محەمەد بەرزی: هەرەسی دەوڵــەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی دەوڵەتی لاوازی سەرنەکەوتووی گەندەڵ، ئەو دەوڵەتەیە، کە ناتوانێ وەک کیانێکی سەربەخۆ ڕۆڵی خۆی بە تەواوی ببینێت و وەک پێویست بە ئەرکەکانی سەرشانی هەڵبستێت. یان ئەو دەوڵەتەیە، کە میلیشییا و حیزبی چەکداری مفتەخۆر تیایدا دەسەڵاتدارە، بە کەڵەگایی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن و لە هیچ خراپەیەک خۆیان نابوێرن و گوزارشت لە خواستی خەڵکی ناکەن. بەمەش هاوڵاتییان ئەو دەسەڵاتە بە دەسەڵاتی خۆیانی نازانن، لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی کێشە و گرفت و کارەساتی هەرەس هێنان دەبێتەوە. بێگومان هۆکارەکانی هەرەس و ئاشبەتاڵی دەوڵەتیش، یەکێکە لە باسە هەرە گرنگەکان، کە وەک پێویست لای لێنەکراوەتەوە. خۆ ئەگەر ژیرانە ئاوڕیان لێبدرێنەوە، ئەوا دەکرێت بەر لەو کارەساتە گەورەیە بگیرێت. دیارە ئەو هۆکارانەش، ئەنجامی کەڵەکەبوونی چەندین کاری نایاسایی و ساختە و دزی و گەندەڵییە، کە لە قوناغێکدا بە جارێک دەوڵەت بەرەو هەرەس و ڕوخان دەبەن. بێگومان یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی هەرەسی دەوڵەتیش، بریتییە لەو سەرکردە دز و گەندەڵانەی بە بێ بوونی پلان و بەرنامەی تێروتەسەلی ژیرانەی دوور لە ئاوەز، دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و بنەماڵەکانییان بەڕێوەدەبەن، بەبێ ئەوەی سودیان لە تاقیکردنەوەکانی مێژووی ئەو گەلانە وەرگرتبێت، کە توانیویانە لە شکست و هەرەس خۆیان بپارێزن. بێگومان کارەساتە مێژوویەکانیش بە جوانی ئەوەیان ئیسپاتکردووە، کە تەنها میللەتی ملکەچی سەرکز و بێدەنگی بێ ئیرادە، هۆکاری هەرە سەرەکی مانەوە و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی گەندەڵە، هەر وەک ئیلوارد مورۆ دەڵێ: ( میللەتی مەڕ، حکومەتی گورگ بەرهەمدێنێت ). ئەوەی شایانی باسە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هۆکارەکانی ڕوخانی دەوڵەت، ناگەڕێنەوە بۆ ئیمپریالیزم و مەترسییەکانی سنوری دنیای دەرەو، بەڵکو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراوە داڕزاوەکانی ناو دەوڵەتە گەندەڵەکە، خۆیەوە. هەر بۆیە کاتێک دەوڵەتێک لەلێواری ڕوخاندایە، ئەوا لەو دەوڵەتەدا:
1- پشێوی و دووبەرەکی و برسێتی و بێکاری و ڕادەی بێ سەروبەری دامودەزگاکان دەگەنە لووتکە.
2- ناتوانێ گەشەی ئابوری مسۆگەربکات و ژێرخانێکی ئابوری پتەو دابمەزرێنێت.
3- نە بوونی یاسا و دەستدرێژیی بۆ سەر مافی مرۆڤ.
4- دابین نەکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.
5- کۆچی بە کۆمەڵی هاوڵاتییەکانی، بە تایبەتی کەسانی زانا و شارەزا و سیاسییە رکابەرەکان، لە تاو زوڵم و ستەمی دەسەڵات.
6- ناتوانێ خۆی لە دەستدرێژی و تەماعی دەوڵەتانی دەرەوەی سنورەکەی بپارێزێت، واتە ناتوانێ بەرگریی لە هەموو نیشتمانەکەی، یان بەشێکی بکات.
7- زیادکردنی باج و کەمکردنەوە و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و نایەکسانی و جیاوازی لە دۆزینەوەی هەلی کاردا.
8- هەڵپەی لە ڕادەبەری سیاسییە بازرگانەکان بۆ تاڵانکردنی داهاتی سەرزەوی و ژێرزەوی و دەستبەسەراگرتنی هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و جموجۆڵە بازرگانییەکان و کۆکردنەوەی سەرمایە لە قولی مستی چەند کەسێکی کەمی سەر بە خۆیان. سەرباری داگیرکردنی گرد و تەپۆڵکە و هەموو زەوی و بەیارێکی تۆزێک نەرمان بۆ خۆیان.
9- کاڵبوونەوە، یان نەمانی شکۆی دەسەڵاتی یاسا و زاڵبوونی سەرۆکی عەشیرەت و میلیشیا و جەنگاوەرە کۆنەکان و خزموکەسوکاری دەسەڵاتداران، بەسەر بڕیارەکانی یاسا و بوارەکانی ئابوری و ئاسایشدا، هەر یەکێکییان لە ناوچەکانی خۆیاندا، خۆی بە ئاغایەک دەزانێ و نامەی دەوڵەت ناخوێنێتەوە، کە دیارە ئەمەش نیشانەیەکی زەقی پووکانەوە و بێدەسەڵاتی دەوڵەتە.
10- نایەکسانی لە دابەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا، واتە گرنگیدان بە ناوچەکانی دەسەڵاتداران و نۆکەر و گوێلەمستەکانی خۆیان و پشتگویی خستنی ناوچەکانی هەموو ئەو کەسانەی سەر بەخۆیان نیین و شێوی شەویان نییە. بێگومان ئەمانەش دەبێتە هۆکاری نیگەرانی و تووڕەبوونی زوربەی هەرە زۆری هاوڵاتییان.
11- بەکارهێنانی کەسانی برسی و هەژار و داماو بۆ بەرژەوەندی سیاسی و تایبەتی خۆیان، وەک سیخوڕی و دزینی دەنگەکانییان.
بێگومان ئەمانەش خۆی لە خۆیدا نیشانە و ئاکامی لاوازی ئەو دەسەڵاتەیە، کە ناتوانێ بەرەنگاری ئەو مەترسییانە ببێتەوە.
سەرباری ئەو هۆکارانەی سەرەوە، نەبوونی پلانی ژیرانە و بێ توانایی لێپرسراوە گەندەڵەکان و پشتبەستن تەنها بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، وەک تاکە سەرچاوەی داهات، بێ ئاگا لەوەی، کە بەردەوام نەوت لە ژێر مەترسی گۆڕانکارییەکانی بازاڕەکانی جیهان و سیاسەتی ئابوری وڵاتە جیاوازەکانی دنیادایە. هەربۆیە گرنگی نەدان بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پەروردە و وێرانبوونی دامەزراوەکان و بڵاوبوونەوەی دزیی و ساختە و بەرتیل و بێکاری و دەستێوەردانی دەرەکی و نەبوونی سوپایەکی نیشتمانی بەهێز و… هتد، هەموویان هۆکارن بۆ ڕووخان و نەمانی دەوڵەت.
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ دەوڵەتی عیراق، لە ڕیزی هەرە پێشەوەی لیستی دەوڵەتە گەندەڵەکانی دنیادایە. بێگومان حاڵی حکومەتی هەرێم لە حاڵی بەغداد زۆر خراپترە، هەموو هۆکارەکانی گەندەڵی ناخی کۆمەڵگاکەمانی داوەشاندووە. جا ئەگەر دەسەڵاتداران لایان وابێت، کوشک و تەلاری ڕازاوەی پەنجا نهۆمی و ورگ و گیرفانی ئاوساوی خۆیان و فرۆکەی تایبەت و کارەبا و ئاوی بەردەوامی کۆشکەکانییان پێشکەوتنە، ئەوە بە دڵنیاییەوە بە هەڵەدا چوون. چونکە ڕاستییەکان لە تروپکی چیا سەرکەشەکانەوە وەک خۆر دەدرەوشینەوە، هەر بۆیە پێویستە زۆر بە وردی بیر لە هەرەس و ڕاونان بکەنەوە، نابێ خۆیان لەو هەموو گەندەڵییە زۆرە نەبان بکەن، بەڵکو پێویستە: یان چاکسازی سەرتاسەری بکەن، کە بە دڵنییاییەوە نایکەن.. یان چەکمە و چەتر ئامادە بکەن، بەرلەوەی باران و تەرزەی ئاشبەتاڵ ببارێت و ڕایانماڵێت.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت