بورهان شێخ رەئوف: میرکل کورسى دەستەڵات بەجێدێڵێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم هاوینە دواى خاوبوونەوەى ترس لە ڤایرۆسى نەگریسى کۆرۆنا، دواى ئەوەى ئەوروپیەکان دەستیان بەکارو گەشتوگوزاریش کردەوە، سەردەمى حوکمڕانى( ئینگێلا مێرکل ) یش کۆتایى دێت کە شانزە ساڵى خایاند وەکو ڕاوێژکارى ئەڵمانیا.

مێرکل شایستەى سەرسامى و ڕێزلێنانە لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە:
1. یەکەم ژن بوو لە مێژووى ئەڵمانیادا هەڵببژێرێت بە ڕاوێژکارى ئەڵمانیا لەساڵى 2005.
2. ڕێژەى بێکارى لە ئەڵمانیاى پێش حوکمڕانى مێرکل 11% زیاتربوو، بەڵام لە دواى چوار کابینەى میرکل ڕێژەى بێکارى گەیشتە 6% ئەگەر کۆرۆنا نەبووایە کەمتریش دەبووەوە.
3. پێش دەست بەکاربوونى میرکل پێگەى ئەڵمانیا لە ئەوروپا زۆر لاواز بوو تەنانەت بە پیاوى نەخۆشى ئەوروپا وەسف دەکرا، بەڵام ئێستا کەس گومانى لە ڕۆڵ و کاریگەرى ئەڵمانیا نیە لە سەرکردایەتى کردنى ئەوروپا.
لەلایەکى تریشەوە کاتێک جیهان دەتلایەوە بە دەست هەندێک سەرکردەى عەنتەرو لەسەر تەوەر نەوەستاوى وەکو ترەمپ و بۆریس جۆنسۆن و ئەوانى تریش، میرکڵ نموونەیەکى سەرکردایەتى جوان و ژیرانەو پتەو و شایستەى نیشانداین.
زۆرێک لەو لێکۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنانەى کە بۆ سەردەمى فەرمانڕەوایى مێرکڵ کراوە، مێرکڵ بە ڕزگارکەرى ئەوروپا ناودەبەن، خاوەنى خواست و بڕوایەکى پتەو و جێگیر بوو لە سەرکردایەتى کردنى ئەوروپا لە قۆناغێکى ئێجگار سەخت و دژواردا کە ئەوروپا بەرەو ڕووى چەندین قەیرانى بێ وێنە بوو بووە کە پێشتر ئەوروپا شتى واى بە خۆیەوە نەدیبوو، بە تایبەتى کاتێک دەیەى ڕابردوو قەیرانى قەرزەکان ئەوەى پێ ى وترا ناوچەى یۆرۆ هاتە ئاراوە هەموو دامودەزگاکانى یەکێتى ئەوروپاى گرتەوە، مێرکل سەرکەوتوو بوو لەوەى دڵنیایى و کەفالەتى دارایى تەواو بداتە هەموو ئەندامانى یەکێتى ئەوروپا بە تایبەتى ئەوانەى زۆر زیانیان کردبو، هەروەها پشتیوانى سیاسى تەواوى پرۆسەى خستنە بازاڕى زۆرى پارەوە کە بەنکى ناوەندى ئەوروپا جێبەجێی دەکرد.
هەروەها لە کاتى قەیرانى دوڕگەى قرم کە فلادیمێر پۆتینى سەرۆکى ڕوسیا بەشێکى خاکى ئۆکرانیاى بە هێزى سەربازى داگیرکردو لکاندى بە ڕوسیاوە، میرکڵ دانى بە خۆیدا گرت و دەستى بە دانوستان کرد دەربارەى ڕێککەوتنامەکانى مینسک.
لەساڵى 2015 لە گەرمەى کێشەو قەیرانى پەنابەراندا، جوانترین هەڵوێستى مرۆڤانەى پیشاندا، کەباجێکى سیاسى گەورەشى لەو پێناوەدا دا، دەرگاى کردەوە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر کە زۆربەیان سورى بوون بێنە ناو ئەڵمانیاوە، هەر خاوەنى ئەو وتە جوان و پڕ واتایەشە کە وتى موسڵمانان لە عێراق و سوریاو خۆرهەڵاتى ناوەڕاستەوە دێن بۆ لاى ئێمە ناچن بۆ مەککەو مەدینەکە قیبلەى ئیسلامە لە تەنیشت خۆیاندا، دێن بۆلاى ئێمە، چلۆن دەرگایان لى نەکەینەوە؟

میرکل و دەرچوونى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا
میرکل هاوکارى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپاى کرد کە بە بەرەیەکى یەکگرتوو بمێننەوە لە گفتوگۆکانى دەرچوونى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا، هەروەها پێداگیرکرد لە سەر ئەوەى کە چوار ئازادى گواستنەوە هەیە نابێت بە هیچ کلۆجێک دەستیان بۆ ببرێت بەو پێیەى یەک پاکێجن و بەش ناکرێن، ئەویش ( شتومەک – خزمەتگوزرارى- سەرمایە – کەسەکان ) کە بازاڕى یەکێتى ئەوروپاى پێ جیادەکرێتەوە.
لە بەهارى ساڵى 2020 بە هەموو قورسایى سیاسى خۆیەوە میرکل پشتیوانى دامەزراندنى سندوقى چارەسەرى کۆرۆناى کرد بە بڕى ( 750) ملیار یۆرۆ واتە(913 ملیار دۆلار )کە پشتیوانى کرا بە مستەنداتى هاوبەش دەرچوو لە کۆمیسیۆنى ئەوروپاوە، کە ئەمەش هەنگاوێکى دیارو بەرجەستە بوو بەرەو دامەزراندنى سیستمى یەکێتى دارایى و ئابورى لە یەکێتى ئەوروپادا.

ڕەخنەو گلەیى و گازندە لە میرکل
یەکێک لەو گلەیى و گازاندانەى کە لە میرکل دەکرێت لە لایەن گەلى ئەڵمانیەوە ئەوەیە کە خەڵکێکى زۆرى هێنایە ناو ئەڵمانیاوە لە سورى و عێراقى و ئەفغانى و شوێنى تریش، کە خەڵکى تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ و تاوانباریاى زۆر تێدابوو بێ ئەوەوى وردبینى و لێپرسینەوەیان لە گەڵدا بکرێت، دواتر تاوانى زۆریان ئەنجامدا لە شارەکانى ئەڵمانیا وەکو کۆڵن و بەرلین لە ئاهەنگەکانى سەرى ساڵدا پەلامارى خەڵکیان دەدا بە تایبەتى ژنان و تەکبیریان دەکرد و پەلامارى خەڵکیان دەدا.
لایەنێکى ترى سیاسەتى میرکل لە گەڵ ڕوداو و قەیرانەکانى ئەوروپادا، میرکل بە جۆرێک لە فێڵ و درێژکردنەوەو ڕاڕایى ناسرابوو.
لە کۆتاییدا میرکل ژنێکى لێهاتوو خاکى و خۆشەویستى خەڵک، هەر بۆ ئەوەشە زۆرێک لە شرۆڤەکاران لەو باوەڕەدان کە میرکل ئەگەر بۆ جارى پێنجەمیش خۆى هەڵبژێرێتەوە هەر سەردەکەوێت، هەرچەند تا ئێستا شتى وانەبووە، تا ئێستا ئەو کەسایەتیە سیاسیەیە کە زۆرترین جەماوەرى هەیە لە ئەڵمانیادا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵى سەرکردایەتى کردنى ئابورییەکى جێگیر و لە ناوخۆ، ئیتر ئاکامەکانى لە دەرەوە هەرچۆن بێت، بەڵام جێنشینەکەى (ئەرمین لاشیت) لە سەرکردایەتى حزبى دیموکراتى مەسیحى هیچ کاریزمایەک و بێرێکى نوێى پێ نیە، بەڵام تا ئێستا هاوڕاو هاوبیرى ڕێبازى میرکلە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت