حەمەئازاد بەرزنجی: گەر دەستێکم دەیگەیشتێ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وا بزانم لە ڕشتەی مرواریدا خوێندومەتەوە، یان بۆیان گێڕاومەتەوە. دەڵێن کاتی خۆی کابرایەکی ئەم کوردەوارییەی، خەڵکی شارەزورەی لای خۆمان دەبێت. دەڵێت ئاخ ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕێم دەکەوتە حەج و دەچومە سەر قەبری ئەو خۆشەویستەو دەستێکم دەیگەیشتێ! ڕۆژان دێ و دەڕوا، دەچێ بۆ حەج و ڕێی دەکەوێتە ماڵی خوا و دوایی دەچێتە سەر قەبری پێغەمبەر ( د. خ ). هاوڕێیەکی لەگەڵدا دەبێ، دەڵێ: بزانم ئەم کابرایە هەر بەو ئاواتەوە بوە، با بزانم چ دوعاو نزایەک لەتەک پێغەمبەردا دەکا. کە گوێ دەگرێ، کابرا سەری خستۆتە لای کێلەکەیەوە و لە بەر خۆیەوە دەکڕوزێتەوە و دەڵێ: ئەوە بینایی چاوان و گلێنەی دییەکەم، تۆ لە کوێی، لەکوێ؟ دەزانی لەوەتەی تۆ نەماوی خوا گاڵەمان پێدەکات، خەرمانم سوتیا، ماڵم ڕمیا، میللەت و عەشرەت و هۆزم دەردەبەدەر کریا، ڕەومان پێکریا، مەڕوماڵتم قڕیان تێکەوت و ئەوشی کە ماگە بە تاڵان بریا، باخ و ڕەزمان، بەرەکەتی نەماوە و هەموی سوتیا، ئەوە سۆمایی چاو و بینایی دیەکەم تۆ لە کوێی و بۆ نایەییتە جواب!
ئەگەر ئێمەش ڕۆژیێ ڕێمان کەوێتە سەر گۆڕی ئەو زاتە موبارەکانەی لای خۆمان، پێیان ێژین، ئەرێ: سەرۆکەکانمان، مەلا گیان، مامە گیان، کاکە گیان، ئەرێ ئەوە ئێوە لەکوێن؟. بەخودای بەخودا، لەوەتەی ئێوە فەوتتان کردووە گیرمانخواردوە بەدەست خێڵ و کەسوکار و ئەولادتانەوە . ئەم دەڵێ: سیر، ئەو دەڵی: پیاز، تادوان لەیەک دەکەینەوە، دوانی دی ئامبازی یەک دەبن و بەیەکا هەڵدەپژێن. یەکێ موڵکی سەرزەوی دەبا، یەکێ دی ژێر زەوی هەڵلوشی، یەکێ چی هەیە لەسەر خۆی تاپۆی کرد، کوڕە دوانی تر هێژی کەڵەشیرن ئامباز و ئاوقای یەکدی بون بە ئامان وزامان، لێك نابنەوە. هەی داد و بێ داد ئێوە لە کوێن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت