوانرێت بخرێتەوە سەرسکەو ڕێڕەوی خۆی.
(ئەلبێرت ئەنشتاین )دەڵێت: [ ئێمە هەموو کێشەو ناشیرینیەکان دەخەینە ئەستۆی کۆمەڵگا، بەڵام ئایا کۆمەڵگا کێیەو لەکێ پێکهاتوە ].
بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگا لەمن و تۆو ئەوانی ترپێکهاتوە، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکیەتی لە من و تۆو ئەوانی تریش کە هەوڵی پێشخستنی لایەنە گەش و جوانەکانی بدەین و دیاردە قێزەون و ناشیرینەکانی کەمبکەینەوە.
ئەرکی سەرەکیش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کەهەستن بەڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان بۆبنبڕکردنی دیاردە نامۆکان لەکۆمەڵگادا.
هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی کەژمارەیان چەند هەزارێکە لەهەرێم دەتوانن کاریگەری باشیان هەبێت لەم ڕوەوە.
ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە، ئایا تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی هیچ پەندو عیبرەتێک لەو ڕوداوانە وەردەگرێت؟ ئایا دەتوانین ئەو هەڵە زۆرو زەوەندانە بکەینە وانەیەک بۆ فێربوون و مامەڵەکردنمان لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان؟
پەندێک هەیە،کە ڕوولەمارەو دەوترێت [ جارێک پێوەتدام بەسندانت بێت، کەکردت بەدوان نۆشی گیانت بێت ]
هەڵەدەکرێت، مرۆڤ لەکێشەوئاڵۆزی تێوەدەگلێت، بەڵام گرنگە ببێتەوانەیەکی فێرکاری بۆی لەژیانیدا.
(پاولۆکۆیلۆ)دەڵێت: [ دووبارەکردنەوەی هەڵە چیتر بە هەڵە هەژمار ناکرێت، بەڵکو دەبێتە بڕیار ]
بەهیوای بنیادنانی کۆمەڵگایەکی پێگەیشتو، و تێگەیشت و کۆمەڵگایەک کەبتوانێت بەشێوازێکی ئاسایی و یاسایی لەگەڵ ڕەوڕەوەکانی ژیاندا ڕێ بکات و نەپاشی بکەوێت نەپێش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت