پشکۆ ئەمین: ئێران بەرەو کوێ دەروات و نیازی چی هەیە؟ بەشی پێنجەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شا دژایەتی تەوای تودە و مارکسیەکانی دەکرد و بەهەموو شێوەیەک لە دژیان ڕادەوەستایەوە، هەر بۆ ئەمە شا خۆی لە ئاخونەکان نزیک دەخستەوەو لە رێو رەسمە دینیەکانی شیعەدا بەشدار دەبوو. پارەیەکی زۆری بۆ خەرج دەکردن، لە دەستوردا شا وەک پارێزەری گەورەی شیعە دانرا بوو، هەمووشی بۆ دژایەتی کردنی تودەو کۆمنستەکان بوو، بە پیاوی سۆڤیەتی ناودەبران. هەروەها دژایەتی تەواوی حیزبە کوردیەکانی دەکرد، هەبوونی پلانی زۆر و چاندنی سیخور لە هەموو گوندو شارە کوردییەکان، وای کرد بوو لەدەرکەوتنی هەر پێشمەرگەیەک بەئاسانی شیهید دەکردو پاش بە هەڵواسراوی دەیهێشتەوە و یان بە ئۆتۆمبێل بەشارەکاندا بە کوژراوی دەیگێران تا خەڵک بترسێت و بیر لە شۆرشکردن نەکەنەوە.
ساڵ1974 ڕۆژنامە نوسێکی گۆڤاری شپیگڵی ئەڵمانی پرسیارێکە لەشا کرد بوو، دەربارەی پاشەرۆژی ئیران. دەپرسێت: ئێران پاش 10 ساڵی تر چی لێدێت؟
لەوەڵامدا شا، دەڵێت: وەک ئێوەمان لێدێت، وەک ئێوەی ئەڵمان و فەرەنسی و بەریتانیمان لێدێت، هەوڵدەدەین بەهێزبین و کەس هەرەشەمان لێنەکات. لەئێستادا لە 26% دەسکەوتمان دەدەین بە چەک، دەترسێین هاوپەیمانان و دۆستەکانمان رۆژێک بەتەنها جێمانبهێڵن. نامانەوێت بڕوای خۆمان تەنها لەسەر بەڵێن دانێین. ئێستا هاوڕیمان هەیە، بەڵام دەمانەوێت هاوڕی و دۆستی تریشمان هەبێت.
ئەم وەڵامە ترسێکی لای هاوپەیمانان و ئەمریکاو ناتۆ دروستکرد،
ساڵی 1975 ئازادیەکان نەمان حیزبەکان داخران جگە لە یەک حیزب نەبێت، کە ئەویش حیزبی راستاخیز بوو کە حیزبی شا خۆی بوو. دروشمی ( خودا شا میهن ) خواو شاو نیشتیمان بەهەموو شوینە رەسمیەکاندا هەڵواسرابوو. ئاریا میهر کەشابوو، کەمێک خوار خوا بوو,
لە 6 مارسی 1975 بەهاوکاریی هەواری بۆمدین لە جەزائیر شا و سەدام رێکەوتن نامەی جەزائیریان مۆرکرد، بۆ چارەسەری هەتا هەتای کێشەی سنوری نێوانیان.
ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەر خواست و داواکاری شاو بۆ بەرژەوەندی ئێران و سەرخستنی ئەو رێکەتن نامەیە، بڕیاریاندا لە بەرژەوەندی ئێران کۆتایی بە هاوکاریەکانیان بۆ شۆرشی کوردبهێنین. بێگویدانە هیواو خواست و ئاواتی میلەتێک، شۆرشێکیان پاش 15 ساڵ لە قارەمانیەتی و گیان فیداکاری و وێرانکردنی کوردستان و شەهید بوونی هەزاران قارەمان شکستی هینا.
لە ساڵانی 1974 بۆ 1976 دا نرخی نەوت زۆر بەرز بوەوە، ئیران دەسکەوتێکی باشی هەبوو. مانگانەی تاک بەرز بوونەوەیەکی باشی بە خۆیەوە بینی. لە 195 دولارەوە بەرز بوەوە بۆ 1600 دۆلار، ئێران بوە وڵاتیکی گرنگی ناوچەکە و هاوکاری وڵاتانی وەک میصرو ئەردەن و سوریاو سودان و ئەفگانستان تورکیاو پاکستانی دەکرد.
بووە خاوەن پیشەسازی ناوخۆیی. شەریکاتی دروستکردنی ئوتۆمبیلی هەبوو، باشترین و نوێترین چەک و جبەخانەی سەربازی دەکڕی تا وایلێهات بووە هێزێکی ئیقلیمی گەورەو بە توانا. ئەمە بەلای ئەمریکاوە زۆرباش بوو، بەڵام لەناوخۆی ئێراندا گەندەڵی و دزی و بەهەدەردان سەر تاپای وڵاتی گرتبوەوە. شا لە خۆشترین ژیان و رابواردندا بوو.
جگە لەمە هەندێک کردەوەی تریان وای کردبوو کە ئەمریکا زەنگی خەتەر لێبدات لەو کارانەی بەدڵی ئەمریکا و ئەوروپیەکان نەبوون. وەک دەسەڵاتی زۆری ساواک و سەرکوت کردن و لێدان و کوشتنی کەسانی بەرەی ناڕەزایی. کە ئەمەش وای کردبوو کە نارەزایەتی پەیدابێت و دەست وەشاندن و کوشتنی چەند کەسێکی لێکەوتەوە کە خەڵکانی سەربازی ئەمریکی و بیانیان تیدابوو. هەروەها شا خۆی لێگۆڕابوو، پێیوابوو کە دەتوانێت خۆی لە فەلەکی ئەمریکا دەرباز بکات وەک لەوەلامەکەی شپیگلدا دەریبڕی.
ماوەیەکی کەم پێش لە هەڵگیرسان و پەیدابونەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران، لەسەفەرێکی شادا بۆ سویسرا خۆی و شابانوو (فەرەح) ی ژنی سێهەمی، کە بۆ رابواردن و یاری سەربەفر چوو بوون، رۆژنامەنوسێک لە شا دەپرسێت: بۆچوونت چیە بەرامبەر بە دیموکراسیەت؟
لە وەڵامدا شا بەگاڵتە جاڕیەوە بە رۆژنامەنوسەکە دەڵێت: دیموکراسیەت چیە؟ دیموکراسیەت، دیموکراسیەت، ئەمە دیموکراسیەتە منداڵێک تەمەنی 8 ساڵە بێتە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکات و داوای ماف بکات؟
ئەم دەربڕینەی شا بۆچوونێکی نابەجێ بوو، ئەوروپیەکان دەیانزانی ئەوەی پێیدەوترێت مافی مرۆڤ لەئێراندا بوونی نیە و ئێران لە ناوەوە دەکوڵێت!
هیندەی نەبرد لەساڵی 1977دا نرخی نەوت دابەزی، ژمارەی بێکاریی زۆر زیاتر لە 27% خەڵکی تێپەراند، خۆپیشاندان و نارەزایەتی و دژایەتی شاو دیکتاتوریەت لە بەرزبوونەوەدا بوو، رۆژانە خۆپیشادان لەملاو لەولا دەکرا لە سەرەتادا بەشەو خۆپیشاندان دەکرا، پاشان دانیشگاکانی گرتەوە بەتایبەتی دانیشگای تاران.
لە رۆژی 7 /1/1978 رۆژنامەی ئیطلاعات وتارێکی بڵاوکردبوەوە بەبێ ناوی نووسەر کە تیایدا دژایەتیەکی زۆر ناشیرینی خومەینی کردبوو.
ئەمە وتارە بووە هۆی نارەزایەتیەکی زۆرو خۆپیشاندان دژی شاو دەسەڵاتەکەی. خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی خراپ و خوێناویانە لە لایەن پۆلیس و ساواکەوە پەلاماردران و سەرکوت دەکران. ئەم وتارەی ئیطلاعات کە تا ئیستاش نازانرێت کێ نووسەریەتی.
وتارکە بووە پڕشێک بەر بەرمیلە باروتەکەی ئێران کەوت و تەقاندیەوە و ئاگری خۆپیشاندانەکانی هەڵگیرساند و بڵێسەکەی لەهەموو شارەگەورەکانی ئیراندا رۆژ بە دوای رۆژدا کڵپەی دەسەند.
بەشی زۆری خۆپیشاندەران چینە هەژارەکان بوون، بەتایبەتی ئەوانەی لە گوندەکانەوە، لەتاو برسیەتی هاتبوونە ناو شارەکان.
شۆرشی ئیران شۆرشی شاربوو، شۆرشی بریسیەکانی ناو شار بوو، کە لە تاو برسیەتی لەگوندەکانەوە بۆ ژیان هاتبوونە شار، لەشاریشدا بێ هیوا کرابوون و هیچیان دەست نەدەکەوت، لە هەموو شتێک بێ بەشبوون. واتە شاریش هەر دۆزەخ بوو بۆیان. ئیسلامیەکان گرتبوونیانە خۆیان و هاوکاریەکی کەم و شوێنیکیان پێدا بوون تیایدابژین. ئەم گوندیە هەژارانە ئەوانە بوون کەخومەینی پێیدەوتن (موسطضعەفین) بێهێزەکان، ئەمانە بوون چیلکەو چەوێڵ و بەنزینی شۆرشەکەو نەیانهێشت بکوژێتەوەو بەردەوامیان بە راپەرینەکەدا.
نەساواک و نە پۆلیس دەرەقەت نەدەهات، ژمارەی خۆپیشاندەر رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندا بوو، خۆپیشاندەر هەر ئیسلامیە شیعەکان نەبوون، هەمووان بوون، حیزبەکانی چەپ و راست و دیموکرات و نەتەوەی و چریک و تودەی. خەڵکانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان کوردوئازەری و عەرەب و بلوج و مەزهەبەکان و بیروباوەرەکان تر هەمووان تیایدا بەشدار بوون. هەر کەسەو لەشارەکانی خۆیانەوە راپەریبوون. ئاگرەکە بەرمیلە بارووتەکەی لە سەرتاسەری ئیراندا تەقاندەوە هەمووان داخ لەدڵ و دژی شاو چاوەروانی ئازادی ودیموکراسی بوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت