نەوزادى موهەندیس: بوومەلەرزە هەژێنەر و هەڕەشە لەناکاوەکەى سەر مرۆڤایەتى و گۆى زەوى!

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بوومەلەرزە: دیاردەیەکى سروشتیە و بریتیە لە لەرینەوە یان زنجیرەیەک لەرینەوە و هەژێنەرى بەدوایەکدا بۆ ڕووى زەوى کە لە ماوەیەکى کەمدا ڕوودەدات کە لەچەند چرکەیەکى دیاریکراو تێپەڕناکات.

بوومەلەرزە چۆن ڕوودەدات؟
لەئەنجامى جوڵەى پلێتە بەردینەکانەوە ڕوودەدات لەبەرگى زەویدا، و ناوەندى بومەلەرزە پێى دەوترێت (خاڵ، یان چەق ) و دواى ئەویش زنجیرەیەک لەرینەوەى بەدوایەکدا دێن کە پێیان دەوترێت (شەپۆلى بوومەلەرزەیى) کە دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکاندنى بەردەکان و ترازاندنیان لە جێگەى خۆیان بەهۆى کۆبونەوەى هێزە ناوخۆییەکان لە ئەنجامى کاریگەرییە جیۆلۆجیەکانەوە کە لە ئەنجامدا جوڵەى پلێتەکانى زەوى دروست دەبێت، چالاکى بوومەلەرزەش لەسەر ئاستى سنوورى پلێتە بەردینەکانەوە دەبێت.
بوومەلەرزەش وەک چالاکیە گڕکانیەکان یان لە ئەنجامى بوونى هەڵخلیسکان لە چینەکانى بەرگى زەویەوە دروست دەبن. یان بەهۆى بارى گەرمى لە کوڕبونەوەى مۆرى Asthenosphere ڕوودەدات کە پلێتە کیشوەرییەکان دەجوڵێنێت کە دەبێتە هۆى ڕوودانى لەرینەوە کە بریتیە لە بوومەلەرزە و دەبێتە هۆى خستنەوەى کاولکاریەکى گەورەش.
لەکاتى پڕۆسەى لەرینەوەى بەرگى زەویدا،6 جۆر لە شەپۆلى بەریەککەوتن دروست دەبن،دووانیان پەیوەستن بە لاشەى زەوییەوە کە کاردەکاتە سەر بەشى ناوەوەى زەوىـ لەکاتێکدا چوار جۆرەکەى تریان شەپۆلى ڕوویین.

وومە لەرزە دەبێتە هۆکارى:
• درزبردنى زەوى.
• تەقینى کانیاوە نوێکان.
• دابەزین و بەرزبونەوە لە ئاستى ڕووى زەوى.
• دەبێتە هۆکارى دروستبوونى شەپۆلە بەرزەکان لەژێر ڕووى دەریادا کە ناسراوە بە (تسونامى).
• وێران و کاولکردنى بینا و ماڵ و دامەزراوە و تۆڕەکانى ڕێگاوبان و پرد و کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و هۆکارەکانى گەیاندن و گواستنەوە.و لەناوبردنى مرۆڤەکان و ئاوارەبونیان و بێسەروشوێنکردنیان.

تێکدانى سیستەمى ژینگەیى.
ئاست و پلەى بوومەلەرزە:
ئاست و پلەى بوومەلەرزە بە ئاماژەدەرێک دیاریدەکرێت کە لە ژمارە 1-10 دەپێورێت بەشێوەیەک:
1. لە پلەى 1-4 بوومەلەرزەیەکە کە ڕەنگە هیچ زیانێک نەگەیەنێت و تەنها هەستى پێدەکرێت.
2. لە پلەى 4-6 بوومەلەرزەیەکە زیانێکى مامناوەنجى دەدات و ڕەنگە تەنها زیان بە بیناکان و دامەزراوەکان بگەیەنێت.
3. لە پلەى 7-10 کە بەرزترین پلەیە واتە دەتوانێت شارێک بە تەواوەتى لەناوببات و نغرۆى ژێر زەویشى بکات و زیانیش بدات لە شارەکانى دەوروبەریشى.

تێوریەکان دەربارەى دروستبوونى بوومەلەرزە:
زەوى لەسەرەتاى دروستبونیەوە وەک هەموو ئەستێرەکانى تر لاشەیەکى گەرم بوە، بەڵام کاتێک ساردبۆتەوە،بەرگێکى ئاوى دروستبوە و بەرگە هەوایەکیشى بۆ خۆى ڕاکێشاوە.لەگەڵ زیاتر ساردبونەوەیدا چینێکى ڕەقى دەرەکى دروستکردوە کە پێى دەوترێت بەرگ یان توێکڵى زەوى. بەڵام ناوەخنەکەى هەر بەگەرمى ماوەتەوە تاکو ئێستاش، کە توێنەرەوەى توخمەکانى ناو زەویە و بەردە ڕەقەکان دادەخورێنێت و دواتر هەڵیاندەگرێت و دەیانجوڵێنێت بەهێزى گەورەوە کە بەتێپەڕبوونى کات زۆر زیاتر دەبن.
بەرگى زەویش لەچەند پلێتێک پێکدێت کە هەڵگرى کیشوەرەکانن و لەو جێگایانەى کە بەیەکتر دەگەن و بەریەک دەکەون ئەم هێزانە زۆر زیاتر دەبن لە تواناى بەرگەگرتنى پلێتەکان و لەناکاودا ئەو هێزە ناوخۆییانە دەردەچن بەهەموو لایەکدا و دەبنە هۆى لەرینەوەى بەرگى زەوى و ئەوەى کە ناسراوە بە بوومەلەرزە.

هۆکارەکانى ڕوودانى بوومەلەرزە:
زاناکان چەند هۆکارێکیان دیاریکردوە لەوانە:
1. تەقینەوەى گڕکانى کە بومەلەرزەى لەگەڵدایە.
2. درزبردن و هەڵخلیسکانى بەردەکان لەسەریەکترى کە بە بوومەلەرزەى تەکتۆنى ناسراوە.
3. هۆکارە ناوخۆییەکان تایبەت بە پێکهاتەى زەوى و چینەکان لە بەرگى زەویدا و داپۆشەر و کرۆکى زەوى. کە کرۆکى زەوى وەک تۆپێکى ڕەق وایە و پلەى گەرمیەکەى دەگاتە نزیکەى 6000 پلەى سەدى و بەهۆى دیاردەى گواستنەوەى گەرمى لە نێوان چینەکاندا بە سیفەتى گەیاندن لە توخمە ڕەقەکان و بەهۆى تیشکەوە لە توخمە شلەکاندا. و هەروەها بەکاریگەرى ڕۆڵى ڕۆژ و مانگ لە میانەى ڕاکێشەرەکانەوە کە ڕێگە دەدات بەدەرچوونى شەپۆلە گەرمیە پەنگخواردوەکانى ناو زەویەوە لەسەر شێوەى گڕکان و بوومەلەرزە.
4. هۆکارى جیۆلۆجى ناوچەکانیش ڕۆڵیان هەیە.
5. هەرچەندە بوومەلەرزە دیاردەیەکى سروشتیە،بەڵام هەندێک کارو چالاکى مرۆڤیش ڕۆڵیان هەیە لە دروستبونیدا وەک:
گلدانەوەى بڕى زۆر گەورە لە ئاو لە بەنداوەکاندا. وە ک بوومەلەرزەى بەناوبانگى سیشوان لە چین لە ساڵى 2008دا کە بوە هۆى خستنەوەى 69هەزار قوربانى و لە زنجیرەى بومەلەرزە لەناوبەرەکاندا ژمارى 19 هەیە.
• دروستکردنى بینا و دامەزراوەى وەها کە کێش و قورساییان زۆر گەورەیە.
• پاڵنان یان تێکردنى شلەمەنى بۆ ناو بیرەکان.
• کردارى دەرهێنانى خەڵوز لەکانە خەڵوزەکاندا.گەورەترین بوومەلەرزە لە ئوستوڕالیا ڕوویداوە بەهۆى دەرهێنانى خەڵوزەوە.
• لێدانى بیرە نەوتەکان.
• پێشبینیکردنى ڕوودانى بوومەلەرزە:
لەسەر ڕووى زەوى پێیدەوترێت ناوەندى ڕوویى بوومەلەرزە، ئەو وزە دەرچوە بەهەموو ئاڕاستەکاندا بڵاودەبێتەوە، بۆ سەر ڕووى زەوى و بۆ ناو زەویش. ئەوەى سەر ڕووى زەوى خێراترە لەوەى ناو زەوى.دەتوانرێت بە ئامێرى تۆمارکەرى بوومەلەرزە هێز و توندى و پلەى بوومەلەرزە دیاریبکرێت. بوومەلەرزە لەسەر شێوەى شەپۆلى بوومەلەرزەیى بڵاودەبێتەوە.ئەو شەپۆلانە دەگاتە سەر ڕووى زەوى لەماوەى 21 چرکەدا.

جۆرەکانى بوومەلەرزە:
بوومەلەرزە لەسەر قوڵایى ((چەق، بنکە) پۆلێندەکرێت بە 3 جۆرەوە:
1. بوومەلەرزەى ڕوویى، دروست دەبێت لە قوڵایى 70 کم.
2. بوومەلەرزەى مام ناوەنجى، دروستدەبێت لە قوڵایى 70-300کم.
3. بوومەلەرزەى قوڵایى ، دروستدەبێت لە قوڵایى 300-700کم.

توندى بوومەلەرز:
بەشێوەیەکى گشتى توندى بوومەلەرزە بە دوو پێوەر دەپێورێت:
یەکەم: بریتیە لە ((توندى بوومەلەرزە)) و بەوە دەناسرێت کە پێوەرێکى وەێفیە کە دەبێتە هۆى لەناوبردنى مرۆڤ و ماڵ و بیناکان. ئەم پێوەرە 12 دەرەجەیە. ئەم جۆرە لە بوومەلەرزە لەناوبەرە و هۆکارى گڕکانەکانە و دەرکەرى پشکۆى ئاگرە لەناخى زەویەوە.
دووەم: هێزى بوومەلەرزەMagnitude پشت دەبەستێتەر سەر بڕى وزەى ئەو هێزانە کە دەبنە هۆى ڕوودانى بوومەلەرزە.ئەم پێوەرە پێوەرێکى زانستیە کە نرخەکەى حسابدەکرێت لە شەپۆلە بوومەلەرزەییەکانەوە کە وێسگەکانى بوومەلەرزەى جیاواز تۆماریان دەکەن.

جیاوازى نێوان توندى بوومەلەرزە و هێزى بوومەلەرزە:
هەردوو چەمکى(( توندى و هێزى)) بوومەلەرزە بەکاردێن بۆ زانینى قەبارەى بوومەلەرزە.
توندى بوومەلەرزە: زاراوەیەکە بەکاردێت بۆ پێوانەى ئەو وزەیەى کە لە بوومەلەرزەوە بەرهەم دێت.
هێزى بوومەلەرزە: بەپێوەرى ڕێختەر دەپێورێت کە لە 9 پلە پێکدێت.
جیاوازى نێوان توندى و هێزى بوومەلەرزە لەوەدایە کە توندى بوومەلەرزە لە جێگەیەک بۆ جێگەیەکى تر جیاوازە بە دوور و نزیکى بوومەلەرزەکە لە بنکە و چەقى خاڵى دەستپێکى بوومەلەرزەکەوە.بەڵام هێزى بوومەلەرزە لەهەر جێگەیەکدا یەکسانن و بەجیاوازى جێگەکان ناگۆڕێت.

زەرەرو وزیانەکانى بوومەلەرزە:
1. دابەزینى ئاستى زەوى یان کەوتنە خوارەوەى تاشەبەردەکان لەسەر لوتکەى چیاکانەوە یان لەو جێگایانەى کە ئەشکەوت و بۆشاییان تیادایە.
2. کەوتنەوەى ئاگر.
3. دروستکردنى شەپۆلە بەهێزەکان وەک تسونامى.
4. داڕمانى زەوى یان بەرزبونەوەى ئاستى زەوى.
5. دەرپەڕاندنى یان تەقینى کانیاوى نوێ لە جێگاى نوێدا.

چۆن خۆدەپارێزرێت لە بوومەلەرزە و زیانەکانى:
3 قۆناغ هەیە کە پێویستە لە هەریەکەیاندا بەشێوازى جیاواز ئامادەسازى بکرێت بۆ خۆپارێزى لە ئاسەوارەکانى بوومەلەرزە کە بریتین لە قۆناغەکانى:
1. قۆناغى پێش ڕوودانى بوومەلەرزە.
2. قۆناغى ڕوودانى بوومەلەرزە.
3. قۆناغى دواى ڕوودانى بوومەلەرزە.

بوومەلەرزە بەناوبانگەکانى جیهان:
لەمێژووى گۆى زەوى و مرۆڤایەتیدا ژمارەیەکى ئێجگار زۆر بوومەلەرزە ڕوویانداوە لەناوچە جیاوازەکانى جیهاندا و بونەتە هۆى کاول و وێرانکردنى شارستانێتیەکان و لەو بوومەلەرزانە:
1. کۆنترین بوومەلەرزە کە لەجیهاندا ڕوویداوە بوومەلەرزەى شانشى لە وڵاتى چین لە 23/1/1556دا بوە نزیکەى 800هەزار کەسى لەناوبردوە و بە ملیۆنان کەسیشى ئاوارە کردوە.
2. زیاد لە 35 بومەلەرزەى گەورە ڕوویانداوە لە نێوان ساڵانى 1566 بۆ 2011 کە جیاوازیان هەبوە لە پلە و توندى و بەهێزیاندا لەناوچە جیاوازەکانى جیهاندا.
3. شەش بوومەلەرزە لە جیهاندا زۆرترین قوربانیان لێکەوتۆتەوە کە بریتین لە:
• بوومەلەرزەى شانشى لە چین لەساڵى 1556 کە 830هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
• بوومەلەرزەى سیشوان لە چین لە ساڵى 1976 و 242هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
• بوومەلەرزەى زەریاى هندى لە ئەندەنوسیا لە ساڵى 2004 و 230هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
• بوومەلەرزەى هایتى لە هایتى لە ساڵى 2010دا و 230 هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
• بوومەلەرزەى حەڵەب لە سوریا لە ساڵى 1138 و 230 هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.
• بوومەلەرزەى گاتسۆ لە چین لە ساڵى 1920 و 200هەزار قوربانى لێکەوتۆتەوە.

نوێترین بومەلەرزە و تسونامى لە یابان لەساڵى 2011دا بوە کە زەرەروزیانەکانى بریتى بوون لە :
1. لەدوورى 100کم بوە لە نزیک کەنارى میجى و 130کم لە ڕۆژهەڵاتى شارى سنداى و بەقوڵى 24کم بوە.
2. پلەکەى 8.9 پلەى ڕێختەر بوە لە بەشى باکورى ڕۆژهەڵاتى یابان ڕوویداوە.
3. ژمارەیەکى زۆر چالاکى ئابورى پەکخستوە لەناوچە کەناریەکاندا.
4. بۆتە هۆى ڕوودانى تسونامى.
5. وێرانکردنى ژمارەیەکى زۆر ماڵ و بینا.
6. 120 هەزار ماڵ بەتەواوەتى وێران بوون.
7. 278 هەزار ماڵ بە ڕێژەى 50% زیانیان بەرکەوتوە.
8. 726هەزار ماڵ بە شێوەیەکى کەم زیانیان بەرکەوتوە.
9. زیانە ماڵیەکان بە 199ملیار دۆلار خەمڵێنراون.
10. 28500 کەس بێسەروشوێن بوون.
11. 18500 بونەتە قوربانى.
12. بۆتە هۆى تەقینەوەى 3 کورەى ئەتۆمى و دەرچوونى تیشکە زیانبەخشەکان.
لەکۆتایدا، بوومەلەرزە ئەو مۆتەکە و هەڕەشە لەناکاوەیە کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانن پێشبینى ڕوودانى بکەن و مەترسیەکى گەورەو زیانبەخشێکى مەترسیدارە بۆ سەر تەواوى گۆى زەوى و مرۆڤایەتى و تەواو دیاردەیەکى سروشتیە وەک لەوەى دەستکردى مرۆڤەکان بێت هەرچەندە هەندێک کار و چالاکى کاریگەریان هەیە لەسەر ڕوودانى. بۆیە گۆى زەوى و مرۆڤایەتى هەمیشە لە بەردەم مەترسیەکانى بوومەلەرزەدان و ناشتوانن خۆى لێبپارێزن و ڕێگریشى لێبکەن بۆیە قەدەر و چارەنوسى مرۆڤایەتى لەسەر دەستى عفریتدایە. بەو هیواى هەموان پارێزراوبین لە زیانەکانى بوومەلەرزە و کوردستان و تەواوى مرۆڤایەتیش سەلامەت بن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت