دانا مەنمی: هەڵبژاردن لەناو مۆدێلی سوڵتانیزم دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژاردن یەکێکە لە هێماکانی سیستەمی دیموکراسی و ئامرازێکی گرنگە کە تێیدا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدانەوە نوێنەرانی خۆیان بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا پێ بکەن، ئەگەر خوێندنەوەیەكی زانستیانە و واقیعبینانە بۆ سیستەمی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بکەین، تێدەگەین سروشتی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستاندا پێکهاتووە لە مۆدێلی سوڵتانیزمی خێزانە سیاسییەکان کە لەپشتی حیزەبەوە بنەماڵە و خێزانەکان ڕۆڵ دەگێڕن، ئەم جۆرە لە مۆدێلی سوڵتانیزمی خێزانە سیاسییەکان ھەر لە بنەڕەتەوە نوێنەرایەتیی ھیچ ئایدیۆلۆژیایەک و لە خەمی دروستکردنی کۆمەڵگا و مرۆڤێکی نوێدا نییە، وەزیفەی سەرەکی هونەری بەڕێوەبردن لە کوردستان پاراستنی سەرۆک و منداڵەکانی سەرۆک و کەسوکارو خزمە نزیک و دورەکانی سەرۆک و دواجاریش غوڵامەکانی سەرۆکە! ئەم مۆدێلی حوکمرانیەتە لە کوردستان هەر لە بنەڕەتەوە له‌سه‌ر بناغه‌ی خزمگه‌رایی و مه‌حسوبییه‌ت و ئینتیما بۆ خێزانە سیاسییەکان بە پێی دورو نزیکی دامەزراوە، وەرگرتنی پلەو پۆستی سیاسیی، ئیداریی، سه‌ربازیی، هەواڵگری هەتا دەرکەوتنی کاراکتەرە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنوسەکانیش وابەستەی ئینتیماو گوێرایەڵییە بۆ خێزانە سیاسییەکان، سروشتی ئەم مۆدێلە و بەم فۆڕمە تەقلیدییەی ئێستا توانای ڕیفۆرم كردنی ڕاستەقینەی نییە، چونكە خۆی لەسەر گەندەڵیی دروست بووە.
بۆ یەکەمین جار ئەمجۆرە لە مۆدێلی سوڵتانیزمی خێزانی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گوازرایەوە بۆ ناو یەکێتی و پاشانیش بۆ ناو بزوتنەوەی گۆران، جاران ئەگەر بکەرە سیاسییەکانی پارتی حاشایان بکردایە لە بنەماڵەیبوونی حیزبەکەیان و داپۆشراو بوبێت، ئەوا ئێستا بە ئاشکراو بە شانازییەوە بانگەشەی بە بنەماڵەیبونی حیزبەکەیان دەکەن و ئەمەش سەرەتایەکی ترسناکەو ڕێگاخۆش دەکات بۆ منداڵی خێزانە سیاسییەکان کە دەست بەسەر کایەی سیاسیی و سەربازیی و ئابوری کوردستاندا بگرن، هەموو شایەتی بینینی دیمەنی دانیشتنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بووین کە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەک فەرمانبەری دەست لەسەر سنگی خێزانە سیاسییەکان بوون! هێچ خولێکی پەڕلەمان وەکو خولی پێنجەم وابەستەی حیزب و خێزانە سیاسییەکان نەبووە، پارتی لەم خولەی پەرلەماندا خەونە سوڵتانییەکانی هێنایە دی و توانی پێگەی کوردستان بەرەو پوکانەوەو خلۆربونەوە و پاشەکشەی سیاسی بەرێت، کورد لە کابینەی نۆیەم دا خاوەنی پەڕلەمانێکی بێهێز و بێ ڕۆح بوو، تەنانەت نەیدەتوانی لە دەرەوەی خۆیدا خەریکی چاودێریکردن و وردەکاری بڕیارەکانی خۆیشی بێت.
هەڵبژاردن یەکێکە لە خەسڵەتەکانی سیستەمی دیموکراسی و بەبێ ئازادی تاك و کۆمەڵگای مەدەنی، ئازادی فكرو نووسین، بوونی فرەیی، پاراستنی مافی كەمینەكان، دابینکردنی مافەكانی مرۆڤ و بە هاوڵاتی بوون و… تاد، بەدی نایەت. بەڵام هەڵبژاردن لە کۆمەڵگەیەكدا كەرامەتی شكێندرابێت، برسی كرابێت، خاوەن سیستەمێكی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەی تەندروست نەبێت، خزمەتگوزاریی ئاوو کارەباو سوتەمەنی نەبێت، بیمەی بێكاری نەبێت، خۆكوشتن و كۆچ و هەڵهاتن بۆ دەرەوە بووبێتە دیاردەی ڕۆژانە، لایەنی دەرونیی و کۆمەڵایەتی تێك شكێندرابێت، وەك مێگەل مامەڵەی لەگەڵدا خەڵکدا بكرێت و وەك کاڵا لێی بڕوانرێت هیچ مانایەکی نییە و گاڵتەجاریی شەرعییەتدانە بەم خێزان و فۆڕمە تەقلیدیی و كۆنەپارێزو ستەمكارەی ئیستای بەڕێوەبردن لە کوردستان، دەنگدان مافی تاکە و تاکیش ئازادە لە دەنگدان و دەنگنەدان، ئەگەر بەدیوێکدا دەنگدەر ئازاد بێت لە دەنگنەدان ئەوا بە دیوەکەی تردا بەرپرسیارە لە دەنگدان، تۆی دەنگدەر کاتێک پیادەی ئەو مافە دیموکراسییە ناکەیت و ناچیت بۆ دەنگدان ئەوە بژاردەیەکی خراپەو دەچێتە خانەی خزمەتكردن بەو پارتە سیاسییەی کە تۆ لێی ناڕازیت، مرۆڤی بە ئاگاو هوشیار خاوەندارییەتی دەنگی خۆی دەکات و ڕێگرە لەوەی یاری بە دەنگەکەیەوە بکرێت.
لەگەڵ نزیکبونەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بانگەشەی پارتە سیاسییەکان گەرمتر دەبێت و سایکۆلۆژیای هاوڵاتیان دەجوڵێندێت، حەماسییەتی سیاسی بەرز دەبێتەوە کە ئامانجیان فریودانی خەلکە تا دوای دروشمەکانیان بکەون، لە پرۆسەی بانگەشەدا پارتە سیاسییەکان كولتووری شه‌ڕه‌جنێوی سیاسی‌و بۆڵه‌بۆڵی سیاسی و ئیرهابی فیکری زیندوو دەکەنەوە و هەموو پرەنسیپ و مۆراڵەکان ژێر پێ دەخەن و کاراکتەری جنێودەر و کەسایەتی خێڵەکی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەجوڵێنن، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە بەشداری دەنگدەر لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشدارییەکی عاتیفه‌و حه‌ماسیه‌ت‌و به‌بێ فیكر نەبێت و لە دونیای شاشەی تیڤییەکانەوە سەرچاوە نەگرێت و دوور بێت لە ئایدۆلۆژیای سیاسی و کۆدەنگی دەستەجەمعی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەڵکو پشت ئه‌ستور بێت به‌ فیكرو زانست‌و ئارگۆمێنتی ئه‌قڵانی و توانای بینین و بیرکردنەوەتان وون نەبێت و دەنگدەرێکی ڕاشناڵ بن ،مەبەستم لە ڕاشناڵ بوون ئەوەیە کە دوور لە سۆز و دەمارگیری، دوور لە بیرو باوڕی ئاینی و خێڵەکی و بەرژەوەندی تەسکی سیاسی و حیزبایەتی بە شێوەیەکی عەقڵانی دەنگبدە بە کەسێک کە شایەنی متمانەبەخشین بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت